Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

لۆقا 24

زیندووبوونه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح

ئافره‌ته‌كان، ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ به‌یانی زوو، به‌خۆیان‏و ئه‌و بۆن‏و بابه‌تی مانه‌وه‌ی ئاماده‌یان كرد‏بوو، هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. سه‌یریان كرد به‌ردی سه‌ر گۆڕه‌كه‌ لاچووه‌، به‌ڵام كه‌ چوونه‌ژووره‌وه‌، سه‌یریان‎كرد ته‌رمه‌كه‌ی عیسای خوداوه‌ند نه‌ماوه‌. كاتێ‌ له‌م كاره‌ سه‌ریان سووڕمابوو، له‌پڕ دوو پیاویان به‌‏جلی بریسكه‌داره‌وه‌ به‌ته‌نیشتی خۆیانه‌وه‌ بینی. ترس دایگرتن‏و سه‌ریان شۆڕ كرده‌ سه‌ر زه‌وی، دوو كابراكه‌ ووتیان: (بۆچی ده‌گه‌ڕێن به‌دوای یه‌كێكی زیندوو له‌ناو مردوواندا؟ ئه‌و لێره‌ نییه‌، زیندووبووه‌ته‌وه‌، بیركه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌‏جه‌لیل پێی ووتن، كاتێ‌ ووتی: ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، پێویسته‌ بدرێ‌ به‌ده‌ست گوناهبارانه‌وه‌، ئینجا له‌‏خاچ‏بدرێ‌و له‌ڕۆژی سێهه‌م هه‌ستێته‌وه‌.) ئینجا قسه‌كانی عیسایان هاته‌وه‌ یاد. گۆڕه‌كه‌یان به‌جێ‌هێشت‏و گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌واڵی هه‌موو ئه‌م شتانه‌یان به‌‏یانزه‌ قوتابیه‌كه‌و ئه‌وانی‏تر دا. ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ هه‌واڵی ئه‌م شتانه‌یان به‌نێرراوان ڕاگه‌یاند، بریتی بوون له‌مریه‌می مه‌جده‌لـیو یۆناو مریه‌می دایكی یاقوب‏و هه‌ندێ‌ ئافره‌تی‏تر كه‌ له‌گه‌ڵیان هاتبوون. گێڕانه‌وه‌ی قسه‌كانیان هه‌ر له‌‏وڕێنه‌ی ده‌كرد، بۆیه‌ باوه‌ڕیان پێ‌نه‌كردن. ئینجا په‌ترۆس هه‌ستاو ڕایكرد بۆ سه‌ر گۆڕه‌كه‌، كاتێ‌ دانه‌ویه‌وه‌ ته‌نها ئه‌و كفنه‌ی بینی كه‌ تێیه‌وه‌ پێچرا‏بوو، ئینجا زۆر به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ڕوویدا بوو، ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت.

دووان ‏له‌‏قوتابیه‌كان ‏عیسا ‏ده‌بینن

دووان له‌قوتابیه‌كانی، له‌و ڕۆژه‌دا چوون بۆ دیێ‌ عیمواس، كه‌ ته‌نها حه‌وت میل له‌ قودسه‌وه‌ دوور بوو. له‌‏ڕێ‌ باسی ئه‌و هه‌موو شتانه‌یان ده‌كرد كه‌ ڕوویدابوو. له‌وكاته‌دا قسه‌یان ده‌كرد، عیسا خۆی نزیك بووه‌وه‌ لێیان‏و له‌گه‌ڵیان ڕۆیی به‌ڕێدا. به‌ڵام چاویان به‌سترا له‌ناسینی. عیسا لێیپرسین: (ئه‌وه‌ باسی چی ده‌كه‌ن به‌ڕێوه‌؟) ئه‌وانیش به‌دڵته‌نگیه‌وه‌ ڕاوه‌ستان، ‏یه‌كێكیان كه‌ ناوی كلیۆپاس بوو ووتی: (چیه‌، ده‌ڵێی تۆ نامۆیت له‌قودس لات داوه‌، ئاگات له‌وه‌‏نییه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا ڕوویداوه‌؟) ئه‌ویش پێی ووتن: (چی ڕووی داوه‌؟) ئه‌وانیش ووتیان: (ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌عیسای ناسیری ڕوویداوه‌، پێغه‌مبه‌رێكی تواناداربوو له‌قسه‌و كرداری له‌لای خوداو هه‌موو گه‌ل. به‌ڵام سه‌رۆك كاهینه‌كانمان‏و فه‌رمانڕه‌واكان دایان‏به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ له‌خاچدان‏و مردن. ئێمه‌ هیوامان به‌و هه‌بوو، كه‌ به‌ خوێنی خۆی ئیسرائیل ده‌كڕیته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌مڕۆ سێهه‌م ڕۆژه‌ ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌. هه‌ندێ‌ له‌‏و ئافره‌تانه‌ی له‌گه‌ڵمانن به‌هه‌واڵێك زۆر سه‌رسامیان كردین، چونكه‌ به‌یانی زوو چووبوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌، ته‌رمه‌كه‌یان نه‌بینی بوو، ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌و ئه‌مه‌یان باسكردو ووتیان: ئێمه‌ دوو فریشته‌مان بینی ده‌یان ووت: ئه‌و زیندووه‌. هه‌ندێ‌ له‌‏ئێمه‌ چوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌و سه‌یریان‏كرد ئه‌وه‌ی ئافره‌ته‌كان گێڕایانه‌وه‌ ڕاسته‌و له‌‏گۆڕه‌كه‌دا كه‌سیان نه‌بینی.) ئینجا عیسا پێی ووتن: (ئه‌ی تێ‌نه‌گه‌یشتووان، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕان به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌، ئه‌ی باشه‌ نه‌ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئه‌م ئازارانه‌ بچێژێ‌و ئینجا بچێته‌ شوێنی شكۆمه‌ندی خۆی.) ئه‌وسا ده‌ستی‏كرد به‌ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ری نووسراوه‌، هه‌ر له‌ته‌وراتی موساوه‌ تا گشت په‌رتووكه‌كانی پێغه‌مبه‌ران.

وورده‌ وورده‌ نزیك ده‌بوونه‌وه‌ له‌و دێیه‌ی قوتابیه‌كان بۆی هاتبوون. عیسا وا خۆی نیشاندا ئه‌و ده‌ڕوات بۆ شوێنێكی دوورتر. قوتابیه‌كان زۆریان لـێ‌كردو ووتیان: (ئه‌وا ڕۆژئاوا ده‌بێت‏و تاریك دادێت، بمێنه‌وه‌ لامان.) ئه‌ویش به‌مه‌ ڕازی بوو، له‌گه‌ڵیان هاته‌ ماڵه‌وه‌. كاتێ‌ له‌سه‌ر خوان دانیشتن، ده‌ستی برد نانێكی هه‌ڵگرت، پیرۆزی كردو له‌تیكرد، ئینجا دای پێیان. ده‌ست‏به‌جێ‌ چاویان كرایه‌وه‌و ناسیانه‌وه‌، ئیتر له‌به‌رچاویان نه‌ما. به‌یه‌كتریان ووت: (ئه‌مه‌ بۆیه‌ كاتێ‌ قسه‌ی بۆ ده‌كردین، دڵمان له‌ناو سنگماندا وه‌ك ئاگر گڕی گرتبوو.) دوای ئه‌مه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ستان‏و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قودس، سه‌یریان‏كرد یانزه‌ قوتابیه‌كه‌و ئه‌وانه‌ی ‏له‌گه‌ڵیانن، هه‌موو كۆبوونه‌ته‌وه‌، ‏ده‌یان ووت: (ڕاسته‌! گه‌وره‌مان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ده‌ریش‏كه‌وتووه‌ بۆ شه‌معون.) ‏ئینجا هه‌ر دووكیان ده‌ستیان‏كرد به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ڕێگا ڕوویدا‏بوو، هه‌روه‌ها چۆن له‌كاتی نان له‌ت‎كردنه‌كه‌دا ناسییانه‌وه‌.

عیسا بۆ نێرراوان ده‌رده‌كه‌وێ‌

كاتێ‌ باسی ئه‌مه‌یان ده‌كرد، عیسا خۆی هاته‌ ناوه‌ڕاستیان‏و له‌نێوانیان ڕاوه‌ستا، پێی ووتن: (سڵاوتان لـێ‌بێت.) به‌ڵام له‌به‌ر ترس‏و له‌رزی خۆیان وایانزانی ئه‌مه‌ ڕۆحه‌. عیسا پێی ووتن: (ئه‌وه‌ بۆچی واسه‌رتان لـێ‌شێواوه‌؟ بۆچی بیری وادێ‌ به‌دڵتان؟ سه‌یری ده‌ست‏و قاچم بكه‌ن، ده‌ستم لـێ‌ده‌ن‏و دڵنیابن كه‌ من ئه‌وم، چونكه‌ ڕۆح گۆشت‏و ئێسقانی نییه‌ وه‌ك من ئێستا هه‌مه‌.) كاتێ‌ ئه‌مه‌ی ووت ده‌ست‏و قاچی نیشان‎دان. له‌خۆشیو سه‌رسوڕماندا به‌‏ته‌واوی باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، ئینجا پێی ووتن: (هیچتان لێره‌ هه‌یه‌‏ بخورێت؟) ئیتر ئه‌وانیش پارچه‌یه‌ك ماسی برژاویان دایه‌، ئه‌ویش لێیوه‌رگرتن‏و له‌به‌رچاویان خواردی.

ئه‌وسا پێی ووتن: (ئا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و قسانه‌ی بۆم ده‌كردن، كاتێ‌ له‌گه‌ڵتان بووم: پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌‏ته‌وراتی موساو په‌رتووكی پێغه‌مبه‌ران‎و زه‌بوور ده‌رباره‌ی من نووسراون بێته‌دی.) ئینجا بیرو هۆشی كردنه‌وه‌، تا كتێبی پیرۆز تێ‌بگه‌ن. پێی ووتن: (‏ئاوها نووسراوه‌، پێویست بوو مه‌سیح ئازار‏بكێشێ‌و بمرێ‌و دوایی له‌‏ڕۆژی سێهه‌م زیندووبێته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ تۆبه‌كردن‏و لێ‌خۆش‎بوونی گوناه‌ ڕابگه‌یندرێ‌ بۆ هه‌موو گه‌لان، به‌ده‌ست پێ‌كردن له‌قودسه‌وه‌. ئێوه‌ شایه‌تی ئه‌م شتانه‌ن. ‏ئه‌وه‌ی باوكم به‌ڵێنی پێ‌دابوو من خۆم بۆتانی ده‌نێرم، به‌ڵام جارێ‌ له‌ناو شار بمێننه‌وه‌، تا ئه‌و‏كاته‌ی له‌‏ئاسمانه‌وه‌ جلی به‌هێزیتان له‌به‌رده‌كرێت.)

گه‌ڕانه‌وه‌ی عیسا بۆ ئاسمان

دوای ئه‌مـه‌ پێشیان كـه‌وت‏و بردنی بۆ دێی به‌یت‏عـه‌نیا، ده‌ستی به‌رزكـرده‌وه‌و پیرۆزیكردن. له‌و‏كـاته‌دا كه‌ پیرۆزی ده‌كـردن، لێیان جـیابووه‌وه‌و به‌رزبووه‌وه‌ بۆ ئاسمان. چۆكیان بۆ داداو ئیتر زۆر به‌‏شادیه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قودس. به‌ به‌رده‌وامیش ده‌ڕۆیشتن بۆ په‌رستگاو ‏ستایشی خودایان ده‌كرد

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.