Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 3

چا‏كردنه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌‏شه‌ممه‌

دیسان عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كه‌نیشت. له‌وێ‌ پیاوێكی لێ‎بوو ده‌ستی ووشك بوو، هه‌ندێ‌ له‌وان سه‌یریان‏كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئایا عیسا له‌ڕۆژی شه‌ممه‌ ئه‌و پیاوه‌ چاك‎ده‌كاته‌وه‌، تاكو به‌مه‌ تاوانباری بكه‌ن. جا عیسا به‌پیاوه‌كه‌ی ووت ئه‌وه‌ی كه‌ده‌ستی ووشك بوو بوو: (وه‌ره‌ ئێره‌.)

ئینجا لێی‎پرسین: (ئایا له‌ڕۆژانی شه‌ممه‌دا، كامه‌یان دروسته‌، كاری چاك یاخود كاری خراپ؟ ڕزگاركردن یاخود كوشتن؟) هه‌موو به‌بێ‎ده‌نگی مانه‌وه‌.

عیسا به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ سه‌یریكردن‏و غه‌مباربوو له‌به‌ر دڵ ڕه‌قییان، به‌پیاوه‌كه‌ی ووت: (ده‌ستت درێژكه‌.) ئه‌ویش ده‌ستی درێژكردو ده‌ست‎به‌جێ‌ ده‌ستی چاك بووه‌وه‌. ئینجا فه‌ریسیه‌كان له‌گه‌ڵ پیاوانی هیرۆدس له‌خه‌ڵكه‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌و ته‌گبیریان لێ‎كرد بیكوژن. دوای ئه‌مه‌ عیساو قوتابیه‌كانی به‌ره‌و ده‌ریاچه‌كه‌ كشان، خه‌ڵكێكی زۆر له‌ناوچه‌ی جه‌لیل‏و یه‌هودیه‌و قودس‎و ئادومیه‌و پشتی ئوردونه‌وه‌ دوای كه‌وتن. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ناوچه‌ی سورو سه‌یدا، كاتێ‌ هه‌واڵی ئه‌و كارانه‌یان بیست كه‌ عیسا كردوویه‌تی، هاتن بۆ لای. عیسا فه‌رمانی‎دا به‌قوتابیه‌كانی، به‌له‌مێكی بچووكی بۆ ئاماده‌بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆی له‌سه‌ر نه‌كه‌ن. چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆری چـاك‎كـردبـووه‌وه‌، وای لێ‎هاتبوو هـه‌ر كـه‌سێ‌ نه‌خۆشییه‌كی هـه‌بووایه‌، خێرا ده‌چوو بۆ لای تاده‌ستی لێ‌بدات ئه‌وانه‌ی ڕۆحی پیسیان تیابوو كاتێ‌ ده‌یانبینی كڕنووشیان بۆ ده‌بردو هاواریان ده‌كرد : (تۆ ڕۆڵه‌ی خودای.) ئه‌ویش به‌توندی فه‌رمانی پێ‌ده‌دان كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن.

دوانزه‌ نێرراوه‌كه‌

دوایی عیسا چووه‌ سه‌ر شاخێك، ئه‌وانه‌ی ده‌یویست بانگی‎كردن، ئه‌وانیش چوونه‌ لای. دوانزه‌ قوتابی لێ‌ دیاری‎كردن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی بن‏و بیاننێرێ‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ووشه‌ی خودا.

هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی پێ‎دان بۆ ده‌ركردنی ڕۆحه‌ پیسه‌كان. ئه‌و دوانزه‌ قوتابیه‌ی دیاری‎كرد ئه‌مانه‌ن: شه‌معون كه‌ به‌په‌ترۆس ناوی ده‌برد، یاقوبی كوڕی زه‌بدی‎و یۆحه‌ننای برای، كه‌ ناوی لێ‎نابوون (بوانرجس) واته‌ كوڕانی هه‌وره‌گرمه‌، ئه‌نده‌راوس‏و فیلیپۆس‎و به‌رتۆلماوس‎و مه‌تتاو تۆماو یاقوبی كوڕی حه‌له‌فی‎و ته‌داوس‎و شه‌معونی قانه‌وی، هه‌روه‌ها یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی ئه‌وه‌ی عیسای دا به‌ده‌سته‌وه‌. ئینجا عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

عیساو سه‌رۆكی شه‌یتان

دیسان له‌وێش خه‌ڵكێكی زۆریان لێ‎كۆبووه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانی نان بخۆن. كاتێ‌ كه‌سوكاری ئه‌مه‌یان بیست، هاتن له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن، چونكه‌ وا بڵاوبوو بووه‌وه‌ كه‌ مێشكی تێكچووه‌. هه‌ندێ‌ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت له‌قودسه‌وه‌ هاتبوون، ووتیان: (به‌عله‌زبولی تێدایه‌، به‌سه‌رۆكی ڕۆحه‌ پیسه‌كان، ڕۆحه‌ پیسه‌كان ده‌رده‌كا.) ئینجا عیسا بانگی‎كردن‏و به‌نموونه‌ قسه‌ی بۆكردن‎و ووتی: (شه‌یتان چۆن ده‌توانێ‌ شه‌یتان ده‌ربكا؟ هه‌ر ووڵاتێك دووبه‌ره‌كی تیابێت، ناتوانێت خۆی ڕابگرێ‌، هه‌ر ماڵێكیش دووبه‌ره‌كی تیابێت، خۆی ڕاناگرێ. گه‌ر شه‌یتان به‌سه‌ر خۆی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌و بوو به‌دوو به‌شه‌وه‌، خۆی ڕاناگرێت، به‌ڵكو به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێ. كه‌س ناتوانێ‌ بچێته‌ ماڵی كابرایه‌كی ئازاو شته‌كانی تاڵان بكا، گه‌ر له‌پێشا كابرای ئازای نه‌به‌ستبێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات.

ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم: هه‌موو گوناهێك‎و كفركردنێكی نه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌به‌خشرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر بكات به‌رامبه‌ر به‌ڕۆحی پیرۆز، هه‌رگیز نابه‌خشرێ، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ ژێر حوكمی هه‌تاهه‌تاییه‌وه‌.) ئه‌مه‌ی ووت، چونكه‌ به‌عیسایان ووت: ڕۆحی پیسی تیایه‌.

خێزانی ڕاسته‌قینه‌ی عیسا

دوای ئه‌وه‌ دایك‎و براكانی عیسا هاتن، له‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ستان‎و ناردیان به‌شوێنی. له‌وكاته‌دا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ده‌وروبه‌ری دانیشتبوون، یه‌كێ‌ هات پێی‎ووت: (ئه‌وه‌تا دایكت‏و براكانت له‌ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون بانگت ده‌كه‌ن.) عیساش ووتی: (دایكم كێیه‌و براكانم كێن؟) ئینجا سه‌یرێكی ئه‌وانه‌یكرد كه‌ له‌ده‌وروپشتی دانیشتبوون‎و ووتی: (ئا ئه‌مانه‌ن دایك‎و برای من، هه‌ر كه‌سێ‌ به‌خواستی خودا هه‌ڵسوكه‌وت بكات، ئه‌و براو خوشك‎و دایكمه‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.