Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 1

ووشه‌ی خودا

‏له‌سه‌ره‌تاوه‌ ووشه‌كه‌* بوو، ووشه‌كه‌ لای خودا بوو، ووشه‌كه‌ش خۆی خودا بوو. ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ لای خودا بوو. به‌و هه‌موو شتێ‌ دروست‎بووه‌، بێ‌‏ئه‌و هیچ شتێك دروست نه‌بووه‌ له‌مانه‌ی كه‌ دروست بوون. ژیان له‌‏ئه‌وا بوو، ئه‌و ژیانه‌ش ڕووناكی مرۆڤ بوو‏، ڕووناكیش تاریكی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌و تاریكی ناتوانێ‌ ڕووناكی ببه‌زێنێ‌.

مرۆڤێك هات كه‌ خودا ناردبووی، ناوی یه‌حیا بوو، ئه‌و هات شایه‌تی بۆ ڕووناكی بدات، تاوه‌كو هه‌مووان به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ باوه‌ڕبهێنن. یه‌حیا خۆی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو شایه‌تی ڕووناكییه‌كه‌ بوو. ئه‌و ڕووناكیه‌ ڕاسته‌ی هه‌موو خه‌ڵكی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ هاته‌ جیهان، ئه‌و له‌جیهاندا بوو، به‌ویش جیهان‏ دروست بوو، كه‌چی جیهان نه‌یناسی. ئه‌و بۆ لای گه‌له‌كه‌ی هات‏، كه‌چی ئه‌وان پێشوازیان لێ‌نه‌كرد. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوازیان لێ‌كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ناوی هێنا، ده‌سه‌ڵاتی پێدان ببن به‌ڕۆڵه‌ی خودا*، ئه‌وانه‌ی نه‌به‌خوێن، نه‌به‌ویستی له‌ش، نه‌به‌ویستی پیاو، به‌ڵكو له‌خوداوه‌ بوون.

ئینجا ووشه‌كه‌ بوو به‌‏له‌ش‏و له‌‏ناوماندا نیشته‌جێ‌بوو، ئێمه‌ شكۆی ئه‌ومان بینی، شكۆی تاقانه‌ی باوك، ئه‌وه‌ی پڕ‏بوو له‌‏به‌ره‌كه‌ت‏و ڕاستی. یه‌حیا شایه‌تی بۆده‌داو هاواری ده‌كرد: (ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كردو ووتم: ئه‌وه‌ی له‌دوای من دێت له‌‏پێش من بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی من ببم.) هه‌موومان له‌‏پڕی ئه‌و به‌ره‌كه‌ت* له‌دوای به‌ره‌كه‌تمان وه‌رگرت، چونكه‌ شه‌ریعه‌ت به‌هۆی موساوه‌ درا، به‌ڵام به‌ره‌كه‌ت‏و ڕاستی به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ هاتن. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، به‌ڵام تاقانه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی له‌باوه‌شی باوكدایه‌، ئه‌و خودای بۆ ئێمه‌ ده‌رخست.

شایه‌تیدانی حه‌زره‌تی یه‌حیا‏

ئه‌مه‌ش شایه‌تییه‌كه‌ی یه‌حیایه‌، كاتێ‌ جووله‌كه‌كانی قودس هه‌ندێ‌ كاهین‏و لاوییان نارد پرسیاری لـێ‌بكه‌ن: (تۆ كێیت؟‏) ئه‌و به‌ بێ‌ دوودڵی دانی پیاناو ووتی: (من مه‌سیح نیم.) ئینجا لێیان پرسی: (ئه‌ی تۆ كێیت؟ ئه‌لیاسی؟) ووتی: (نه‌خێر! ئه‌و نیم.) ووتیان: (ئایا پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی1؟) ووتی: (نه‌خێر.) له‌كۆتاییدا ووتیان: (باشه‌ تۆ كێیت، تا وه‌ڵامه‌كه‌ بده‌ینه‌وه‌ به‌و كه‌سانه‌ی ئێمه‌یان ناردووه‌؟ چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی خۆت؟) ئه‌ویش ووتی: )من [[‏ده‌نگێكم له‌‏ده‌شت‏و‏ده‌ر هاوار ده‌كه‌م: ڕێگای خوداوه‌ند ڕێك‏و ئاماده‌كه‌ن]]، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ر ووتویه‌تی.( ئه‌وانه‌ی له‌‏لایه‌ن فه‌ریسیه‌كانه‌وه‌ نێررابوون، دیسان پرسییان: (باشه‌ گه‌ر تۆ مه‌سیح نیت‏و ئه‌لیاس نیت‏و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ نیت‏، ئیتر بۆچی خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشیت؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشم‏، به‌ڵام له‌‏نێوانتاندا یه‌كێك هه‌یه‌ كه‌ نایناسن، ئه‌و دوای من دێت، من شایانی ئه‌وه‌ نیم قه‌یتانی پێڵاوه‌كانی بۆ بكه‌مه‌وه‌.)

ئه‌مه‌ش ‏له‌‏دێی به‌یت‏عه‌نیا ڕوویدا، له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردونه‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی یه‌حیا خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشا.

به‌رخی قوربانی خودا

ڕۆژێ‌ دوای ئه‌وه‌ یه‌حیا عیسای بینی وا به‌ره‌و ڕووی دێت، ووتی: (ئا ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا[]، ئه‌و قوربانییه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵ‎ده‌گرێت. ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ووتم، ئه‌وه‌ی له‌دوای من دێت له‌‏پێش من بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌بووه‌ پێش بوونی من. ‏منیش نه‌م‎ده‌ناسی، به‌ڵام هاتووم بۆ له‌ئاوهه‌ڵكێشان تا ئه‌و بۆ ئیسرائیل ده‌ركه‌وێ‌.) ئینجا یه‌حیا شایه‌تیداو ووتی: (‏ڕۆحی پیرۆزم* له‌شێوه‌ی كۆترێك بینی له‌‏ئاسمانه‌وه‌ هاته‌خواره‌وه‌و له‌سه‌ر عیسا نیشته‌وه‌. من نه‌م‎ده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشم، ئه‌و پێیووتم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕۆح دێته‌خواره‌وه‌و له‌سه‌ری جێگیر ده‌بێ‌، ئه‌و خه‌ڵكی به‌ڕۆحی پیرۆز هه‌ڵده‌كێشێ‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌م دیووه‌، شایه‌تی ده‌ده‌م ئه‌و ڕۆڵه‌ی خودایه‌.(

قوتابیه‌ یه‌كه‌مینه‌كان

بۆ به‌یانی یه‌حیا له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی دیسان هه‌ر له‌وێ‌ ڕاوه‌ستا بوو، كه‌ عیسا به‌وێدا ڕۆیشت سه‌یریكردو ووتی: (ئا ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا2.) ‏كاتێ‌ دوو قوتابیه‌كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، دوای عیسا كه‌وتن. عیسا ئاوڕیدایه‌وه‌و سه‌یریكرد ئه‌وان به‌‏دوایه‌وه‌ن، لێیپرسین: (چیتان ده‌وێت؟) ووتیان: (ڕابی، (واته‌ مامۆستا) له‌كوێ‌ ده‌ژیت؟) وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (وه‌رن، ببینن.) ئینجا له‌گه‌ڵی ڕۆیشتن‏و ئه‌و شوێنه‌یان بینی كه‌ تیایدا ده‌ژیا‏، كات نزیكه‌ی چواری پاش نیوه‌ڕۆ بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌. ئه‌نده‌راوس كه‌ برای شه‌معون په‌ترۆس بوو، یه‌كێ‌ بوو له‌و دووانه‌ی دوای عیسا كه‌وتن، دوای ئه‌وه‌ی گوێیان له‌قسه‌ی یه‌حیا بوو. هه‌ر كه‌ ئه‌نده‌راوس شه‌معونی برای دۆزییه‌وه‌، پێی ووت: (مه‌سیحمان دۆزیه‌وه‌) واته‌ ده‌ست‏نیشانكراو. ئینجا بردی بۆ لای عیسا، عیسا به‌‏ووردی تێیڕوانی و ووتی: (تۆ شه‌معونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام من بانگت ده‌كه‌م كێفا3، واته‌ په‌ترۆس.)

بۆ به‌یانی عیسا بڕیاریدا بڕوات بۆ ناوچه‌ی جه‌لیل، كاتێ‌ فیلیپۆسی دۆزیه‌وه‌، پێی ووت: (دوام كه‌وه‌!) فیلیپۆس وه‌ك ئه‌نده‌راوس‏و په‌ترۆس خه‌ڵكی شاری به‌یت سه‌یدا بوو. ئینجا فیلیپۆس نه‌سه‌نائیلی دۆزیه‌وه‌ پێی ووت: (‏ئه‌وه‌ی موسا له‌‏ته‌وراتدا له‌سه‌ری نووسیوه‌و پێغه‌مبه‌رانیش له‌په‌رتووكه‌كانیان، دۆزیمانه‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌ عیسای كوڕی یوسفی خه‌ڵكی ناسیره‌یه‌.) نه‌سه‌نائیل ووتی: (ئایا له‌‏شاری ناسیره‌ شتی چاك هه‌ڵ‎ده‌كه‌وێ‌؟) فیلیپۆس پێی ووت: (وه‌ره‌ سه‌یركه‌!)

كه‌ عیسا نه‌سه‌نائیلی بینی وا به‌ره‌و ڕووی دێت، ووتی: (بێ‌گومان ئه‌مه‌ ئیسرائیلییه‌كی بێ‌غه‌لوغه‌شه‌!) نه‌سه‌نائیل له‌عیسای پرسی: (له‌‏كوێ‌ ده‌م‎ناسیت؟) عیسا له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (‏كاتێ‌ له‌ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت تۆم بینی، پێش‎ ئه‌وه‌ی فیلیپۆس بانگت‎بكات.) ئینجا نه‌سه‌نائیل هاواری كردو ووتی: (ئه‌ی مامۆستا، تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت! تۆ پادشای ئیسرائیلیت!) عیسا پێی ووت: (ئایا باوه‌ڕت هێنا چونكه‌ پێم ووتیت تۆم له‌ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بینی؟ بزانه‌ كاری له‌مه‌ش مه‌زنتر ده‌بینیت!) دیسان ووتی: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم، ئێوه‌ ئاسمان به‌كراوه‌یی ده‌بینن‏و فریشته‌ی خودا ده‌بینن له‌به‌رزبوونه‌وه‌و هاتنه‌خواره‌وه‌یان له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی مرۆڤ.)

Source notes (3)
  1. Footnote پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی: مه‌به‌ستی له‌و پێغه‌مبه‌ره‌یه‌ كه‌ موسا باسی ده‌كات. بڕوانه‌ یۆحه‌ یۆحەنا 1‏:45
  2. Footnote به‌رخی خودا: بڕوانه‌ ووشه‌ی كه‌فاره‌ت له‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی زاراوه‌كان.
  3. Footnote كێفا : ووشه‌یه‌كی ئارامیه‌ به‌واتای تاشه‌به‌رد، به‌ یۆنانیش پێی ده‌ووترێ‌ په‌ترۆس.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.