Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 17

شێوه‌ گۆڕانی عیسا

دوای ئه‌مه‌ به‌شه‌ش ڕۆژ عیسا په‌ترۆس‏و یاقوب‎و یۆحه‌ننای برای یاقوبی له‌گه‌ڵ خۆی بردو به‌یه‌كه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز. كاتێ‌ له‌به‌رچاویان به‌ته‌واوی شێوه‌ی گۆڕا، ده‌موچاوی ده‌دره‌وشایه‌وه‌ وه‌ك ڕۆژو جله‌كانی سپی هه‌ڵگه‌ڕا وه‌ك ڕووناكی. له‌پڕ موساو ئه‌لیاس ده‌ركه‌وتن بۆیان‏و له‌گه‌ڵ عیسادا كه‌وتنه‌ گفتوگۆ. ئینجا په‌ترۆس به‌عیسای ووت: (گه‌وره‌م، شتێكی خۆشه‌ لێره‌ بمێنینه‌وه‌، گه‌ر ده‌ته‌وێت سێ‌ چادر هه‌ڵده‌ده‌ین یه‌كێ‌ بۆ تۆو یه‌كێ‌ بۆ موساو یه‌كێكیش بۆ ئه‌لیاس.) له‌وكاته‌دا په‌ترۆس ئه‌مه‌ی ده‌ووت، هه‌ورێكی ڕۆشن باڵی كێشا به‌سه‌ریان، ده‌نگێك له‌هه‌وره‌كه‌وه‌ بانگیكرد: (ئا ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، ئه‌وه‌ی پێی دڵشادم. گوێی بۆ ڕاگرن.) كاتێ‌ قوتابیه‌كان گوێیان له‌ده‌نگه‌كه‌ بوو، له‌ترسا كه‌وتن به‌ده‌مدا. به‌ڵام عیسا لێیان نزیك بووه‌وه‌و ده‌ستی لێدان‎و ووتی: (هه‌ستن، مه‌ترسن.) ئینجا چاویان هه‌ڵبڕی، له‌عیسا زیاتر كه‌سیان نه‌دی.

كاتێ‌ له‌چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، عیسا فه‌رمانی پێدان: (ئه‌مه‌ به‌كه‌س ڕامه‌گه‌یه‌نن، تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ناو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.) ئینجا قوتابیه‌كانی لێیان پرسی: (ئه‌ی باشه‌ بۆچی مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت ده‌ڵێن، ده‌بێ‌ ئه‌لیاس یه‌كه‌مجار بێت؟) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ ووتی: (ئه‌مه‌ ڕاسته‌، ئه‌لیاس دێت‏و هـه‌مـوو شتێ‌ ده‌خاته‌وه‌ شوێنی خۆی. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئه‌لیاس هات‏و نه‌یان ناسی، چیان ویست پێیانكرد، هه‌روه‌ها ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ئازار.) ئه‌وسا قوتابیه‌كان تێ‌گه‌یشتن، عیسا سه‌باره‌ت به‌یه‌حیای خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێش ده‌دوێ.

ده‌ركردنی ڕۆحی پیس

كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ لای كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌كه‌، كابرایه‌ك هاته‌ به‌رده‌میو له‌به‌رپێیكه‌وت، ووتی: (گه‌وره‌م، به‌زه‌ییت به‌م كوڕه‌م بێته‌وه‌، هه‌ندێ‌ جار فێ‌ ده‌یگرێت‎و تووشی ئازارێكی زۆر ده‌بێت، زۆر جاریش ده‌كه‌وێته‌ ناو ئاگرو ئاوه‌وه‌. بردمه‌ لای قوتابیه‌كانت به‌ڵام نه‌یان‎توانی چاكیبكه‌نه‌وه‌.) لێره‌دا عیسا ووتی: (ئه‌ی نه‌وه‌ی بێ‌باوه‌ڕو خوار، تاكه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تاكه‌ی بارتان هه‌ڵگرم؟ ئه‌و كوڕه‌ بهێنن بۆ لام.) عیسا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و ڕۆحه‌ كرد كه‌ له‌كوڕه‌كه‌دا بوو، ئه‌ویش له‌له‌شی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، كوڕه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ چاك بووه‌وه‌. دوای ئه‌مه‌، قوتابیه‌كان به‌ته‌نها له‌عیسایان پرسی: (بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ئه‌و ڕۆحه‌ پیسه‌ له‌و كوڕه‌ ده‌ربكه‌ین؟) وه‌ڵامی دانه‌وه‌، ووتی: (له‌به‌ركه‌می باوه‌ڕتان. ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: گه‌ر هێنده‌ی ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ك باوه‌ڕتان هه‌بێت، به‌و كێوه‌ ده‌ڵێن لێره‌ بڕۆ بۆ ئه‌وێ‌، ده‌ڕوات‏و هیچ شتێك نییه‌ له‌ده‌ستتان یاخی بێت. [به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ڕۆحانه‌ ده‌رناكرێ، به‌نوێژو ڕۆژوو نه‌بێت.])

دووه‌م باسی مردنی عیسا

كاتێ‌ عیساو قوتابیه‌كانی به‌ ناوچه‌ی جه‌لیلدا ده‌گه‌ڕان، عیسا به‌ قوتابیه‌كانی ووت: (ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌ بدرێ‌ به‌ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه‌، ده‌یكوژن‏و له‌ڕۆژی سێهه‌مدا زیندووده‌بێته‌وه‌.) جا قوتابیه‌كانی به‌مه‌ زۆر دڵگران بوون.

باجی په‌رستگا

كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ كـه‌فه‌رناحوم*، باجگرانی په‌رستگا هاتنه‌ لای په‌ترۆس‏و لێیان پرسی: (ئه‌رێ‌ مامۆستاكه‌تان باجی په‌رستگا نادات؟) ووتی: (به‌ڵێ، ده‌یدات.) كه‌ په‌ترۆس چووه‌ ماڵه‌وه‌ بۆ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بدوێ، یه‌كسه‌ر عیسا لێی پرسی: (ڕات چییه‌ شه‌معون؟ پاشایانی سه‌ر زه‌وی سه‌رانه‌و باج لـه‌كێ‌ وه‌رده‌گـرن له‌ڕۆڵه‌ی ووڵاته‌كه‌ی خۆیان یاخـود له‌ بێگانه‌؟) په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (لـه‌بێگانه‌.) ئینجا عیسا پێی ووت: (كه‌واته‌ هاوڵاتیان سه‌ربه‌ستن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ته‌گه‌ره‌ نه‌خه‌ینه‌ ڕێگایانه‌وه‌، بڕۆ بۆ ده‌ریاچه‌كه‌و تۆڕه‌كه‌ت هه‌ڵده‌، یه‌كه‌م ماسی كه‌ده‌یگریت، ده‌می بكه‌ره‌وه‌، ده‌بینی چوار درهه‌می تیایه‌، بیهێنه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌و باجی خۆم‏و خۆتی لـێ‌بده‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.