Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 19

هه‌لیلویا! حوكمڕانی بۆ خوداوه‌ند

پاش ئه‌مه‌ ده‌نگێكی به‌رز له‌كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ به‌رگوێم ده‌یووت: (هه‌لیلویا*! ڕزگاری‎و شكۆمه‌ندیو هێز بۆ خودامانه‌، چونكه‌ حوكمه‌كانی ڕاست‎و دادپه‌روه‌رن، ئه‌وه‌تا ژنه‌ داوێن‏پیسه‌ گه‌وره‌كه‌ی تاوانباركرد كه‌ هه‌موو زه‌وی به‌داوێن‏پیسیه‌كه‌ی پیس‎كرد بوو، تۆڵه‌ی خوێنی خزمه‌تكارانی خۆی لێ‏كرده‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌و خوێنیان ڕژابوو.) كۆمه‌ڵه‌ زۆره‌كه‌ی ئاسمان دووباره‌ ووتیان: (هه‌لیلویا! دووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بۆ ئاسمان به‌رزده‌بێته‌وه‌.) بیست‎و چوار پیره‌كه‌و چوار زینده‌وه‌ره‌كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر چۆك‎و كڕنۆشیان بۆ خودای خاوه‌ن ته‌خت بردو ووتیان. (ئامین. هه‌لیلویا!) له‌ته‌خته‌كه‌وه‌ ده‌نگێك هاته‌ده‌ره‌وه‌ ووتی: (ستایشی خودامان بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو خزمه‌تكارانی كه‌ ترسی ئه‌وتان له‌دڵدایه‌ به‌گه‌وره‌و بچووكه‌وه‌.) پاشان ده‌نگێك وه‌ك ده‌نگی كۆمه‌ڵێكی زۆرو خوڕه‌ی ئاوێكی زۆرو ده‌نگی هه‌وره‌ تریشقه‌ی به‌هێز هاته‌ به‌رگوێم ده‌یانووت: (هه‌لیلویا! حوكمڕانی بۆ خوداوه‌ند خودامان، توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا. بادڵخۆش‏و شادومان بین، شكۆداری بكه‌ین، چونكه‌ كاتی زه‌ماوه‌ندی به‌رخه‌كه‌ هاتووه‌و بووكه‌كه‌شی خۆی ئاماده‌كردووه‌، كراسێكی كه‌تانی پاك‎و پرشنگداری پێدرابوو تا له‌به‌ری بكات، ئه‌م كه‌تانه‌ش هێمای كرده‌وه‌ ڕاست‏ودروسته‌كانی خوشك‎وبرا پیرۆزه‌كانه‌.)

فریشته‌كه‌ پێی ووتم: (ئه‌مه‌ بنووسه‌، خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی بۆ زه‌ماوه‌ندی بووك گواستنه‌وه‌ی به‌رخه‌كه‌ بانگكراون.) هه‌روه‌ها پێی ووتم: (ئه‌مه‌ ووشه‌ ڕاسته‌كانی خودان.) ئینجا له‌به‌رده‌م پێی فریشته‌كه‌دا كه‌وتمه‌ سه‌ر چۆك تا كڕنۆشی بۆ ببه‌م، به‌ڵام فریشته‌كه‌ پێی ووتم: (وامه‌كه‌! منیش وه‌كو تۆ و براكانت خزمه‌تكارم، ئه‌وانه‌ی شایه‌تی عیسایان هه‌یه‌. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌. چونكه‌ شایه‌تی عیسا ڕۆحی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌.)

سواری ئه‌سپێكی سپی

پاشان ئاسمانم به‌كراوه‌یی بینی، ئه‌سپێكی سپیم بینیو سواره‌كه‌ی به‌دڵسۆزو ڕاستگۆ ناوده‌برا‎، به‌دادپه‌روه‌ری حوكم ده‌دات‎و ده‌جه‌نگێت. چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگر وابوون‎و ژماره‌یه‌كی زۆر تاجی به‌سه‌ره‌وه‌بوو، ناوێكی نووسراوی هه‌یه‌، خۆی نه‌بێت كه‌س نایزانێت. سواره‌كه‌ جلێكی سه‌رتاپا له‌خوێن هه‌ڵكێشراوی له‌به‌ربوو، ئه‌و ناوه‌ش كه‌ پێی بانگ‎ده‌كرا (ووشه‌ی خودا) بوو. ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له‌ئاسماندان به‌سواری ئه‌سپی سپی شوێنی ده‌كه‌وتن‎و جلێكی كه‌تانی سپی پاكیان له‌به‌ردا بوو. له‌ده‌می سواره‌كه‌وه‌ شمشێرێكی تیژ ده‌هاته‌ده‌ره‌وه‌، تا بۆ لێدانی نه‌ته‌وه‌كان به‌كاری بهێنێ‌، ئه‌و به‌گۆپاڵێكی ئاسنین سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات‎و پێشی ده‌نێت به‌گوشه‌ری شه‌رابی توڕه‌یی خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێك. له‌سه‌ر جل‎و ڕانی سواره‌كه‌ ئه‌م ناوه‌ نووسراوه‌: پاشای پاشایان‎و گه‌وره‌ی گه‌وره‌یان.

دوایی فریشته‌یه‌كی ترم بینی له‌به‌ر خۆردا وه‌ستابوو. فریشته‌كه‌ به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری له‌هه‌موو باڵنده‌ هه‌ڵفڕیوه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئاسمان كردو ووتی: (وه‌رن بۆ نان خواردنی ئێواره‌ی خودای مه‌زن كۆببنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گۆشتی پادشاكان‎و سه‌رۆكه‌كان‎و به‌هێزه‌كان‎، گۆشتی ئه‌سپه‌كان‎و سواره‌كانیان‎، گۆشتی هه‌موو ئازادێك‎و كۆیله‌یه‌ك‏و گه‌وره‌و بچوكێك بخۆن.)

هه‌روه‌ها دڕنده‌كه‌و پادشاكانی زه‌ویو سه‌ربازه‌كانیانم بینی كۆبووبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگێك دژی سواره‌كه‌و سه‌ربازه‌كانی به‌رپابكه‌ن. دڕنده‌كه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵی دابوو ده‌ستگیر كران. ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی به‌ووته‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی گومڕا كردبوو كه‌ به‌نیشانه‌ی دڕنده‌كه‌ ڕازی بووبوون، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی كڕنۆشیان بۆ وێنه‌كه‌ی برد بوو. هه‌ردووكیان به‌زیندوویی فڕێدرانه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌وه‌ كه‌ به‌گۆگرد داگیرساوه‌. پاشماوه‌كه‌ی تر به‌و شمشێره‌ی سواره‌كه‌ كوژران كه‌ له‌ده‌میه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌موو باڵنده‌كان له‌گۆشته‌كانیان تێربوون.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.