Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 21

به‌خشین له‌پێویستی خۆت

له‌كاتێكدا عیسا ده‌یڕوانیه‌ ئه‌و پاره‌دارانه‌ی پاره‌یان ده‌به‌خشی بۆ سه‌ندوقی په‌رستگا. بێوه‌ژنیكی هه‌ژاری بینی ‏دوو پوول داده‌نێت. ئینجا ووتی: (ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم، ئه‌م بێوه‌ژنه‌، له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر زیاتر پاره‌ی دانا. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی تر له‌وه‌ی له‌خۆیان زیاده‌ به‌خشیان، به‌ڵام ئه‌م بێوه‌ژنه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌خشی كه‌ پێویستی پێیه‌تی بۆ ژیانی خۆی.)

‏باسی ‏وێران‏بوونی په‌رستگا

عیسا دوای ئه‌مه‌ گوێی له‌‏هه‌ندێكیان بوو باسی په‌رستگاكه‌یان ده‌كرد كه‌ چۆن به‌به‌ردی جوان‏و ئه‌و دیاریانه‌ی پێشكه‌شی كراون ڕازێندراوه‌ته‌وه‌، ووتی: ‏(ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌یبینن، ڕۆژێ‌ دێت به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت‏و ده‌ڕوخێت.)

نیشانه‌كانی كۆتایی زه‌مانه‌

ئینجا لێیان پرسی: (مامۆستا كه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بێت؟ ئه‌و نیشانانه‌ چییه‌ كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێ‌ ئه‌م ڕووداوه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌؟) عیسا ووتی: (ئاگاداربن هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن زۆر هه‌ن به‌ناوی منه‌وه‌ دێن‏و ده‌ڵێن: (من ئه‌وم)و (‏كاته‌كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌)، نه‌كه‌ن دوایان بكه‌ون. كاتێ‌ باسی شه‌ڕو شۆڕو تێكچوون ده‌بیستن، مه‌ترسن، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ پێویسته‌ یه‌كه‌مجار ڕووبدات، به‌ڵام كۆتایی ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌مه‌ نایه‌ت.) هه‌روه‌ها پێیووتن: (ووڵات به‌سه‌ر ووڵات ڕاست‎ ده‌بێته‌وه‌، پادشاهێتی به‌سه‌ر پادشاهێتیدا ڕاست‎ ده‌بێته‌وه‌. له‌زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ ده‌بێت، برسێتیو نه‌خۆشی بڵاوده‌بنه‌وه‌، له‌ئاسمانه‌وه‌ نیشانه‌ی ترسناك‏و مه‌زن ڕووده‌دات. به‌ڵام پێش ئه‌مانه‌ هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ستتان بۆ درێژده‌كه‌ن‎و ده‌تان‎چه‌وسێننه‌وه‌، ده‌تان‏به‌ن بۆ كه‌نیشته‌كان‎و بۆ به‌ندیخانه‌، ده‌تان‏به‌نه‌ به‌رده‌م پادشایان‏و فه‌رمانڕه‌وایان، له‌پێناوی ناوی من. به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌لێك ده‌بێت بۆتان بۆ شایه‌تیدان. پێویست ناكات پێش ئه‌وه‌ خۆتان ئاماده‌كه‌ن بۆ شێوه‌ی به‌رگری له‌خۆتان، چونكه‌ من ووته‌و داناییه‌كتان ده‌ده‌مێ‌ كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ربه‌ره‌كانیتان ده‌كه‌ن، نه‌توانن وه‌ڵامتان‏بده‌نه‌وه‌و به‌رهه‌ڵستیتان بكه‌ن. ته‌نانه‌ت باوك‏و دایكیشتان یان براو خزم‏و هاوڕێتان، ده‌تانده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، هه‌ندێكیشتان لـێ‌ده‌كوژن. له‌‏پێناوی ناوی من خه‌ڵكی ڕقتان لـێ‌هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام موویه‌ك له‌سه‌رتان نافه‌وتێ‌. به‌دان به‌خۆداگرتن خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌.

هاتنه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح

كاتێ‌ ده‌بینن سوپا ده‌وری قودسی داوه‌، بزانن كه‌ ڕووخاندنی نزیك بووه‌ته‌وه‌. ئه‌وسا ڕاكه‌ن ئه‌وانه‌ی له‌ناوچه‌ی یه‌هودیادان به‌ره‌و چیاكان، ناو شار به‌جێ‌بهێڵن، ئه‌وانه‌ی له‌‏لادێكانیشه‌وه‌ ڕاده‌كه‌ن نه‌چنه‌ ناو شار، چونكه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ ڕۆژی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌ ده‌بێت هه‌مووی بێته‌دی، قوڕ به‌سه‌ر سك پڕان‎و شیرده‌ران له‌و‏ڕۆژه‌دا، چونكه‌ ناخۆشیه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا دێ‌‏و توڕه‌بوونێكی به‌هێز داده‌به‌زێ‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا. به‌زه‌بری شمشێر ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كرێن‏و به‌دیلی ده‌برێن بۆ هه‌موو میلله‌تان، بێگانه‌كان قودس پێشێل ده‌كه‌ن، تا سه‌رده‌میان ته‌واو ده‌بێ‌.

له‌م كاته‌دا له‌خۆرو مانگ‏و ئه‌ستێره‌كان نیشانه‌ ده‌رده‌كه‌ون. گه‌له‌ سه‌رلـێ‌شێواوه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ته‌نگانه‌یه‌كی زۆره‌وه‌، چونكه‌ شه‌پۆل‏و كه‌ف‏و كوڵی ده‌ریاكان جۆش ده‌خۆن‏و هه‌ڵده‌ستن. خه‌ڵكی له‌‏ترسا‏ن بێ‌هۆش ده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ی نازانن چی به‌سه‌ر جیهان دێت. چونكه‌ هێزه‌كانی ئاسمان ده‌كه‌ونه‌ جووڵه‌. له‌و‏كاته‌دا ده‌بینرێ‌ ‏چۆن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، به‌‏شكۆو هێزه‌وه‌ له‌ناو هه‌وردا ده‌رده‌كه‌وێت‏و دێت. كاتێ‌ ڕوودانی ئه‌م شتانه‌ ده‌ستی پێكرد‏، هه‌ستن‏و سه‌ربه‌رزبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ڕزگاریتان نزیك ده‌بێته‌وه‌.) ئینجا نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌، ووتی: (سه‌یری دار هه‌نجیرو داره‌كانی تر بكه‌ن، كاتێ‌ ده‌بینن ئه‌وا گه‌ڵا ده‌كات، ده‌زانن هاوین نزیك بووه‌ته‌وه‌. ئێوه‌ش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌، كه‌ بینیتان ئه‌م شتانه‌ ڕووده‌دات بزانن پادشاهێتی خودا نزیك بووه‌ته‌وه‌. ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ناوناچێ‌، هه‌تا ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوونه‌دات. ئاسمان‏و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام ووشه‌كانم له‌ناوناچن.)

به‌خه‌به‌ربن و ووریابن

(ئاگاداری خۆتان بن، دڵتان‏و مێشكتان خه‌ریك مه‌كه‌ن به‌‏ڕابواردن‏و سه‌رخۆشیو خه‌م‏و خه‌فه‌تی ژیانه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ناكاو وه‌ك ته‌ڵه‌ خۆی ده‌دا به‌سه‌رتان. چونكه‌ هه‌موو دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی ده‌گرێته‌وه‌. ئێشك‏بگرن‏و نوێژبكه‌ن له‌هه‌موو كاتێكدا، تا بتوانن ڕزگارتان بێت له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ڕووده‌دات‏و له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاوه‌ستن.)

عیسا به‌‏ڕۆژ له‌په‌رستگا خه‌ریكی فێركردن بوو، به‌‏شه‌ویش ده‌ڕۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ چیای زه‌یتون‏و له‌وێ‌ ده‌مایه‌وه‌. خه‌ڵكی به‌یانی زوو ده‌هاتن بۆ په‌رستگا، بۆ ئه‌وه‌ی گوێی بۆ ڕاگرن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.