Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ڕۆما 4

نموونه‌ی ئیبراهیم

بۆیه‌ چی بڵێین له‌باره‌ی ئیبراهیم كه‌ به‌پێی گۆشت‏و خوێن باوكمانه‌، چی دۆزییه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ئیبراهیم به‌پێی كردار بێ‌تاوان بووه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو شانازی بكات، به‌ڵام نه‌ك به‌رامبه‌ر خودا. كتێبی پیرۆز چی ده‌ڵێ‌؟ :‏[[ئیبراهیم باوه‌ڕی به‌ خودا هێنا، ئه‌مه‌ش به‌ ڕاست‎ودروستی بۆی دانرا.]]

ئه‌وه‌ی كار ده‌كات‏، كرێیه‌كه‌ی به‌ به‌ره‌كه‌ت بۆ دانانرێ‌، به‌ڵكو مافی خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ش كار ناكات، به‌ڵام باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ خودا خوانه‌ناس بێ‌تاوان ده‌كات، ئه‌وا به‌هۆی باوه‌ڕ به‌ڕاست‏ودروست داده‌نرێ‌. هه‌روه‌ك چۆن داود باس له‌پیرۆزی ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌كات، كه‌ خودا به‌ڕاست‏ودروست دایده‌نێت بێ‌ هیچ كردارێك، كاتێ‌ ده‌ڵێ‌: [[خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی گوناهه‌كانیان به‌خشراوه‌و هه‌ڵه‌كانیان داپۆشراوه‌! خۆزگه‌‏ده‌خوازرێ‌ به‌و كه‌سه‌ی خودا‏وه‌ند گوناهی له‌سه‌ر ناژمێرێ‌!]]

جا ئایا ئه‌م خۆزگه‌یه‌ ته‌نها بۆ خه‌ته‌نه‌كراوانه‌ یاخود بۆ ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ خه‌ته‌نه‌نه‌كراون؟ چونكه‌ باسمان‏كرد به‌هۆی باوه‌ڕه‌وه‌ ئیبراهیم به‌ ڕاست‏ودروست دانرا. به‌ڵام چۆن ئه‌مه‌ی بۆ دانرا؟ دوای خه‌ته‌نه‌‏كردن یا پێش خه‌ته‌نه‌كردن؟ بێ‌گومان ئه‌مه‌ دوای خه‌ته‌نه‌كردن نه‌بوو، به‌ڵكو پێشی بوو. ئیتر ئیبراهیم نیشانه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی وه‌رگرت وه‌ك مۆری ڕاست‏ودروستی به‌هۆی باوه‌ڕ، كاتێ‌ هێشتا خه‌ته‌نه‌ نه‌كرابوو، تا ئیبراهیم بوو به‌باوكی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هه‌یه‌و خه‌ته‌نه‌ نه‌كراون‏، به‌ ڕاست‏ودروستی بۆیان دابنرێ‌، هه‌روه‌ها بوو به‌‏باوك بۆ ئه‌و خه‌ته‌نه‌كراوانه‌ی نه‌ك ته‌نها خه‌ته‌نه‌كراون، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڕێگای ئه‌و باوه‌ڕه‌دا ده‌ڕۆن كه‌ هی ئیبراهیمی باوكمانه‌، پێش ئه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌ بكرێ‌.

له‌سه‌ر بناغه‌ی شه‌ریعه‌ت نه‌بوو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌‏ئیبراهیم‏و نه‌‏وه‌كانی درا، تاكو ببێ‌ به‌‏میراتگری جیهان، به‌ڵكو له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و ڕاست‏ودروستیه‌ بوو كه‌ به‌هۆی باوه‌ڕه‌وه‌یه‌. گه‌ر خاوه‌ن شه‌ریعه‌ته‌كان ته‌نها میراتگر بوونایه‌، ئه‌و كاته‌ باوه‌ڕ بێ‌ سوود ده‌بوو‏، به‌ڵێنی خوداش ده‌شكێنرا، چونكه‌ شه‌ریعه‌ت ده‌بێته‌ هۆی تووڕه‌یی خودا، گه‌ر شه‌ریعه‌ت نه‌بووایه‌ سه‌رپێچی ده‌رنه‌ده‌كه‌وت. بۆیه‌ به‌ڵێن به‌ باوه‌ڕه‌وه‌یه‌و به‌پێی به‌ره‌كه‌ته‌، تاكو مسۆگه‌ر بێ‌ بۆ هه‌موو نه‌وه‌ی ئیبراهیم، نه‌ك ته‌نها بۆ خاوه‌ن شه‌ریعه‌ته‌كان، به‌ڵكو بۆ ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ش كه‌ باوه‌ڕی ئیبراهیمیان هه‌یه‌، ئه‌و باوكی هه‌مووانه‌. هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[من تۆم كرد به‌‏باوكی زۆر له‌‏میلله‌تان.]] ئه‌و باوكی ئێمه‌یه‌ له‌به‌رچاوی ئه‌و خودایه‌ی ئیبراهیم باوه‌ڕی پێ‌هێنا، ئه‌و خودایه‌ی مردووان زیندووده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شتانه‌ بانگ ده‌كات كه‌ بوونیان نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونیان هه‌بێ‌.

‏ هه‌رچه‌نده‌ هیواش بڕابوو، ئیبراهیم به‌ ئومێده‌وه‌ باوه‌ڕی هێنا كه‌وا ده‌بێ‌ به‌ باوكی زۆر له‌‏میلله‌تان، به‌پێی ئه‌وه‌ی پێی ووترا بوو: [[نه‌وه‌كه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێ‌.]] له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌شی وه‌ك مردوو بوو، چونكه‌ ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سه‌د ساڵ بوو، هه‌روه‌ها سارای ژنی منداڵدانی مرد‏بوو، هێشتا هه‌ر باوه‌ڕی لاواز نه‌ببوو، گومانی نه‌بوو له‌‏به‌ڵێنی خودا، به‌ڵكو باوه‌ڕی به‌هێزی كردبوو، به‌مه‌ش شكۆمه‌ندی بۆ خودا دانا، به‌‏ته‌واوی باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بوو ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ‌داوه‌ ده‌توانێ‌ بیكات، له‌به‌ر ئه‌مه‌ بوو [[به‌ڕاست‏ودروستی بۆی دانرا.]] ئه‌وه‌ی نووسراوه‌: [[بۆی دانرا]] ته‌نها له‌پێناوی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵكو له‌پێناوی ئێمه‌ش بوو، جا ئێمه‌‏ش بۆمان دانرا به‌هۆی باوه‌ڕمان به‌‏خودا ئه‌وه‌ی عیسای مه‌سیحی له‌نێو مردووان زیندووكرده‌وه‌، خودا ئه‌وی دایه‌ده‌ست مردن له‌پێناوی گوناهه‌كانمان، ئینجا هه‌ڵیسانده‌وه‌ له‌پێناوی بێ‌تاوان‏كردنمان.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.