Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئەفەسۆس 1

له‌ پۆڵس، نێرراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، بۆ خوشك‏و برا پیرۆزه‌ باوه‌ڕداره‌كان له‌ عیسای مه‌سیح كه‌ له‌ شاری ئه‌فه‌سۆسن. با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی خودای باوكمان‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندتان له‌گه‌ڵ بێ.

پیرۆزی ڕۆحی له‌‏مه‌سیح دایه‌

پیرۆزه‌ خودای باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان، ئه‌وه‌ی پیرۆزی كردووین به‌‏هه‌موو پیرۆزییه‌كی ڕۆحی له‌ ئاسماندا له‌مه‌سیح، هه‌روه‌ك پێش دروست‎كردنی جیهان هه‌ڵیبژاردین، هه‌تا پاك‏وپیرۆزو بێ‌‏كه‌م‏و‏كوڕی بین له‌به‌رده‌می. ئه‌و به‌خۆشه‌ویستی پێشتر دیاری‏كردین به‌پێی خواست‏و خۆشحاڵی خۆی تا بمانكات به‌‏ڕۆڵه‌ی خۆی به‌هۆی عیسای مه‌سیح، بۆ ئه‌وه‌ی ستایشی بكه‌ین بۆ ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ شكۆداره‌ی به‌خۆڕایی داوێتی پێمان به‌هۆی ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه‌. ئێمه‌ له‌مه‌سیح كڕاینه‌وه‌ به‌خوێنی ئه‌و، گوناهمان به‌خشرا، ئه‌مه‌ش به‌پێی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ره‌كه‌تی خودا بوو، ‏به‌ده‌ست‏و دڵفراوانی ڕشتی به‌سه‌رماندا به‌وپه‌ڕی دانایی‎و تێگه‌یشتن. نهێنی خواستی خۆی بۆ ده‌رخستین، به‌پێی خۆشحاڵی خۆی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بوو له‌مه‌سیح، وه‌ك پلانێك بۆ ته‌واوی زه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌ له‌مه‌سیحدا، له‌وانه‌ی له‌ ئاسمان‏و له‌سه‌ر زه‌وین.

له‌مه‌سیحدا خودا هه‌ڵیبژادین به‌پێی بڕیاری پێشووی خۆی، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ده‌كات به‌پێی مه‌به‌ستی خواستی خۆی. ئێمه‌ دیاری كراین‎و ده‌ستنیشان كراین هه‌تا بۆ ستایش‏كردنی شكۆمه‌ندی ئه‌و بژین، چونكه‌ له‌ زووه‌وه‌ هه‌موو هیوایه‌كمان له‌سه‌ر مه‌سیح داناوه‌. هه‌ر به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه‌ بوو كاتێ‌ ووشه‌ی ڕاستیتان بیست واته‌ مزگێنی ڕزگاریتان، هه‌ر‏وه‌ها كاتێ‌ باوه‌ڕتان هێنا، مۆركران به‌ ڕۆحی پیرۆزی به‌ڵێن پێدراو، ئه‌و ڕۆحه‌ وه‌ك پێشه‌كییه‌ك وایه‌ بۆ مـیراتـه‌كـه‌مـان، تا كڕێنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی هی خودان، بۆ ستایشی شكۆمه‌ندی ئه‌و بێ‌.

نوێژ بۆ ڕۆحی دانایی

له‌به‌رئه‌وه‌ منیش له‌و كاته‌ی هه‌واڵی باوه‌ڕتانم به‌عیسای خوداوه‌ند بیستووه‌، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستیتان به‌رامبه‌ر هه‌موو خوشك‎و برا پیرۆزه‌كان، ناوه‌ستم له‌‏سوپاس‎كردنی خودا له‌‏پێناوتان، یادتان ده‌كه‌م له‌ نوێژه‌كانم، تا باوكی شكۆدار، خودای عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان، ڕۆحی داناییو ڕاگه‌یاندنتان له‌زانینی خۆی پێ‌ببه‌خشێ‌‏. ئه‌و مێشكتان ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ هه‌تا بزانن چییه‌ ئه‌و هیوایه‌ی ئێوه‌ی بۆ بانگ‎كراوه‌، هه‌روه‌ها بزانن میراته‌كه‌ی چه‌ند شكۆدارو ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان، هه‌روه‌ها چ هێزێكی مه‌زنی بێ‌سنووری له‌ئێمه‌ دایه‌ كه‌ باوه‌ڕدارین، به‌پێی كاری توانا مه‌زنه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی ته‌واو بوو له‌مه‌سیحداو به‌هۆیه‌وه‌ مه‌سیحی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌، له‌لای ڕاستی خۆیه‌وه‌ له‌‏ئاسمان داینا، له‌سه‌رووی هه‌موو فه‌رمانڕه‌وایان‏و سه‌رۆك‎و پێشه‌واو ده‌سه‌ڵاتداران‎و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناویان هه‌یه‌ داینا، نه‌ك ته‌نها له‌م زه‌مانه‌، به‌ڵكو له‌‏زه‌مانی داهاتووش. هه‌روه‌ها هه‌موو شتێكی له‌ژێر پێیه‌كانی داناوه‌، كردوویه‌تی به‌سه‌ری هه‌موو شتێك بۆ كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران، ‏كه‌ له‌شی مه‌سیحه‌و ته‌واویه‌تی، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ته‌واو ده‌كات له‌هه‌موو شتێك.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.