Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 19

عیسا ده‌بێته‌ میوانی زه‌كا

ئینجا عیسا چوو بۆ ئه‌ریحاو به‌ناو شاره‌كه‌ تێده‌په‌ڕی. له‌وێ‌ كابرایه‌ك هه‌بوو ناوی زه‌كا بوو. گه‌وره‌ی باجگره‌كان بوو، كابرایه‌كی پاره‌داریش بوو. ده‌یویست عیسا ببینێت‏و بزانێ‌ چۆنه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی چونكه‌ باڵای كورت بوو. به‌ڕاكردن ڕۆیشت‏و به‌‏دارێكی ئه‌و ناوه‌دا هه‌ڵگه‌ڕا به‌‏هیوای ئه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا عیسا ببینێت، كاتێ‌ به‌وێدا ده‌ڕوات.

كه‌ عیسا گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌، چاوی هه‌ڵبڕیو زه‌كای بینی، پێی ووت: (‏زه‌كا، خێرا وه‌ره‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ من ئه‌مڕۆ میوانی تۆم.) زه‌كاش به‌خێرایی هاته‌ خواره‌وه‌و به‌خۆشیه‌وه‌ پێشوازی لـێ‌كرد. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان‎بینی، ده‌ستیان‏كرد به‌ بۆڵه‌بۆڵ‏كردن‏و ووتیان: (ئه‌وه‌تا ده‌چێته‌ ماڵی كه‌سێكی گوناهبار.) زه‌كا لـه‌به‌رده‌می عیسادا ڕاوه‌ستاو پێی ووت: (گه‌وره‌م من ده‌مه‌وێ‌ نیوه‌ی سامانم دا‏به‌شكه‌م به‌سه‌ر هه‌ژاران‏و ئه‌وه‌ی زۆرم لـێ‌سه‌ندوه‌و شتێكم لێـیداگیر‏كردووه‌ به‌چوار قات بۆی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌.) ئینجا عیسا پێی ووت: (ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌م ماڵ‎و خێزانه‌ ڕزگاریان بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پیاوه‌ش له‌نه‌وه‌ی ئیبراهیمه‌. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، هاتووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی وون‏بووه‌كان‎و ڕزگاركردنیان.)

نموونه‌ی به‌شه‌ زیو

كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌‏ گوێیان گرتبوو، باسی نموونه‌یه‌كی بۆ كردن چونكه‌ ‏خه‌ریك بوو له‌‏شاری قودس نزیك ده‌بووه‌وه‌، زۆریش باوه‌ڕیان به‌وه‌‏بوو كه‌ پادشاهێتی خودا خه‌ریكه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ‌. عیسا ووتی: (گه‌وره‌ پیاوێك ڕۆیشت بۆ شارێكی دوور، بۆ وه‌رگرتنی حوكمڕانی ئینجا بگه‌ڕێته‌وه‌. پێش ئه‌وه‌ی بڕوات ده‌ ئیشكه‌ری خۆی بانگ‏كردو به‌هه‌ر یه‌كێكیان ده‌ به‌شه‌ زیوی دانێ‌و ووتی: (بازرگانی به‌م دراوانه‌وه‌ بكه‌ن تا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌. دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كابرایان خۆش نه‌ده‌ویست، دوابه‌دوای ئه‌و خه‌ڵكیان نارد تاكو له‌وێ‌ بڵێن: ئێمه‌ نامانه‌وێ‌ ئه‌م كابرایه‌ فه‌رمانڕه‌وایمان به‌سه‌ردا بكات. به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌كه‌ی وه‌رگرت. كاتێ‌ گه‌ڕایه‌وه‌، فه‌رمانیدا ئه‌و ده‌ كه‌سه‌ی پاره‌كه‌ی دابوونێ‌ بێنه‌ لای، تا‏بزانێ‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌و پاره‌یه‌ی كه‌ لایه‌تی چه‌ندی قازانج كردووه‌. یه‌كه‌میان هاته‌ پێشه‌وه‌و ووتی: گه‌وره‌م ده‌ به‌شه‌ زیوه‌كه‌ت ده‌ به‌شی تری قازانج كردووه‌. ئه‌ویش پێی ووت: ئافه‌رین ئه‌ی ئیشكه‌ری چاك، له‌به‌رئه‌وه‌ی ‏له‌م پاره‌ كه‌مه‌ ده‌ست پاك بوویت، بڕۆ فه‌رمانڕه‌وابه‌ به‌سه‌ر ده‌ شاری ناوچه‌كه‌م. دووه‌میان هاته‌ پێشه‌وه‌و ووتی: گه‌وره‌م ده‌ به‌شه‌ زیوه‌كه‌ت پێنج به‌شیتری قازانج كردووه‌. به‌مه‌شیانی ووت: بڕۆ ببه‌ بـه‌ فـه‌رمــانڕه‌وا بــه‌ســه‌ر پێنـج شاردا.

ئینجا یه‌كێكی‏تریان هاته‌ پێشه‌وه‌و ووتی: گه‌وره‌م ئا ئه‌وه‌تا ده‌ به‌شه‌ زیوه‌كه‌ت به‌‏پێچراوه‌یی له‌م ده‌سته‌سڕه‌دا پارێزگاریم كردووه‌، له‌ڕاستیدا لێت ده‌ترسم چونكه‌ تۆ مرۆڤێكی توندو‏تیژی، ده‌یبه‌یت له‌وه‌ی دات‎نه‌ناوه‌و دروێنه‌ ده‌كه‌یت له‌وه‌ی نه‌ت‎چاندووه‌. ئه‌ویش پێی ووت‏: ئه‌ی ئیشكه‌ری به‌دكار هه‌ر به‌قسه‌كانت تاوانبارت ده‌كه‌م، تۆ كه‌ زانیت من كابرایه‌كی توندو‏تیژم، ئه‌وه‌ی دام نه‌ناوه‌ ده‌یبه‌م‏و ئه‌وه‌ی نه‌م‏چاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌م‏. بۆچی نه‌چوویت پاره‌كه‌م ببه‌یته‌ لای پاره‌ گۆڕه‌وه‌كان، تاكو له‌‏كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م خۆیو قازانجه‌كه‌شیم وه‌ربگرتایه‌. ئینجا به‌وانه‌ی ووت كه‌ له‌وێدا ڕاوه‌ستاون. هه‌ر ده‌ به‌شه‌ زیوه‌كه‌ی لێ‌بسه‌ننه‌وه‌و بیده‌ن به‌وه‌ی ده‌ به‌شه‌كه‌ی قازانج‎كردووه‌. ئه‌وانیش پێیان ووت: گه‌وره‌م ئه‌و ده‌ به‌شه‌ زیـوی تریشی پێیه‌، ئه‌ویش ووتی: مــن پێتان ده‌ڵێم ئــه‌وه‌ی هه‌یه‌تی زیاتری پێ‌ده‌درێ‌، ئه‌وه‌ش كه‌ نیه‌تی، ئه‌وه‌ی لایه‌تـی لێیده‌سه‌نـرێته‌وه‌. دوژمنه‌كانیشم، ئه‌وانه‌ی نه‌یان‎ ده‌ویست به‌سه‌ریان فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌م، بیانهێنن بۆ ئێره‌و له‌به‌رده‌مم بیانكوژن.)

عیسا بۆ قودس ده‌ڕوات

دوای ئه‌وه‌ی عیسا ئه‌م قسانه‌ی ته‌واوكرد، كه‌وته‌ ڕێ‌ به‌ره‌و قودس. كاتێ‌ له‌‏دێی به‌یت‏فاجیو له‌‏دێی به‌یت‏عه‌نیا نزیك بووه‌وه‌، لای ئه‌و شاخه‌ به‌ناوبانگه‌ی شاخی زه‌یتونی پێ‌ده‌وترێ‌، دووان له‌‏قوتابیه‌كانی ناردو پێی ووتن: (‏بڕۆن بۆ ئه‌و دێیه‌ی به‌رامبه‌ر، كاتێ‌ ده‌چنه‌ ناو دێكه‌ ده‌بینن جاشكێك به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و جاشكه‌ تا ئێستا هیچ كه‌سێك سواری نه‌بووه‌، گوریسه‌كه‌ی بكه‌نه‌وه‌‏و بیهێنن بۆ ئێره‌. گه‌ر یه‌كێ‌ پرسیاری لـێ‌كردن، بۆچی گوریسه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌؟ پێی بڵێن، گه‌وره‌مان پێویستی پێی هه‌یه‌.) دوو قوتابیه‌كه‌ ڕۆیشتن، عیسا چی پێ‌ ووتبوون بینییان. كاتێ‌ گوریسی جاشكه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌، خاوه‌نه‌كه‌ی لێیانی پرسی: (بۆچی گوریسی ئه‌و جاشكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟) ووتیان: (گه‌وره‌مان پێویستی پێیه‌تی.) ئینجا هێنایان بۆ عیساو كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ر پشتیو عیسایان سوار‏كرد. له‌وكاته‌دا كه‌ عیسا به‌ڕێوه‌‏بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ كراسـیان داده‌كه‌ند، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی كه‌ پیایدا ده‌ڕۆیشت ڕایان ده‌خست. كاتێ‌ له‌لێژایی شاخی زه‌یتون نزیك بووه‌وه‌، قوتابیه‌كانی هه‌موو زۆر به‌‏شادیه‌وه‌ به‌ده‌نگی به‌رز ستایشی خودایان ده‌كرد بۆ ئه‌و هه‌موو كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی كه‌ له‌‏عیسایان بینی بوو، ده‌یان ووت: (پیرۆزه‌ ئه‌و پادشایه‌ی به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت، ئاشتی له‌ئاسمان‏و شكۆ له‌به‌رزایی.) به‌ڵام فه‌ریسیه‌كان‏و هه‌ندێ‌ له‌‏خه‌ڵكه‌كه‌، به‌‏عیسایان ووت: (مامۆستا قوتابیه‌كانت بێ‌ده‌نگ بكه‌.) ئه‌ویش ووتی: (با پێتان بڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش بێ‌ده‌نگ بن، به‌رده‌كان دێنه‌ هاواركردن.)

عیسا ‏به‌زه‌یی به‌ ‏قودس دێته‌وه‌

كاتێ‌ عیسا له‌‏شاری قودس نزیك بووه‌وه‌و بینی، بۆی گریاو ووتی: (خۆزگه‌ بتزانییایه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش، چییه‌ ئاشتیت بۆ ده‌هێنێت. به‌ڵام نه‌خێر، ئه‌مه‌ شاراوه‌یه‌ له‌به‌رچاوت. ڕۆژێ‌ دێت، دوژمنه‌كانت به‌چه‌ك‏و تفاقه‌وه‌، له‌‏هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ئابڵۆقه‌ت ده‌ده‌ن‎و چاوت‏تێ‌ده‌بڕن. ده‌تڕوخێنن به‌سه‌ر دانیشتوانت‏و به‌ردت به‌سه‌ر به‌ردته‌وه‌ ناهێڵن، چونكه‌ نه‌تزانی خودا كه‌ی به‌سه‌رت ده‌كاته‌وه‌.)

عیسا په‌رستگا پاك ده‌كاته‌وه‌‏

كاتێ‌ عیسا چووه‌ په‌رستگا، ده‌ستی كرد به‌ده‌ركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی تیایدا خه‌ریكی كڕین‏و فرۆشتن بوون. پێی ووتن: (خودا له‌كتێبی پیرۆزدا فه‌رموویه‌تی: {ماڵم، ماڵی نوێژ‏كردنه‌} كه‌چی ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان.})

‏ دوای ئه‌مه‌ عیسا هه‌موو ڕۆژێ‌ له‌په‌رستگادا، خه‌ریكی فێركردن بوو، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‏و گه‌وره‌ پیاوانی گه‌ل ده‌یانویست بیكوژن. به‌ڵام نه‌یانتوانی، چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌‏ده‌وروپشتی بوون بۆ گوێگرتن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.