Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
کردار 4
پهترۆسو یۆحه‌ننا له‌ئه‌نجوومه‌ن
كاتێ پهترۆسو یۆحه‌ننا قسه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه ده‌كرد، كاهینهكانو سه‌دوقیه‌كان هاتن بۆ لایان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پاسه‌وانی په‌رستگا. ئه‌وان بێزار بوون چونكه پهترۆسو یۆحه‌ننا خه‌ڵكه‌كه‌یان فێر ده‌كردو بۆیان ده‌رده‌خستن زیندووبوونه‌وه‌ی مردووان شتێكی ڕاستییه‌و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه هه‌ستانه‌وه‌ی عیسایه. جا ئه‌وان یۆحه‌نناو پهترۆسیانگرتو لهبهندیخانهیانكردن تا به‌یانی چونكه كاته‌كه ده‌مه‌و ئێواره بوو. به‌ڵام زۆر له‌وانه‌ی گوێیان له‌قسه‌كان بوو باوه‌ڕیان هێنا، ژماره‌ی ئه‌و پیاوانه‌ش گه‌یشته پێنج هه‌زار كه‌س.
بۆ به‌یانی پێشهوایانو پیران‌و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت له‌قودس كۆبوونه‌وه. حه‌نانی سه‌رۆك كاهینو قه‌یافاو یۆحه‌نناو ئه‌سكه‌نده‌رو هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌تیره‌ی سه‌رۆك كاهین بوون له‌گه‌ڵیان بوون. ئینجا پهترۆسو یۆحه‌ننایان له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاگرت‌و لێیان پرسین: (به‌چ هێزێكو به‌ناوی كێ ئه‌مانه ده‌كه‌ن؟) په‌ترۆس پڕبوو له‌ڕۆحی پیرۆز‌و وه‌ڵامیدانه‌وه: (ئه‌ی پێشهوایانو پیرانی گه‌ل، گه‌ر ئێوه ئه‌مڕۆ پرسیارمان لـێ‌ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌و چاكه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشێك كردوومانه، به چ هۆیه‌ك چاكبووه‌ته‌وه، باههمووتانو هه‌موو گه‌لـی ئیسرائیل بزانێ، ئه‌و به‌ناوی عیسای مه‌سیحی ناسیری، ئه‌وه‌ی ئێوه له‌خاچتانداو خودا‌ش له‌ناو مردووان زیندووی كرده‌وه، ئه‌م ئیفلیجه به ته‌ندروستیه‌كی ته‌واوه‌وه وا له‌به‌رده‌متان ڕاوه‌ستاوه. ئه‌م عیسایه ئه‌و به‌رده‌یه ئه‌ی وه‌ستاكان كه ڕهتتانكردهوه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م بوو به به‌ردی بناغه. بێجگه له‌عیسا به كه‌سیكه ڕزگاربوون نییه، چونكه جگه له‌و له‌ژێر ئـاسمــان ناوێكــیكــه نییه خودا پێشكه‌شی كردبێ به مرۆڤ به‌هۆیه‌وه ڕزگارمان ببێ.) خه‌ڵكه‌كه سهریانسوڕما له‌چاونه‌ترسی پهترۆسو یۆحه‌ننا، كاتێ زانییان ئه‌وان نهخوێندهوارنو له‌چینی ساكاری گه‌لن، بۆیه زانییان ئه‌وان له‌پێشا له‌گه‌ڵ عیسا بوون. به‌ڵام كاتێ ئه‌و ئیفلیجه‌یان بینی چاكبووه‌ته‌وه‌و به‌پێوه له‌گه‌ڵیان وه‌ستاوه، ئیتر هیچیان نه‌دۆزییه‌وه به‌ربه‌ره‌كانی پێ بكه‌ن. لێره فه‌رمانیان پێدان له‌ناو كۆڕه‌كه بچنه ده‌ره‌وه، تا له‌ناو خۆیان ته‌گبیرێك بكه‌ن. جا ووتیان: (چی له‌م دوو پیاوه بكه‌ین؟ شتێكی ئاشكرایه له‌به‌رده‌م دانیشتوانی هه‌موو قودس ئه‌و كاره سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م دوو پیاوه كراوه ناتوانین نكۆڵی لێ‌بكه‌ین، به‌ڵام تا ئه‌م كاره زیاتر له‌ناو گه‌ل بڵاونه‌بێته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یان لـێ‌ده‌كه‌ین هه‌تا له‌مه‌ودوا باسی ئه‌م ناوه نه‌كه‌ن لای كه‌س.)
ئینجا ئه‌وانیان هێناو فه‌رمانیان پێدان ئیتر لای كه‌س ناوی عیسا نههێننو باسینه‌كه‌ن. پهترۆسو یۆحه‌نناش ووتیان: (ئێوه حوكمبدهن، ئایا ڕاسته له‌به‌رده‌م خودا ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانتان بین یان فه‌رمانی خودا؟ چونكه ناتوانین ئه‌وه‌ی بینیومانه‌و بیستومانه باسی نه‌كه‌ین.)
جارێكیكه ئه‌نجوومه‌نه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یان لـێ‌كردنه‌وه، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی به‌چ ڕێگایه‌ك سزایان بده‌ن، ئیتر ئازادیانكردن، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه هه‌موو ستایشی خودایان ده‌كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوویدا بوو، چونكه ئه‌و پیاوه‌ی به‌م نیشانه‌یه چاككرایه‌وه ته‌مه‌نی له‌چل ساڵ زیاتر بوو.
نوێژی باوه‌ڕداڕان
كاتێ پهترۆسو یۆحه‌ننا ئازادكران گه‌ڕانه‌وه بۆ لای هاوڕێكانیان، سه‌رۆك كاهینهكانو پیران چیان پێ‌ووتبوون بۆیانگێڕانهوه، ئه‌وانیش كاتێ گوێیان له‌وان بوو، هه‌موو به‌یه‌ك دڵ ده‌نگیان به‌رزكرده‌وه بۆ خودا‌و ووتیان: (خوداوه‌ندی باڵاده‌ست، ئه‌ی دروستكه‌ری ئاسمان‌و زه‌ویو ده‌ریاو هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایاندایه، ئه‌ی ئه‌وه‌ی به‌هۆی ڕۆحی پیرۆز له‌سه‌ر زمانی داودی باوكمانو خزمه‌تكاری خۆت ووتت: [[بۆچی میلله‌تان ووڕوژاونو گه‌لان بیر له‌شتی پووچ ده‌كه‌نه‌وه؟ پادشایانی سه‌ر زه‌وی خۆیان ڕێكخستووه، سه‌رۆكه‌كانیان كۆبوونه‌وه‌و یه‌كیانگرت تا به‌رهه‌ڵستی خوداوه‌ندو مه‌سیحه‌كه‌ی بكه‌ن.]]
(ئه‌م ووشانه‌ش به‌ته‌واوی ڕوویدا، كاتێ هێرۆدسو پیلاتۆسی پونتیو ناجوولهكهكانو گه‌لی ئیسرائیل یه‌كیانگرت تا به‌ربه‌ره‌كانی عیسای ڕۆڵه‌ی پیرۆزت بكه‌ن، ئه‌وه‌ی كردت به‌مه‌سیح، هه‌تا هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌پێشا دهستتو خواستت نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو ڕووبدات. ئه‌ی خوداوه‌ند، ئێستاش سه‌یری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بكه كه‌ده‌یكه‌ن، چاونه‌ترسی ببه‌خشه بهخزمهتكارهكانت تا به‌ووشه‌كانت بدوێن. ده‌ستی خۆت بگه‌یه‌نه ئێمه، تاكو چاكبوونه‌وه‌ی نهخۆشو نیشانه‌و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌ناوی عیسای ڕۆڵه‌ی پیرۆزته‌وه بكرێ.(
كاتێ نوێژیان ده‌كرد ئه‌و شوێنه‌ی تیایدا كۆبووبوونه‌وه له‌رزیو هه‌موو پڕ بوون له‌ڕۆحی پیرۆز، ئینجا بێ‌ترس به‌ووشه‌ی خودا دوان.
ژیانی هاوبه‌ش
كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران یه‌ك دڵ‌و یه‌ك گیان بوون، هیچ كه‌سێ نه‌یده‌ووت ئه‌و شته‌ی هه‌یه‌تی هی خۆیه‌تی به‌ته‌نها، به‌ڵكو له‌هه‌موو شتێك هاوبه‌شبوون. به‌هێزێكی مه‌زنه‌وه نێرراوان شایه‌تی زیندووبوونه‌وه‌ی عیسای خوداوه‌ندیان ده‌دا، به‌ره‌كه‌تێكی گه‌وره به‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه بوو. كه‌سی هه‌ژاریان تیا نه‌بوو چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كێڵگه‌و ماڵ بوون دهیانفرۆشتو پاره‌كه‌یان ده‌خسته به‌رده‌م نێرراوانه‌وه، ئه‌وانیش دابه‌شیان ده‌كرد به‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێك به‌پێی پێویستی خۆی. یه‌كێك له‌وانه یوسف ناوێك بوو كه نێرراوان بانگیان ده‌كرد به به‌رنابا به‌واتای ڕۆڵه‌ی هانده‌ر، ئه‌و له‌تیره‌ی لاوی* بوو، خه‌ڵكی قوبروس بوو. ئه‌م كابرایه كێڵگه‌یه‌كی هه‌بوو، فرۆشتی‌و نرخه‌كه‌ی خسته به‌رده‌م نێرراوان.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.