Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

یۆحەنا 2

شایی له‌قانا

له‌‏ڕۆژی سێهه‌مدا له‌‏دێی قانا له‌‏ناوچه‌ی جه‌لیل شاییه‌ك هه‌بوو، دایكی عیساش ئاماده‌ی ئه‌و شاییه‌ بوو، هه‌روه‌ها عیساو قوتابیه‌كانیشی بانگ‎كرابوون بۆ ئه‌م شاییه‌. كاتێ‌ شه‌راب ته‌واو بوو، دایكی چووه‌ لای عیساو پێی ووت: (هیچ شه‌رابیان نه‌ماوه‌!) ئه‌ویش پێی ووت: (ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ هه‌یه‌ یان به‌تۆ؟ هێشتا كاتی من نه‌هاتووه‌!) دوایی دایكی عیسا به‌‏ئیشكه‌ره‌كانی ووت: (‏ئه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانتان پێ‌ده‌دات بیكه‌ن.) له‌وێدا شه‌ش كوپه‌ی به‌ردین هه‌بوو، جووله‌كه‌كان ئاوه‌كه‌یان به‌كارده‌هێنا بۆ پاك‏كردنه‌وه‌ به‌پێی خووڕه‌وشتی خۆیان، كوپه‌كان هه‌ریه‌كه‌ی هه‌شتا تا سه‌دو بیست لیتریان ده‌گرت. جا عیسا به‌ئیشكه‌ره‌كانی ووت: (كوپه‌كان پڕكه‌ن له‌ئاو.) ئه‌وانیش كوپه‌كانیان تا سه‌ر پڕكرد. ئه‌وسا پێی ووتن: (‏ئێستا لێیده‌ركه‌ن‏و بیبه‌ن بۆ سه‌رپه‌رشتیكه‌ری شاییه‌كه‌!) ئه‌وانیش وایان كرد. كاتێ‌ سه‌رپه‌رشتیكه‌ر تامی ئه‌و ئاوه‌ی كرد كه‌ گۆڕابوو بۆ شه‌راب، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌ده‌زانی، ئه‌وه‌ی ئیشكه‌ره‌كان ده‌یانزانی چۆنه‌ و چیه‌، ئه‌وسا زاوای بانگ‎كردو پێی ووت: (خه‌ڵكی له‌پێشه‌وه‌ شه‌رابه‌ چاكه‌كه‌ داده‌نێن‏و دوای كه‌مێك خواردنه‌وه‌، شه‌رابی تر ده‌هێنن كه‌ ئه‌وه‌نده‌ باش نه‌بێ‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م. به‌ڵام تۆ شه‌رابه‌ باشه‌كه‌ت هێشتۆته‌وه‌ بۆ ئێستا!)

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو كه‌ عیسا له‌‏دێی قانای ناوچه‌ی جه‌لیل كردی، ئه‌وه‌ی تیایدا شكۆمه‌ندی خۆی ده‌رخست‏و قوتابیه‌كانی باوه‌ڕیان پێ‌هێنا. دوای ئه‌مه‌ عیساو دایكی‏و براكانی‏و قوتابیه‌كانی چوون بۆ شاری كه‌فه‌رناحوم، چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ‌ مانه‌وه‌.

پاكسازی په‌رستگا

كاتێ‌ جه‌ژنی تێپه‌ڕبوونی جووله‌كه‌ نزیك بووه‌وه‌، عیسا چوو بۆ قودس، له‌په‌رستگادا‏* ئه‌وانه‌ی بینی كه‌ مانگاو مه‌ڕو كۆتریان ده‌فرۆشت، هه‌روه‌ها پاره‌گۆڕه‌وه‌كان له‌به‌رده‌م مێزه‌كانیان دانیشتبوون، عیسا له‌گوریس قامچیه‌كی دروست‎كردو ئه‌وانه‌ی له‌‏په‌رستگادا بوون به‌‏خۆیان‏و مه‌ڕو مانگاوه‌ هه‌موویانی ده‌ركرد. پاره‌ی پاره‌گۆڕه‌وه‌كانی په‌رشوبڵاوكرده‌وه‌و مێزه‌كانیانی سه‌ره‌وژێر كرد، ئینجا به‌‏كۆتر فرۆشه‌كانی ووت: (ئه‌م شتانه‌ لێره‌ ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌! چۆن ده‌وێرن ماڵی باوكم بكه‌نه‌ بازاڕ؟) لێره‌دا قوتابیه‌كان ئه‌و ئایه‌ته‌یان بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[دڵگه‌رمی بۆ ماڵه‌كه‌ت ده‌مسوتێنێ‌]].

ده‌سه‌ڵاتدارانی جووله‌كه‌ به‌رهه‌ڵستی عیسایان كردو ووتیان: (نیشانه‌یه‌كمان بۆ بهێنه‌وه‌ ده‌ست‎نیشانی ده‌سه‌ڵاتت بكات بۆ ئه‌و كاره‌ی كردت!) جا عیسا له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (ئه‌م په‌رستگایه‌ بڕوخێنن، له‌‏سێ‌ ڕۆژدا دروستی ده‌كه‌مه‌وه‌.) ئه‌وسا جووله‌كه‌كان پێیان ووت: (ئه‌م په‌رستگایه‌ به‌چل و شه‌ش ساڵ‎ دروست‎كراوه‌، تۆ به‌‏سێ‌ ڕۆژ دروستیده‌كه‌یته‌وه‌؟) به‌ڵام ئه‌و په‌رستگایه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی قسه‌ی ده‌كرد، له‌شی خۆی بوو. كاتێ‌ عیسا له‌ناو مردووان هه‌ستایه‌وه‌، ئه‌وسا قوتابیه‌كانی ئه‌م قسه‌یه‌ی عیسایان بیر‏كه‌وته‌وه‌، ئینجا باوه‌ڕیان هێنا به‌كتێب‏*و به‌و ووتانه‌ی عیسا ووتبووی.

كاتێ‌ عیسا له‌‏جه‌ژنی تێپه‌ڕبووندا له‌‏قودس بوو، ‏خه‌ڵكێكی زۆر ئه‌و نیشانه‌ سه‌ر‏سوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ كردیو باوه‌ڕیان به‌ناوی ئه‌و هێنا. به‌ڵام عیسا متمانه‌ی پێ‌ نه‌كردن‏، چونكه‌ هه‌موو خه‌ڵكی ده‌ناسی. ئه‌و پێویستی به‌كه‌س نه‌بوو شایه‌تی بۆ بدا ده‌رباره‌ی مرۆڤ، چونكه‌ ناوه‌ڕۆكی مرۆڤی ده‌ناسی.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.