Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 3

چاك‏بوونه‌وه‌ی ئیفلیجێك

ڕۆژێكیان كاژێری سێی پاش نیوه‌ڕۆ په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا له‌كاتی نوێژكردن چوونه‌ په‌رستگا. له‌به‌رده‌م ده‌رگای په‌رستگادا كه‌ پێیده‌وترا ده‌رگای جوان، پیاوێكی به‌زگماك ئیفلیج دانیشتبوو، هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڵیانده‌گرت‏و له‌وێ‌ دایان‏ده‌نا تا سواڵ بكات له‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌ په‌رستگاكه‌وه‌. كاتێ‌ كابرا په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننای بینی هاتنه‌ ناو په‌رستگا، داوای خێری لـێ‌كردن، ئه‌وانیش به‌ ووردی تێیان‎ڕوانی، ئینجا په‌ترۆس پێیووت: (سه‌یرمان بكه‌!) ئه‌ویش چاوی تێ‌بڕین‏و چاوه‌ڕێی ده‌كرد شتێكی بده‌نێ‌. په‌ترۆس ووتی: (نه‌ زێڕم پێیه‌و نه‌ زیو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ ده‌تده‌مێ‌، به‌ناوی عیسای مه‌سیحی ناسیری هه‌سته‌و بڕۆ!) په‌ترۆس ده‌ستی ڕاستی گرت‏و هه‌ڵیساند، یه‌كسه‌ر هێز كه‌وته‌ قاچ‏و ئێسقانه‌كانی. ئیتر كابرا هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌و ده‌ستیكرد به‌ ڕۆیشتن، له‌گه‌ڵ په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا چووه‌ په‌رستگا، له‌خۆشیان به‌ ڕۆیشتنه‌وه‌ قه‌ڵه‌مبازی ده‌داو ستایشی خودای ده‌كرد. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌‏بوون بینییان كابرا به‌پێی خۆی ده‌ڕواو ستایشی خودا ده‌كات. ئیتر خه‌ڵكه‌كه‌ زانییان كابرا ئه‌و سواڵكه‌ره‌ ئیفلیجه‌یه‌ كه‌وا كردبووی به‌ خوو له‌به‌رده‌م ده‌رگای په‌رستگا داده‌نیشت ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترا جوان، جاهه‌موو سه‌ریان سوڕما له‌وه‌ی به‌سه‌ر كابرا هاتووه‌.

ووتاری په‌ترۆس له‌په‌رستگا

له‌هۆڵی په‌رستگـا كه‌ به‌ هۆڵی سلێمان ناسرا بوو كابرای ئیفلیج ده‌ستیگرتبوو به‌ په‌ترۆس‏و یۆحه‌نناوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكه‌كه‌ به‌سه‌رسامیه‌وه‌ لێیان كۆبوونه‌وه‌‏، كاتێ‌ په‌ترۆس ئه‌مه‌ی بینی پێیووتن: (ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، بۆچی سه‌رتان سوڕماوه‌ له‌وه‌ی ڕوویداوه‌؟ بۆچی چاوتان تێ‌بڕیوین واده‌زانن ئێمه‌ به‌توانای خۆمان یاخود به‌له‌خواترسیمان وامان له‌و پیاوه‌ كردووه‌ بڕوا؟ خودای ئیبراهیم‏و ئیسحاق‏و یاقوب، خودای باوباپیرانمان، عیسای ڕۆڵه‌ی خۆی شكۆداركرد، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ داتان به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ مردن‏و ڕه‌تتان‏كرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م پیلاتۆس، له‌كاتێكدا بڕیاری دابوو ئازادی بكات. ئێوه‌ ئه‌و پاك‎وپیرۆزه‌ بێ‌تاوانه‌تان ڕه‌تكرده‌وه‌و داوای لێبووردنتان بۆ بكوژێك كرد، جا ئێوه‌ سه‌رۆكی ژیانتان كوشت‎. به‌ڵام خودا له‌‏نێو مردووان زیندوویكرده‌وه‌، ئێمه‌ش شایه‌تین بۆ ئه‌مه‌. ئه‌م كابرایه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن‏و ده‌یناسن،‏ باوه‌ڕی به‌ناوی ئه‌و هه‌بوو، بۆیه‌ هێزو توانای بۆ گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ ناوی عیساو ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ دێت، ئه‌م ته‌ندروستیه‌ ته‌واوه‌ی به‌‏كابرا به‌خشی له‌‏به‌رچاوی هه‌مووتان. (من ده‌زانم ئه‌ی برایان ئێوه‌و سه‌رۆكه‌كانتان به‌نه‌شاره‌زایی هه‌ڵسوكه‌وتتان‏كرد، به‌ڵام خودا به‌مه‌ هێنایه‌دی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران ووتبووی كه‌وا مه‌سیحه‌كه‌ی ده‌بێ‌ ئازار بچێژێ‌. كه‌واته‌ تۆبه‌ بكه‌ن‏و بگه‌ڕێنه‌وه‌ تا‏گوناهه‌كانتان بسڕێته‌وه‌، ئینجا خوداوه‌ند ده‌رگای خۆشیتان لـێ‌بكاته‌وه‌، ‏ئه‌ویش به‌وه‌ی جارێكی تر عیسای مه‌سیحتان بۆ بنێرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌‏پێشا بۆی دیاریكردوون. جا ده‌بێ‌ مه‌سیح له‌‏ئاسمان بمێنێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو شتێك چاك ده‌بێته‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن خودا له‌‏كۆنه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كانی دواوه‌. موسا به‌‏باپیرانی ووتوه‌: [[خوداوه‌ند، خودا له‌‏نێو براكانتان پێغه‌مبه‌رێكتان بۆ ده‌نێرێ‌ وه‌ك من، هه‌رچیه‌كتان پێ‌ده‌ڵێ‌ گوێیلـێ‌بگرن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی لـێ‌ناگرێ‌ له‌ناو گه‌ل ڕیشه‌كێش ده‌كرێ‌.]] ئه‌و كات‏و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌، له‌سامۆئیله‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌و هاتوون. ئێوه‌ن ڕۆڵه‌ی پێغه‌مبه‌ران‏و ئه‌و په‌یمانه‌ی خودا له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان به‌ستی، كاتێ‌ به‌ ئیبراهیمی ووت: [[به‌ نه‌وه‌ی تۆ هه‌موو گه‌لانی سه‌ر زه‌وی پیرۆز ده‌بن.]] ‏له‌پێناوی ئێوه‌ خودا ڕۆڵه‌ی خۆی هه‌ستانده‌وه‌و یه‌كه‌مجار بۆ ئێوه‌ی نارد، تا پیرۆزتان بكات به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكتان له‌‏خراپه‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.