Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 20

پرسیاری بێ‌ وه‌ڵام

ڕۆژێكیان عیسا له‌په‌رستگادا خه‌ڵكی فێرده‌كردو مزگێنی ده‌دانێ‌، سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و پیرانی گه‌ل هاتنه‌ لای، ‏ووتیان: (پێمان بڵێ‌، به‌چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌یت؟ یان كێیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه‌پێت؟)

عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (‏منیش پرسیارێكم هه‌یه‌ لێتان، وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌، خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا، له‌ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌خه‌ڵكه‌وه‌؟) ئینجا ئه‌وان له‌‏نێوان خۆیاندا كه‌وتنه‌ ڕاوێژ‏و ووتیان: (ئه‌گه‌ر بڵێین له‌‏ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت باشه‌ بۆ باوه‌ڕتان پێ‌نه‌كرد؟ ئه‌گه‌ر بڵێین له‌‏خه‌ڵكه‌وه‌ بوو، ئه‌وسا خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رد‏بارانمان، چونكه‌ یه‌حیا به‌پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن.) وه‌ڵامیان‎دایه‌وه‌: (نازانین له‌كوێوه‌یه‌.) عیساش پێی ووتن: (كه‌واته‌ منیش پێتان ناڵێم به‌چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م.)

نموونه‌ی ڕه‌زه‌وانه‌كان

دیسان كه‌وته‌وه‌ قسه‌كردن بۆ خه‌ڵكه‌كه‌و ئه‌م نموونه‌یه‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌، ووتی: (كابرایه‌ك ڕه‌زێكی ترێی چاندو دایه‌ ده‌ست چه‌ند ڕه‌زه‌وانێك، بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ ئه‌وێی به‌جێ‌ هێشت. له‌‏وه‌رزی به‌رووبووم كۆكردنه‌وه‌دا، ئیشكه‌رێكی خۆی نارد بۆ لای ڕه‌زه‌وانه‌كان، تاكو به‌رووبوومی ڕه‌زه‌كه‌ی بۆ بهێنێ‌. به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان لێیانداو به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناردیانه‌وه‌. ‏كابرا ئیشكه‌رێكی‏كه‌ی نارد. به‌ڵام له‌ویشیانداو به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناردیانه‌وه‌. دیسان كابرا ئیشكه‌رێكی تری نارد، كه‌چی ئه‌میشیان برینداریان كردو فڕێیان‏دایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌.

‏ (كابرای خاوه‌ن ڕه‌ز ووتی: باشه‌ من چی بكه‌م؟ له‌دوایدا ووتی: كوڕه‌كه‌م ده‌نێرم، له‌وانه‌یه‌ سڵی لـێ‌بكه‌نه‌وه‌و لێی بترسن. هه‌ركه‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان كوڕه‌كه‌یان بینی، خێرا له‌‏نێوان خۆیان كه‌وتنه‌ ڕاوێژ‏كردن‎و ووتیان: ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌میرات، باهه‌ستین بیكوژین، تاكو بكه‌وێته‌ ده‌ستی خۆمان. ئینجا هه‌ستان‏و‏كوڕه‌یان برده‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌و كوشتیان. ئایا كابرای خاوه‌ن‎ ڕه‌ز ده‌بێ‌ چیان لـێ‌بكات؟ دێت‏و هه‌موویان ده‌كوژێت‏و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌دا به‌ڕه‌زه‌وانانی تر.)

كاتێ‌ گوێیان له‌مه‌‏بوو هه‌ندێكیان ووتیان: (‏خودا نه‌كات!)

‏ ئه‌ویش سه‌یری كردن‏و ووتی: (كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراون مانای چییه‌؟ {ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیانكرده‌وه‌، بوو به‌‏به‌ردی بناغه‌.} ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ شكست ده‌بێت، ئه‌وه‌ش كه‌‏به‌رده‌كه‌ی به‌سه‌ردا ده‌كه‌وێت به‌‏ته‌واوی پانی ده‌كاته‌وه‌.)

‏ سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت، ده‌یانویست له‌وكاته‌دا عیسا بگرن، چونكه‌ زانییان مه‌به‌ستی ئه‌وانه‌ له‌و نموونه‌یه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ل ده‌ترسان.

سه‌رانه‌دان به‌‏قه‌یسه‌ر

ئینجا عیسایان خسته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، سیخوڕیان بڵا وكرده‌وه‌ له‌ده‌وروبه‌ری، خۆیان به‌ پیاوچاك ده‌رده‌خست، تا به‌‏ووشه‌یه‌ك بیگرن‏و بیده‌نه‌ ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایانه‌وه‌. ده‌ستیانكرد به‌پرسیاركردن لێی به‌م شێوه‌یه‌: (مامۆستا ئێمه‌ ده‌زانین تۆ له‌سه‌ر ڕاستی ده‌ڕۆیت‏و ڕاستیش فێری خه‌ڵكی ده‌كه‌یت‏، گوێ‌ ناده‌یته‌ هیچ كه‌سێ‌، هه‌وڵدانت ته‌نها بۆ فێركردنی ڕاستی ڕێگای خودایه‌. جا لێت ده‌پرسین، ئایا دروسته‌ ئێمه‌ سه‌رانه‌ به‌‏قه‌یسه‌ر بده‌ین یان نا؟) عیسا به‌‏فێڵه‌كه‌یانی زانیو ووتی: (دینارێكم بده‌نێ‌، ئا ئه‌م نووسینه‌و ئه‌م وێنه‌یه‌ی له‌سه‌ری‏كراوه‌، هی كێیه‌؟) ووتیان: (وێنه‌ی قه‌یسه‌ر.) ئه‌ویش پێی ووتن: (ده‌كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره‌ بیده‌ن به‌‏قه‌یسه‌ر، ئه‌وه‌ش هی خودایه‌ بیده‌ن به‌خودا.) ‏لێره‌دا نه‌یانتوانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، تاوانباری‏كه‌ن له‌به‌رده‌م گه‌ل، ئیتر سه‌رسام بوون له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یو بێ‌ده‌نگ بوون.

زیندووبوونه‌وه‌

هه‌ندێ‌ له‌سه‌دوقیه‌كان، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ به‌‏زیندووبوونه‌وه‌ ناكه‌ن، له‌‏عیسا هاتنه‌ پێشه‌وه‌و پرسییان: (ئه‌ی مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئه‌گه‌ر یه‌كێ‌ برایه‌كی خێزانداری مردو منداڵی نه‌بوو، له‌سه‌ری پێویسته‌ براژنه‌كه‌ی بهێنێت‏و به‌ناوی براكه‌یه‌وه‌ وه‌چه‌ بخاته‌وه‌. جا حه‌وت برا هـه‌بوون، یه‌كـه‌میان ژنی هێناو مرد بێ‌ئه‌وه‌ی منداڵ به‌جێ‌بهێڵێت. دوایی برای دووه‌م ژنه‌كـه‌ی هـێناو ئه‌ویش مـرد. ئـینجا برای سێهـه‌م هـه‌تا گه‌یشـت به‌برای حـه‌وته‌م ئیتر هـه‌مـوو مردن بێ‌ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ بخه‌نه‌وه‌. له‌‏دوایدا ژنه‌كه‌ش مرد. ئایا له‌‏ڕۆژی زیندووبوونه‌وه‌دا، ئافره‌ته‌كه‌ ده‌بێ‌ به‌ژنی كامیان؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌.) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا، ژن ده‌هێنن‏و شووده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌‏ڕیزی به‌شدارانی سه‌رده‌می داهاتوودان دوای زیندووبوونه‌وه‌، ژن ناهێنن‏و شووناكه‌ن. ‏ئیتر ئه‌وان نامرن، چونكه‌ وه‌ك فریشته‌ن، ئه‌وان ڕۆڵه‌ی خودان، ڕۆڵه‌ی زیندووبوونه‌وه‌ن. به‌ڵام ده‌رباره‌ی زیندووبوونه‌وه‌ی مردووان، ته‌نانه‌ت موســاش پێشـانی داوه‌ له‌ده‌وه‌نه‌كه‌، كاتێ‌ خــوداوه‌ندی بانگ‏كرد به‌ [[خودای ئیبراهیم‏و خـودای ئیسحاق‏و خــودای یاقــوب.]] ئه‌و خـودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو خـودای زیندووانه‌، لای ئه‌و هـه‌مــوو زیندووده‌بنه‌وه‌.) ‏هـه‌ندێ‌ له‌مـامۆستایانی شه‌ریعه‌ت ووتیان: (مـامۆستا، به‌ڕاستی باشـت ووت.) ئیتر دوای ئه‌مه‌ كه‌سیان نه‌یانوێرا هیچی تری لـێ‌بپرسن.

عیساو داود

ئینجا عیسا پرسیو ووتی: (باشه‌ چۆن ئێوه‌ ده‌ڵێن: مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داوده‌، كاتێ‌ داود خۆی له‌زه‌بوورا ده‌ڵێ‌: [[خوداوه‌ند به‌خوداوه‌ندمی فه‌رموو: له‌لای ده‌ستی ڕاستمه‌وه‌ دانیشه‌ تا دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێته‌وه‌.]] ئه‌وه‌تا داود به‌‏خوداوه‌ندی خۆی دای‏ده‌نێت، ئیتر چۆن ده‌بێته‌ كوڕی؟)

ئاگاداركردنه‌وه‌

له‌وكاته‌دا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو گوێیان گرتبوو‏، به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ئاگاداری مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت بن، ئه‌وانه‌ی به‌جلی جوانی بریسكه‌داره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن‏و حه‌زده‌كه‌ن له‌گۆڕه‌پانه‌كانی شار سڵاویان لـێ‌بكرێت‏و له‌كه‌نیشته‌كاندا ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن، هه‌روه‌ها ڕیزی یه‌كه‌میش له‌كاتی بانگ‏كردن بۆ نانخواردن. ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن‏و بۆ خۆده‌رخستن درێژه‌ به‌نوێژه‌كانیان ده‌ده‌ن. جا ئه‌وانه‌ توندترین سزا ده‌درێن.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.