Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 16

داواكردنی نیشانه‌ی ئاسمانی

هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان‎و سه‌دوقیه‌كان هاتن بۆ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی تاقیبكه‌نه‌وه‌، داوایان لـێ‌كرد نیشانه‌یه‌كی ئاسمانیان پیشان بدات. له‌وه‌ڵامدا پێی ووتن: (ئه‌گه‌ر له‌كاتی ئێواران ئاسمان سووربێ، ده‌ڵێن به‌یانی هه‌تاو ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌به‌یانیش ئاسمان سوورو ڕووگرژ بوو، ده‌ڵێن، ئه‌مڕۆ باران ده‌بێت، ئه‌ی دووڕووه‌كان، ئێوه‌ له‌ڕووی ئاسمانه‌وه‌ ده‌زانن ئاو و هه‌وا بخوێننه‌وه‌، به‌ڵام نیشانه‌كانی زه‌مانه‌ نازانن بخوێننه‌وه‌. نه‌وه‌یه‌كی به‌دكارو به‌دڕه‌وشت داوای نیشانه‌ ده‌كات، هیچ نیشانه‌یه‌كی پێ‌ نادرێ، ته‌نها نیشانه‌ی یونس پێغه‌مبه‌ر نه‌بێت)، ئینجا له‌وێ‌ ڕۆیشت‏و ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت.

كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، قوتابیه‌كان بیریان چووبوو نان لـه‌گـه‌ڵ خۆیان بهێنن. عیسـا پێی ووتن: (ووریابن ئاگاداری هه‌ویرترشی فه‌ریسیه‌كان‎و سه‌دوقیه‌كان بن.) قوتابیه‌كان له‌دڵی خۆیان بیریان كـرده‌وه‌و ووتیان: (ئه‌وه‌ بۆیه‌ واده‌ڵێ، چونكه‌ ئێمه‌ نانمان له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌هێناوه‌.) عیسا به‌مه‌ی زانیو پێیانی ووت: (ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌، بۆچی له‌نێوان خۆتان بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ نانتان نه‌هێناوه‌؟ ئایا هێشتا تێ‌نه‌گه‌یشتون؟ بیرتان چووه‌وه‌ پێنچ نانه‌كه‌ی پێنچ هه‌زار كه‌سی پێ‌ تێر بوو چه‌ند سه‌به‌ته‌یه‌كیشی لـێ‌ مایه‌وه‌؟ حه‌وت نانه‌كه‌تان بیر چووه‌وه‌ چوار هه‌زار كه‌سی تێركردو چه‌ند سه‌به‌ته‌كیشی لـێ‌مایه‌وه‌؟ تێ‌ناگه‌ن من مه‌به‌ستم نان نه‌بوو كاتێ‌ ووتم: ئاگاداری هه‌ویرترشی فه‌ریسیه‌كان‎و سه‌دوقیه‌كان بن!) ئینجا قوتابیه‌كان تێ‌گه‌یشتن كه‌ئه‌و ئاگاداریان ناكاته‌وه‌ له‌هه‌ویرترشی نان، به‌ڵكو ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌ له‌فێركردنی فه‌ریسیه‌كان‎و سه‌دوقیه‌كان.

دان‏پیانانی په‌ترۆس به‌مه‌سیح

كاتێ‌ عیسا گه‌یشته‌ ناوچه‌ی قه‌یسه‌ری فیلیپۆس، له‌قوتابیه‌كانی پرسی: (به‌بیرو ڕای خه‌ڵكی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ* كێیه‌؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (به‌شێ‌ له‌خه‌ڵكی ده‌ڵین، یه‌حیای خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێش، به‌شێكی دیكه‌ش ده‌ڵێن، ئه‌لیاس پێغه‌مبه‌ر به‌شێكی تریش به‌ئیرمیا یان به‌یه‌كێ‌ له‌پێغه‌مبه‌رانی داده‌نێن.) ئینجا لێی پرسین: (ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟) په‌ترۆس كه‌شه‌معونیشی پێ‌ ده‌ووترا، وه‌ڵامی دایه‌وه‌، ووتی: (تۆ مه‌سیحی، ڕۆڵه‌ی خودای زیندووی.) جا عیسا پێی ووت: (خۆزگه‌ت پێ‌ده‌خوازرێ، ئه‌ی شه‌معونی كوڕی یۆنا، ئه‌م زانینه‌ له‌گۆشت‎و خوێنه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو له‌و باوكه‌مه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ئاسمانه‌. منیش پێت ده‌ڵێم، تۆ په‌ترۆسیو له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆم دروست ده‌كه‌م‏و هێزه‌كانی مردنیش پێی ناوێرێت. كلیلی پادشاهێتی ئاسمانت ده‌ده‌مێ، ئه‌وه‌ی دایده‌خه‌یت له‌سه‌ر زه‌وی، داخراو ده‌بێت له‌ئاسمان، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یته‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی، كراوه‌ ده‌بێت له‌ئاسمان.) ئینجا قوتابیه‌كانی ئاگاداركرده‌وه‌ جارێ‌ به‌كه‌س نه‌ڵێن كه‌ ئه‌و مه‌سیحه‌.

یه‌كه‌م باسی مردنی عیسا

ئیتر عیسا له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ قوتابیه‌كانی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت بڕوات بۆ قودس، له‌وێ‌ ئازار بدرێ‌ به‌ده‌ستی پیران* و سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت، ئینجا بكوژرێ‌و له‌ڕۆژی سێهه‌مدا زیندووبێته‌وه‌. په‌ترۆس عیسای هێنایه‌ ئه‌م لاوه‌و سه‌رزه‌نشتیكردو پێی ووت: (خوا نه‌كات گه‌وره‌م، هه‌رگیز ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر نه‌یه‌ت.) عیسا ئاوڕیدایه‌وه‌و به‌ په‌ترۆسی ووت: (وون به‌ له‌به‌رچاوم ئه‌ی شه‌یتان، ئێستا تۆ كۆسپی له‌به‌رده‌مم، چونكه‌ تۆ هێشتا بیرت لای كاروباری خودانییه‌، به‌ڵكو لای كاروباری مرۆڤه‌.)

خۆئاماده‌كردن بۆ مردن

ئینجا عیسا به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌ به‌دوامه‌وه‌ بڕوات، با واز له‌خۆی بهێنێت و خاچی خۆی هه‌ڵگرێ‌و دوام كه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ ژیانی ڕزگار بكات، ژیان ده‌دۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی بدۆڕێنێت له‌پێناوی من، ژیانی ڕزگار ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت گه‌ر هه‌موو جیهان به‌رێته‌وه‌و خۆی بدۆڕێنێت؟ یاخود مرۆڤ بۆ كڕینه‌وه‌ی ژیانی خۆی چی پێش‎كه‌ش ده‌كات. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌شكۆی باوكیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فریشته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئینجا هه‌ر كه‌س به‌پێیكرداری خۆی، پاداشت وه‌رده‌گرێ. ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: هه‌ندێك له‌وانه‌ی لێره‌دا ڕاوه‌ستاون، مردن نابینن تا هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌بینن به‌ پادشاهێتیه‌كه‌یه‌وه‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.