Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 2

له‌‏دایك بوونی عیسا

له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ ئوغستۆسی قه‌یسه‌ره‌وه‌ فه‌رمان ده‌رچوو تا هه‌موو دانیشتوانی ووڵاته‌كه‌ی ناونووس بكرێت. ئه‌م ناونووس‏كردنه‌ش یه‌كه‌مجاری بوو، له‌‏كاتێكدا كیرینیۆس فه‌رمانڕه‌وای سوریا بوو. خـه‌ڵكی ڕۆیشتن، هـه‌ر یه‌كه‌ بۆ شـاری خۆی هه‌تا ناونووس بكـرێن. جـا یوسف له‌‏شــاری ناسـیره‌وه‌ كـه‌ له‌ناوچــه‌ی جـه‌لیل بوو، به‌ره‌و شـاره‌كـه‌ی داود ڕۆیشت كـه‌ ناوی به‌یت له‌حـم بوو له‌ناوچـه‌ی یه‌هـودیا. چـونكه‌ ئه‌و له‌بنه‌ماڵه‌و هۆزی داود بوو. تاكو لـه‌گـه‌ڵ مریه‌مـی ده‌زگـیرانی كـه‌ له‌و كاته‌دا سكی هه‌بوو، له‌وێ‌ ناونووس بكرێن. هه‌ر له‌و كـاته‌دا ئه‌مـان لـه‌وێ‌ بوون، كاتی منداڵ بوونی هـات. لـه‌به‌ر‏ئه‌وه‌ی لـه‌‏میوانخانه‌ شـوێنیان ده‌ست نه‌كـه‌وت چــوونه‌ ته‌ویلـه‌یه‌ك لـه‌و‏ناوه‌، ئـینجا له‌وێدا كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كـه‌ی‏بوو، پێچـایه‌وه‌و له‌‏ئاخـوڕی ته‌ویله‌كه‌دا خه‌واندی.

فریشته‌یه‌ك مزگێنییده‌دا

له‌و ناوچه‌یه‌ شوان هه‌بوون له‌‏ده‌شت ده‌مانه‌وه‌و به‌‏نۆبه‌ ئێشكی مێگه‌لیان ده‌گرت. فریشته‌یه‌ك له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه‌ هاته‌ لایان، شكۆمه‌ندی خودا دره‌وشایه‌وه‌ له‌ده‌ورو پشتیان، به‌مه‌ ترسێكی زۆریان لـێ‌نیشت. فریشته‌كه‌ پێی ووتن: (مه‌ترسن، ئه‌وا من مژده‌یه‌كی خۆش‏و مه‌زنتان پێ‌ده‌ده‌م كه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌. ئه‌مڕۆ له‌شاری داود ڕزگاركه‌رێك بۆ ئێوه‌ له‌دایك‎بوو، ئه‌ویش مه‌سیحی خوداوه‌نده‌. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ بێ‌ بۆتان، له‌وێ‌ منداڵێكی پێچراوه‌ی نووستو له‌‏ئاخوڕێكدا ده‌بینن.) له‌پڕێكدا له‌گه‌ڵ فریشته‌كه‌ كۆمه‌ڵێ‌ هێزی ئاسمانی ده‌ركه‌وتن، ستایشی خودایان ده‌كردو ده‌یان ووت: (شكۆمه‌ندی بۆ خودا له‌به‌رزایی، بۆ سه‌ر زه‌ویش ئاشتی، بۆ ئه‌وانه‌ی جێی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌ون.) ‏ كاتێ‌ فریشته‌كه‌ لای شوانه‌كان به‌ره‌و ئاسمان ڕۆیشت، به‌‏یه‌كتریان ووت: (كه‌واته‌ با‏بڕۆین بۆ به‌یت‏له‌حم تا ئه‌و ڕووداوه‌ ببینین كه‌وا خوداوه‌ند پێی‏ڕاگه‌یاندین.( ‏به‌خێرایی هاتن شوێنه‌كه‌یان دۆزیه‌وه‌، منداڵه‌كه‌یان به‌‏نووستویی له‌ئاخوڕه‌كه‌دا بینی له‌گه‌ڵ مریه‌م‏و یوسف. كاتێ‌ ئه‌مه‌یان بینی، ده‌ستیان‏كرد به‌‏بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌‏باره‌ی ئه‌و منداڵه‌وه‌ پێیان ووترابوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌مه‌‏بوو، سه‌ریان سوڕما له‌وه‌ی شوانه‌كان ده‌یان ووت. به‌ڵام مریه‌م ئه‌م شتانه‌ی هه‌موو له‌بیری خۆی داده‌ناو له‌‏دڵی خۆی لێكیده‌دایه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ شوانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان، ده‌م به‌‏ستایشی خوداوه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی بیستیان‏و بینییان، به‌و شێوه‌یه‌ی پێیان ووترا بوو.

خه‌ته‌نه‌‏كردنی عیسا

كاتی خه‌ته‌نه‌كردنی منداڵه‌كه‌، دوای به‌سه‌رچوونی هه‌شت ڕۆژ به‌سه‌ر له‌‏دایك بوونی، ناوینرا عیسا هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ر زمانی فریشته‌كه‌ ‏پێشتر ناونرا، پێش ئه‌وه‌ی دایكی سكی پێی هه‌بێ.

دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژانی پاك‎بوونه‌وه‌ی ته‌واوبوو، به‌پێی شه‌ریعه‌تی موسا، یوسف‏و مریه‌م بردیان بۆ قودس، تاكو پێشكه‌شی خوداوه‌ندی بكه‌ن. هه‌روه‌ك چۆن له‌شه‌ریعه‌تی خوداوه‌ند نووسراوه‌: [[هه‌موو كوڕێكی نۆبه‌ره‌ كه‌ سكی دایك ده‌كاته‌وه‌ پێی ده‌ووترێ‌ پیرۆزی خوداوه‌ند.]] هه‌روه‌ها بۆ پێشكه‌ش كردنی قوربانی، وه‌ك له‌شه‌ریعه‌تی خوداوه‌ند ووتراوه‌: [[جووتێ‌ كوكوختی یان جووتێ‌ بێچووه‌ كۆتر.]]

له‌‏قودس پیاوێك هه‌بوو ناوی شه‌معون بوو، پیاوێكی چاك‏و له‌خواترس بوو، چاوه‌ڕێی دڵدانه‌وه‌ بوو بۆ ئیسرائیل، ڕۆحی پیرۆزیشی تێدا‏بوو. ڕۆحی پیرۆز ئاگاداری كردبوو، كه‌ نامرێ‌ تا مه‌سیحی خوداوه‌ند نه‌بینێ‌. به‌هۆی ڕۆحه‌وه‌ هاتبوو بۆ په‌رستگا. كاتێ‌ دایك‏و باوكی عیسا منداڵه‌كه‌یان هێنا تا به‌پێی شه‌ریعه‌ت ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیكه‌ن بۆی. شه‌معون منداڵه‌كه‌ی خسته‌ سه‌ر هه‌ردوو ده‌ستی‏و ستایشی خودای‏كرد‏و ووتی:

(ئه‌ی خوداوه‌ند ئێستا به‌نده‌ی خۆت با به‌ئاشتی چاولێك بنێ‌ به‌پێی به‌ڵێنی خۆت.

ئه‌وا چاوم ڕزگاری تۆی بینی،

ئه‌وه‌ی ئاماده‌ت كردووه‌ بۆ هه‌موو گه‌لان، ڕووناكی بێت بۆ نه‌ته‌وه‌كان‏و شكۆ‏مه‌ندی بێت بۆ ئیسرائیل.)

‏ دایك‏و باوكی سه‌رسام بوون له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی منداڵه‌كه‌ ووترا. شه‌معون داوای پیرۆزی بۆ كردن‏و به‌ مریه‌می دایكی منداڵه‌كه‌ی ووت: (به‌هۆی ئه‌م منداڵه‌وه‌ كه‌سانێكی زۆر له‌ئیسرائیل ده‌كه‌ون‎و زۆریش هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ده‌بێ‌ به‌نیشانه‌یه‌ك به‌ربه‌ره‌كانی ده‌كرێ، تا نیازی دڵی زۆر‏كه‌س ئاشكرابێ‌. شمشێرێكیش جه‌رگی تۆ ده‌بڕێ‌.)

ژنێك به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوا ناوی حه‌ننه‌ بوو كچی فه‌نۆئیلی پێ‌ ده‌وترا، سه‌ر به‌‏تیره‌ی ئه‌شیر بوو، زۆر به‌ساڵدا چوو بوو، ته‌نها حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ژیا‏بوو. پاشان به‌بێوه‌ژنی مابووه‌وه‌ تا ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ هه‌شتاو چوار ساڵی. په‌رستگاكه‌ی به‌جێ‌ نه‌ده‌هێشت، شه‌و و ڕۆژ خودای ده‌په‌رست، به‌‏نوێژ‏و ڕۆژوگرتن. له‌و‏كاته‌دا ئاماده‌بوو، ده‌ستیكرد به‌‏سوپاس‏كردنی خوداو باسی عیسای له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا كرد كه‌ له‌‏قودس چاوه‌ڕوانی ڕزگاركه‌ر‏بوون. دوای ته‌واوبوو‏ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تی خوداوه‌ند داوای ده‌كات، دایك و باوكی عیسا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌یان كه‌ ناوی ناسیره‌ بوو له‌‏جه‌لیل. منداڵه‌كه‌ نه‌شونمای ده‌كردو به‌هێز ده‌بوو، پڕ‏ده‌بوو له‌‏دانایی‏و به‌ره‌كه‌تی خودای له‌سه‌ر بوو.

عیسا له‌ په‌رستگادا

دایك‏و باوكی هه‌موو ساڵێك له‌‏جه‌ژنی تێ‌په‌ڕبوون ده‌چوون بۆ قودس. كاتێ‌ عیسا ته‌مه‌نی گه‌یشته‌ دوانزه‌ ساڵ، وه‌ك هه‌موو ساڵانی تر له‌‏جه‌ژندا به‌ره‌و قودس ڕۆیشتن. دوای ته‌واو‏بوونی ڕۆژانی جه‌ژن گه‌ڕانه‌وه‌، عیسای منداڵ له‌قودس مایه‌وه‌ بێ‌ئه‌وه‌ی ئه‌وان بزانن. وایان ده‌زانی كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیاندایه‌ به‌‏ڕێگاوه‌، ڕۆژه‌ ڕێگایه‌ك ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ ده‌ستیان‏كرد به‌گه‌ڕان به‌‏دوایدا له‌نێوان خزم‏و ناسیاوه‌كانیان. كاتێ‌ نه‌یان دۆزیه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قودس تا به‌دوایدا بگه‌ڕێن. دوای سێ‌ ڕۆژ گه‌ڕان له‌په‌رستگادا دۆزیانه‌وه‌، سه‌یریان‏كرد دانیشتووه‌ له‌نێوان مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت، گوێی بۆ ڕاگرتوون‏و پرسیاریان لـێ‌ده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێیبوو، سه‌رسام بوون له‌ تێگه‌یشتن‏و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی. كاتێ‌ بینییان سه‌ریان ‎سوڕما، ئینجا دایكی پێی ووت: (كوڕم بۆ وات لـێ‌كردین؟ من‏و باوكت به‌ بێ‌ ئارامی به‌دواتدا ده‌گه‌ڕاین.) وه‌ڵامی دانه‌وه‌‏، ووتی: (بۆچی به‌‏دوامدا ده‌گه‌ڕان؟ ئایا نه‌تانزانی پێویسته‌ له‌‏سه‌رم، له‌ماڵی باوكم بم؟) به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و ووتی، ئه‌وان تێینه‌گه‌یشتن. ئینجا له‌گه‌ڵیان گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ره‌و شاری ناسیره‌و گوێڕایه‌ڵیان بوو، مریه‌می دایكیشی ئه‌مانه‌ی هه‌موو ده‌خسته‌ دڵیه‌وه‌. عیساش له‌‏دانایی‏و به‌ژن‏و باڵا گه‌وره‌ ده‌بوو، جێی ڕه‌زامه‌ندی خوداو خه‌ڵكی بوو.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.