Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئەفەسۆس 2

زیندووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح

ئێوه‌ له‌ ڕابوردوودا مردوو بوون لای خودا به‌هۆی گوناه‌و هه‌ڵه‌كانتان، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ده‌ڕۆیشتن، دوای ڕێبازی ئه‌م جیهانه‌ كه‌وتبوون، دوای سه‌رۆكی هێزی هه‌وا كه‌وتبوون، كه‌ ئه‌و ڕۆحه‌یه‌ ئێستا له‌ڕۆڵه‌كانی یاخیبوون كار ده‌كات. ئێمه‌ش له‌‏كۆندا هه‌موو له‌وانه‌ بووین، به‌پێی ئاره‌زووی له‌ش ده‌ژیاین‎، شوێنی له‌ش‏و مێشك كه‌وتبووین، به‌ سروشت ڕۆڵه‌ی تووڕه‌یی بووین وه‌كو هه‌موو خه‌ڵكانیتر. به‌ڵام خودا كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌به‌زه‌یی، له‌به‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ مه‌زنه‌ی بۆ ئێمه‌ی ده‌ربڕیوه‌، زیندووی‏كردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح، دوای ئه‌وه‌ی مردووبووین به‌هۆی گوناهه‌كانمان، خودا ڕزگاری كردین به‌ به‌ره‌كه‌تی خۆی. چونكه‌ ئێمه‌ سه‌ر به‌‏عیسای مه‌سیحین، خودا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هه‌ڵیساندین له‌‏ئاسمان دایناین. تا له‌سه‌رده‌می داهاتوو ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ره‌كه‌تی بێ‌سنووری خۆی، به‌نیانی له‌گه‌ڵمان له‌عیسای مه‌سیح ده‌ربكه‌وێ‌‏. خودا به‌ به‌ره‌كه‌ت به‌هۆی باوه‌ڕتان ڕزگاریكردن، ئه‌مه‌ش له‌‏ئه‌نجامی هه‌وڵدانی خۆتان نه‌بوو، به‌ڵكو دیاری خودا بوو، هه‌روه‌ها به‌هۆی كردار نه‌بوو، تا یه‌كێك بتوانێ‌ شانازی پێوه‌ بكات. ئێمه‌ كرداری خوداین، ئه‌و دروستی كردین له‌عیسای مه‌سیح بۆ كاری چاكه‌، ئه‌وه‌ی خودا له‌‏پێشا ئاماده‌ی كردووه‌ بۆمان تا له‌سه‌ری بڕۆین.

مه‌سیح ئاشتی ئێمه‌یه‌

له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌بیرتان بێته‌وه‌ ئێوه‌ی له‌ پێشا به‌له‌ش جووله‌كه‌ نه‌بوون، پێتان ده‌وترا خه‌ته‌نه‌ نه‌كراو له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی له‌شیان به‌ده‌ست خه‌ته‌نه‌ كراوه‌، ‏ئه‌و كاته‌ بێ‌ مه‌سیح بوون، دوور بوون له‌كۆمه‌ڵی گه‌لی ئیسرائیل، هه‌روه‌ها بێگانه‌ بوون سه‌باره‌ت به‌ په‌یمانه‌كانی به‌ڵێن، هیچ هیوایه‌كتان نه‌بوو‏، بێ‌ خودا بوون له‌م جیهانه‌. به‌ڵام له‌عیسای مه‌سیح هه‌رچه‌نده‌ دوور بوون ئێستا نزیك بوونه‌وه‌ به‌هۆی خوێنی مه‌سیح.

‏ مه‌سیح ئاشتی ئێمه‌یه‌، جووله‌كه‌و ناجووله‌كه‌ی كرد به‌‏یه‌ك‏، دیواری دوژمنایه‌تی ڕووخاند كه‌ له‌‏یه‌كتر جیای ده‌كردنه‌وه‌، به‌پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌تی ڕاسپارده‌كان‎و ئه‌ركه‌ ئاینیه‌كان له‌له‌شی خۆی، تا له‌هه‌ردووكیان له‌خۆیدا مرۆڤێكی تازه‌ دروست بكات‏و ئاشتی بنێته‌وه‌، به‌مه‌ هه‌ر دووكیانی له‌گه‌ڵ خودا ئاشت‎كرده‌وه‌، به‌ خاچه‌كه‌ی كۆتایی به‌ دوژمنایه‌تی نێوانیان هێناو كردنی به‌یه‌ك له‌ش. مه‌سیح هات‎و مزگێنی ئاشتی بۆتان هێنا، كه‌ دوورن، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وانه‌ی نزیكن. چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ردوو لامان [جووله‌كه‌و ناجووله‌كه‌] به‌هۆی مه‌سیح له‌یه‌ك ڕۆح ده‌چینه‌ لای باوك.

ئیتر ئێوه‌ له‌مه‌ولا نامۆ و بێگانه‌ نین، به‌ڵكو ئێستا هاو‏وڵاتین له‌گه‌ڵ خوشك‎و برا پیرۆزه‌كان، سه‌ر به‌‏بنه‌ماڵه‌ی خودان. دروست‎كراون له‌سه‌ر بناغه‌ی نێرراوان‎و پێغه‌مبه‌ران، عیسای مه‌سیح خۆی به‌ردی بناغه‌كه‌یه‌تی. ئه‌وه‌ی به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌موو خانووه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕاده‌گرێ‌و ته‌واوی ده‌كات، تا ببێ‌ به‌ په‌رستگایه‌كی پیرۆز له‌‏خوداوه‌ند. به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ئێوه‌ش به‌شێكن له‌و خانووه‌ی خودا تیایدا نیشته‌جێ‌ ده‌بێ‌ له‌ڕۆح.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.