Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

گەلاتیا 6

باری یه‌كتری هه‌ڵگرن

ئه‌ی برایان، گه‌ر یه‌كێكتان كه‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌، با ئێوه‌ی ڕۆحی، ڕاستی بكه‌نه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌رم. تۆش ئاگاداری خۆت به‌، نه‌وه‌ك بكه‌ویته‌ تاقی‏كردنه‌وه‌. باری یه‌كتری هه‌ڵگرن، به‌م شێوه‌یه‌ شه‌ریعه‌تی مه‌سیح ته‌واو ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێك واسه‌یری خۆی كرد شتێكی گرنگه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هیچ نه‌بێ‌، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ خۆی ده‌خڵه‌تێنێ‌. باهه‌ر یه‌كه‌ كرداره‌كانی تاقیبكاته‌وه‌، ئینجا با شانازیكردنی ته‌نها به‌خۆی بێ‌ نه‌ك به‌نزیكه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌ر كه‌س باری خۆی هه‌ڵده‌گرێ‌.

ئه‌وه‌ی ووشه‌ی خودای فێرده‌كرێ‌، له‌سه‌ر‏یه‌تی فێركه‌ره‌كه‌ی به‌شدار بكات له‌هه‌موو شتێكی باش كه‌ هه‌یه‌تی.

خۆتان هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێنن، خودا فێڵی لـێ‌ ناكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ڕواندووتانه‌، هه‌مان شت دروێنه‌ ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ له‌شی خۆی بڕوێنێ‌ له‌ له‌شیدا گڵاوی دروێنه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ڕۆح بڕوێنێ‌ له‌ڕۆحه‌وه‌ ژیانی هه‌تاهه‌تایی دروێنه‌ ده‌كات. كه‌واته‌ با له‌‏كاری چاكه‌ نه‌كه‌وین، چونكه‌ گه‌ر ووره‌ به‌رنه‌ده‌ین له‌كاتی خۆی دروێنه‌ی زۆر ده‌كه‌ین. جا تا ده‌رفه‌تمان هه‌یه‌، با چاكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك بكه‌ین، به‌‏تایبه‌تی له‌گه‌ڵ خوشك‏و برایانی باوه‌رداڕ.

بوونه‌وه‌رێكی نوێ‌

سه‌یركه‌ن، ئه‌و پیته‌ گه‌ورانه‌ی ئێستا ده‌یخوێننه‌وه‌، من به‌ده‌ستی خۆم نووسیومه‌.

‏ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ به‌ڕواڵه‌ت خۆیان به‌‏چاك نیشان بده‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناچارتان بكه‌ن خۆتان خه‌ته‌نه‌ بكه‌ن، ‏تاوه‌كو تووشی چه‌وسانه‌وه‌ نه‌بن به‌هۆی خاچی مه‌سیحه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌و خه‌ته‌نه‌كراوانه‌ خۆیان به‌پێی شه‌ریعه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ‌ ئێوه‌ خه‌ته‌نه‌بكرێن، هه‌تا شكۆمه‌ندیان ده‌سكه‌وێ‌ به‌ له‌شی ئێوه‌. به‌ڵام هیچ شكۆمه‌ندیه‌كم ناوێت گه‌ر له‌‏خاچی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان نه‌بێ‌، كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ جیهان سه‌باره‌ت به‌ من له‌خاچدراوه‌، هه‌روه‌ها منیش سه‌باره‌ت به‌ جیهان له‌خاچدراوم. گرنگ نییه‌ مرۆڤ خه‌ته‌نه‌كرا بێت یاخود خه‌ته‌نه‌ نه‌كرا بێ‌، به‌ڵكو بووبێ‌ به‌ بوونه‌وه‌رێكی نوێ‌. با ئاشتیو به‌زه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێ‌ كه‌ دوای ئه‌م یاسایه‌ كه‌وتوون، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو ئیسرائیلی خودا.

‏ئیتر له‌مه‌ولا گیروگرفتی ترم بۆ مه‌هێننه‌كایه‌وه‌، چونكه‌ له‌له‌شمدا هێماكانی عیسام هه‌ڵگرتووه‌.

‏ خوشك‏و برایان‏، ئیتر با‏به‌ره‌كه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان له‌گه‌ڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.