Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 13

نیشانه‌كانی كۆتایی زه‌مانه‌

له‌كاتێكدا عیسا په‌رستگاكه‌ی به‌جێ‌ ده‌هێشت، یه‌كێ‌ له‌قوتابیه‌كانی پێی‎ووت: (مامۆستا، سه‌یری ئه‌م به‌ردو خانووه‌ سه‌ر سوڕهێنه‌رانه‌ بكه‌!) عیساش پێی‎ووت: (ئه‌م خانووه‌ مه‌زنانه‌ ده‌بینیت؟ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێ‎و هه‌مووی ده‌ڕوخێت.) كاتێ‌ عیسا له‌سه‌ر چیای زه‌یتون بوو به‌رامبه‌ر په‌رستگاكه‌، په‌ترۆس‎و یاقوب‎و یۆحه‌نناو ئه‌نده‌راوس به‌ته‌نها لێیان پرسی: (پێمان بڵێ‌ كه‌ی ئه‌م شتانه‌ ڕووده‌دات، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ ببێت چ نیشانه‌یه‌ك دیاری ده‌دات؟) عیسا وه‌ڵامی‎دانه‌وه‌و ووتی: (ئاگاداربن، كه‌س هه‌ڵتان نه‌خڵه‌تێنێ‌. زۆر هه‌ن به‌ناوی منه‌وه‌ دێن‎و ده‌ڵێن، ئێمه‌ ئه‌وین. به‌مه‌ش زۆر كه‌س هه‌ڵ ده‌خه‌ڵه‌تێنن. كاتێ‌ باس‎و هه‌واڵی جه‌نگ ده‌بیستن مه‌ترسن، ئه‌مه‌ ده‌بێ‌ ڕووبدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ جارێ‌ كۆتایی نییه‌. میلله‌تان ده‌چن به‌گژ یه‌كترداو ووڵات به‌گژ ووڵاتی‎كه‌دا، بوومه‌له‌رزه‌ له‌زۆر شوێن ڕووده‌دات، هه‌روه‌ها برسێتی‎و نه‌بوونی، به‌ڵام ئه‌مه‌ جارێ‌ پێچ‎و ژانی یه‌كه‌مه‌. ئاگاداری خۆتان بن، چونكه‌ ده‌تان‎به‌نه‌ به‌ر دادگاو كه‌نیشته‌كان، لێتان ده‌ده‌ن‎و له‌پێناوی من له‌به‌رده‌م حوكمڕان‎و پادشاكان ڕاده‌وه‌ستێنرَین، تا شایه‌تی بۆ من بده‌ن له‌به‌رده‌میان. هه‌روه‌ها یه‌كه‌مجار ده‌بێ‌ مزگێنی به‌هه‌موو میلله‌تان ڕابگه‌یه‌نرێ. كاتێكیش ده‌تانبه‌ن بۆئه‌وه‌ی بتان‎ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، ناڕه‌حه‌ت مه‌بن به‌وه‌ی چـی بڵێن، به‌ڵكو له‌وێدا چیتان بۆ ده‌وترێ‌ پێی‎بدوێن، چونكه‌ ئێوه‌نین ده‌دوێن، به‌ڵكو ڕۆحی پیرۆزه‌ ده‌دوێت. برا، برا ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ مردن، باوك كوڕ، منداڵان له‌باوك‎و دایك هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌یانكوژن. هه‌موو خه‌ڵكی ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌ له‌پێناوی ناوی من، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكۆتایی خۆی ڕاده‌گرێ‌ ئه‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت.

گه‌وره‌ترین ته‌نگانه‌

كاتێ‌ پیسی‎و كاول‎بوون ده‌بینن له‌و جێگایه‌ی كه‌ نابێ‌ لێی بێ‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیال باسی كردووه‌، (باخوێنه‌ر تێ‎بگات)، دوایی با ئه‌وانه‌ی له‌ناوچه‌ی یه‌هودیادان ڕاكه‌ن بۆ شاخه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ربانه‌، بابۆ بردنی هیچ شتێك نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌و نه‌چێته‌ ژووره‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌كێلگه‌ بوو، با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاكو جله‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی ببات. خاك به‌سه‌ر سك‎پڕو شیرده‌ر له‌وڕۆژانه‌دا! نوێژ بكه‌ن با ئه‌مه‌ له‌زستاندا نه‌بێت. چونكه‌ ته‌نگانه‌یه‌ك ڕووده‌دات كه‌ هێشتا له‌دروست‎كردنی جیهانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی خودا دروستی‎كردووه‌، تا ئه‌مڕۆ شتیوا نه‌بووه‌و نابێت. گه‌ر بێت‎و خوداوه‌ند ئه‌و ڕۆژانه‌ كه‌م نه‌كاته‌وه‌، هیچ مرۆڤێك ڕزگاری نابێت. به‌ڵام له‌ پێناوی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێرراون، ئه‌و ڕۆژانه‌ كـه‌م ده‌كـرێنه‌وه‌. گه‌ر هاتوو ئه‌و كاته‌ یه‌كێك پێی‎ووتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌! یا ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ چه‌ند مه‌سیحێكی فێڵبازو پێغه‌مه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی گه‌وره‌و شتی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كه‌ن، تاكو ته‌نانه‌ت گه‌ر بتوانن هه‌ڵبژێراوانیش هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن. به‌ڵام ئاگارداربن، ئه‌وا من ئاگاداری ئه‌م هه‌موو شتانه‌م‎كردن، پێش ئه‌وه‌ی ڕووبدات.

هاتنه‌وه‌ی عیسا

به‌ڵام له‌و ڕۆژانه‌دا، دوای ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌، ڕۆژ تاریك ده‌بێت‎و تیشكی مانگ ده‌گیرێ، ئه‌ستێره‌كان له‌ئاسمانه‌وه‌ ده‌كه‌ون‏و هێزی ئاسمان تێك‎ده‌چێت. ئه‌وسا ده‌بینن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ناو هـه‌وره‌وه‌ به‌تواناو شـكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه‌ دێت. ئینجا فریشته‌كانی ده‌نێرێت‎و هه‌ڵبژارده‌ی خۆی له‌هه‌ر چوار لاوه‌ لـه‌م‎سه‌رو ئه‌وسه‌ری زه‌وی‎و ئاسمانه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م شـته‌ له‌دار هه‌نجیره‌وه‌ فێربن: (كاتێ‌ لقه‌كـانی نه‌رم ده‌بێت‎و گه‌ڵا ده‌كات، ده‌زانرێ‌ هاوین نزیك بووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئێوه‌ش، كاتێ‌ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن ئه‌و نزیكه‌و له‌به‌ر ده‌رگایه‌. ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت هه‌تا ئه‌مانه‌ هه‌موو ڕوونه‌دات. ئاسمان‎و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام ووته‌كانم هه‌رگیز له‌ناوناچێت.

كه‌س ئه‌و كاته‌ نازانێ‌

ئه‌و ڕۆژه‌و ئه‌و كاته‌ كه‌س نایزانێت، نه‌فریشته‌ی ئاسمان نه‌ڕۆڵه‌، ته‌نها باوك نه‌بێت. كه‌واته‌ ئاگاداربن‎و ئێشك بگرن چونكه‌ نازانن كه‌ی ئه‌و كاته‌ دێت. ئه‌مه‌ لـه‌وه‌ ده‌كـات كـابرایه‌ك بـچێ‌ بۆ گـه‌شـت، ماڵه‌كه‌ی به‌جێ‎بهێڵێ، بیداته‌ ده‌ست چه‌ند ئیشكه‌رێك‎و هه‌ر یه‌كه‌ ئیشێكیان بداتێ، ده‌رگاوانیش ڕاسپێرێ‌ ئێشك بگرێ. ئیتر ئێشك بگرن، چونكه‌ نازانن گه‌وره‌ی ماڵ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێواره‌ یاخود نیوه‌ی شه‌و، یا له‌گه‌ڵ خوێندنی كه‌ڵه‌شێر، یا به‌یانی. نه‌وه‌ك له‌ناكاو بگه‌ڕێته‌وه‌و بتان‏بینێت له‌خه‌ودان. جا ئه‌وه‌ی به‌ئێوه‌ی ده‌ڵێم، ده‌یڵێم به‌ هه‌مووان: ئێشك بگرن!)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.