Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 18

نموونه‌ی بێوه‌ژنێك‎و دادوه‌رێك

عیسا نموونه‌یه‌كی بۆ باسكردن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌به‌رده‌وامی نوێژبكه‌ن به‌بێ‌ بێزاری، ووتی: (له‌ شارێكدا دادوه‌رێك هه‌بوو نه‌ له‌‏خوا‏ده‌ترسا نه‌ له‌‏مرۆڤ. هه‌ر له‌و شـاره‌ش بێوه‌ژنێك هـه‌بوو زۆر ده‌چووه‌ لای بۆ داواكردنی مافێكی خۆی له‌ناحه‌زه‌كانی. ئه‌ویش داواكارییه‌كه‌ی به‌رده‌وام پشت‏گوێ‌ ده‌خست. به‌ڵام دادوه‌ره‌كه‌ دوای ماوه‌یه‌ك له‌‏دڵی خۆی ووتی: باشه‌ من وه‌ك له‌خوداو له‌‏كه‌س ناترسم، با هیچ نه‌بێ‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و بێوه‌ژنه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێزاری كردووم، با مافی بۆ وه‌رگرم، ئه‌گینا وازناهێنێ‌و هه‌ر‏دێت‏و سه‌رم ده‌هێنێته‌ ئێش.)

خوداوه‌ند ووتی: (گوێ‌بگرن ئه‌م دادوه‌ره‌ زۆرداره‌ چی ده‌ڵێ‌، چۆن خودا ماف وه‌رناگرێ‌ بۆ هه‌ڵبژێراوانی ئه‌وانه‌ی شه‌وو ڕۆژ لێیده‌پاڕێنه‌وه‌؟ ئایا دره‌نگ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌؟ پێتان ده‌ڵێم: ئه‌و خێرا مافیان بۆ وه‌رده‌گرێ‌. به‌ڵام كاتێ‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئایا باوه‌ڕ ده‌بینێ‌ له‌سه‌ر زه‌وی‏؟)

نموونه‌ی فه‌ریسیو باجگر

ئه‌م نموونه‌یه‌ی هێنایه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌پیاوچاك داده‌نێن‏و ڕقیان له‌خه‌ڵكی دیكه‌یه‌. ووتی: (دوو كه‌س چوونه‌ په‌رستگا بۆ نوێژكردن یه‌كێكیان فه‌ریسی بوو، ئه‌وی كه‌شیان باجگر بوو. فه‌ریسیه‌كه‌ له‌‏دڵی خۆی ووتی: سوپاس بۆ تۆ ئه‌ی خودا من وه‌ك خه‌ڵكی‏تر نیم، ئه‌وانه‌ی چاوبرسیو گوناهبارو داوێن پیسن، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌م باجگره‌ش نیم. له‌‏هه‌فته‌یه‌كدا دووجار به‌ڕۆژوو ده‌بم، ده‌یه‌كی ئه‌وه‌ی ده‌ستم ده‌كه‌وێ‌ ده‌ی‏به‌خشم.

به‌ڵام باجگره‌كه‌ له‌دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستاو نه‌یتوانی ڕوو به‌رزكاته‌وه‌ بۆ ئاسمان، به‌ڵكو له‌سنگی خۆیداو ووتی: ئه‌ی خودا تووڕه‌یی خۆت له‌سه‌ر منی گوناهبار لاده‌. با من پێتان بڵێم، ئه‌م باجگره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ به‌ بێ‌تاوانی، به‌‏پێچه‌وانه‌ی كابرای فه‌ریسی. ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بگرێ‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم ده‌كاته‌وه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌.)

منداڵ شتێكی پیرۆزه‌

ئینجا هه‌ندێ‌ كه‌س منداڵانیان هێنا بۆ لای عیسا، تاكو ده‌ستیان لێدات، به‌ڵام قوتابیه‌كان ڕێیان لـێ‌گرتن. جا عیسا منداڵه‌كانی بانگ‎كرد بۆ لای خۆیو ووتی: (واز له‌منداڵان بهێنن با بێن بۆ لام، ڕێیان لـێ‌مه‌گرن، چونكه‌ پادشاهێتی خودا بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ وه‌كو ئه‌مانن. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ك منداڵێك پادشاهێتی خودا وه‌رنه‌گرێ‌ ناچێته‌ ناوی.)

ده‌وڵه‌مه‌ندیو ژیانی هه‌تاهه‌تایی

دوای ئه‌مه‌، كابرایه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار، پرسیاری لـێ‌كردو ووتی: (ئه‌ی مامۆستای باش، چی‏بكه‌م هه‌تا ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌ده‌ست بهێنم؟) عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (بۆچی بانگم ده‌كه‌یت باش؟ كه‌س باش نییه‌ ته‌نها خودا نه‌بێ‌. تۆ ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێن پیسی مه‌كه‌، خه‌ڵكی مه‌كوژه‌، دزی مه‌كه‌، شایه‌تی درۆ مه‌ده‌، ڕێزی دایك‏و باوكت بگره‌.) ئینجا كابرا ووتی: (ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌‏منداڵیه‌وه‌ زانیومه‌و له‌سه‌ری ڕۆیشتووم.) كاتێ‌ عیسا گوێی له‌مه‌ بوو، به‌‏كابرای ووت: (كه‌واته‌ ته‌نها شتێكت ماوه‌، چیت هه‌یه‌ بیفرۆشه‌‏و به‌شیكه‌ به‌سه‌ر هه‌ژاران، تاكو له‌‏ئاسمان گه‌نجینه‌ی خۆت دانێیت‏، ئینجا وه‌ره‌ دوام‎كه‌وه‌.) به‌ڵام كاتێ‌ كابرا ئه‌مه‌ی بیست، خه‌فه‌تێكی زۆری خوارد له‌به‌رئه‌وه‌ی ‏زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. كاتێ‌ عیسا ئه‌مه‌ی له‌‏كابرا بینی، ووتی: (ئای چه‌ند گرانه‌، چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بۆ ناو پادشاهێتی خودا. چوونه‌ ژووره‌وه‌ی حوشترێ‌ له‌‏كونی ده‌رزیه‌وه‌، ئاسانتره‌ له‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێ‌ بۆ پادشاهێتی خودا.) ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌ بوون‏و گوێیان له‌مه‌ بوو، ووتیان: (كه‌واته‌ كێ‌ ڕزگاری ده‌بێت؟ عیساش ووتی: (ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی نابێت، لای خودا ده‌بێت.) ئینجا په‌ترۆس ووتی: (ئه‌وه‌تا ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان به‌جێ‌هێشتووه‌و دوات‎كه‌وتووین.) ئه‌ویش پێی ووتن: (ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ، یاخود ژن، یاخود براو باوك‎و دایكی یان منداڵی له‌‏پێناوی پادشاهێتی خودا به‌جێ‌هێشتبێ‌و ‏دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی به‌جێیهێشتووه‌ هه‌ر له‌م جیهانه‌دا وه‌رنه‌گرێته‌وه‌و له‌ جیهانی داهاتووش ژیانی هه‌تاهه‌تایی.)

باسی مردن‎و هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا

عیسا دوای ئه‌مه‌، هه‌ر دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی بانگ‎كردو پێی ووتن: (ئه‌وا ئێمه‌ به‌ره‌و قودس ده‌ڕۆین، هه‌رچی پێغه‌مبه‌ران له‌باره‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌وه‌ نووسیویانه‌، هه‌مووی دێته‌دی. ئه‌و ده‌درێته‌ ده‌ستی ناجووله‌كه‌كان‎و گاڵته‌ی پێ‌ده‌كرێ‌و جوێنی پێ‏ده‌درێ‏و تفیشی لـێ‌ده‌كه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی به‌‏قامچی لێی ده‌ده‌ن، ده‌یكوژن. ئینجا له‌‏ڕۆژی سێهه‌مدا زیندووده‌بێته‌وه‌.) به‌ڵام ئه‌وان هیچ له‌مه‌ نه‌گه‌یشتن، چونكه‌ ئه‌م باسه‌ جارێ‌ لایان شاراوه‌ بوو.

عیسا كوێرێك چاك ده‌كاته‌وه‌

كاتێ‌ عیسا گه‌یشته‌ ده‌وروپشتی ئه‌ریحا، كابرایه‌كی كوێری بینی ‏له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو، سواڵی ده‌كرد. ‏كابراكه‌ كه‌ گوێی له‌‏ڕۆیشتنی خه‌ڵكه‌كه‌ بوو، پرسیاری كرد، ئه‌مه‌ چیه‌؟ پێیان ووت: (عیسای ناسیری لێره‌وه‌ تێ‌ده‌پــه‌ڕێ‌.) ئینجا كابرا خێرا هاواری‏كردو ووتی: (ئه‌ی عیسا‏ی ڕۆڵه‌ی داود، به‌زه‌ییت پێمدابێته‌وه‌.) ئه‌وانه‌ی له‌پێشه‌وه‌بوون سه‌رزه‌نشتیان‎كردو داوایان لـێ‌كرد بێ‌ده‌نگ بێت، به‌ڵام ئه‌و زیاتر هاواری ده‌كردو ده‌یقیڕاند: (ئه‌ی ڕۆڵه‌ی داود، به‌زه‌ییت پێمدابێته‌وه‌.) عیسا ڕاوه‌ستاو فه‌رمانیدا بیهێنن بۆ لای. كاتێ‌ نزیك بووه‌وه‌، لێیپرسی: (چیت له‌من ده‌وێ‌ بۆتی بكه‌م؟) كابرا ووتی: (گه‌وره‌م ڕووناكی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ چاوم.) ئینجا عیسا پێی ووت: (چاوت بكه‌وه‌، باوه‌ڕت چاكی كردیته‌وه‌.) ده‌ست‏به‌جێ‌ كابرا چاوی كرده‌وه‌و ڕووناكی تێ‌كه‌وت، دوای ئه‌مه‌ كابرا به‌‏ستایش كردنی خوداوه‌ دوای كه‌وت. خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، ده‌ستیان‏كرد به‌‏ستایش‏كردنی خودا.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.