Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 3

یه‌حیای ‏له‌‏ئاوهه‌ڵكێش

له‌ساڵی پانزه‌هه‌مینی فه‌رمانڕه‌وایی تێباریۆسی قه‌یسه‌ر، كاتێ‌ بونتیۆس پیلاتۆس لـێپرسراوی یه‌هودیا بوو، هه‌روه‌ها هێرۆدس لـێپرسراوی جه‌لیل و براكه‌شی فیلیپۆس لێپرسراوی ئیتۆریه‌‏و ته‌راخونیتس بوو، لیسانیوسیش لێپرسراوی ئیبیلیه‌ بوو، له‌سه‌رده‌می حه‌نان و قه‌یافای سه‌رۆك كاهینه‌كان، كاتێ‌ یه‌حیا له‌‏ده‌شت‏وده‌ر بوو ووشه‌ی خودای بۆ هاته‌ خواره‌وه‌‏. ئینجا هات بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی سه‌ر ڕووباری ئوردن تا له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌كردن بۆ گوناه‌ به‌خشین ڕابگه‌ێنێ‌. هه‌روه‌ك له‌ په‌رتووكی ئه‌شعیا پێغه‌مبه‌ر نووسراوه‌: [[ده‌نگێك له‌ده‌شت‎وده‌ر بانگه‌واز ده‌كات، ڕێگا بۆ خوداوه‌ند ئاماده‌بكه‌ن، ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن.]] هه‌موو دۆڵێك پڕ ده‌كرێته‌وه‌‏و هه‌موو چیاو گردۆڵكه‌یه‌كیش نزم ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو شوێنه‌ پێچاو‏پێچه‌كان ڕاست ده‌بنه‌وه‌و شوێنه‌ چاڵه‌كان ده‌بنه‌ ڕێگای ڕێك‏و‏ڕه‌وان، هه‌موو كه‌سێ‌ ڕزگاری خودا ده‌بینێ‌‍!)

یه‌حیا به‌‏هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاتبوون بۆ له‌ئاوهه‌ڵكێشان له‌سه‌رده‌ستی، ده‌یووت: (ئه‌ی بێچووه‌ ماران، كێ‌ فێری هه‌ڵاتنیكردوون له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو؟ به‌رووبوومێ‌ بده‌ن شایانی تۆبه‌كردن بێت، به‌خۆتان مه‌ڵێن: (ئێمه‌ ئیبراهیمی باوكمان هه‌یه‌.) من پێتان ده‌ڵێم، خودا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئا له‌م به‌ردانه‌ نه‌وه‌ بۆ ئیبراهیم دروست بكات. ئه‌وا ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر قه‌دی دار، هه‌ر دارێك به‌رووبوومی باش نه‌دات ده‌بڕێته‌وه‌و فڕێ‌ ده‌درێته‌ ناو ئاگر.) خه‌ڵكه‌كه‌ پرسیاریان لـێ‌كرد: (كه‌واته‌ چی بكه‌ین؟) وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی دوو كراسی هه‌یه‌، با یه‌كێكیان بدا به‌وه‌ی كه‌ نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ نانی هه‌یه‌، با هه‌مان شت بكات.) هــه‌نــدێ‌ لــه‌‏باجگرانیش هاتبوون بـۆ لـه‌‏ئـاو‏هـه‌ڵكێشـان، پرسیاریان لـێ‌كرد: (مامۆستا، ئه‌ی ئێمه‌ چی بكه‌ین؟) پێی ووتن: (له‌وه‌ی بۆتان دانراوه‌ زیاتر وه‌رمه‌گرن.) هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ ســه‌ربـاز پرسیاریان لـێ‌كرد: (ئه‌ی ئێمه‌ چی بكه‌ین؟) وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (زۆرداری له‌‏كه‌س مه‌كه‌ن، به‌‏درۆ كه‌س تـاوانبار مـه‌كـه‌ن، به‌مـووچه‌كانتان ڕازیبن.(

له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ل چاوه‌ڕێی مه‌سیحیان ده‌كرد، هه‌موو له‌‏خۆیان ده‌پرسی: (تۆ بڵێی یه‌حیا، مه‌سیحی چاوه‌ڕێ‌ كراو بێ‌؟) یه‌حیا وه‌ڵامی خه‌ڵكه‌كه‌ی دایه‌وه‌: (من له‌ئاو هه‌ڵتان‏ده‌كێشم‏، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دێت له‌‏من به‌‏تواناتره‌، ئه‌وه‌ی من ته‌نانه‌ت شایسته‌ی كردنه‌وه‌ی قه‌یتانی پێڵاوه‌كانی نیم، ئه‌و له‌‏ڕۆحی پیرۆزو له‌‏ئاگر هه‌ڵتان‏ده‌كێشێ‌‏. ئه‌و شه‌نی به‌‏ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ پاك‏كردنه‌وه‌ی خه‌رمانه‌كه‌ی به‌‏ته‌واوی، گه‌نمه‌كه‌ له‌عه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌و كایه‌كه‌ش ده‌سوتێنێ‌ به‌‏ئاگرێك كه‌ ناكوژێته‌وه‌.) دیسان به‌زۆر شتی تر، ئامۆژگاری گه‌له‌كه‌ی ده‌كردو مژده‌ی ده‌دانێ‌. به‌ڵام هێرۆدس كه‌ فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه‌ بوو، له‌لایه‌ن یه‌حیاوه‌ سه‌رزه‌نشت كرا به‌هۆی هێرۆدیای براژنیه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی كه‌ ده‌یكرد، خراپه‌یه‌كی تریشی خسته‌ پاڵ خراپه‌كانی پێشووی ئه‌ویش به‌زیندان‏كردنی یه‌حیا‏.

له‌ئاو‏هه‌ڵكێشانی عیسا

كاتێ‌ گه‌ل هه‌موو له‌‏ئاو‏هه‌ڵكێشران، عیساش له‌‏ئاو‏هه‌ڵكێشرا، له‌‏كاتێكدا نوێژی ده‌كرد، ئاسمان‏كرایه‌وه‌، ڕۆحی پیرۆز له‌‏شێوه‌ی لـه‌شی كـۆترێك له‌سه‌ری نیشته‌وه‌، ده‌نگێك لـه‌‏ئاسمانه‌وه‌ هـات‏و ووتی: (تۆی ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، من پێت دڵشاد بووم.(

بنه‌چه‌ی عیسا

كاتێ‌ عیسا ده‌ستی به‌خزمه‌ته‌كه‌ی كرد، ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سی ساڵ بوو، خه‌ڵكی وایانده‌زانی كوڕی یوسفی كوڕی هالی، كوڕی مه‌تسات كوڕی لاوی، كوڕی موڵكی كوڕی یه‌ننا، كوڕی یوسف. كوڕی مه‌تتاسیا، كوڕی عاموس كوڕی ناحوم، كوڕی حه‌سلی كوڕی نه‌جای، كوڕی ماس كوڕی مه‌تاسیا، كوڕی شه‌معی كوڕی یوسف، كوڕی یه‌هوزا، كوڕی یۆحه‌ننا، كوڕی ڕیسا كوڕی زه‌ربابل، كوڕی شالتیئیل كوڕی نیری، كوڕی موڵكی كوڕی ئادی، كوڕی قوسه‌م كوڕی ئه‌لمودام كوڕی عیری، كوڕی یوسی، كوڕی ئه‌لیعازه‌ر كوڕی یوریم، كوڕی مه‌تسات كوڕی لاوی، كوڕی شه‌معون كوڕی یه‌هوزا، كوڕی یوسف‏كوڕی یۆنان، كوڕی ئه‌لیاقیم، كوڕی مه‌لیا كوڕی مه‌ینان، كوڕی مه‌تاسا كوڕی ناسان، كوڕی داود، كوڕی یه‌سا، كوڕی عوبێد كوڕی بوعه‌ز، كوڕی سه‌لمون كوڕی نه‌حشون، كوڕی عه‌میناداب كوڕی ئارام، كوڕی حه‌سرون، كوڕی فارس كوڕی یه‌هوزا، كوڕی یاقوب كوڕی ئیسحاق، كوڕی ئیبراهیم كوڕی تارح، كوڕی ناحور، كوڕی سه‌روج، كوڕی ڕه‌عو كوڕی فالج، كوڕی عابر كوڕی شالح، كوڕی قینان كوڕی ئه‌رفه‌كشاد، كوڕی سام كوڕی نوح، كوڕی لامه‌ك، كوڕی مه‌توشالح، كوڕی ئه‌خنوخ كوڕی یارد، كوڕی مه‌هلل‏ئیل كوڕی قینان، كوڕی ئه‌نوش كوڕی شیت، كوڕی ئاده‌م كه‌ له‌ خودایه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.