Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 12

نموونه‌ی باخه‌وانه‌كانی ڕه‌ز

عیسا به‌نموونه‌ قسه‌ی‎كرد بۆ خه‌ڵكه‌كه‌، ووتی: (كابرایه‌ك باخێكی مێوی چاندو ده‌وروپشته‌كه‌ی په‌رژین كرد، له‌ناویدا بابه‌تی ترێ‌ گوشینی تێدا داناو شوێنی پاسه‌وانی تێدا دروست‎كرد. ئینجا ڕه‌زه‌كــه‌ی دایه‌ده‌سـت باخه‌وانان‏و خۆی بۆ ووڵاتێكیكه‌ ڕۆیشت. كاتێ‌ وه‌رزی به‌رووبووم هـات، ئیشكـه‌رێكی نارد بۆ لای باخه‌وانه‌كـان تاكـو لـه‌به‌ری ڕه‌زه‌كه‌ به‌شـی خـۆی بۆ بنێرن. به‌ڵام باخـه‌وانه‌كان كابرایان گرت‎و لێیان‎داو به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناردیانه‌وه‌. كابرا دیسانه‌وه‌ ئیشكه‌رێكی كه‌ی نارد بۆ لایان، باخه‌وانه‌كان ئه‌میشیان به‌لێدان‎و سووكایه‌تی پێ‌كردن‏و سه‌رشـكاویه‌وه‌ بۆ نارده‌وه‌. ئینجـا كـابرا ئیشـكـه‌رێكـی‎كـه‌ی نـارد، بـاخـه‌وانه‌كـان ئه‌مجاره‌ ئیشكه‌ره‌كه‌یان كوشت. كابرا دیسـان چـه‌ند كه‌سێكی تری نارد بۆ لایان، باخـه‌وانه‌كـان ئه‌مجـاره‌شـیان هـه‌ستان به‌لێدانی هـه‌ندێكـیان‎و كـوشتنی ئـه‌وانی كـه‌یان. كـابرا كـوڕێكی تاقانه‌ی خـۆشـه‌ویستی هـه‌بوو، لـه‌دواییدا هـه‌سـتاو كوڕه‌كه‌ی نارد بۆ لایان، ووتی: هه‌ر چۆنێك بێت له‌كوڕه‌كـه‌م سڵ‎ده‌كـه‌نه‌وه‌. به‌ڵام باخه‌وانه‌كان به‌یه‌كتریان ووت: ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ میراتگره‌، وه‌رن بابیكوژین ئه‌وسا مـیراتـه‌كـه‌ بۆ خـۆمان ده‌مێنێته‌وه‌. ئینجا كوڕه‌كه‌یان گرت، كوشتیان‎و فڕێیان‎دایـه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كــه‌. باشه‌ ده‌بێ‌ خـاوه‌نی ڕه‌زه‌كه‌ چی‎بكات؟ ئه‌و دێت‏و باخـه‌وانه‌كان له‌ناو ده‌بات‎و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌دا به‌باخه‌وانانی‎ تر. ئـــــایا له‌كتێبی پیرۆزدا ئه‌م ئایـه‌ته‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌: [[ئــه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان‏كرده‌وه‌، بوو به‌ به‌ردی بناغه‌. ئه‌مه‌ش له‌خوداوه‌نده‌وه‌یه‌و شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ له‌به‌ر چاومان.]]؟ دوای ئه‌مه‌ ویستیان عیسا بگرن، چونكه‌ ده‌یانزانی نموونه‌كه‌ ئه‌وان ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌خه‌ڵكه‌كه‌ ترسان، ئیتر وازیان لێ‎هێناو ڕۆیشتن.

باج دان به‌ قه‌یسه‌ر

ئینجا هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان‏و پیاوانی هیرۆدسیان نارده‌ لای عیسا، تاكو به‌ووشه‌یه‌كی خۆی تووشی‎بكه‌ن. هاتن‎و پێیان ووت: (مامۆستا ئێمه‌ ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێش ناده‌یت به‌كه‌س، چونكه‌ پله‌و پایه‌ت به‌خه‌یاڵدا نایه‌ت، ته‌نها فێركـردنی ڕێگه‌ی خودا نه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست. باشه‌ ئایا سه‌رانه‌ دان به‌قه‌یسه‌ر دروسته‌ یان نا؟ سه‌رانه‌ بده‌ین یان نه‌یده‌ین؟) به‌ڵام عیسا به‌دووڕوویی ئه‌وانی زانی‎و پێی‎ووتن: (بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ ئا دینارێكم بده‌نێ‌ باته‌ماشای بكه‌م.) ئه‌وانیـش دینارێكیان پێیدا، ئینجا عیسا لێی پرسین: (باشه‌ ئه‌م وێنه‌و نووسراوه‌ هی كێیه‌؟) ووتیان: (هی قـه‌یسه‌ره‌.) پێی‎ووتن: (كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره‌ بیده‌ن به‌ قه‌یسـه‌ر، ئه‌وه‌ش هی خـودایه‌ بیده‌ن به‌خودا.) ئه‌وان به‌م وه‌ڵامه‌ زۆر سه‌ریان سوڕما.

زیندووبوونه‌وه‌ی مردووان

ئینجا هه‌ندێ‌ له‌سه‌دوقیه‌كان كه‌باوه‌ڕ به‌زیندووبوونه‌وه‌ ناكه‌ن، لێی‎هاتنه‌ پێشه‌وه‌و پرسیاریان لێ‎كردو ووتیان: (مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، گه‌ر یه‌كێ‌ براكه‌ی مردو ژنه‌كه‌ی بێ‌ منداڵ به‌جێ‎ما، پێویسته‌ له‌سه‌ری براژنه‌كه‌ی بهێنێت‎و وه‌چه‌ به‌ناوی براكه‌یه‌وه‌ دروست بكات. حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێناو مرد بێ‌ ئه‌وه‌ی منداڵی هه‌بێ‌. دووه‌م براژنه‌كه‌ی خواست، ئه‌ویش مرد بێ‎ئه‌وه‌ی منداڵی له‌پاش به‌جێ ‎بمێنێ‌، سێهه‌میش هه‌مان شت. ئا به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر حه‌وت براكه‌ مردن، بێ‎ئه‌وه‌ی هیچ منداڵیان له‌پاش به‌جێ‎ بمێنێ‌. له‌پاشان ژنه‌كه‌ش مرد. باشه‌ له‌ڕۆژی زیندووبونه‌وه‌دا، ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌موویان بووه‌.)

عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ ووتی: (ئایا ئێوه‌ گومڕا نین، چونكه‌ نه‌ له‌كتێب ده‌زانن نه‌ له‌هێزی خودا؟ كاتێ‌ خه‌ڵكی زیندووده‌بنه‌وه‌، نه‌ژن ده‌هێنن‏و نه‌شوو ده‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك فریشته‌ی ئاسمان ده‌بن. به‌ڵام ده‌رباره‌ی مردووان كه‌ زیندووده‌بنه‌وه‌، ئایا له‌ته‌وراتدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ چۆن خودا له‌ناو ده‌وه‌نه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ موسا دواو پێی‎ووت: (من خودای ئیبراهیم‎و خودای ئیسحاق‎و خودای یاقوبم؟) ئه‌و خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو خودای زیندووانه‌، كه‌واته‌ ئێوه‌ خراپ گومڕابوون!)

گه‌وره‌ترین ڕاسپارده‌

یه‌كێ‌ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت كه‌ گوێی له‌قسه‌كانیان بوو هه‌روه‌ها بینی عیسا باش وه‌ڵامی‎دانه‌وه‌، لێی‎پرسی: (چ‎ ڕاسپارده‌یه‌ك یه‌كه‌می هه‌موو ڕاسپارده‌كانه‌؟) عیسا وه‌ڵامی‎دایه‌وه‌: (یه‌كه‌می هه‌موو ڕاسپارده‌كان ئه‌مه‌یه‌: [[گوێ‌ بگره‌ ئیسرائیل، خوداوه‌ند خودای ئێمه‌ یه‌ك خوداوه‌نده‌، جا ده‌بێ‌ خوداوه‌ند خودات خۆش ‎بوێ‌ به‌هه‌موو دڵ‏و هه‌موو گیان‏و هه‌موو بیر‎و هه‌موو تواناته‌وه‌.]] ئه‌مه‌ ڕاسپارده‌ی یه‌كه‌مه‌. دووه‌میشیان وه‌ك ئه‌م وایه‌، (ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ وه‌ك خۆت خۆشت بوێ، ئیتر هیچ ڕاسپارده‌یه‌ك نییه‌ مه‌زنتر له‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌.) ئینجا مامۆستاكه‌ی شه‌ریعه‌ت پێی‎ووت: (مامۆستا ئه‌مه‌ ڕاسته‌و تۆ ڕاستت فه‌رموو. خودا هه‌ریه‌كه‌و هیچ خوداێكیكه‌ نییه‌ ته‌نها ئه‌و نه‌بێ‌، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی ئه‌و به‌هه‌موو دڵ‎و به‌هه‌موو تێگه‌یشتن‏و به‌هه‌موو تواناوه‌یه‌، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ وه‌ك خۆت باشتره‌ له‌هه‌موو قوربانیه‌ك‏و قوربانی سوتاندنێك.) كاتێ‌ عیسا بینی كابرا به‌ژیرانه‌ دوا، پێی‎ووت: (تۆ ئه‌وه‌نده‌ دوور نیت له‌پادشاهێتی خوداوه‌.) دوای ئه‌مه‌ ئیتر كه‌س نه‌یوێرا هیچ پرسیارێكی‎كه‌ی لێ‎بكات.

مه‌سیح ‎و داود

له‌كاتێكدا عیسا له‌ناو په‌رستگاكه‌ خه‌ڵكی فێرده‌كرد، ووتی: (مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت چۆن ده‌ڵێن مه‌سیح* كوڕی داوده‌؟ كاتێ‌ داود خۆی به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ دواو ووتی: [[خوداوه‌ند به‌خوداوه‌ندمی فه‌رموو: له‌لای ده‌ستی ڕاستمه‌وه‌ دانیشه‌ تادوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێته‌وه‌.]] كه‌ داود خۆی مه‌سیح به‌خوداوه‌ند بانگ بكات، ئیتر چۆن مه‌سیح ده‌بێت به‌كوڕی؟) خه‌ڵكه‌كه‌ زۆر به‌شادومانیه‌وه‌ گوێیان بۆ قسه‌كانی ڕاگرتبوو. عیسا له‌فێركردنه‌كه‌یدا پێی ‎ووتن: (ئاگاداری مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎بن، ئه‌وانه‌ی به‌جلی پان‏و پۆڕو درێژه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن‎و حه‌ز ده‌كه‌ن له‌گۆڕه‌پانه‌ گشتیه‌كاندا سڵاویان لێ‎بكرێ، له‌كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن، ڕیزی یه‌كه‌میش له‌كاتی داوه‌ته‌كاندا. هه‌روه‌ها ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، ‎وه‌ك خۆده‌رخستن درێژه‌ به‌نوێژه‌كانیان ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ سه‌ختترین سزا وه‌رده‌گرن.)

به‌خشینی بێوه‌ژن

عیسا به‌رامبه‌ر سه‌ندوقی په‌رستگاكه‌ دانیشت‏و سه‌یری ئه‌وه‌ی ده‌كرد چۆن خه‌ڵكی پاره‌یان تێ‎ده‌كرد، زۆر له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان پاره‌ی زۆریان خسته‌ ناو سه‌ندوقه‌كه‌. ئینجا بێوه‌ژنێكی هه‌ژار هات‏و دوو پولی خسته‌ ناو سه‌ندوقه‌كه‌، كه‌ چاره‌ك چاره‌كی دینارێكی نه‌ده‌كرد. عیسا قوتابیه‌كانی بانگ‎كردو پێی‎ووتن: (ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم، ئه‌و بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌، له‌هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ زیاتر پاره‌ی خسته‌ ناو سه‌ندوقه‌كه‌. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانی‎تر پاره‌یان‏دا له‌وه‌ی له‌پێویستی خۆیان زیاتربوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ دای، له‌پێویستی خۆی‎بوو، ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌ش گوزه‌رانی ئه‌و بوو.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.