Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

فلیمۆن 1

له‌ پۆڵسی به‌ندكراو له‌پێناوی عیسای مه‌سیح، هه‌ر‏وه‌ها له‌‏تیمۆساوسی براوه‌، بۆ فلیمۆنی هاوكاری خۆشه‌ویست‏، هه‌روه‌ها بۆ خوشكه‌ ئه‌پفییه‌ی خۆشه‌ویست‏و ئه‌رخیپۆسی هاوڕێمان له‌‏تێكۆشان‏و بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌ی له‌‏ماڵه‌كه‌ت دایه‌. با به‌ره‌كه‌ت‎و ئاشتی خودای باوكمان‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند بۆ ئێوه‌ بێ.

خۆشه‌ویستی‏و باوه‌ڕی فلیمۆن

هه‌ر كاتێ‌ یادت بكه‌م له‌نۆیژه‌كانم سوپاسی خودا ده‌كه‌م، چونكه‌ هه‌واڵی باوه‌ڕو خۆشه‌ویستی تۆم بیستووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ عیسای مه‌سیح‏و هه‌موو برایانی پیرۆز، داواكارم له‌خودا ئه‌و باوه‌ڕه‌ به‌هێز بكات كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مانبه‌ستێته‌وه‌ له‌‏ناسینی هه‌موو ئه‌و چاكانه‌ی هه‌مانه‌ به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌. ئه‌ی برا چه‌ند دڵشادو ووره‌ به‌رزم به‌ خۆشه‌ویستی تۆ، چونكه‌ دڵی برایانی پیرۆزت گه‌شانده‌وه‌.

داواكاری پۆڵس

هه‌رچه‌نده‌ مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌هۆی مه‌سیح، فه‌رمانت بۆ ده‌ربكه‌م سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ی پێویسته‌ بیكه‌یت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی هه‌مانه‌ داوات لـێ‌ده‌كه‌م، وه‌ك نوێنه‌رێك كه‌ ئێستا به‌ندكراوه‌ له‌پێناوی عیسای مه‌سیح، سه‌باره‌ت به‌ ئۆنسیمۆسی كوڕم، ئه‌وه‌ی له‌‏به‌ندیخانه‌ به‌هۆی من باوه‌ڕی هێنا، ئه‌وه‌ی جاران بێ‌ كه‌ڵك بوو بۆ تۆ، به‌ڵام ئێستا كه‌ڵكی بۆ من‏و بۆ تۆ هه‌یه‌.

‏ ئه‌و ده‌نێرمه‌وه‌ بۆ لات، وه‌ریبگره‌ وه‌ك پارچه‌یه‌ك له‌‏جگه‌رم. حه‌زم ده‌كرد لێره‌ لای خۆم بیهێڵمه‌وه‌، تا خزمه‌تی منی به‌ندكراو له‌پێناوی مزگێنی بكات له‌‏جیاتی تۆ. به‌ڵام نه‌مویست هیچ شتێك بێ‌ ڕه‌زامه‌ندی تۆ بكه‌م، تاوه‌كو ئه‌م كاره‌ چاكه‌ به‌خواستی خۆت بێت نه‌ك به‌ناچاری. له‌به‌رئه‌مه‌ ئۆنسیمۆس بۆ ماوه‌یه‌ك لێت دووركه‌وته‌وه‌، تاوه‌كو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لات، جا له‌ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌ كۆیله‌ نییه‌، به‌ڵكو باشتر له‌كۆیله‌، برایه‌كی خۆشه‌ویسته‌ له‌‏مه‌سیح. برایه‌كی خۆشه‌ویسته‌ بۆ من ئاخۆ چه‌ند زیاتر بێت بۆ تۆ؟ كه‌ له‌له‌ش‏و خوداوه‌ند هاوبه‌شن.

گه‌ر تۆ من به‌هاوبه‌شی خۆت داده‌نێیت، پێشوازی لـێ‌بكه‌ وه‌ك پێشوازی له‌من بكه‌یت. گه‌ر له‌ شتێك خراپه‌ی به‌رامبه‌ر كردووی یاخود قه‌رزێكت به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ر منی بنووسه‌. من پۆڵسم به‌‏خه‌تی ده‌ستی خۆم ده‌ینووسم كه‌وا ده‌یده‌مه‌وه‌، نامه‌وێ‌ پێت بڵێم تۆ خۆشت قه‌رزاری منی. جا براگیان ئه‌م چاكه‌یه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ له‌پێناوی خوداوه‌ند، دڵخۆشم بكه‌ له‌‏مه‌سیح. له‌كاتێ‌ ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌نووسم بۆت، باوه‌ڕم پێت هه‌یه‌ داواكاریه‌كه‌م جێ‌به‌جێ‌ ده‌كه‌یت، به‌ڵكو دڵنیام زیاتر ده‌كه‌یت له‌وه‌ی داوات لـێ‌ده‌كه‌م.

سڵاوی كۆتایی

بێجگه‌ له‌مه‌ش، شوێنی مانه‌وه‌م بۆ ئاماده‌ بكه‌، چونكه‌ هیوادارم خودا نوێژه‌كانتان قبوڵ بكات‏و بمگه‌ڕێنێته‌وه‌ لاتان.

ئه‌په‌فراس كه‌ له‌گه‌ڵم به‌ندكراوه‌ له‌‏پێناوی عیسای مه‌سیح سڵاوت لـێ‌ده‌كات، هه‌روه‌ها مه‌رقۆس‏و ئه‌رسته‌رخۆس‎و دیماس‏و لۆقای ئیشكه‌ران له‌گه‌ڵم سڵاوت لـێ‌‏ده‌كه‌ن.

به‌ره‌كه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان له‌گه‌ڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.