Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 2

هاتنی رۆحی پیرۆز

كه‌ ڕۆژی په‌نجاهه‌مین* هات، هه‌موو باوه‌ڕداران له‌‏یه‌ك شوێن كۆبوونه‌وه‌، له‌پڕێكدا ده‌نگێك له‌‏ئاسمانه‌وه‌ په‌یدا بوو وه‌ك ڕه‌شه‌با، ئه‌و ماڵه‌ی پڕكرد كه‌ تیایدا دانیشتبوون. ئینجا چه‌ند زمانێك هه‌روه‌ك له‌‏ئاگر بێت ده‌ركه‌وت بۆیان، دابه‌ش بوو به‌سه‌ریان‎و هه‌ر یه‌كه‌ زمانێكی له‌سه‌ر نیشته‌وه‌. ئه‌وسا هه‌موویان پڕبوون له‌‏ڕۆحی پیرۆز، ده‌ستیان‏كرد به‌قسه‌كردن به‌‏زمانی جۆراوجۆر، به‌ووشێوه‌یه‌ی ڕۆح پێی به‌خشیبوون‏.

له‌وكـاته‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌‏جووله‌كه‌ له‌خودا ترسه‌كانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی جیهان له‌ قودس نیشته‌جـێ‏بوون. كاتێ‌ ئه‌و ده‌نگـه‌ ڕوویدا، خه‌ڵــكه‌كه‌ هاتنه‌ لایان، هه‌موو سه‌ریان سوڕما له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان گوێیان لـێ‌بوو به‌ زمانی خۆیان ده‌دوێن. سه‌رسامی دایگرتن‏و ده‌ستیان‎كرد به‌ پرسیاركردن: (ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌ ده‌كه‌ن دانیشتوانی جه‌لیل نین؟ ئیتر چۆن هه‌ر یه‌ك له‌‏ئێمه‌ گوێی له‌‏زمانی ئه‌و ووڵاته‌ ده‌بێ‌ كه‌ تیایدا له‌‏دایك بووه‌؟ ئێمه‌ خه‌ڵكی په‌رتیاو میدیا‎و ئیلامین، هه‌ندێكیشمان له‌‏دانیشتوانی نێوان دجله‌و فوراتین یاخود له‌ناوچه‌ی یه‌هودیه‌‏و كه‌پدوكیه‌و پونتس‏و ئاسیا، یان له‌فریجیه‌و په‌مفیلیه‌و میسرو ناوچه‌ی لیبیای دراوسێی قه‌یره‌وان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵمان خه‌ڵكی ڕۆماش هه‌یه‌ به‌سه‌ردان هاتوون، له‌گه‌ڵ جووله‌كه‌و ئه‌وانه‌ی بوو بوون به‌‏جووله‌كه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ له‌كیریتیه‌كان‏و عه‌ره‌ب. جا ئه‌وه‌تا گوێمان لێیانه‌ به‌زمانی خۆمان قسه‌ ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی كرداره‌ مه‌زنه‌كانی خودا.) خه‌ڵكه‌كه‌ به‌سه‌رسامیه‌وه‌ ده‌ستیان‎كرد به‌ پرسیاركردن له‌یه‌كتری: (ئه‌مانه‌ هه‌مووی چی ده‌گه‌ێنێ‌؟) به‌ڵام هه‌ندێكیان به‌گاڵته‌ پێ‌كردنه‌وه‌ ووتیان: (ئه‌وانه‌ سه‌رخۆشن.)

یه‌كه‌م ووتاری په‌ترۆس

جا په‌ترۆس له‌گه‌ڵ دوانزه‌ نێرراوه‌كه‌ ڕاوه‌ستا، به‌ده‌نگێكی به‌رز قسه‌ی بۆ ئاماده‌بووان كردو ووتی:

(ئه‌ی پیاوانی جووله‌كه‌و هه‌موو دانیشتوانی قودس، گوێ‌بگرن بۆ قسه‌كانم تائه‌وه‌ی پێتان ده‌ڵێم زانراوبێ‌ لاتان، چونكه‌ ئه‌وانه‌ سه‌رخۆش نین وه‌ك بیرده‌كه‌نه‌وه‌، هێشتا كاژێر نۆی به‌یانییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ووتراوه‌ به‌زمانی پێغه‌مبه‌ر یۆئیله‌وه‌: [[خودا ده‌ڵێ‌: له‌ڕۆژانی كۆتاییدا ڕۆحم ده‌ڕێژم به‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤداو كوڕان‏و كچانتان به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێن. هه‌روه‌ها گه‌نجه‌كانتان بینین ده‌بینن‏و پیره‌كانتان خه‌ون ده‌بینن. له‌و ڕۆژانه‌دا ڕۆحی خۆم ده‌ڕێژم به‌سه‌ر هه‌موو ده‌ست‏و پێوه‌نده‌كانم، له‌ژن‏و له‌پیاو، جا هه‌موویان به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێن. له‌‏ئاسمان‏و زه‌وی كارو نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كه‌م، تیایدا ئاگرو خوێن‏و دووكه‌ڵ ده‌بینن‏. ئینجا پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی خوداوه‌ند بێ‌، ئه‌و ڕۆژه‌ مه‌زنه‌ به‌ناوبانگه‌، ڕۆژ تاریك ده‌بێ‌، مانگیش وه‌ك خوێنی لێ‏دێت. ‏هه‌ر كه‌سێكیش به‌ناوی خوداوه‌ند بانگ‏بكات ڕزگاری ده‌بێ‌.]]

(ئه‌ی ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل، گوێ‌ له‌م قسانه‌ بگرن: عیسای ناسیری پیاوێكـه‌ خــودا لایه‌نگیری كردووه‌ به‌و نیشانه‌و كاره‌ سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی له‌نێوانتان كراوه‌، هه‌روه‌ك ده‌زانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خودا ڕێگه‌یدا، به‌پێی خواست‏و ڕه‌زامه‌ندی بڕیار له‌سه‌ردراوی خۆی كه‌ له‌پێشا ده‌یزانی، كه‌وا ئێوه‌ بیگرن‏و له‌خاچیبده‌ن‏و بیكوژن به‌ده‌ستی گوناهباران. به‌ڵام خودا زیندووی كرده‌وه‌ له‌نێوان مردووانداو له‌ ئازاری مردن ئازادیكرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی مردن نه‌یتوانی له‌داوی خۆی بیهێڵێته‌وه‌. چونكه‌ داود ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌ڵێ‌: [[هه‌میشه‌ خوداوه‌ندم له‌به‌رچاوه‌، ئه‌و له‌لای ده‌سته‌ ڕاستمه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌ك باوه‌ڕم لاواز بێ‌. بۆیه‌ دڵشادم‏و زارم له‌هه‌لهه‌له‌دایه‌، ته‌نانه‌ت له‌شیشم له‌هیوادا نیشته‌جێیه‌. چونكه‌ تۆ گیانم له‌دونیای مردووان به‌جێ‌ناهێڵی، هه‌روه‌ها نایه‌ڵی تاقه‌ پیرۆزی خۆت گه‌نده‌ڵی ببینێت. ڕێگای ژیانت پێ‏ناساندم، دڵت پڕكردووم له‌‏شادی به‌ بینینی ڕوخسارت.]] ئه‌ی برایان، ڕێگام بده‌ن به‌ئاشكرا پێتان بڵێم داودی باوكمان مردو نێژرا، هێشتا گۆڕه‌كه‌ی تا ئه‌مڕۆ لامانه‌. به‌ڵام داود پێغه‌مبه‌ر بوو، ده‌یزانی خودا سوێندی بۆ خواردووه‌ كه‌وا مه‌سیح له‌‏نه‌وه‌ی ئه‌و په‌یداده‌بێ‌و له‌سه‌ر ته‌ختی ئه‌و داده‌نیشێ‌، دیسان باسی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیحی كردووه‌ هه‌روه‌ك له‌پێشه‌وه‌ بینیویه‌تی، ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌ڵێ‌: [[گیانی له‌ناو دونیای مردووان نامێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌شی گه‌نده‌ڵی نابینێت.]] ئه‌و عیسایه‌ی خودا له‌نێو مردووان زیندوویكرده‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موو بۆ ئه‌وه‌ شایه‌تین. ئه‌و به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ لای ده‌سته‌ ڕاستی خودا، ئه‌و ڕۆحه‌ پیرۆزه‌ی به‌ڵێنی پێ‌درا بوو له‌‏باوكه‌وه‌ وه‌رگیرا‏و ڕژا به‌سه‌رمان. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین‏و گوێتان لێیده‌بێت ئه‌نجامی ئه‌وه‌یه‌. داود به‌رزنه‌كرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان، به‌ڵام ئه‌و خۆی ده‌ڵێ‌: [[خودا به‌ خوداوه‌ندمی ووت: له‌‏لای ده‌سته‌ ڕاستم دانیشه‌، هه‌تا دوژمنه‌كانت بخه‌مه‌ ژێر پێته‌وه‌.]] كه‌واته‌ باهه‌موو ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل به‌ته‌واوی بزانن، ئه‌و عیسایه‌ی ئێوه‌ له‌‏خاچتان‎دا، خودا كردی به‌‏مه‌سیح‏و به‌‏خوداوه‌ند.)

باوه‌ڕداره‌ یه‌كه‌مه‌كان

كاتێ‌ ئاماده‌بووان گوێیان له‌م قسانه‌ بوو، كاری كرده‌ سه‌ر دڵیان، پرسیاریان له‌‏په‌ترۆس‏و نێرراوه‌كانی تر كرد: (ئه‌ی برایان ئێستا ئێمه‌ چی‏بكه‌ین؟) په‌ترۆس وه‌ڵامیدانه‌وه‌: (تۆبه‌‏بكه‌ن، با هه‌ر یه‌كه‌تان به‌ناوی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ له‌ئاوهه‌ڵبكێشرێ‌ بۆ لێخۆش‏بوونی گوناه‌و به‌خشینی ڕۆحی پیرۆزتان ده‌سكه‌وێ‌، چونكه‌ ئه‌م به‌ڵێنه‌ بۆ خۆتان‎و منداڵه‌كانتانه‌، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوداوه‌ند خودامان بانگیان ده‌كات.) په‌ترۆس به‌زۆر ووشه‌ی‏تر شایه‌تی بۆ دان‏و ووره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌، ده‌ی‏ووت: (خۆتان ڕزگار بكه‌ن له‌م نه‌وه‌ لارو چه‌وته‌.) ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ قسه‌كه‌یكرد‏و له‌ئاوهه‌ڵكێشران، نزیكه‌ی سێ‌ هه‌زار كه‌س‏بوون له‌و ڕۆژه‌دا.

ئیتر ئه‌وانه‌ به‌رده‌وام‏بوون له‌سه‌ر فێركردنی نێرراوان‏و ژیانی خوشك‏و برایه‌تی‏و له‌ت‏كردنی نان‏و نوێژكردن. هه‌روه‌ها كاتێ‌ كارو نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری زۆر له‌سه‌ر ده‌ستی نێرراوان كرا، هه‌موو ترسیان لـێ‌نیشت. ‎باوه‌ڕداره‌كان هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كیان‎گرتبوو، له‌‏هه‌موو شتێك كه‌ هه‌یان‎بوو به‌شداری یه‌كتریان ده‌كرد، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی هه‌یان‎بوو ده‌یان‎فرۆشت‏و نرخه‌كه‌یان دابه‌ش ده‌كرد به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی پێویستیان پێیبوو، هه‌موو ڕۆژێك به‌یه‌ك ‎دڵ به‌رده‌وام له‌‏په‌رستگا ئاماده‌ ده‌بوون‏، له‌ماڵه‌كان نانیان له‌ت ‎ده‌كرد، هه‌روه‌ها به‌یه‌كه‌وه‌ نانیان به‌ دڵخۆشیو دڵپاكییه‌وه‌ ده‌خوارد، ستایشی خودایان ده‌كرد، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو به‌چاوی ڕێزه‌وه‌ سه‌یریان ‎ده‌كردن. هه‌موو ڕۆژێكیش خوداوه‌ند ژماره‌ی ڕزگاربووانی زیاتر ده‌كرد.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.