Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 14

پلانێك بۆ كوشتنی عیسا

جه‌ژنی تێ‎په‌ڕبوون‎و فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت به‌دوای فێڵێك ده‌گه‌ڕان تا عیسای پێ‌ بگرن‎و بیكوژن. به‌ڵام ووتیان: (بائه‌مه‌ له‌جه‌ژنا نه‌بێت، نه‌وه‌ك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا ئاژاوه‌ ڕووبدات.)

ئاماده‌كردنی عیسا بۆ ناشتن

كاتێ‌ عیسا له‌شاری به‌یت‎عه‌نیا بوو، له‌ماڵی شه‌معونه‌ ‎گول له‌سه‌ر خوان دانیشتبوو، ژنێك هات شوشه‌یه‌ك بۆنی ناردینی سافی گرانبه‌های به‌ده‌سته‌وه‌بوو، شوشه‌كه‌ی شكاندو بۆنه‌كه‌ی‎كرد به‌سه‌ر عیسا. به‌ڵام هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌وێ‌بوون زویربوون‎و له‌دڵی خۆیان ووتیان: (ئه‌م بۆنه‌ بۆ به‌و شێوه‌یه‌ خه‌ساركرا؟ ده‌توانرا بۆنه‌كه‌ به‌زیاتر له‌سێ‎سه‌د دینار بفرۆشرایه‌و پاره‌كه‌ی بدرایه‌ به‌هه‌ژاران.) جا ده‌ستیانكرد به‌سه‌رزه‌نشت كردنی ژنه‌كه‌. به‌ڵام عیسا ووتی: (وازی لێ‎بهێنن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ ئه‌و كارێكی چاكی به‌رامبه‌ر كردم. چونكه‌ هه‌ژاران هه‌موو كاتێ‌ لاتان هه‌ن، هه‌ر كاتێكیش ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان به‌رامبه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌موو كاتێك لاتان نیم. ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هات‎ كردی، ده‌ست‎پێشخه‌ری خۆی كرد له‌بۆن لێ‎دانی له‌شم‏و ئاماده‌ كردنی بۆ ناشتن. ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: له‌هه‌ر شوێنێك له‌م جیهانه‌دا بانگه‌وازی ئه‌م مزگێنییه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، یادی ئه‌مه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردی.)

ناپاكی یه‌هوزا

ئینجا یه‌هوازی ئه‌سخه‌ریوتی كه‌یه‌كێ‎بوو له‌دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌، ڕۆیشت بۆ لای سه‌رۆك كاهینه‌كان تاكو عیسا بدات ‎به‌ده‌سته‌وه‌. كاتێ‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، زۆر پێخۆشحاڵ بوون‏و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێدا پاره‌ی بده‌نێ، به‌م شێوه‌ ئه‌و ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌لێك تا عیسا بدات‎ به‌ده‌سته‌وه‌.

نانی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون

له‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌، ئه‌وه‌ی قوربانی تێپه‌ڕبوونی تێداده‌كرێ، قوتابیه‌كان له‌عیسایان پرسی: (ده‌ته‌وێ‌ بۆ كوێ‌ بڕۆین نانی جه‌ژنت بۆ ئاماده‌كه‌ین تا بیخۆیت؟) ئه‌ویش دووان له‌قوتابیه‌كانی نارد، پێی‎ووتن: (بڕۆن بۆ ناو شار، له‌وێ‌ پیاوێكتان پێ‎ده‌گات گۆزه‌یه‌ك ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای‎ بكه‌ون. كـاتێ‌ چــووه‌ ژووره‌وه‌، ئێوه‌ به‌خــاوه‌ن ‎ماڵ بڵێن: مامۆستا ده‌ڵێت: كوا دیوه‌خانه‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانم نانی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوونی تیا ده‌خۆم؟) ئینجا ئه‌ویش ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان‎ده‌دات له‌نهۆمی دووه‌می مـاڵه‌كـه‌، ڕاخـراوه‌و ئامـاده‌كـراوه‌، ئاله‌وێدا بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن.) ئیتر دوو قوتابیه‌كه‌ ڕۆیشتن‏و ژووره‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ بینی كه‌ عیسا پێی ووتبوون، جا له‌وێدا نانی تێپه‌ڕبوونیان ئامـاده‌كــرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، عیسا له‌گه‌ڵ دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی هات. كاتێ‌ له‌سه‌ر خوان دانیشتبوون نانیان ده‌خوارد، عیسا به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم، یه‌كێ‌ له‌ئێوه‌ كه‌ئێستا له‌گه‌ڵم نان ده‌خوات، ده‌م‎دات به‌ده‌سته‌وه‌. قوتابیه‌كان غه‌م دایگرتن، یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌ستیان‎كرد به‌پرسیار لێی: (ئایا منم؟) ئه‌و وه‌ڵامی‎دانه‌وه‌و ووتی: (ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌م دوانزه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی به‌نانه‌وه‌ له‌قاپه‌كه‌دایه‌. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات كه‌ له‌كتێبی پیرۆزدا له‌سه‌ری نووسراوه‌، به‌ڵام خاك‎به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌، باشتر بوو ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر له‌دایك نه‌بووایه‌.) هه‌ر له‌وكاته‌ی نانیان ده‌خوارد، عیسا نانێكی هه‌ڵگرت، پیرۆزی‎كرد، له‌تی‎كردو دای پێیان، ووتی: (وه‌گرن، ئه‌مه‌ له‌شمه‌.) ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت‏و سوپاسی خودای كردو ‎پێیانیدا، هه‌موو لێیان‎خوارده‌وه‌. پێی‎ووتن: (ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، خوێنی په‌یمانی نوێیه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ڕژێ‌ له‌پێناوی زۆر كه‌س. ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم: ئیتر له‌به‌ری مێو ناخۆمه‌وه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌پادشاهێتی خودا جارێكیكه‌ به‌ نوێی له‌وبه‌ره‌ ده‌خۆمه‌وه‌.) ئینجا به‌گۆرانی ستایشی خودایان‎كردو بۆ شاخی زه‌یتون ڕۆیشتن.

نكۆڵیكردنی په‌ترۆس

عیسا پێی‎ووتن: (هه‌مووتان ده‌كه‌ونه‌ گومانه‌وه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: [[له‌شوان ده‌ده‌م، ئیتر مه‌ڕه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌]]. به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ جه‌لیل.) په‌ترۆس پێی‎ووت: (گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م.) عیساش پێی‎ووت: (ڕاستت پێ‌‎ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر دووجار بخوێنێ، سێ‎جار نكۆڵیم لێده‌كه‌ی.) به‌ڵام په‌ترۆس به‌پشت ئه‌ستوریه‌وه‌ ووتیه‌وه‌: (گه‌ر بشمرم له‌گه‌ڵت نكۆڵیت لێ‌ناكه‌م.) هه‌روه‌ها قوتابیه‌كانیكه‌ش هه‌موو وایان ووت.

نوێژی عیسا له‌باخی جه‌سیمانی

ئینجا چوون بۆ شوێنێك پێیده‌وترا جه‌سیمانی، به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ئا لێره‌بن تا نوێژ ده‌كه‌م.) ئه‌وسا په‌ترۆس‎و یاقوب‎و یۆحه‌ننای له‌گه‌ڵ خۆی‎بردو له‌وێدا هه‌ستی به‌دڵگرانیو دڵته‌نگی‎كرد. پێی‎ووتن: (زۆر دڵگرانم تامردن، بمێننه‌وه‌ لێره‌و ئێشك بگرن.) ئینجا كه‌مێك لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی‎داداو ده‌ستی‎كرد به‌نوێژكردن‎و داوای ئه‌وه‌ی كرد كاته‌كه‌ی به‌سه‌ر تێ‌په‌ڕێت، گه‌ر ده‌بێت. ووتی: (ئه‌ی باوك، تۆ ده‌توانی هه‌موو شتێك بكه‌ی، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لابه‌ره‌، به‌ڵام با وانه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌خۆت ده‌ته‌وێت.) دوای ئه‌مه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بینی قوتابیه‌كانی نووستون، به‌په‌ترۆسی ووت: (ئه‌ی شه‌معون نووستویت؟ نه‌تتوانی كاژێرێك ئێشك بگری؟ نوێژ بكه‌ن‎و ئێشك بگرن، نه‌وه‌ك تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕۆح چالاكه‌ به‌ڵام له‌ش لاوازه‌.) دیسان ڕۆیشته‌وه‌ جارێكیتر نوێژی‎كردو هه‌مان ووته‌ی دووباره‌كرده‌وه‌. كاتێ‌ گه‌ڕایه‌وه‌، سه‌یری‎كرد دیسان نووستوون، چونكه‌ خه‌و چاوی قورس‎كردبوون، نه‌یانزانی به‌چی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. كاتێ‌ بۆ سێهه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆلایان پێی‎ووتن: (تائێستا نووستون‏و پشووده‌ده‌ن؟ ئیتر به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌، ئه‌وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست گوناهباران. هه‌ستن با بڕۆین، ئه‌وا نزیك بووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مدات به‌ده‌سته‌وه‌.)

گرتنی عیسا

هه‌ر له‌و كاته‌دا عیسا قسه‌ی‎ ‎ده‌كرد، یه‌هوزا كه‌ یه‌كێك بوو له‌دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی زۆر كه‌ شمشێرو داریان هه‌ڵگرتبوو گه‌یشتنه‌ ئه‌وێ، ئه‌مانه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆك ‎كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و پیرانه‌وه‌ نێررابوون. ئه‌وه‌ی عیسای دابه‌ده‌سته‌وه‌، نیشانه‌یه‌كی دانێ‌، ووتی: (ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن‎و بیبه‌ن.) هه‌ر كه‌ یه‌هوزا گه‌یشته‌ ئه‌وێ، له‌عیسا هاته‌پێشه‌وه‌و ووتی: (مامۆستا!) ئینجا به‌گه‌رمییه‌وه‌ ماچی‎كرد. ئیتر ده‌ست‎به‌جێ‌ ده‌ستیان له‌سه‌رداناو گرتیان. به‌ڵام یه‌كێ‌ له‌وانه‌ی له‌وێدا له‌گه‌ڵ عیسا ڕاوه‌ستابوون، شمشێره‌كه‌ی ده‌رهێناو كێشای به‌یه‌كێ‌ له‌كۆیله‌كانی سه‌رۆك كاهین‎و گوێی بڕی. عیساش پێی‎ووتن: (وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ستگیركردنی یاخی‏بوویه‌ك به‌دارو شمشێره‌وه‌ هاتوون؟ هه‌موو ڕۆژێ‌ له‌په‌رستگا له‌ناوتان بووم خه‌ڵكم فێر ده‌كرد نه‌تان‎گرتم، به‌ڵام باكتێب بێته‌دی.) دوای ئه‌مه‌ هه‌موو ڕایان كردو به‌جێیان‎ هێشت. كوڕێكی گه‌نج نه‌بێ‌ كه‌هیچی له‌به‌ر نه‌بوو جگه‌ له‌پارچه‌یه‌ك خامی ته‌نك كه‌ خۆی پێ‎داپۆشی بوو، كوڕه‌ دوای عیسا كه‌وت، ئه‌ویشیان گرت. به‌ڵام ئه‌و جله‌كه‌ی به‌جێ‌ هێشت‎و به‌ڕووتی له‌ده‌ستیان ڕای‎كرد.

دادگایی‏كردنی عیسا

ئینجا عیسایان برده‌ لای سه‌رۆك كاهین، پیران‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‏و سه‌رۆك كاهینه‌كانی تریش هه‌موو كۆبوونه‌وه‌. په‌ترۆس دوور به‌دوور دوای عیسا كه‌وت هه‌تا ماڵی سه‌رۆك كاهین، له‌گه‌ڵ ئێشك‎گره‌كان دانیشت له‌به‌رده‌م ئاگر خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌. سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و هه‌موو ئه‌نجومه‌ن ده‌ستیان‎كرد به‌گه‌ڕان به‌دوای شایه‌تییه‌ك تا سزای كوشتن بـه‌سه‌ر عیسادا بده‌ن، به‌ڵام هیچی وایان نه‌دۆزیه‌وه‌. كه‌سانێكی زۆر به‌درۆ شایه‌تییان دژی ئه‌ودا، به‌ڵام قسه‌كانیان به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كتره‌وه‌ بوو. ئینجا هه‌ندێكیان به‌درۆ شایه‌تییان له‌سه‌رداو ووتیان: (گوێمان لێ‎بوو ده‌ی‎ووت: ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ست دروستی‎كردووه‌ من ده‌یڕوخێنم، دوایی له‌ماوه‌ی سێ‌ ڕۆژدا په‌رستگایه‌ك دروست‎ده‌كه‌م كه‌ به‌ده‌ست دروست نه‌كرابێت.) به‌ڵام له‌مه‌ش دیسان قسه‌كانیان به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كتره‌وه‌ بوو. ئینجا سه‌رۆك كاهین له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا ڕاوه‌ستاو له‌عیسای پرسی: (هیچ ناڵێیت ده‌رباره‌ی ئه‌و شایه‌تییانه‌ی دژت ده‌درێ‌؟) به‌ڵام عیسا به‌بێ‎ده‌نگی مایه‌وه‌و هیچ وه‌ڵامی‎ نه‌دایه‌وه‌. دیسانه‌وه‌ سه‌رۆك كاهین لێی‎پرسی، ووتی: (ئایا تۆ مه‌سیحی، ڕۆڵه‌ی خودای پیرۆز؟) عیسا ووتی: (من ئه‌وم. له‌دواییشدا ده‌بینن چۆن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ داده‌نیشێت له‌لای ڕاستی خودای به‌ تواناوه‌، ئینجا له‌سه‌ر هه‌وره‌كانی ئاسمان دێته‌وه‌.) سه‌رۆك كاهین جله‌كانی خۆی دادڕی‎و ووتی: (ئیتر پێویستمان به‌شایه‌تی نییه‌. خۆ گوێتان له‌كفره‌كه‌ی بوو، بڕیاری ئێوه‌ چییه‌؟) هه‌موو بڕیاریاندا كه‌ عیسا شایانی كوشتنه‌. هه‌ندێكیان ده‌ستیان‏كرد به‌تف‎ لێ‎كردنی‎و هه‌ندێكی‎كه‌شیان ده‌م‎و چاویان داپۆشی‎و پیایان ده‌كێشاو پێیان ده‌ووت: (هه‌ڵی‎بهێنه‌ كێیه‌؟) دوای ئه‌مه‌ پاسه‌وانه‌كانیش به‌ زلله‌ پێیان‏كێشا.

نكۆڵی په‌ترۆس له‌ عیسا

له‌كاتێكدا په‌ترۆس له‌خواره‌وه‌ له‌حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ دانیشتبوو، یه‌كێ‌ له‌و ئافره‌تانه‌ی له‌لای سه‌رۆك كاهین كاری ده‌كرد هاته‌ ئه‌وێ. كاتێ‌ په‌ترۆسی بینی خۆی گه‌رم‎ ده‌كاته‌وه‌، سه‌یری كردو پێی‎ووت: (تۆش له‌گه‌ڵ عیسای ناسیری بوویت.) به‌ڵام په‌ترۆس نكۆڵی لێ‌كردو ووتی: (نازانم، تێ‎ناگه‌م ده‌ڵێی چی.) ئینجا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لای ده‌رگاكه‌. [له‌وكاته‌دا كه‌ڵه‌شێری به‌یانی خوێندی.] لێره‌ ئافره‌تێكیكه‌ له‌وانه‌ی له‌وێ‌ كاریان ده‌كرد بینی، ووتی به‌وانه‌ی له‌وێدا ڕاوه‌ستابوون (ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌وان.) په‌ترۆس دیسان نكۆڵی لێ‌كرد. پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌وێدا ڕاوه‌ستابوون، دیسانه‌وه‌ پێیان ووت: (ڕاسته‌ تۆ یه‌كێكی له‌وان، چونكه‌ تۆش جه‌لیلیت.) به‌ڵام په‌ترۆس ده‌ستی‎كرد به‌قسه‌ به‌خۆ ووتن‎و سوێند خواردن‎و ووتی: (ئه‌م كابرایه‌ی باسی‎ده‌كه‌ن، من نایناسم.) له‌وكاته‌دا كه‌ڵه‌شێری به‌یانی جارێكی‎كه‌ش خوێندی، ئه‌وسا په‌ترۆس بیری‎كه‌وته‌وه‌ ئه‌وه‌ی عیسا پێی‎ووت: (پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێری به‌یانی دوو جار بخوێنێ، سێ‎جار نكۆڵیم لێ‌ده‌كه‌ی.) ئینجا خۆی پێنه‌گیراو ده‌ستی‎كرد به‌گریان.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.