Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 22

ڕووباری ژیان

پاشان فریشته‌كه‌ ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پرشنگدار بوو وه‌ك كریستال، له‌ته‌ختی خوداو به‌رخه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵا به‌ناوه‌ڕاستی شه‌قام، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕۆخی ڕووباره‌كه‌ دره‌ختی ژیان ڕووا بوو كه‌ دوانزه‌ جۆر به‌ری ده‌گرت، هه‌موو مانگێك به‌ره‌كه‌ی پێده‌گه‌یشت‎و گه‌ڵاكانی دره‌خته‌كه‌ وه‌ك ده‌رمان به‌كارده‌هێنران بۆ چاك‏بوونه‌وه‌ی گه‌لان. ئیتر نه‌فره‌ت لێ‏كردن نامێنێت‎و ته‌ختی خوداو به‌رخه‌كه‌ له‌ناو شاره‌كه‌دا ده‌بن‎و به‌نده‌كانی خزمه‌تی ده‌كه‌ن. به‌نده‌كان ته‌ماشای ده‌موچاوی به‌رخه‌كه‌ ده‌كه‌ن‎و ناوی به‌رخه‌كه‌ له‌سه‌ر نێوچه‌وانیان نووسراوه‌. له‌وێ‌ شه‌و دانایه‌ت‎و خه‌ڵكیش پێویستییان به‌چراو خۆر نابێت، چونكه‌ خوداوه‌ند خودا به‌سه‌ریان ده‌دره‌وشێته‌وه‌و ئه‌وانه‌ تاهه‌تایه‌ حوكمڕانی ده‌كه‌ن.

پاشان فریشته‌كه‌ پێی ووتم: (ئه‌م ووشانه‌ جێی متمانه‌یه‌‎و ڕاستن، خوداوه‌ند ئه‌و خودایه‌ی ڕۆحی به‌پێغه‌مبه‌ره‌كان داوه‌، فریشته‌كه‌ی خۆی نارد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ پیشانی به‌نده‌كانی خۆی بدات كه‌ پێویسته‌ به‌م زووانه‌ ڕووبده‌ن.)

من به‌په‌له‌ دێم

(ئه‌وه‌تا من به‌په‌له‌ دێم! خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی ووشه‌كانی پێشبینی ئه‌م په‌رتووكه‌یان لایه‌.) من یۆحه‌ننام، ئه‌م شتانه‌م بینیو بیستم. كاتێك بینیم‏و بیستم، كه‌وتمه‌ سه‌رچۆك تا كرنۆش بۆ فریشته‌كه‌ ببه‌م، ئه‌و فریشته‌یه‌ی ئه‌م شتانه‌ی پیشان ده‌دام، فریشته‌كه‌ پێی ووتم: (وامه‌كه‌! چونكه‌ منیش وه‌كو تۆ به‌نده‌م له‌گه‌ڵ برا پێغه‌مبه‌ره‌كان‏و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ووشه‌كانی ئه‌م په‌رتووكه‌ كار ده‌كه‌ن. كرنۆش بۆ خودا ببه‌!)

هه‌روه‌ها پێی ووتم: (مۆر له‌ ووشه‌كانی پێشبینی ئه‌م په‌رتووكه‌ مه‌ده‌، چونكه‌ كات نزیك‏بووه‌ته‌وه‌. ئیتر ئه‌وه‌ی سته‌مكاره‌ بابه‌رده‌وام بێت له‌سته‌مكاری خۆی‎و ئه‌وه‌ی گڵاوه‌ بابه‌رده‌وام بێت له‌گڵاوی خۆی‎، ئه‌وه‌ی ڕاست‏ودروسته‌ بابه‌رده‌وام بێت له‌ڕاست‏ودروستی خۆیو ئه‌وه‌ی پاك‏وپیرۆزه‌ بابه‌رده‌وام بێت له‌پاك‏وپیرۆزی خۆی.)

(ئه‌وه‌تا من به‌په‌له‌ دێم! پاداشتی خۆم پێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پاداشتی هه‌ر كه‌سێك به‌پێی كاره‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌. من ئه‌لف‏و ێم، یه‌كه‌م‏و دوایی، سه‌ره‌تاو كۆتاییم. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی جله‌كانیان پاك‏كردووه‌ته‌وه‌، تا مافیان له‌دره‌ختی ژیان هه‌بێت‎و له‌ده‌رگاكانه‌وه‌ بچنه‌ ناو شاره‌كه‌. به‌ڵام سه‌گه‌كان‎و جادووكه‌ره‌كان‎و داوێن‎پیسه‌كان‎و بكوژه‌كان‎و بت‏په‌رسته‌كان‎و هه‌موو درۆزنه‌كان‎و ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌درۆ ده‌كه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ ده‌بن.

من عیسام، فریشته‌كه‌ی خۆم بۆتان نارد تا له‌باره‌ی ئه‌م شتانه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌كان شایه‌تیم بۆ بدا. من له‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك‎و پشتی داودم، ئه‌ستێره‌ی به‌ره‌به‌یانی پرشنگدارم.)

ڕۆحی پیرۆزو بووك ده‌ڵێن: (وه‌ره‌!) ئه‌وه‌ی گوێی لێیه‌ بابڵێ‌ (وه‌ره‌!) ئه‌وه‌ی تینوویه‌تی بابێت‏، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بائاوی ژیان به‌خۆڕایی ببات.

من ئاگاداری ئه‌وانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ گوێیان له‌ووشه‌كانی پێشبینی ئه‌م په‌رتووكه‌ ده‌بێ‌، هه‌ر كه‌سێك ووشه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پێشبینییه‌ زیاد بكات خودا ئه‌و ده‌ردانه‌ی له‌سه‌ر زیاد ده‌كات كه‌ له‌م په‌رتووكه‌ باسكراوه‌، ئه‌وه‌ش ووشه‌یه‌ك له‌ووشه‌كانی پێشبینییه‌كه‌ی ئه‌م په‌رتووكه‌ لابدات خودا بێ‌به‌شی ده‌كات له‌داری ژیان‎و له‌شاره‌ پیرۆزه‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌م په‌رتووكه‌دا باسكراوه‌.

شایه‌تی ئه‌م شتانه‌ ده‌ڵێ‌: (به‌ڵێ‌ من به‌په‌له‌ دێم.)

ئامین! وه‌ره‌، ئه‌ی عیسای خوداوه‌ند.

به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح له‌گه‌ڵ هه‌موو خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان بێت. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.