Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ڕۆما 5

ڕزگاربوون له‌تووڕه‌یی خودا

كه‌واته‌ خودا له‌سه‌ر بناغه‌ی باوه‌ڕ بێ‌تاوانی كردین، به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ خودا ئاشتبووینه‌وه‌. جا به‌هۆی عیساوه‌ بوو ده‌رگای باوه‌ڕمان بۆ كرایه‌وه‌و به‌ر ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ كه‌وتین كه‌ ئێستا تیایداین، ئێمه‌ شانازی ده‌كه‌ین به‌و هیوایه‌ی هه‌مانه‌ له‌شكۆمه‌ندی خودا. به‌ته‌نها ئه‌مه‌ نا، به‌ڵكو له‌كاتی ته‌نگانه‌شدا شانازی ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین ته‌نگانه‌ دان به‌خۆگرتنمان تیا دروست ده‌كات، دان به‌خۆگرتنیش ئه‌زمون، ئه‌زمونیش هیوامان تیا دروست ده‌كات، هیواش نابێته‌ هۆی شه‌رمه‌زاری، چونكه‌ خودا دڵمانی پڕكردووه‌ له‌خۆشه‌ویستی خۆی به‌و ڕۆحه‌ پیرۆزه‌ی به‌‏ئێمه‌ی به‌خشیوه‌.

‏ ‏كاتێ‌ هێشتا لاواز بووین، له‌كاتی پێویست، مه‌سیح له‌پێناوی خوانه‌ناسان مرد. به‌ده‌گمه‌ن یه‌كێك له‌پێناوی مرۆڤێكی ڕاست‏ودروست ده‌مرێ‌، له‌وانه‌یه‌ له‌پێناوی مرۆڤێكی باش یه‌كێك بوێرێ‌ بمرێ‌. به‌ڵام خودا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌رخستین، به‌وه‌ی مه‌سیح له‌پێناوی ئێمه‌دا مرد، كاتێ‌ هێشتا گوناهبار بووین.

‏ جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا به‌خوێنی ئه‌و بێ‌تاوان بووین، له‌وه‌ش زیاتر به‌هۆی ئه‌و ڕزگار ده‌بین له‌تووڕه‌یی خودا! ئه‌گه‌ر خودا ئاشتی‏كردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌‏مردنی ڕۆڵه‌كه‌ی كاتێ‌ ئێمه‌ دوژمنی بووین، چه‌ند زیاتر ئێمه‌ كه‌ ئاشت‏بووینه‌وه‌ ڕزگارمان ده‌بێ‌ به‌ژیانی ئه‌و‏! نه‌ك ته‌نها به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڵكو شادومانین به‌خودا، چونكه‌ ئێستا به‌هۆی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح له‌گه‌ڵ خودا ئاشتبووینه‌وه‌.

ئاده‌م‏و مه‌سیح

له‌به‌رئه‌مه‌، چۆن به‌هۆی یه‌كێك گوناه‌ هاته‌ جیهان، به‌هۆی گوناهیش مــردن‏، به‌هـه‌مان شێوه‌یه‌ مردنیش بۆ هه‌مــوو مــرۆڤێك هـات، چونكه‌ هه‌موویان گوناهیان كرد. چــونكه‌ گوناه‌ له‌‏جیهان بڵاوببۆوه‌ پێش هاتنی شه‌ریعه‌ت، به‌ڵام حساب بۆ گوناه‌ نه‌ده‌كرا، چونكه‌ شه‌ریعه‌ت نه‌بوو. به‌ڵام مردن له‌‏ئاده‌مه‌وه‌ تا موسا حوكمڕانی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌‏شێوه‌ی ئاده‌م گوناهیان نه‌كردبوو، ئه‌و ئاده‌مه‌ی نموونه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ دوای دێت. به‌ڵام دیاری خودا وه‌ك گوناهی ئاده‌م نییه‌، چونكه‌ مردن زۆر مرۆڤی گرته‌وه‌ به‌هۆی گوناهی یه‌كێك، ‏جا چه‌ند زیاتر به‌هۆی مرۆڤێك كه‌ عیسای مه‌سیحه‌ زۆر له‌‏خه‌ڵكی به‌ره‌كه‌تی خوداو دیاری به‌ره‌كه‌ت به‌ده‌ست‏ده‌هێنن. لێره‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌‏نێوان ئه‌نجامی دیاری خوداو گوناهی مرۆڤێك! چونكه‌ گوناهی یه‌كێك مرۆڤی به‌ره‌و له‌ناوبردن برد، به‌ڵام دیاری خودا پاش چه‌نده‌ها گوناه‌ مرۆڤی به‌ره‌و بێ‌تاوانی برد. گه‌ر مردن به‌هۆی گوناهی یه‌كێك حوكمڕانی ده‌كرد، ئیتر چه‌ند زیاتر ئه‌وانه‌ی پڕی به‌ره‌كه‌ت‏و دیاری ڕاست‏ودروستیان وه‌رگرتووه‌و حوكمڕانی ده‌كه‌ن له‌م ژیانه‌ به‌هۆی یه‌كێك كـه‌ عیسای مه‌سیحه‌.

كه‌واته‌، چۆن یه‌ك گوناه‌ هه‌موو مرۆڤێكی تاوانباركرد، به‌هه‌مان شێوه‌ یه‌ك كاری ڕاست‏ودروست هه‌موو كه‌سێكی بێ‌تاوان‏كرد بۆ ژیان. چونكه‌ چۆن به‌ یاخی‏بوونی یه‌كێك زۆر كه‌س گوناهبار بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌گوێڕایه‌ڵی یه‌كێك زۆر كه‌س بێ‌تاوان ده‌بێ‌.

ئیتر شه‌ریعه‌ت هاته‌كایه‌وه‌ تا زۆری گوناه‌ ده‌ربخات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆربوونی گوناه‌ به‌ره‌كه‌ت زۆر زیاتر‏بوو. جا چۆن گوناه‌ به‌هۆی مردن حوكمڕانی كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هۆی بێ‌تاوان‏بوون به‌ره‌كه‌ت حوكمڕانی ده‌كات بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.