Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

مەرقۆس 15

عیسا ده‌درێته‌ ده‌ست پیلاتۆس

كاتێ‌ ڕۆژ بووه‌وه‌، سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و پیران‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و هه‌موو ئه‌نجوومه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌. ئینجا عیسایان به‌ده‌ستی به‌ستراوه‌وه‌ بردو دایانه‌ ده‌ستی پیلاتۆس. پیلاتۆس لێی‎پرسی: (تۆی پادشای جووله‌كه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ ووتت.) لێره‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان تاوانی زۆریان خسته‌پاڵی. پیلاتۆس دووباره‌ لێی‎پرسی: (چییه‌، هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ بزانه‌ چیت پێ‎ده‌ڵێن!) به‌ڵام عیسا هیچ وه‌ڵامی‎ نه‌دایه‌وه‌، پیلاتۆس به‌مه‌ سه‌رسام بوو.

بڕیاری له‌خاچ دانی عیسا

پیلاتۆس له‌هه‌موو جه‌ژنێك یه‌كێك له‌و به‌ندانه‌ی ئازاد ده‌كرد كه‌گه‌ل داوای ده‌كرد. یه‌كێك كه‌ ناوی باراباس بوو، له‌و كاته‌دا له‌به‌ندیخانه‌ی پیلاتۆس به‌ندبوو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی كه‌ گێره‌شێوێن‎و پیاوكوژ بوون. ئینجا خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو داوایان له‌پیلاتۆس كرد ئه‌وه‌ی هه‌موو كاتێك بۆیانی ده‌كات، جێ‎به‌جێ‌ بكات. پیلاتۆسیش قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن‎و لێی‎پرسین: (ده‌تانه‌وێ‌ پادشای جووله‌كه‌تان بۆ ئازادكه‌م؟) چونكه‌ ده‌یزانی سه‌رۆك كاهینه‌كان له‌ڕقا ئه‌میان داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌. به‌ڵام سه‌رۆك كاهینه‌كان خه‌ڵكه‌كه‌یان هاندا تاكو داوای ئازادكردنی باراباس بكه‌ن. پیلاتۆس دیسان لێی‎پرسین: (ئه‌ی باشه‌ چی‎بكه‌م له‌وه‌ی كه‌ به‌پادشای جووله‌كه‌ ناوی ده‌به‌ن؟) یه‌ك له‌دوای یه‌ك هاواریان‎كرد: (له‌خاچی بده‌!) پیلاتۆس لێی‎پرسین: (باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟) كه‌چی ئه‌وان زیاتر هاواریان‎كرد: (له‌خاچی بده‌!) جا چونكه‌ پیلاتۆس ده‌یویست خه‌ڵكه‌كه‌ ڕازی‎ بكات، هه‌ستا باراباسی بۆ ئازادكردن، دوای ئه‌مه‌ عیسا درایه‌ به‌ر قامچی‎و نێررا بۆ له‌خاچدان.

سه‌ربازه‌كان گاڵته‌ به‌عیسا ده‌كه‌ن

سه‌ربازه‌كان بردیانه‌ ناو خانوویه‌ك كه‌ هی ئمپراتۆریه‌ت بوو، له‌وێ‌ هه‌موو له‌شكره‌كه‌یان بانگ‏كردو لێیكۆبوونه‌وه‌. كراسێكی ئه‌رخه‌وانی گرانبه‌هایان له‌به‌ركرد، له‌سه‌ر سه‌ری تۆقێكیان دانا له‌دڕك دروستكرابوو. ده‌ستیان‏كرد به‌سڵاو لێ‎كردنی‎و ده‌یان‎ووت: (سڵاوت لێ‎بێت ئه‌ی پادشای جووله‌كه‌!) ئینجا به‌قامیش كێشایان به‌سه‌ریو خۆیان بۆ چه‌مانده‌وه‌و چۆكیان بۆداداو تفیان لێ‎كرد. دوای ئه‌وه‌ی به‌باشی گاڵته‌یان پێ‎كرد، كراسه‌ ئه‌رخه‌وانییه‌كه‌یان له‌به‌رداكه‌ندو جله‌كانی خۆییان له‌به‌ركرده‌وه‌و بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ له‌خاچدان.

مردنی عیساو له‌خاچدانی

كابرایه‌ك كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ڕۆیشت، بانگیان‎كردو ناچاریان‏كرد تاكو خاچه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵگرێت. ئه‌و كابرایه‌ش ناوی شه‌معونی قه‌یره‌وانی بوو، باوكی ئه‌سكه‌نده‌رو ڕوفوس، تازه‌ له‌كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌. ئینجا عیسایان برد بۆ شوێنێك پێی ده‌وترا گولگۆسه‌ واته‌ (كاسه‌‎سه‌ر). ئینجا مه‌ییان داپێی تێكه‌ڵكرابوو له‌گه‌ڵ تاڵاو، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی له‌خاچیان‎دا كراسه‌كه‌یان دابه‌ش‏كرد، شێروخه‌تیان له‌سه‌ركرد بۆئه‌وه‌ی بزانن هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و كاته‌ی له‌خاچیان‎دا كاژێری نۆی به‌یانی بوو، تاوانه‌كه‌شی به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ نووسرابوو: پادشای جووله‌كه‌. له‌گه‌ڵ دوو دز له‌خاچیان‎دا، یه‌كێ‌ له‌ده‌ستی ڕاستیه‌وه‌، ئه‌ویكه‌ش له‌ده‌ستی چه‌پیه‌وه‌. [به‌مه‌ نووسراوی كتێب هاته‌دی كه‌ده‌ڵێت: له‌ریزی تاوانباران دانرا.] ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، قسه‌یان پێ‎ده‌ووت‎و گاڵته‌یان پێ‎ده‌كرد، سه‌ریان باده‌داو ده‌یان‎ووت: (ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگاو دروستكه‌ره‌وه‌ی به‌سێ‌ ڕۆژ، له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ وه‌ره‌ خواره‌وه‌و خۆت ڕزگار بكه‌.) به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت گاڵته‌یان پێ‎ده‌كردو به‌یه‌كتریان ده‌ووت: (بزانه‌ خه‌ڵكی‎كه‌ی ڕزگاركرد، به‌ڵام ناتوانێ‌ خۆی ڕزگار بكات. با ئێستا مه‌سیحی پادشای ئیسرائیل له‌سه‌ر ئه‌و خاچه‌ دابه‌زێت، تا هه‌موو ببینین‏و باوه‌ڕبهێنین.) ته‌نانه‌ت دزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچده‌دران گاڵته‌یان پێ‌ده‌كرد.

كاتێ‌ بوو به‌دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ، تاریكی باڵی كێشا به‌سه‌ر زه‌ویداو زه‌وی هه‌موو تاریك‎بوو، تا كاژێری سێی پاش نیوه‌ڕۆ. له‌كاژێری سێی پاش نیوه‌ڕۆدا عیسا به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری‎كرد: (ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟) به‌واتای (خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ‏هێنام؟) هه‌ندێ‌ كه‌س كه‌ له‌وێ‌ ڕاوه‌ستابوون، كاتێ‌ گوێیان له‌مه‌ بوو ووتیان: (ئه‌وه‌ بانگی ئه‌لیاس پێغه‌مبه‌ر ده‌كات.) یه‌كێ‌ خێرا ڕای‎كردو ئه‌سفنجێكی له‌سركه‌ هه‌ڵكێشاو كردی به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌و دای‎پێی، تاكو لێی‎بخواته‌وه‌و ووتی: (بابزانین ئه‌لیاس دێت دای‎بگرێت!)

ئینجا عیسا به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری‎كردو ڕۆحی دابه‌ده‌سته‌وه‌. په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌سه‌ره‌وه‌ تاخواره‌وه‌ دڕاو بوو به‌دوو به‌شه‌وه‌. كاتێ‌ ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ری ڕاوه‌ستابوو، بینی عیسا چۆن ڕۆحی سپارد، ووتی: (به‌ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!) ژنێكی زۆر له‌دووره‌وه‌ ته‌ماشای ڕووداوه‌كه‌یان ده‌كرد، له‌نێوانیاندا مریه‌می مه‌جده‌لی‎و مریه‌می دایكی یاقوبی بچووك‎و یوسف‎و سالومه‌یان له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌مانیش ئه‌وانه‌ بوون كه‌به‌دوای عیسادا ده‌ڕۆیشتن‎و خزمه‌تیان ده‌كرد كاتێ‌ له‌جه‌لیل بوو، هه‌روه‌ها زۆر ژنی ‎تریش له‌گه‌ڵی هاتبوون بۆ قودس.

ناشتنی عیسا

كاتێ‌ ئێواره‌ داهات، ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژی خۆئاماده‌كردن بوو، مانای ڕۆژێك پێش ڕۆژی شه‌ممه‌، یوسف كه‌خه‌ڵكی شاری ڕامه‌ بوو، ئه‌ندامێكی به‌رزی ئه‌نجوومه‌نی باڵای جووله‌كه‌بوو، ئه‌ویش له‌وانه‌بوو كه‌ چاوه‌ڕێی پادشاهێتی خودایان ده‌كرد، هات‎و بێ‎ترس چووه‌ لای پیلاتۆس‎و داوای ته‌رمه‌كه‌ی عیسای‎كرد. پیلاتۆس سه‌ری سوڕما له‌وه‌ی كه‌ عیسا مردووه‌، سه‌رپه‌له‌كه‌ی بانگ‎كردو لێی‎پرسی: (ئایا ده‌مێكه‌ مردووه‌؟) كاتێ‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ باسه‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌، فه‌رمانی‎دا ته‌رمه‌كه‌ی عیسا بده‌ن به‌یوسف. ئینجا یوسف كه‌تانی كڕی، لاشه‌كه‌ی داگرت‎و به‌كه‌تان كفنی‎كردو له‌گۆڕێكدا ناشتی كه‌ له‌به‌رد هه‌ڵكه‌نرا بوو. دوایی به‌ردێكی گلۆر كرده‌وه‌ به‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌. مریه‌می مه‌جده‌لی‎و مریه‌مه‌كه‌یتر كه‌ دایكی یوسف بوو، سه‌یریان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له‌كوێ‌ ده‌نێژرێ.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.