Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 5

ووتاری سه‌ر چیا

عیسا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بینی، چووه‌ سه‌ر چیا، كه‌ دانیشت قوتابیه‌كانی لێی نزیك بوونه‌وه‌. ده‌ستی كرد به‌فێركردنیان‎و ووتی: ( خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی هه‌ژارن له‌رۆح، چونكه‌ پادشاهێتی ئاسمان بۆ ئه‌وانه‌. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌ لێوبه‌باره‌كان، چونكه‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێن. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌ دڵنه‌رمـه‌كـان، چـونكــه‌ زه‌وی بۆ ئه‌وان به‌میرات ده‌مێنێته‌وه‌. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌برسیو تینوه‌كان بۆ ڕاست‏ودروستی، چونكه‌ تێر ده‌بن. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌ دڵ پڕ له‌به‌زه‌ییه‌كان، چونكه‌ به‌ر به‌زه‌یی ده‌كه‌ون. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌ دڵپاكه‌كان، چونكه‌ خودا ده‌بینن. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌ئاشتی خوازان، چونكه‌ به‌ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌برێن. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌چه‌وسێنراوان له‌پێناوی ڕاست‏ودروستی* چونكه‌ پادشاهێتی ئاسمان بۆ ئه‌وانه‌. خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ پێتان، كاتێ‌ خه‌ڵكی جنێوتان پێ‌ده‌ده‌ن‏و ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌، له‌پێناوی من قسه‌ی خراپتان ده‌خه‌نه‌ پاڵ. دڵخۆش‏و شادومان بن، چونكه‌ پاداشتتان مه‌زنه‌ له‌ئاسمان. ئاواش پێغه‌مبه‌رانیان پێش ئێوه‌ چه‌وساندۆته‌وه‌!

خوێی زه‌ویو ڕووناكی جیهان

(ئێوه‌ خوێی زه‌وین، به‌ڵام گه‌ر خوێ‌ سوێریه‌كه‌ی له‌ده‌ست‏دا، چۆن تامه‌ سوێره‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ فڕێ‌ بدرێته‌ ده‌ره‌وه‌و خه‌ڵكی پێ‌شێلی بكه‌ن. ئێوه‌ن ڕووناكی جیهان، شارێك له‌سه‌ر شاخ دروست‏كرا ناتوانرێ‌ بشاردرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها خه‌ڵكی چرا هه‌ڵناكه‌ن تا بیخه‌نه‌ ژێر جام‏و ته‌شته‌وه‌، به‌ڵكو له‌شوێنێكی بڵند دایده‌نێن، تاكو ڕووناكی بدات به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌دان. به‌هه‌مان شێوه‌ با ڕووناكیتان بۆ خه‌ڵكی بدره‌وشێته‌وه‌، هه‌تا ئیشه‌ باشه‌كانتان ببینن‏و ستایشی باوكتان بكه‌ن كه‌ له‌ئاسمانه‌.

ته‌واوكردنی شه‌ریعه‌ت

( وابیرنه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم شه‌ریعه‌ت* یان ووته‌ی پێغه‌مبه‌ران* لابه‌رم، من نه‌هاتووم لایبه‌رم، به‌ڵكو ته‌واوكه‌رم بۆی. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: هه‌تا زه‌ویو ئاسمان له‌ئارادابێ، ووشه‌یه‌ك یان خاڵێكی شه‌ریعه‌ت لــه‌ناو ناچێ‌، تاهه‌مووی دێته‌دی. ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی خاڵێكی بچووكی ئه‌م ڕاسپاردانه‌ی كردو خه‌ڵكی فێركرد وابكه‌ن. له‌پادشاهێتی ئاسمان به‌بچووكترین ناوده‌برێ‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئیشی پێ‌ده‌كات‏و خه‌ڵكی فێر ده‌كات، له‌پادشاهێتی ئاسمان به‌مه‌زن ناوده‌برێ‌. من پێتان ده‌ڵێم: گه‌ر ڕاستیودروستیتان له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و فه‌ریسیه‌كان زیاتر نه‌بێت، به‌ هیچ جۆرێك ناچنه‌ ناو پادشاهێتی ئاسمان.

تووڕه‌بوون

( بیستوتانه‌ له‌كۆندا به‌خه‌ڵكی ووتراوه‌: {خه‌ڵكی مه‌كوژن، ئه‌وه‌ی بكوژێت شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌.} به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر كه‌سێ‌ به‌ناڕه‌وا له‌براكه‌ی تووڕه‌ بێت، شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. ئه‌وه‌ی به‌براكه‌ی ده‌ڵێ‌ هیچ‎وپوچ شایانی ڕاوه‌ستانه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی باڵای جووله‌كه‌*، ئه‌وه‌ش به‌براكه‌ی ده‌ڵێ‌ بێ‌مێشك شایانی دۆزه‌خه‌. ئه‌گه‌ر قوربانیه‌كه‌ت هێنا بۆ قوربانگه‌، له‌وێ‌ بیرت كه‌وته‌وه‌ كه‌ براكه‌ت شتێكی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌، قوربانیه‌كه‌ت له‌به‌رده‌م قوربانگه‌دا به‌جێ‌بهێڵه‌و بڕۆ یه‌كه‌مجار براكه‌ت ئاشت‎ بكه‌ره‌وه‌، ئینجا وه‌ره‌ قوربانیه‌كه‌ت پێشكه‌ش ‎بكه‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵت، خێرا ئاشت به‌ره‌وه‌، هه‌ر له‌و كاته‌ی به‌ڕێگاوه‌ن بۆ دادگا، نه‌وه‌ك بتداته‌ ده‌ست دادپرس‎و دادپرسیش بتداته‌ ده‌ست پۆلیس، پۆلیسیش ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ت‎ بكات. ڕاستیت پێ‌ده‌ڵێم: له‌وێ‌ ده‌رناچی تا دوا پوول نه‌ده‌یته‌وه‌.

داوێن پیسی

( بیستوتانه‌ ووتراوه‌: {داوێن پیسی مه‌كه‌}، به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وه‌سبازی سه‌یری ئافره‌تێكی كرد، ئه‌وا له‌دڵی خۆی داوێن‏پیسی له‌گه‌ڵ كردووه‌. ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت توشی گوناهیكردی ده‌ری بهێنه‌و فڕێیبده‌، چاكتر وایه‌ ئه‌ندامێكی له‌شت نه‌مێنێ‌، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت تووشی گوناهی كردی، بیبڕه‌وه‌و فڕێیبده‌، چاكتر وایه‌ ئه‌ندامێكی له‌شت نه‌مێنێ، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌.

ته‌ڵاق

(دیسان ووتراوه‌: {ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق ده‌دات، با ته‌ڵاقنامه‌ی بداته‌ ده‌ست.} به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق ده‌دات بێ‌هۆی داوێن پیسی وای لـێ‌ده‌كات داوێن پیسی بكات. ئه‌وه‌ش ته‌ڵاق دراوێك بهێنێت، ئه‌وا داوێن پیسی ده‌كات.

سوێند خواردن

(بیستوتانه‌ له‌كۆندا ووتراوه‌: {پێچه‌وانه‌ی سوێنده‌كانت مه‌جوڵێره‌وه‌، به‌ڵكو په‌یمانت له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند به‌ره‌سه‌ر}، به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌رگیز سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ئاسمان، چونكه‌ ته‌ختی شاهانه‌ی خودایه‌، نه‌ به‌زه‌وی، چونكه‌ جێی پێ‌دانانێتی، نه‌ به‌قودس چونكه‌ شاری پادشای مه‌زنه‌، نه‌ به‌سه‌ری خۆت، چونكه‌ توانای ئه‌وه‌ت نییه‌، تاڵێكی ڕه‌ش یا سپی بكه‌یت. با قسه‌تان: به‌ به‌ڵێ‌ بێت گه‌ر وابوو، به‌ نه‌خێر بێت گه‌ر وانه‌بوو، له‌مه‌ زیاتر له‌شه‌یتانه‌وه‌یه‌.

تۆڵه‌سه‌ندن

( بیستوتانه‌ ووتراوه‌: {چاو به‌ چاو، ددان به‌ ددان}. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: به‌ربه‌ره‌كانی خراپه‌ مه‌كه‌ن به‌خراپه‌، ئه‌وه‌ی كێشای به‌ ڕوومه‌تی ڕاستت، ئه‌وی كه‌شی بۆ ڕاگره‌. ئه‌وه‌ی ویستی كراسه‌كه‌ت ببات، چاكه‌ته‌كه‌شی بده‌رێ‌. ئه‌وه‌ی ناچاری كردی یه‌ك میل له‌گه‌ڵی بڕۆیت، دوو میل له‌گه‌ڵی بڕۆ. ئه‌وه‌ی داوای شتێكی لـێ‌كردیت، بیده‌رێ. ئه‌وه‌ی داوای قه‌رزت لـێ‌ده‌كات مه‌یگه‌ڕێنه‌وه‌.

خۆشه‌ویستی دوژمنان

( بیستوتانه‌ ووتراوه‌: {ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ خۆشت بوێ‌، ئه‌وه‌ی دوژمنته‌ ڕقت لێی بێت}، به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆش‎بوێ‌و نوێژ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌ به‌مه‌ ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوكه‌تان كه‌ له‌ئاسمانه‌، ئه‌و خۆری خۆی به‌سه‌ر چاك‏و خراپدا هه‌ڵدێنێ‌و بارانی خۆی به‌سه‌ر دادپه‌روه‌رو زۆرداریش ده‌بارێنێ. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆش‎ویست كه‌ ئێوه‌یان خۆش ده‌وێ‌، چ پاداشتێ‌ وه‌رده‌گرن؟ ئایا باجگرانیش* ئه‌مه‌ ناكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ته‌نها پێشوازیتان له‌براكانتان كرد، چ شتێكی مه‌زنتان كردووه‌ ئایا بت په‌رسته‌كانیش ئه‌مه‌ ناكه‌ن؟ بۆیه‌ ڕاست‏و ته‌واو بن، هه‌روه‌ك باوكی ئاسمانیتان ڕاست‏و ته‌واوه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.