Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 18

كێ‌ مه‌زنترینه‌؟

له‌و كاته‌دا قوتابیه‌كان هاتنه‌ لای عیساو لێیان پرسی: (كێ‌ مه‌زنترینه‌ له‌پادشاهێتی ئاسمان؟) عیسا منداڵێكی بانگكردو له‌ناوه‌راستیاندا ڕایگرت‎و ووتی: (ڕاستیتان پێ‌بڵێم: گه‌ر نه‌گۆڕێن‎و وه‌كو ئه‌و منداڵه‌تان لێ‌نه‌یه‌ت، هه‌رگیز ناچنه‌ پادشاهێتی ئاسمانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی توانی وه‌ك ئه‌م منداڵه‌ خۆی به‌ساكاری ڕاگرێ، له‌پادشاهێتی ئاسماندا به‌مه‌زنترین داده‌نرێ. ئه‌وه‌ی به‌ناوی منه‌وه‌ پێشوازی له‌منداڵێكی وه‌ك ئه‌مه‌ بكات، ئه‌وا پێشوازی له‌من كردووه‌. به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك یه‌كێ‌ له‌وباوه‌ڕداره‌ بچووكـانه‌ی كه‌باوه‌ڕیان به‌من هه‌یه‌ تووشی گوناه‌ بكات، باشتر وایه‌ بۆی به‌ردی ده‌ستار به‌ملیه‌وه‌ هه‌ڵواسرێ‌و نوقمی ده‌ریا بكرێ. قوڕ به‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌ كه‌وا خه‌ڵكی تووشی گوناه‌ ده‌كات! تووش ‎بوونی گوناهیش ده‌بێ‌ ڕووبدات، به‌ڵام قوڕ به‌سـه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی ڕوودانی! گه‌ر ده‌ستت یاخود قاچت تووشی گوناهی كردی، بیبڕه‌و1 فرێیده‌، باشتروایه‌ بێ‌ ده‌ست یا بێ‌قاچ بچیته‌ ژیانه‌وه‌، له‌وه‌ی به‌ده‌ست‏و قاچی ساغه‌وه‌ بخرێیته‌ ئاگری هـه‌تاهـه‌تاییه‌وه‌، گه‌ر چاوت تووشی گوناهیكردی، ده‌ری بهێنه‌و فڕێیده‌: باشتروایه‌ به‌یه‌ك چاو بچیته‌ ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌دوو چاوه‌وه‌ بخرێیته‌ ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌.

نموونه‌ی مه‌ڕی وون‏بوو

( ئاگاداربن ڕقتان له‌م باوه‌ڕداره‌ منداڵانه‌ نه‌بێت، چونكه‌ فریشته‌كانیان له‌ئاسمان گشت‎ كات ڕووی ئه‌و باوكه‌م ده‌بینن كه‌ له‌ئاسماندایه‌. [چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، هاتووه‌ بۆ ڕزگاركردنی وون بووان.] ڕاتان چییه‌؟ گه‌ر یه‌كێك سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت‏و دانه‌یه‌كی لـێ‏وون بێت، ئایا نه‌وه‌دو نۆكه‌ی تر له‌چیا به‌جێ‌ناهێڵێت‏و ناگه‌ڕێ‌ به‌دوای مه‌ڕه‌ وون بووه‌كه‌دا تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: گه‌ر دۆزییه‌وه‌، زیاتر له‌نه‌وه‌دو نۆكه‌ی تر كه‌ وون‎ نه‌بوون، پێی دڵخوش ده‌بێ! به‌هه‌مان شێوه‌ باوكی ئاسمانیم نایه‌وێت یه‌كێ‌ له‌و باوه‌ڕداره‌ منداڵانه‌ له‌ناوبچن.

گله‌یی برایانه‌

(گه‌ر براكه‌ت خراپه‌ی به‌رامبه‌ر كردی، بڕۆ لایو به‌ته‌نها له‌نێوان خۆتان گله‌یی لـێ‌ بكه‌. گه‌ر گوێی لـێ‌گرتی، ئه‌وا براكه‌ت ده‌ستگیر ده‌بێته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر گوێی لـێ‌ ڕانه‌گرتی، برایه‌ك یاخود دوو برای كه‌ له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره‌، هه‌تا له‌هه‌موو شتێ‌ بدوێن، به‌شایه‌تی دوو یاسێ‌ كه‌س. ئه‌گه‌ر به‌مه‌ش ڕازی نه‌بوو، مه‌سه‌له‌كه‌ بخه‌ره‌ به‌رده‌می كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران، ئه‌گه‌ر له‌وانیش گوێی ڕانه‌گرت، ئه‌وا وه‌ك یه‌كێكی خوانه‌ناس‎و باجگر هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكه‌. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌سه‌ر زه‌وی بیبه‌ستن، ئه‌وا له‌ئاسمانیش به‌ستراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ئێوه‌ بیكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا له‌ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت. هه‌روه‌ها باپێتان بڵێم: گه‌ر دووان له‌ئێوه‌ ڕیكه‌وتن له‌سه‌ر داواكردنی شتێك، هه‌رچییه‌ك بێت، باوكی ئاسمانیم بۆتان ده‌هێنێته‌ دی. چونكه‌ له‌هه‌ر شوێنێكدا دووان یاخود سیان به‌ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌ ئه‌وا من له‌نێوانیاندا ده‌بم.)

لـێ‌بووردنی برایان

ئینجا په‌ترۆس هاته‌ لایو لێی پرسی: (گه‌وره‌م، ده‌بێ‌ چه‌ند جار له‌براكه‌م خۆشبم كاتێ‌ هه‌ڵه‌م به‌رامبه‌ر ده‌كات؟ تا حه‌وت جار؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من ناڵێم حه‌وت جار، به‌ڵكو حه‌فتا كه‌ره‌ت حه‌وت جار! له‌به‌رئه‌مه‌ پادشاهێتی ئاسمان له‌ پادشایه‌ك ده‌كات ویستی لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانی بكات. كاتێ‌ ده‌ستیكرد به‌لێپرسینه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی یه‌كێكیان بۆ هێنا ده‌ هه‌زار به‌شه‌ زیو قه‌رزاری بوو. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچی نه‌بوو قه‌رزه‌كه‌ی پێ‌بداته‌وه‌، پادشاكه‌ فه‌رمانیدا خۆیو ژن‎و ماڵ‎و منداڵی بفرۆشرێ‌ تا قه‌رزه‌كه‌ی پێ‌بدرێته‌وه‌. به‌ڵام كۆیله‌كه‌ له‌به‌رده‌می چۆكیداداو لێی پاڕایه‌وه‌و ووتی: گه‌وره‌م له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، چی قه‌رزم له‌سه‌ره‌ ده‌یده‌مه‌وه‌. پادشاكه‌ به‌زه‌یی به‌كۆیله‌كه‌ی هاته‌وه‌، ئازادیكردو له‌قه‌رزه‌كه‌ی خۆش بوو. كاتێ‌ ئه‌م كۆیله‌یه‌ له‌وێ‌ ڕۆیشت، كۆیله‌یه‌كی تری بینی كه‌ هاوڕێی بوو، سه‌د به‌شه‌ زیو قه‌رزی لابوو، ملی گرت‏و پێی ووت: ئه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ بمده‌ره‌وه‌! هاورێیه‌كه‌ی له‌به‌رپێی كه‌وت‎و لێیپاڕایه‌وه‌ ووتی: له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، قه‌رزه‌كه‌ت ده‌ده‌مه‌وه‌. به‌ڵام كابرا به‌مه‌ ڕازی نه‌بوو، بردیو به‌گرتنیدا، تا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریه‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌. كاتێ‌ كۆیله‌كانی تر ئه‌مه‌یان بینی، زۆریان پێ‌ناخۆش بوو، هه‌موو شتێكیان به‌پادشـاكه‌یان ڕاگـه‌یاند. پادشا بانگـیكردو پێی ووت: ئه‌ی كۆیله‌ی به‌دكــار، ئـه‌و هـه‌مـوو قــه‌رزه‌ت لابوو، لێـت خۆش بووم، چونكه‌ لێم پاڕایته‌وه‌. ئایا نه‌ده‌بوایه‌ تۆش كه‌مێك به‌زه‌ییت به‌هاوڕێ‌كه‌ت بهاتایه‌وه‌، وه‌ك من چۆن به‌زه‌یم پیاتا هاته‌وه‌؟ پادشاكه‌ له‌مه‌ زۆر ڕقی هه‌ستاو ناردی بۆ ئه‌وه‌ی داركاری بكرێ‌، تا دوا پوولـی قه‌رزه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌. هه‌روه‌ها باوكی ئاسمانیشم، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتتان له‌گه‌ڵ ده‌كات، گه‌ر له‌ دڵه‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌ی براكانتان خۆش نه‌بن.)

Source notes (1)
  1. Footnote بیبڕه‌ : لێره‌ مه‌به‌ست بڕینی ئه‌ندامی له‌ش نییه‌، به‌ڵكو وازهێنان له‌ گوناه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.