Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مه‌تا 9

چا كردنه‌وه‌ی ئیفلیجێك

ئینجا عیسا سواری به‌له‌م بوو، ده‌ریاچه‌كه‌ی بڕیو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی خۆی [كه‌فه‌رناحوم]. كابرایه‌كی ئیفلیجیان هێنایه‌ لای به‌جێگه‌كه‌یه‌وه‌، كاتێ‌ عیسا سه‌یری باوه‌ڕیانی كرد، به‌كابرای ووت: (ووره‌ت به‌رزبێ‌ كوڕم، گوناهه‌كانت به‌خشراون.) هه‌ندێ‌ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت له‌دڵی خۆیان ووتیان: (ئه‌مه‌ كفر ده‌كات.) عیسا زانی بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه‌و لێی پرسین: (بۆچی له‌دڵتان به‌خراپه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌ بووترێ: (گوناهه‌كانت به‌خشران.) یاخود بووترێ: (هه‌سته‌و بڕۆ؟) به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌.) ئینجا به‌ئیفلیجه‌كه‌ی ووت: (هه‌سته‌، جێگاكه‌ت هه‌ڵگره‌و بڕۆره‌وه‌ بۆ ماڵ.) ئه‌ویش ده‌ست به‌جێ‌ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ‎و به‌پێی خۆی به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕایه‌وه‌. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، ترسان‏و ده‌ستیان‎كرد به‌ستایشی ئه‌و خودایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه‌ به‌مرۆڤ.

عیسا بۆ گوناهباران هاتووه‌

كاتێ‌ عیسا له‌وێ‌ تێ‌ده‌په‌ڕی، باجگرێكی دی ناوی مه‌تتا بوو، له‌سه‌ر شوێنی باج وه‌رگـرتن دانیشتبوو. پێی ووت: (دوام كه‌وه‌.) ئه‌ویش هه‌ستاو دوای كه‌وت. له‌كاتێكدا عیسا چووه‌ ماڵی مه‌تتاو له‌سه‌ر خوان دانیشت، زۆر له‌باجگره‌كان‎و گوناهباران هاتن‎و له‌سه‌ر خوان له‌گه‌ڵ عیساو قوتابیه‌كانی دانیشتن. كه‌ فه‌ریسیه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌قوتابیه‌كانیان ووت: (بۆچی مامـۆسـتاتان له‌گه‌ڵ باجگرو گوناهباران داده‌نیشێت‏و نان ده‌خوات؟) كاتێ‌ عیسا گوێی له‌ ووته‌كانیان بوو، ووتی: (مرۆڤی له‌ش‎ ساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. بڕۆن‏و مانای ئه‌مه‌ فێربن: {من داوای به‌زه‌یی ده‌كه‌م نه‌ك قوربانی}، نه‌هاتووم بۆ بانگ كردنی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌چاك ده‌زانن، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن.)

له‌باره‌ی ڕۆژووه‌وه‌

ئینجا قوتابیه‌كانی یه‌حیا له‌عیسا هاتنه‌ پێشه‌وه‌و پرسیاریان لـێكرد: (بۆچی ئێمه‌و فه‌ریسیه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابیه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟) عیسا پێی ووتن: (ئایا خه‌ڵكی له‌شایدا شیوه‌ن ده‌كه‌ن كاتێ‌ زاوا له‌نێوانیان بێت؟ به‌ڵام ڕۆژانێ‌ دێت زاوا به‌رز ده‌كرێته‌وه‌و له‌نێوانیان نامێنێ، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن. هیچ كه‌سێ‌ كراسی كۆن به‌قوماشێكی تازه‌ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پارچه‌ تازه‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌یه‌ك‎و كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت‎و دڕاویه‌كه‌ خراپتر ده‌كات. خه‌ڵكی مه‌ی تازه‌ ناكه‌نه‌ مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌دڕێ‌، مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێ‎و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناو ده‌چێ‌. به‌ڵكو مه‌ی تازه‌ ده‌كرێته‌ مه‌شكه‌ی تازه‌وه‌، تا مه‌یه‌كه‌و مه‌شكه‌كه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ پارێزراو بن.)

زیندووكردنه‌وی كچێك

له‌كاتێكدا عیسا ئه‌مانه‌ی ده‌ووت، یه‌كێ‌ له‌پێشه‌وایانی جووله‌كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، كڕنووشی بۆ بردو ووتی: (كچه‌كه‌م ئێستا مرد، به‌ڵام وه‌ره‌ ده‌ستی لـێ‌ بده‌، زیندوو ده‌بێته‌وه‌)، عیسا هه‌ستاو له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی دوای پیاوه‌كه‌ كه‌وت. هه‌ر له‌وكاته‌دا ژنێك كه‌ دوانزه‌ ساڵ بوو نه‌خۆشی خوێن لـێ‌چوونی هه‌بوو، له‌عیسا نزیك بووه‌وه‌و له‌دواوه‌ ده‌ستی بۆ چمكی كراسه‌كه‌ی بردو له‌دڵی خۆیدا ووتی: (ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌جله‌كانیشی بده‌م، چاك ده‌بمه‌وه‌.) عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ بینیو ووتی: (كچه‌كه‌، دڵنیابه‌، باوه‌ڕت چاكی كردیته‌وه‌.) ژنه‌كه‌ ده‌ست به‌جێ‌ چاك بووه‌وه‌. كاتێ‌ عیسا چووه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌، شیوه‌نكه‌ران‎و كۆمه‌ڵێ‌ خه‌ڵكی بینی به‌یه‌كا دێن‎و ده‌چن. ووتی: (لاچن، كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو خه‌وتووه‌.) ئه‌وانیش پێی پێكه‌نین. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی كرده‌ ده‌ره‌وه‌، هاته‌ ژووره‌وه‌و ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، كچه‌ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ. ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌هه‌موو ووڵاتدا بڵاوبووه‌وه‌.

چاكردنه‌وه‌ی دوو كوێر

كه‌ عیسا له‌وێ‌ ڕۆیشت، دوو كـوێر دوای كـه‌وتن، هاواریان ده‌كردو ده‌یان ووت: (ڕۆڵه‌ی داود، به‌زه‌ییت پێمان‎بێته‌وه‌) كاتێ‌ هاته‌ ماڵه‌وه‌، هه‌ردووكیان هاتنه‌ لای. عیسا لێی پرسـین: (ئێوه‌ بـاوه‌ڕتـان بـه‌وه‌ هه‌یه‌ من ده‌تـوانـم ئه‌مه‌ بكـه‌م؟) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (به‌ڵێ‌ گه‌وره‌م.) ئه‌ویش ده‌ستی هێنا به‌ چاویانداو ووتی: (بابۆتان ببێ‌، به‌پێی باوه‌ڕتان.) ده‌ست به‌جێ‌ چاویان ڕووناكی تێ‌كه‌وت، عیسا پێی ڕاگه‌یاندن‏و ووتی: (ئاگاداربن به‌كه‌س مه‌ڵێن) به‌ڵام ئه‌وان ڕۆیشتن‏و هه‌واڵیان له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌دا بڵاوكرده‌وه‌.

لاڵێك ده‌كه‌وێته‌ قسه‌كردن

كه‌ دوو كابراكه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، چه‌ند كه‌سێك لاڵێكیان هێنایانه‌ لای، ڕۆحی پیسی تیا بوو. كاتێ‌ عیسا ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی لـێ‌ ده‌ركرد، لاڵه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌قسه‌كردن. خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌ریان سوڕماو ووتیان: (شتی وا به‌هیچ جۆرێك له‌ئیسرائیلدا نه‌بینراوه‌.) به‌ڵام فه‌ریسیه‌كان ووتیان: (ڕۆحی پیس به‌هێزی سه‌رۆكی ڕۆحه‌ پیسه‌كان ده‌رده‌كات.)

دروێنه‌ی زۆرو كرێكاریكه‌م

عیسا به‌شارو لادێكان ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ڵكی فێرده‌كردو مزگێنی پادشاهێتی ئاسمانی ڕاده‌گه‌یاند. هه‌موو ده‌ردو نه‌خۆشیه‌كی چاك ده‌كرده‌وه‌. كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بینی به‌زه‌یی پێیاندا ده‌هاته‌وه‌، چـونكه‌ په‌رێشان‏و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، وه‌ك مه‌ڕی بێ‌ شوان بوون. جا به‌ قوتابیه‌كانی ووت: (دروێنه‌ زۆره‌، كرێكار كه‌مه‌. كه‌واته‌ نوێژ بكه‌ن تا خوداوه‌ندی دروێنه‌ كرێكار بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.