Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
مەرقۆس 4
نموونه‌ی جوتیار
دیسان عیسا له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه ده‌ستیكرد به‌فێركردنی خه‌ڵكه‌كه، ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك لێیكۆبوونهوه، به‌شێوه‌یه‌كی وا عیسا ده‌بووایه بچووایه ناو به‌له‌مێك كه له‌ناو ئاوه‌كه‌دا بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌سه‌ر ووشكایی بوون. به‌نموونه زۆر شتی فێركردن، له‌فێركردنه‌كه‌یدا پێی ووتن: (گوێ‌بگرن، جوتیارێك چووه ده‌ره‌وه تۆ‌و بچێنێ. له‌وكاته‌دا كه تۆوی ده‌چاند، به‌شێ له‌تۆوه‌كه كه‌وته سه‌ر ڕێگا، باڵنده هاتنو خواردنی، به‌شێكی كه‌شی كه‌وته سه‌ر زه‌ویه‌كی به‌ردین كه‌گڵه‌كه‌ی تهنكبوو، خێرا سه‌ریان ده‌ركرد، چونكه زه‌ویه‌كه قوڵنهبوو. به‌ڵام كه‌ڕۆژ هه‌ڵهات، ووشك بوون‌و پڕوكان، چونكه ڕه‌گی ته‌واویان نه‌بوو. به‌شێكی كه‌شی، كه‌وتنه ناو دڕكه‌وه، كاتێ دڕكه‌كان سه‌ریان ده‌ركرد خنكاندنیو بهرووبوومیاننهدا. هه‌ندێكیش له‌تۆوه‌كه كه‌وته سه‌ر زه‌وی باش، بهرووبوومیاندا. به‌شێكی یه‌ك به‌سه‌د به‌شێكیكه‌شی یه‌ك بهشهستو یه‌ك به‌سی.) هه‌روه‌ها ووتی: (كێ گوێی هه‌یه بۆ گوێگرتن، با گوێ بگرێ.)
كاتێ عیسا به‌ته‌نها بوو، ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی لێیان پرسی، ئاخۆ واتای ئه‌م نموونه‌یه چییه؟ پێی‌ووتن: (به‌ئێوه دراوه نهێنی پادشاهێتی ئاسمان بزانن، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ن هه‌موو شتێ به‌نموونه پێیان ده‌درێ. چونكه ئه‌وان سه‌یر ده‌كه‌ن به‌ڵام نابینن، گوێده‌گرن به‌ڵام تێناگه‌ن، تانه‌گه‌ڕێنه‌وه‌و گوناهه‌كانیان ببه‌خشرێ!)
ڕوونكردنه‌وه‌ی نموونه‌كه
ئینجا پێی‌ووتن: (ئایا ئه‌م نموونه‌یه تێنهگـهیشتن؟ باشـه ئه‌ی چۆن نموونه‌كانیتر تێده‌گه‌ن؟ جوتیاره‌كه ووشه‌كه ده‌چێنێ. هه‌ندێ كه‌س وه‌ك ئه‌و تۆیه‌ن كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕێگا، ئه‌وانه گوێ له‌ووشه‌ی خودا ده‌گرن، ئینجا شه‌یتان دێت‌و ووشه‌كه له‌دڵیان ده‌رده‌هێنێت. تۆوه‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر زه‌ویه به‌رده‌ڵانه‌كه، ئه‌وانه‌ن كه ووشه‌ی خودا به‌خۆشیه‌وه وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌ناویاندا هیچ ڕه‌گی نییه، خۆیان ڕاده‌گرن تاماوه‌یه‌ك، كاتێ ده‌كه‌ونه چه‌وسانه‌وه‌و گیروگرفته‌وه به‌هۆی ووشه‌ی خودا، ده‌ستبه‌جێ ده‌كه‌ون. تۆوه‌كه‌ی كه‌وته جێگا دڕكاویه‌كه، ئه‌وانه‌ن كه‌گوێیان له‌ووشه‌ی خودا ده‌بێت، به‌ڵام نیگه‌رانی ده‌رباره‌ی ژیان‌و ته‌فره‌دانی دهوڵهمهندیو ئاره‌زووی شتی دونیایی ده‌چێته ناویانه‌وه‌و ده‌بێته هۆی خنكاندنی ووشه‌ی خودا، ئیتر ووشه‌كه هیچ به‌رناگرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌وته سه‌ر زه‌وی باش، مه‌به‌ست له‌و مرۆڤانه‌یه كه گوێیان له‌ووشه‌ی خودا دهبێتو وهریدهگرنو به‌رووبوم ده‌ده‌ن، یه‌كێكیان سی ئه‌وه‌نده، یه‌كێكی كه‌ش شه‌ست ئه‌وه‌نده‌و یهكێكیتریشیان سه‌د ئه‌وه‌نده.)
نموونه‌ی چرا
عیسا پێی‌ووتن: (ئایا خه‌ڵكی چرا ههڵدهكهنو ده‌یخه‌نه ژێر تهشتو نوێنه‌وه؟ ئایا له‌سه‌ر شوێنێكی به‌رز دای نانێ؟ چونكه هیچ شـاراوه‌یه‌ك نییه ئاشكرا نه‌بێ، هیچ نهێنییه‌ك نییه ده‌رنه‌كه‌وێ. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هـه‌یه بۆ بیستن، باگوێ بگرێ.)
نموونه‌ی پێوانه
هه‌روه‌ها پێی‌ووتن: (ووردببنه‌وه له‌وه‌ی گوێتان لێده‌بێ، به‌چ پێوانه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی ده‌پێون به‌هه‌مان پێوانه بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌و زیاتریشتان پێده‌درێ. چونكه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌تی زیاتری پێده‌درێ، ئه‌وه‌ش كه نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش كه هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه.)
نموونه‌ی ڕووه‌ك
عیسا به‌رده‌وام بوو و ووتی: (پادشاهێتی ئاسمان له‌مرۆڤێك ده‌كات له‌زه‌ویه‌كه‌ی تۆ‌و بچێنێ. شه‌و ده‌خه‌وێ، به‌یانی هه‌ڵده‌ستێ، ده‌بینێ تۆوه‌كه ڕوواوه‌و نه‌شونمای كردووه، ئه‌و نازانێ ئه‌مه چۆن ده‌بێت. زه‌وی له‌خۆیه‌وه به‌رووبووم ده‌دات، گه‌نم یه‌كه‌مجار له‌شێوه‌ی گیا ده‌ڕوێ، ئینجا لاسكو گوڵه‌گه‌نم ده‌رده‌كات، پاشان گوڵه‌گه‌نمه‌كه پڕ ده‌بێ له‌گه‌نم. به‌ڵام كاتێ به‌ره‌كه دێته به‌رهه‌م، داسی لێ گیر ده‌كرێ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كاتی دروێنه‌ی هاتووه.)
نموونه‌ی ده‌نكه خه‌رته‌له
دیسان پێی‌ووتن: (پادشاهێتی ئاسمان له‌چی ده‌كات، به‌چ نموونه‌یه‌ك ڕوونیكهینهوه؟ وه‌ك ده‌نكه خه‌رته‌له‌یه‌كه، كاتی چاندنی بچووكترین تۆوی سه‌ر زه‌وییه، به‌ڵام كاتێ ڕوواو نه‌شونمای كرد، ده‌بێته گه‌وره‌ترین ڕووه‌ك‌و لقی گه‌وره ده‌رده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك باڵنده‌ی ئاسمان ده‌توانێ له‌ژێر سێبه‌ریدا بحه‌سێته‌وه.) عیسـا به‌زۆر نمـوونه‌ی ئاوا ده‌دوا بۆ خه‌ڵكه‌كه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌یانتوانی گوێی لێ‌بگرن. هه‌میشه نموونه‌ی به‌كارده‌هێنا له‌قسه‌كانی، به‌ڵام كاتێ به‌ته‌نها ده‌بوو له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی، واتای هه‌موو شتێكی بۆ ڕوون ده‌كردنه‌وه.
هێمن كردنی ڕه‌شه‌با
كاتێ ئێواره داهات، به‌قوتابیه‌كانی ووت: (بابپه‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌وبه‌ری ئاوه‌كه.) دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌ڕێكرد، قوتابیه‌كان چوونه ناو ئه‌و به‌له‌مه‌ی عیسای تێدابوو، هه‌ر له‌و كاته‌دا چه‌ند بهلهمێكیتر شوێنیان كه‌وتن. له‌دواییدا ڕه‌شه‌بایه‌كی زۆر به‌هێز هه‌ڵیكرد، شه‌پۆڵی ئاو به‌توندی ده‌یدا به‌ملاو ئه‌ولای به‌له‌مه‌كه‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ریك بوو پڕ بێ له‌ئاو. عیساش له‌پشتی به‌له‌مه‌كـه‌وه سه‌ری خستبووه سه‌ر سهرینێكو خه‌وتبوو. هه‌ڵیانساندو پێیان ووت: (مـامۆستا، چییه ده‌ڵێی هیچ گوێی ناده‌یتێ، ئه‌وا ئێمه له‌ناو ده‌چین؟) ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ستاو هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ڕه‌شه‌باكه‌كردو به‌ده‌ریاچه‌كه‌ی ووت: (بێده‌نگبه! هێمنبه!) ده‌ستبه‌جێ ڕه‌شه‌باكه بێده‌نگبوو و ئارامییه‌كی ته‌واو باڵی به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا كێشا. ئینجا پێی‌ووتن: (بۆچی به‌م شێوه‌یه ترسان؟ باوه‌ڕتان نییه؟) قوتابیه‌كان ترس چوو بووه دڵیانه‌وه، به‌یه‌كتریان ده‌ووت: (ئه‌مه كێیه، ته‌نانه‌ت ڕه‌شه‌باو ده‌ریاش ملكه‌چن بۆی؟)
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.