Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 20

ده‌ستگیركردنی شه‌یتان

فریشته‌یه‌كی ترم بینی له‌ئاسمانه‌وه‌ هاته‌خواره‌وه‌و كلیلی بیری بێ‌بنی پێ‌بوو، هه‌روه‌ها زنجیرێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. فریشته‌كه‌ ئه‌ژدیهاكه‌ی ده‌ستگیركرد، كه‌ ماره‌ دێرینه‌كه‌یه‌، كه‌ شه‌یتان‎و ئیبلیسه‌، هه‌زار ساڵ به‌ستییه‌وه‌و فڕێ‌ی دایه‌ بیری بێ‌بن‏و ده‌رگای له‌سه‌ر داخست‎و مۆرێكی لێدا تا ئیتر میلله‌تان گومڕا نه‌كات تاماوه‌ی هه‌زار ساڵه‌كه‌ ته‌واو ده‌كات. پاش ئه‌مه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌بێ‌ ئازاد بكرێت.

حوكمی هه‌زار ساڵه‌ی مه‌سیح

چه‌ند ته‌ختێكم بینی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ری دانیشتبوون ده‌سه‌ڵاتی دادگاییكردنیان پێدرابوو. هه‌روه‌ها گیانی ئه‌وانه‌م بینی كه‌ له‌پێناوی شایه‌تی عیسا‎و ووشه‌ی خودا سه‌ربڕابوون‎، ئه‌وانه‌ش كه‌ ڕازی نه‌بوون كڕنۆش بۆ دڕنده‌كه‌ یاخود وێنه‌كه‌ی ببه‌ن‎و ڕازیش نه‌بوون نیشانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستیان یاخود له‌سه‌ر ناوچه‌وانیان بده‌ن، ئه‌وانه‌ هاتنه‌وه‌ ژیان‎و بۆ هه‌زار ساڵ له‌گه‌ڵ مه‌سیح ده‌سه‌ڵاتیان پێدرا. به‌ڵام مردووه‌كانی تر تا هه‌زار ساڵه‌كه‌ ته‌واو نه‌بوو نه‌ژیان. ئه‌مه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌. ئه‌وه‌ی له‌هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا به‌شی هه‌بێت پیرۆزه‌و خۆزگه‌ی پێ‌ده‌خوازرێت. ئه‌وانه‌ مردنی دووه‌م ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ به‌سه‌ریاندا، چونكه‌ ده‌بنه‌ كاهینی خوداو مه‌سیح‎، له‌گه‌ڵ مه‌سیحیش هه‌زار ساڵ حوكمڕانی ده‌كه‌ن.

كه‌وتنی شه‌یتان

هه‌روه‌ها پاش ته‌واو بوونی هه‌زار ساڵه‌كه‌ شه‌یتان له‌زیندان ئازاد ده‌كرێت. دێته‌ ده‌ره‌وه‌ تا نه‌ته‌وه‌كانی چوارگۆشه‌ی زه‌وی گومڕا بكات، ئه‌مه‌ش جوج‎و ماجوجه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆیان بكاته‌وه‌ بۆ جه‌نگ، ئه‌وانه‌ی ژماره‌یان هێنده‌ی لمی ده‌ریایه‌. سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌ر پانتایی زه‌ویو شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌و ئۆردوگای خوشك‏و برا پیرۆزه‌كانیان گه‌مارۆدا، له‌ئه‌نجامدا ئاگرێك له‌لایه‌ن خوداوه‌ هاته‌خواره‌وه‌و خواردنی. هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌یتانه‌ی گومڕای كردبوون فڕێ‌ درایه‌ ناو ده‌ریاچه‌ی ئاگرو گۆگرده‌كه‌ بۆ هه‌مان شوێنی دڕنده‌كه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌. ئه‌وانه‌ شه‌و و ڕۆژ تاهه‌تایه‌ ئازار ده‌درێن.

تاوانباركردنی مردووان

پاشان ته‌ختێكی گه‌وره‌ی سپیم بینی، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری دانیشتبوو ئاسمان‎و زه‌وی له‌به‌ر ڕووی هه‌ڵاتبوون‎و شوێنی تریان نه‌دۆزیه‌وه‌ بۆ خۆیان. مردووه‌كانم بینی به‌گه‌وره‌و بچووكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ وه‌ستابوون‎و چه‌ند په‌رتووكێك كرابوونه‌وه‌، په‌رتووكێكی تریش كه‌ په‌رتووكی ژیان‏بوو كرابووه‌وه‌ مردووه‌كان به‌پێی كرده‌وه‌كانیان ئه‌وه‌ی له‌په‌رتووكه‌كان نووسرابوو حوكمدران. ده‌ریاش مردووه‌كانی ناوخۆی ده‌ركرد، هه‌روه‌ها مردن‎و دونیای مردووان مردووه‌كانی خۆیان دایه‌ده‌ست‏و هه‌ریه‌ك به‌پێی كاره‌كانی خۆیان حوكم‏دران. ئینجا مردن‎و دونیای مردووان فڕێدرانه‌ ناو ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌كه‌وه‌. ئه‌مه‌ مردنی دووه‌مه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك ناوی له‌په‌رتووكی ژیاندا نه‌نووسرابوو، فڕێ‌درایه‌ ناو ده‌ریاچه‌ ئاگره‌كه‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.