Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 5

ده‌ركردنی ڕۆحی پیس‎

ئینجا گه‌یشتنه‌ شاری جه‌راسین كه‌ كه‌وتۆته‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌وه‌. هه‌ركه‌ عیسا له‌به‌له‌مه‌كه‌ هاته‌خواره‌وه‌، له‌ناو گـۆڕستانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا، كـابرایه‌ك كه‌ ڕۆحی پیسی تیابوو لێی هاته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌و كابرایه‌ له‌گۆڕستاندا ده‌ژیاو كه‌سیش نه‌یده‌توانی بیبه‌ستێته‌وه‌. تـه‌نانه‌ت به‌زنجیریـش. زۆرجـار به‌كۆت‎و زنجیر ده‌یان‎به‌سته‌وه‌، به‌ڵام زنجیری ده‌پچڕاندو كۆتی ده‌شكاند، كـه‌سیش نـه‌یده‌توانی بیـگرێ. شه‌و و ڕۆژ یا له‌گۆڕستان بوو یا له‌شاخ، هاواری ده‌كردو له‌شی خۆی به‌به‌رد بریندار ده‌كرد. به‌ڵام كاتێ‌ له‌دووره‌وه‌ عیسای بینی، ڕای‎كرده‌ لای‎و كـڕنۆشی بۆ برد، به‌ده‌نگی به‌رز هاواری‎كرد: (چیت له‌من ده‌وێ، ئه‌ی عـیسای ڕۆڵه‌ی خودای گه‌وره‌؟ سوێندت ده‌ده‌م به‌خـودا ئازارم مــه‌ده‌!) چونكه‌ عیسا پێی ووتبوو: (ئه‌ی ڕۆحی پیس له‌م ‎پیاوه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) ئینجا عـیسا لێی‎پرسی: (ناوت چییه‌؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ناوم لـیجیۆنه‌، چـونكه‌ ئێمـه‌ لـه‌شـكرێكی گه‌وره‌ین.) زۆر له‌عیسا پاڕایه‌وه‌ ده‌ریان نه‌كات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌. له‌و ناوه‌دا ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ ده‌له‌وه‌ڕان له‌قه‌راغی شاخێكدا، ڕۆحه‌ پیسه‌كان لێی‎پاڕانه‌وه‌ ڕێیان‎ بدات بچنه‌ ناو به‌رازه‌كانه‌وه‌. ئه‌ویش ڕێی‎دان. ڕۆحه‌ پیسه‌كان له‌پیاوه‌كه‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌و چوونه‌ ناو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ئینجا ڕانه‌ به‌رازه‌كه‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌بوو، كه‌وتنه‌ ڕاكردن‏و له‌قه‌راغی ئه‌و شاخه‌ی به‌قه‌دیه‌وه‌ بوون، هه‌ڵدێران بۆ ناو ده‌ریاچه‌كه‌و هه‌موو خنكان.

شوانی به‌رازه‌كان خێرا چوون بۆ ناو شارو كێڵگه‌كان تا ئه‌م هه‌واڵه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، جاخه‌ڵكه‌كه‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ بینینی ئه‌وه‌ی ڕویداوه‌. كاتێ‌ هاتنه‌ لای عیسا، ئه‌و پیاوه‌یان بینی كه‌ له‌شكرێ‌ رۆحی پیسی تێدابوو لای عیسادا دانیشتووه‌ به‌پۆشته‌یی‎و ئه‌قڵ ته‌واوییه‌وه‌. به‌مه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ترسیان لێ‎نیشت. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ڕووداوه‌كه‌یان بینی‎بوو، بۆ خه‌ڵكه‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌ چی ڕوویدا سه‌باره‌ت به‌و پیاوه‌ی ڕۆحه‌ پیسه‌كانی تێدا بوو هه‌روه‌ها به‌رازه‌كان. ئیتر هه‌موو داوایان له‌عیسا كرد له‌ناوچه‌كه‌یان بڕوات.

ئینجا عیسا سواری به‌له‌م‎ بوو، پیاوه‌كه‌ی ڕۆحه‌ پیسه‌كانی لێ‎ده‌ركرا بوو، له‌عیسا پاڕایه‌وه‌ ڕێی‎ بدات له‌گه‌ڵی بێت. به‌ڵام عیسا ڕێگه‌ی نه‌داو پێی‎ووت: (بگه‌ڕێوه‌ بۆ ناوماڵ‎و كه‌سوكارت، بۆیان بگێڕه‌وه‌ خوداوه‌ند چی‎ بۆت كردوه‌و چۆن به‌زه‌یی پیاتداهاته‌وه‌.) جا كابرا به‌هه‌موو ده‌ شاره‌كه‌دا گه‌ڕاو ئه‌وه‌ی عیسا بۆیكردبوو بۆخه‌ڵكی گێڕایه‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌مه‌ زۆر سه‌رسام بوون.

زیندووكردنه‌وه‌ی كچێك

كاتێ‌ عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه‌دا لێی كۆبوونه‌وه‌، پیاوێك ناوی یایرۆس بوو، پێشه‌وایه‌كی كه‌نیشت بوو، كاتێ‌ عیسای بینی، هات‎و له‌به‌رپێی كه‌وت‎و لێی‎پاڕایه‌وه‌و پێی‎ووت: (كچه‌ بچووكه‌كه‌م له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌، وه‌ره‌ ده‌ستی لێ‎بده‌ تا چاك بێته‌وه‌و زیندووبێته‌وه‌.) عیسا له‌گه‌ڵی ڕۆیشت، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكیش به‌دوایدا ڕۆیشتن‏و پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد.

چا‎كردنه‌وه‌ی ژنێك

هه‌ر له‌وێدا ژنێك هه‌بوو، ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵ‎بوو خوێن لێ‎چوونی هه‌بوو، له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند پزیشكێك ئازاری زۆری چه‌شتبوو، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو دابووی به‌ پزیشك، به‌ڵام هیچ سوودێكی نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌تا ده‌هات خراپتر ده‌بوو. ژنه‌ باسی عیسای بیستبوو، بۆیه‌ هاته‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌وه‌و له‌دواوه‌ ده‌ستی له‌چمكی كراسه‌كه‌یدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ ووتی ته‌نها به‌ده‌ست لێ‎دانی چمكی كراسه‌كه‌ی چاك‏ده‌بێته‌وه‌. ژنه‌كه‌ ده‌ست‎به‌جێ‌ خوێن لێ‎چوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستاو هه‌ستی به‌چاك‎بوونه‌وه‌ كرد له‌نه‌خۆشیه‌كه‌ی. كاتێ‌ عیسا هه‌ستی كرد هێزێك لێی‎هاته‌ده‌ره‌وه‌، سه‌یری خه‌ڵكه‌كه‌یكردو پرسی: (كێ‌ ده‌ستی له‌جله‌كانم‎دا؟) قوتابیه‌كانی پێیان ووت: (هه‌موو ده‌وروپشتیان گرتوویت‎و پاڵه‌په‌ستۆت ده‌كه‌ن، كه‌چی تۆ ده‌پرسی كێ‌ ده‌ستی لی‎َدام؟) به‌ڵام ئه‌و سه‌یری ده‌وروپشتی‎كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ‌ ئه‌و كه‌سه‌ كێ‎بوو. ژنه‌كه‌ش به‌ڕووداوه‌كه‌ی خۆی زانی، به‌ترس‎و لـه‌رزه‌وه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، چۆكی داداو هه‌موو شتێكی به‌ڕاستی پێ‎ووت. ئینجا عیسا به‌ژنه‌كه‌ی ووت: (كـچم، باوه‌ڕت‎بوو چـاكی كـردیته‌وه‌، بڕۆ دڵنیابه‌، چـاك بوویته‌وه‌ لـه‌نه‌خۆشیه‌كه‌ت.)

له‌و كاته‌ی عیسا قسه‌ی ده‌كرد، هه‌ندێ‎كه‌س له‌ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌كه‌وه‌ هاتن، ووتیان: (كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ئه‌رك مه‌خه‌ره‌ به‌ر مامۆستا بۆ هاتن.) كاتێ‌ عیسا ئه‌مه‌ی بیست، قسه‌ی له‌گه‌ڵ باوكه‌كه‌ كردو ووتی: (مه‌ترسه‌، ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێ.) كه‌ ڕۆیی بۆ ماڵه‌كه‌ نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بڕوات ته‌نها په‌ترۆس‎و یاقـوب‎و یۆحه‌ننای برای یاقوب نه‌بێت. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌كه‌، سه‌یری‎كرد خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌گرین‎و شیوه‌ن ده‌كه‌ن، ئه‌ویش پێی‎ووتن: (بۆچی شڵه‌ژاون‎و ده‌گرین؟ ئه‌م كچه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستوه‌.) به‌مه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێی پێ‎كه‌نین، به‌ڵام عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌موو كرده‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌و دایك‎و باوكی كچه‌كه‌و ئه‌وانی‎تر كه‌ له‌گه‌ڵی بوون بردنی بۆ سه‌ر جێگای كچه‌كه‌. ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، بانگی كردو ووتی: (ئه‌ی كیژۆڵه‌، پێت ده‌ڵێم هه‌سته‌!) كچه‌كه‌ ته‌مه‌نی دوانزه‌ ساڵ‎بوو، یه‌كسه‌ر هه‌ستایه‌ سه‌رپێ‎و ده‌ستی‎كرد به‌ ڕۆیشتن، خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌موو له‌مه‌ زۆر سه‌ریان سوڕما. جا ڕایسپاردن، ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ جارێ‌ به‌كه‌سی نه‌ڵێن، ئینجا پێی‎ووتن شتێك بهێنن بۆ كچه‌كه‌ تابیخوات.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.