Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 21

ئاسمانێكی نوێ‌و زه‌ویه‌كی نوێ‌

پاشان ئاسمانێكی نوێ‌و زه‌وییه‌كی نوێم بینی، چونكه‌ ئاسمانی یه‌كه‌م‎و زه‌وی یه‌كه‌م به‌سه‌ر چوون‎و ده‌ریاش ئیتر ئاسه‌واری نه‌ما. هه‌روه‌ها شاره‌ پیرۆزه‌كه‌، قودسی نوێم بینی له‌ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ هاته‌خواره‌وه‌و وه‌ك بووكێكی ڕازاوه‌ كه‌ خۆی بۆ زاواكه‌ی ئاماده‌ بكات. گوێم له‌ده‌نگێكی گه‌وره‌ بوو له‌ئاسمانه‌وه‌ ووتی: (ئه‌وه‌ چادری خودایه‌ له‌ناو خه‌ڵكداو خودا له‌گه‌ڵیان نیشته‌جێ‌ ده‌بێت‎و ئه‌وان ده‌بن به‌گه‌لی خودا، خوداش له‌گه‌ڵیان ده‌بێت. خودا هه‌موو فرمێسكه‌كانی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌و مردن ئیتر نامێنێت، ئیتر غه‌م‎و هاوارو ئازار نامێنن، چونكه‌ شته‌كانی پێشوو به‌سه‌رچوون.)

دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ ووتی: (ئه‌وه‌تا من هه‌موو شتێك نوێ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌.) هه‌روه‌ها پێی ووتم: (بنووسه‌، چونكه‌ ئه‌م ووتانه‌ ڕاسته‌‎و مایه‌ی متمانه‌ن.) پاشان پێی ووتم: (ئه‌وا هاته‌دی، من ئه‌لف‏و ێم، من سه‌ره‌تاو كۆتاییم، من له‌سه‌رچاوه‌ی ئاوی ژیان به‌خۆڕایی ئاو به‌ تینوو ده‌ده‌م. ئه‌وه‌ی سه‌ر بكه‌وێت ئه‌و میراته‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌و من ده‌بم به‌خودای ئه‌و، ئه‌ویش ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌ی من. به‌ڵام ترسنۆكه‌كان‎و گڵاوه‌كان‏و بێ‌ باوه‌ڕه‌كان‎و داوێن پیسه‌كان‎و بكوژه‌كان‎و جادوكه‌ره‌كان‎و بت‎په‌رسته‌كان‏و هه‌موو درۆزنه‌كان، پاداشتیان فڕێدانه‌ بۆ ناو ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ی به‌ئاگرو گۆگرد داگیرساوه‌، ئه‌وه‌ی مردنی دووه‌مه‌.

قودسی نوێ‌

پاشان فریشته‌یه‌ك له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی ئه‌و حه‌وت جامه‌یان پێیه‌ كه‌ به‌حه‌وت ده‌رده‌كه‌ی كۆتایی پڕ كراون بۆ لام هات‎و له‌گه‌ڵم دوا، ووتی: (با بووكه‌كه‌، ژنی به‌رخه‌كه‌ت پێ‌ نیشان بده‌م.) پاشان به‌ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ سه‌ر چیایه‌كی گه‌وره‌ی به‌رزو شاره‌ گه‌وره‌كه‌ قودسی پیرۆزی نیشاندام، ئه‌و شاره‌ی له‌ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن خودا ده‌هاته‌خواره‌وه‌و شكۆمه‌ندی خودای هه‌بوو، شاره‌كه‌ وه‌ك به‌ردی گرانبه‌ها ده‌دره‌وشایه‌وه‌، وه‌ك یه‌شب بوو، ڕوون بوو وه‌ك كریستال. شاره‌كه‌ شووره‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رزی هه‌بوو و دوانزه‌ ده‌رگای هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌رگاگان دوانزه‌ فریشته‌ هه‌بوون‎و له‌سه‌ر ده‌رگاكان ناوی دوانزه‌ هۆزه‌كه‌ی ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل نووسرابوو. له‌لای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ سێ‌ ده‌رگاو له‌لای باكوره‌وه‌ سێ‌ ده‌رگاو له‌لای باشوره‌وه‌ سێ‌ ده‌رگاو له‌لای ڕۆژئاواوه‌ سێ‌ ده‌رگا. شووره‌ی شاره‌كه‌ دوانزه‌ بناغه‌ی هه‌بوو، له‌سه‌ر ئه‌و بناغانه‌ ناوی دوانزه‌ نێرراوه‌كه‌ی به‌رخه‌كه‌ نووسرابوو. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌دوا دارێكی پێوانی زێڕینی پێ‌بوو تا شاره‌كه‌و ده‌رگاكانیو سنوره‌كه‌ی پێ‌ بپێوێت. شاره‌كه‌ به‌چوار گۆشه‌یی دانرابوو، درێژیه‌كه‌ی هێنده‌ی پانیه‌كه‌ی بوو، فریشته‌كه‌ شاره‌كه‌ی به‌داره‌كه‌ پێوا، بینی هه‌ر لایه‌كی دوانزه‌ هه‌زار ستادیه‌یه‌1، درێژیه‌كه‌یو پانیه‌كه‌یو به‌رزیه‌كه‌ی هێنده‌ی یه‌كتر بوون. پاشان فریشته‌كه‌ شووره‌ی شاره‌كه‌ی پێوا ده‌رچوو سه‌دو چل‎و چوار قۆڵ بوو به‌قۆڵی مرۆڤ، ئه‌و پێوانه‌ی فریشته‌كه‌ به‌كاریهێنا. شووره‌كه‌ له‌به‌ردی یه‌شب دروست كرابوو، شاره‌كه‌ش له‌زێڕی پوخته‌كراو دروستكرابوو وه‌ك شووشه‌ ڕووناك‏و پاك بوو. بناغه‌كانی شووره‌ی شاره‌كه‌ به‌هه‌موو گه‌وهه‌رێكی گرانبه‌ها ڕازاندرابووه‌وه‌. بناغه‌ی یه‌كه‌م به‌یه‌شب‏و دووه‌م یاقووتی شین‎و سێهه‌م یاقووتی سپیو چواره‌م زومرودو پێنجه‌م شیلانه‌ی ڕه‌نگین‏و شه‌شه‌م یاقووتی سوورو حه‌وته‌م زه‌به‌رجه‌دو هه‌شته‌م زمرودی سه‌وزو نۆهه‌م یاقووتی زه‌ردو ده‌یه‌م یاقووتی سه‌وزو یانزه‌هه‌م فه‌یروزو دوانزه‌هه‌م جه‌مشت. هه‌روه‌ها دوانزه‌ ده‌رگای شاره‌كه‌ش دوانزه‌ مرواریبوو، هه‌ریه‌ك له‌و ده‌رگایانه‌ له‌یه‌ك ده‌نكه‌ مرواری دروستكرابوو، شه‌قامی گشتی شاره‌كه‌ش له‌زێڕی پوخته‌ی وه‌ك شووشه‌ی ته‌نك دروستكرابوو. به‌ڵام له‌ناو شاره‌كه‌ هیچ په‌رستگام به‌رچاونه‌كه‌وت، چونكه‌ خوداوه‌ند خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێك، له‌گه‌ڵ به‌رخه‌كه‌ په‌رستگای شاره‌كه‌ بوون. هه‌روه‌ها شاره‌كه‌ پێویستی به‌خۆرو مانگ نه‌بوو به‌سه‌ریدا بدره‌وشێته‌وه‌، چونكه‌ شكۆمه‌ندی خودا ڕووناكیه‌كه‌یه‌تیو به‌رخه‌كه‌ش چراكه‌یه‌تی. میلله‌تان به‌هۆی ڕووناكی ئه‌وه‌وه‌ به‌ڕێگادا ده‌ڕۆن‎و پادشاكانی زه‌ویش شكۆمه‌ندی خۆیانی بۆ ده‌هێنن، ده‌رگاكانی شاره‌كه‌ به‌ڕۆژ داناخرێن‏و شاره‌كه‌ شه‌وی به‌سه‌ردا نایه‌ت، شكۆمه‌ندیو ڕێزی میلله‌تانیشی بۆ ده‌هێنن. به‌ڵام نه‌هیچ شتێكی پیس‎و نه‌هیچ كه‌سێكی داوێن پیس‎و درۆزن ناچنه‌ ناو شاره‌كه‌، ته‌نها ئه‌وانه‌ ده‌چنه‌ ناو شاره‌كه‌ كه‌ ناویان له‌په‌رتووكی ژیانی به‌رخه‌كه‌ نووسراوه‌.

Source notes (1)
  1. Footnote دوانزه‌ هه‌زار ستادیه‌: نزیكه‌ی دوو هه‌زارو دوو سه‌د كیلۆمه‌تره‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.