Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 10

بانگ‏كردنی دوانزه‌ نێرراوه‌كه‌

ئینجا دوانزه‌ قووتابیه‌كه‌ی* بانگ كرد، ده‌سه‌ڵاتی دانێ‌ تا ڕۆحه‌ پیسه‌كان ده‌ر بكه‌ن‏و هه‌موو نه‌خۆشی‎و ده‌ردێك چاك بكه‌نه‌وه‌. ناوی دوانزه‌ نێرراوه‌كه‌ش* ئه‌مه‌یه‌: شه‌معون كه‌ به‌ په‌ترۆس ناوده‌برا له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، یاقوبی كوڕی زه‌بدی‎و یۆحه‌ننای برای. فیلیپۆس‏و برتۆلماوس، تۆماو مه‌تتای باجگر، یاقوبی كوڕی حه‌لفاو ته‌داوس، شه‌معونی قانه‌وی‎و یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی ئه‌وه‌ی عیسای به‌ده‌سته‌وه‌دا.

عیسا نێرراوه‌كانی ده‌نێرێت

عیسا ئه‌مانه‌ی ناردو ووتی: (ئه‌و ڕێگه‌یه‌ مه‌گرن كه‌ به‌ناو ناجووله‌كاندا ده‌ڕوات، مه‌چنه‌ شاری سامریه‌كان*، به‌ڵكو به‌تایبه‌تی بڕۆنه‌ لای مه‌ڕه‌ وون بووه‌كانی ماڵی ئیسرائیل. كاتێ‌ ده‌چن ئه‌م په‌یامه‌ ڕابگه‌ێنن: (پادشاهێتی ئاسمان نزیك بۆته‌وه‌.) نه‌خۆش چاك بكه‌نه‌وه‌، مردوو زیندووبكه‌نه‌وه‌، گه‌ڕوگولـی پاك بكه‌نه‌وه‌، ڕۆحه‌ پیسه‌كان ده‌ربكه‌ن. به‌خۆڕایی وه‌رتان گرتووه‌ به‌خۆڕایی بیده‌ن. زێڕو زیو و مس له‌گه‌ڵ خۆتان هه‌ڵ مه‌گرن، توره‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆتان هه‌ڵ‏مه‌گرن، دوو كراس‏و دوو پێڵاوو گۆچان مه‌به‌ن، چونكه‌ ئیشكه‌ر شایانی ئه‌وه‌یه‌ خۆراكی خۆی بدرێتێ. ده‌چنه‌ هه‌ر شارو لادێیه‌ك، بگه‌ڕێن به‌شوێن ئه‌وانه‌ی شایانی ئێوه‌بن، له‌وێ‌ بمێننه‌وه‌ هه‌تا كاتی ڕۆیشتنتان دێت. كه‌ چوونه‌ ماڵێك سڵاویان لـێ‌بكه‌ن. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ماڵه‌ به‌ڕاستی شایانی ئه‌وه‌ بوون، با ئاشتیتان بچێته‌ ناویانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شایانی ئه‌وه‌ نه‌بوون، با ئاشتیتان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆتان. گه‌ر یه‌كێك‎ پێشوازی لێ‌نه‌كردن، یان گوێی لـێ‌نه‌گرتن، ئێوه‌ش كه‌ له‌و ماڵ‎و شاره‌ ده‌چنه‌ده‌ره‌وه‌، تۆزی پێتان بته‌كێنن. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: له‌ڕۆژی لـێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی شاری سه‌دوم‏و عه‌موره‌* باشتر ده‌بێ‌ له‌و شاره‌.

چه‌وسانه‌وه‌ی داهاتوو

( من ئێوه‌ وه‌ك به‌رخِ به‌ناو گورگدا ده‌نێرم، جــا دانابن وه‌ك مــار، نه‌رم‏ونیان بن وه‌ك كۆتر. ئاگادار بن، خـه‌ڵكی ده‌تان ده‌نه‌ ده‌ست دادگـا، له‌ كه‌نیشته‌كانیاندا به‌قامـچی لێتان ده‌ده‌ن، له‌پێناوی من ده‌برێنه‌ به‌رده‌م دادوه‌رو پادشـاكـان، ئه‌مـه‌ش ده‌بێته‌ شایه‌تیه‌ك بۆ مـن، لای جووله‌كه‌و میلله‌تانیش. كاتێ‌ ده‌تانده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، گوێ‌ مه‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی چۆن قسه‌ بكه‌ن یان چی بڵێن، چونكه‌ له‌وكاته‌دا پێتان ده‌ووترێ‌ چی بڵێن. ئێوه‌ خۆتان قسه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو ڕۆحی باوكتانه‌ به‌هۆی ئێوه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات. برا، برای خۆی ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ مردن، باوك منداڵی خۆی. منداڵان له‌باوك‏و دایك هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌یانكوژن. خه‌ڵكی ڕقیان لێتان ده‌بێ‌ له‌به‌ر ناوی من، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكۆتایی خۆی ڕاگرێ، ئه‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت. كه‌ له‌شارێ‌ ده‌تان چه‌وسێننه‌وه‌، ڕاكه‌ن بۆ شارێكی دیكه‌. ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: شاره‌كانی ئیسرائیل ته‌واو ناكه‌ن پێش هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ.

مه‌ترسن

( قوتابی له‌مامۆستاكه‌ی به‌رزتر نییه‌و كۆیله‌ش له‌گه‌وره‌كه‌ی به‌رزتر نییه‌. به‌سه‌ قوتابی وه‌ك مامۆستاكه‌ی بێت وكۆیله‌ش وه‌ك گه‌وره‌كه‌ی بێت. گه‌ر خاوه‌ن ماڵیان به‌ به‌عله‌زبول* ناوبردبێت‌ ئاخۆ ده‌بێ‌ چی به‌ئه‌ندامانی ماڵه‌كه‌ی بووترێ؟ له‌وان مه‌ترسن، چونكه‌ هیچ شتێكی شاراوه‌ نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت‎و هیچ نهێنیه‌ك نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت. ئه‌وه‌ی له‌ تاریكیدا پێتانی ده‌ڵێم، له‌ڕووناكیدا بیڵێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌چرپه‌ گوێتان لـێ‌ده‌بێ‌، به‌ده‌نگی به‌رز له‌سه‌ربانان ڕایبگه‌ێنن. مه‌ترسن له‌وانه‌ی ده‌تان كوژن به‌ له‌ش‏و ناتوانن ده‌روونتان بكوژن، به‌ڵكو ترستان له‌وه‌بێ‌ كه‌ ده‌توانێ‌ له‌ش‎و ده‌روون به‌یه‌كه‌وه‌ له‌دۆزه‌خدا له‌ناوبه‌رێ. ئایا دوو چۆله‌كه‌ نافرۆشن به‌ یه‌ك فلس؟ كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، یه‌كێ‌ له‌وانه‌ به‌بێ‌ خواستی باوكتان ناكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی. ئێوه‌ ته‌نانه‌ت قژی سه‌ریشتان ژمێراوه‌. كه‌واته‌ مه‌ترسن، ئێوه‌ زۆر له‌چۆله‌كه‌ به‌نرخترن. ئه‌وه‌ی دانم پیاده‌نێ‌ به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی، منیش دانی پیا ده‌نێم به‌رامبه‌ر به‌باوكم، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئاسمانه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نكۆڵیم لێده‌كات به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی، منیش نكۆڵی لێده‌كه‌م به‌رامبه‌ر باوكم، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئاسمانه‌.

ئاشتی‏نا به‌ڵكو شمشێر

( له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بن من هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی بێنمه‌ سه‌ر زه‌وی، نه‌هاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، به‌ڵكو شمشێر! من هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكی بخه‌مه‌ نێوان، باوك‎و كوڕ، كچ‎و دایك، بووك‎و خه‌سوو. ئا به‌م جۆره‌ مرۆڤ دوژمنی خانه‌واده‌كه‌ی خۆی ده‌بێت.

ئه‌وه‌ی دایك‎و باوكی له‌من زیاتر خۆشویست، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی كوڕی یان كچی له‌من زیاتر خۆشویست، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێ‎و دوام نه‌كه‌وێت، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی خۆی به‌ژیانیه‌وه‌ به‌ستبێته‌وه‌، ده‌یدۆڕێنێ، ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی له‌پێناوی من بدۆڕێنێ، ده‌یباته‌وه‌. ( ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌ئێوه‌ بكات، ئه‌وا پێشوازی له‌من ده‌كات، ئه‌وه‌ش پێشوازی له‌من بكـات، ئه‌وا پێشوازی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ منی ناردووه‌. ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌پێغه‌مبه‌رێك بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌، ئه‌وا پاداشتی پێغه‌مبه‌رێك وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ش پێشوازی له‌مرۆڤێكی چاك بكات، ئه‌وا پاداشتی مرۆڤێكی چاك وه‌رده‌گرێت. هه‌ركه‌سێكیش جامێ‌ ئاوی سارد بدات به‌یه‌كێ‌ له‌م منداڵانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: پاداشتی ئه‌و هه‌رگیز وون نابێت.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.