Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 1

پێشه‌كی

به‌ڕێز ساوفیلۆس، له‌‏په‌رتووكی یه‌كه‌ممدا هه‌موو كرداره‌كان‏و فێركردنه‌كانی عیسام بۆ گێڕایته‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای په‌یامه‌كه‌یه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان، دوای ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی پێشكه‌ش‎كرد به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ به‌و نێرراوانه‌ی هه‌ڵیبژاردن. هه‌روه‌ها دوای ئازاركێشانی‏، له‌ماوه‌ی چل ڕۆژ خۆی بۆ ده‌رخستن به‌زیندوویی به‌چه‌نده‌ها به‌ڵگه‌ی چه‌سپاو و سه‌باره‌ت پادشاهێتی خودا بۆیان دوا. كاتێ‌ له‌گه‌ڵیان كۆبووه‌وه‌، ووتی: (قودس به‌جێ‌مه‌هێڵن، به‌ڵكو تیایدا چاوه‌ڕێی به‌ڵێنی باوكم بكه‌ن، وه‌ك له‌‏پێشا له‌منتان گوێ‌ لێ‌بوو. یه‌حیا خه‌ڵكی له‌ئاو هه‌ڵده‌كێشا، به‌ڵام ئێوه‌ پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌ڕۆحی پیرۆز هه‌ڵده‌كێشرێن.)

به‌رزبوونه‌وه‌ی عیسا بۆ ئاسمان

ئه‌وانه‌ی له‌وێدا كۆببوونه‌وه‌ لێیان پرسی: (ئه‌ی خوداوه‌ند، له‌م كاته‌دا حوكمرانی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ ئیسرائیل؟) ئه‌ویش وه‌ڵامیدانه‌وه‌: (ئێوه‌ مافی ئه‌وه‌تان نییه‌ ئه‌و ڕۆژو كاته‌ بزانن كه‌ خودا به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌ست‏نیشانی كردووه‌. به‌ڵام كاتێ‌ ڕۆحی پیرۆزتان به‌سه‌ردا ده‌ڕژێ‌ هێز به‌ده‌ست‏ده‌هێنن، ده‌بن به‌شایه‌ت بۆ من له‌قودس‏و هه‌موو ناوچه‌ی یه‌هودیه‌و سامیره‌و تا ئه‌وپه‌ڕی جیهان.

ئه‌مه‌ی ووت‏و له‌به‌رچاویان به‌رزبووه‌و بۆ ئاسمان، ئینجا هه‌ورێك شاردیه‌وه‌ له‌به‌رچاویان. جارێ‌ ئه‌وان به‌ سه‌رسامیه‌وه‌ سه‌یری ئاسمانیان ده‌كرد، دو پیاو خۆیان نیشان‎دان به‌جلی سپییه‌وه‌، پێیان ووتن: (ئه‌ی جه‌لیلیه‌كان، بۆچی وه‌ستاون سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌ن؟ ئه‌و عیسایه‌ی له‌‏نێوانتان به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان، ڕۆژێ‌ دێ‌ به‌هه‌مان شێوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاتان.)

هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌جێی یه‌هوزا

ئینجا نێرراوان له‌و شاخه‌ی به‌ شاخی زه‌یتون به‌ناوبانگه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قودس، كه‌ به‌قه‌د مه‌سافه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌1 دوور بوو له‌قودسه‌وه‌. كاتێ‌ گه‌یشتن چوونه‌ ژوورێك له‌‏نهۆمی سه‌ره‌وه‌ مانه‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ بوون: په‌ترۆس‎و یۆحه‌نناو یاقوب‎و ئه‌نده‌راوس‏و فیلیپۆس‏و تۆماو به‌رتۆلماوس‏و مه‌تتاو یاقوبی كوڕی حه‌لفی‎و شه‌معونی به‌جه‌رگ‏و یه‌هوزای برای یاقوب. هه‌موویان به‌یه‌ك دڵ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر نوێژكردن، هه‌ندێ‌ ژنیشیان له‌گه‌ڵ بوو‏، هه‌روه‌ها مریه‌می دایكی عیساو براكانیشی.

ڕۆژێكیان نزیكه‌ی سه‌دوبیست له‌برایانی ‎باوه‌ڕدار كۆببوونه‌وه‌ په‌ترۆس له‌‏نێوانیان وه‌ستا، بۆیان دواو ووتی: (ئه‌ی برایان، ده‌بووایه‌ نووسراوی كتێب ئه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆز به‌ زمانی داود پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ووتویه‌تی ‏ده‌رباره‌ی یه‌هوزا بێته‌دی، ئه‌وه‌ی بوو به‌ ڕێنیشان‎ده‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی عیسایان گرت. یه‌هوزا یه‌كێ‌ بوو له‌ ئێمه‌، له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیشی ده‌كرد. ئینجا ئه‌و كێڵگه‌یه‌كی كڕی به‌ پاره‌یه‌ك كه‌ نرخی ناپاكی بوو، به‌ڵام تیایدا كه‌وت به‌ده‌مدا، له‌‏ناوه‌ڕاستدا بوو به‌ دووكه‌رته‌وه‌و هه‌موو ڕیخۆڵه‌كانی هاته‌ده‌ره‌وه‌. هه‌موو دانیشتوانی قودس به‌م كاره‌ساته‌یان زانی، كێڵگه‌كه‌یان ناونا به‌ كێڵگه‌ی ده‌مخ، به‌زمانی خۆیان به‌واتای كێڵگه‌ی خوێن. ئیتر ئه‌وه‌ی له‌‏‎زه‌بوور باسكراوه‌ هاته‌دی: [[‏ماڵه‌كه‌ی ده‌بێ‌ به‌ وێرانه‌‏و هیچ كه‌س تیایدا ناژی.]] دیسان ده‌ڵێ‌: [[با یه‌كێكی تر جێی بگرێ‌ له‌ ڕابه‌رایه‌تیكردن.]] كه‌واته‌ له‌سه‌رمانه‌ یه‌كێ‌ له‌و پیاوانه‌ هه‌ڵبژێرین كه‌ له‌سه‌رده‌می خوداوه‌ند عیسا به‌‏درێژایی كاته‌كه‌ له‌گه‌ڵمان بووه‌، له‌و كاته‌ی یه‌حیا له‌‏ئاوی هه‌ڵكێشا تا ئه‌و ڕۆژه‌ی لێمان به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان، له‌گه‌ڵمان شایه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا بووه‌.)

‏ ئاماده‌بووان دوو پیاویان هه‌ڵبژارد یه‌كێكیان یوسف كه‌ ناوده‌برا به‌ بارساباو نازناوی یوستوس بوو، ئه‌ویكه‌شیان ناوی مه‌تیاس‏بوو. ئینجا نوێژیان كردو ووتیان: (ئه‌ی ئه‌و خوداوه‌نده‌ی به‌دڵی هه‌مووان ده‌زانی، بۆمان ده‌رخه‌ له‌م دوو پیاوه‌ كامیان هه‌ڵبژێرین، تا به‌شداریمان بكات له‌خزمه‌ت‏و نێرراویه‌تی له‌‏جیاتی یه‌هوزا، ئه‌وه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌و بۆ شوێنی خۆی ڕۆیشت.) ئینجا شێروخه‌تیان بۆ كرد، مه‌تیاس شێروخه‌تی برده‌وه‌، ئه‌وسا خستیانه‌ سه‌ر یانزه‌ نێرراوه‌كه‌.

Source notes (1)
  1. Footnote مه‌سافه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌: ئه‌و مه‌سافه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكی جووله‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ بیبڕێ‌ له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا. ئه‌ویش ته‌نها (1100مه‌تره‌). چونكه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕۆژی پشوودانه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها نه‌ریتێكی ئایینی‏بوو.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.