Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کۆلۆسی 1

له‌پۆڵس نێرراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، هه‌روه‌ها له‌‏تیمۆساوسی برامانه‌وه‌، بۆ خوشك‏و برایانی پیرۆزو سه‌رڕاست له‌‏شاری كۆلۆسی، با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی خودای باوكتان له‌گه‌ڵ بێ‌.

سوپاس‏و نوێژكردن

ئێمه‌ هه‌ر كاتێك نوێژ ده‌كه‌ین بۆتان، هه‌میشه‌ سوپاسی خودای باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان ده‌كه‌ین، چونكه‌ هه‌واڵی باوه‌ڕتان به‌ عیسای مه‌سیح پێمان گه‌یشت له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی هه‌تانه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو خوشك‏و برایانی پیرۆز، له‌پێناوی ئه‌و هیوایه‌ی خودا ئاماده‌یكردووه‌ بۆتان له‌‏ئاسمان، ئه‌و هیوایه‌ی له‌پێشا له‌ووشه‌ی ڕاستیتان بیست، واته‌ مزگێنی. ئه‌و مزگێنییه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنێت‏و بڵاوده‌بێته‌وه‌ له‌هه‌موو جیهان، هه‌روه‌ك چۆن به‌رهه‌می هێناو بڵاوبووه‌وه‌ له‌‏نێواتان له‌و ڕۆژه‌ی به‌ڕاستی به‌ره‌كه‌تی خوداتان بیستووه‌‏و ناسیووتانه‌. هه‌روه‌ك له‌ئه‌پفراسی به‌نده‌ی هاوڕێی خۆشه‌ویست فێربوون، ئه‌و خزمه‌تكارێكی سه‌رڕاستی مه‌سیحه‌ له‌پێناوی ئێمه‌. هه‌ر ئه‌ویش بوو بۆی باس‏كردین سه‌باره‌ت به‌و خۆشه‌ویستیه‌ی ڕۆح پێی به‌خشیون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌مه‌مان بیستووه‌، بێ‌ڕاوه‌ستان نوێژتان بۆ ده‌كه‌ین، داوا له‌خودا ده‌كه‌ین داناییو تێگه‌یشتنی ڕۆحیتان بداتێ‌، تا خواستی ئه‌و به‌ته‌واوی بزانن. هه‌تا به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌ژیان شایانی خوداوه‌ند بێت‏و به‌ته‌واوی جێگای ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م‎بهێنن له‌‏هه‌موو كارێكی چاك‏و پێ‌بگه‌ن له‌ناسینی خودا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزتان بكات به‌هه‌موو هێزێك به‌گوێره‌ی توانای شكۆداری خۆی، تا خۆتان ڕاگرن له‌ئاست هه‌موو شتێك‏و ئارام بگرن‏، به‌‏خۆشیه‌وه‌ ‏سوپاسی باوك بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی ئاماده‌‏كردووه‌ بۆ به‌شداریكردنی میراتی خوشك‏و برایانی پیرۆز له‌ڕووناكی. هه‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ی ڕزگاركردووه‌ له‌‏ده‌سه‌ڵاتی تاریكی‏و ئێمه‌ی گواسته‌وه‌ بۆ پادشاهێتی ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستی. ئه‌وه‌ی به‌خوێنی خۆی ئێمه‌ی كڕیه‌وه‌ له‌كۆیله‌یه‌تی گوناه‌، ئه‌ویش به‌ لـێخۆش‎بوونی ‏گوناه‌.

عیسا وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌

عیسا وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌، نۆبه‌ره‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌. هه‌ر به‌ویش هه‌موو شتێك دروست بووه‌‏، ئه‌وه‌ی له‌‏ئاسمان‏و له‌سه‌ر زه‌وییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ‌و نابینرێ‌، خاوه‌ن ته‌خت‏و تاج یان سه‌رۆك‏و ده‌سه‌ڵاتدار، خودا هه‌مووی به‌‏عیساو بۆ عیسا دروست‎كرد. ئه‌و پێش هه‌موو شتێك بووه‌و هه‌ر له‌ئه‌ویشدا هه‌موو شتێك ده‌بێت. ئه‌و سه‌ری له‌شه‌، واته‌ سه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران، سه‌ره‌تاو نۆبه‌ره‌ی زیندووبوونه‌وه‌ی دوای مردنه‌، تا له‌‏سه‌رووی هه‌موو شتێك بێت. چونكه‌ خودا حه‌زی كرد به‌هه‌موو پڕی خۆی له‌ئه‌ودا به‌رجه‌سته‌ بێ. تا به‌هۆی ئه‌و ئاشت‏بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویو له‌‏ئاسماندایه‌، به‌ خوێن‎ڕشتنی ئه‌ویش له‌سه‌ر خاچ ئاشتی هاته‌دی.

ئێوه‌ جاران به‌هۆی كرداری خراپتان نامۆ و دوژمن بوون له‌بیركردنه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ‏ئاشتیكردنه‌وه‌ ‏به‌مردنی، به‌له‌شی مرۆڤانه‌ی خۆی، تا ئێوه‌ به‌ پاك‎وپیرۆزی‏و بێ‌ كه‌م‏و‏كوڕی‏و بێ‌گله‌یی بێنه‌ به‌رده‌می. به‌مه‌رجێك به‌رده‌وام‏بن له‌سه‌ر باوه‌ڕتان، باوه‌ڕێكی چه‌سپاو و ڕه‌گ داكوتراوتان هه‌بێ‌، لانه‌ده‌ن له‌هیوای ئه‌و مزگێنییه‌ی بیستتان‏و هه‌موو بوونه‌وه‌رانی ژێر ئاسمان پێی ڕاگه‌یه‌نرا، خۆشم‏بووم به‌خزمه‌تكار بۆی.

تێكۆشانی پۆڵس بۆ باوه‌ڕداران

من ئێستا دڵشادم به‌و ئازاره‌ی له‌پێناوتان ده‌یچێژم‏، چونكه‌ له‌له‌شی خۆمدا كه‌م‏وكوڕی ته‌نگانه‌ی مه‌سیح ته‌واو ده‌كه‌م، له‌پێناوی له‌شی ئه‌و كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانه‌، ئه‌وه‌ی من بووم به‌ خزمه‌تكار بۆی، له‌سه‌ر خواستی خودا به‌من دراوه‌ له‌پێناوتان، تا ووشه‌ی خوداتان به‌ ته‌واوی پێ‌بناسێنم، ئه‌م نهێنیه‌ش لای نه‌وه‌كانی ڕابردوو شاراوه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا خودا ده‌ریخست بۆ خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان. ئه‌وانه‌ی خودا خۆی ویستی ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆداری ئه‌م نهینییه‌ بۆ هه‌موو میلله‌تان ده‌ربخات، ئه‌وه‌یه‌ مه‌سیح له‌ناوتاندایه‌، هیوای شكۆمه‌ندییه‌.

‏ ئه‌وه‌ی بانگه‌وازی پێ‌ده‌ده‌ین، هه‌موو مرۆڤێكی پێ‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو مرۆڤێكی پێ‌ فێر ده‌كه‌ین به‌‏هه‌موو ژیرییه‌وه‌، تاهه‌موو مرۆڤێك له‌مه‌سیحدا به‌ته‌واوی ئاماده‌ بكه‌ین.

له‌پێناوی ئه‌مه‌ منیش ماندوو ده‌بم‏و تێده‌كۆشم به‌هه‌موو توانایه‌ك، ئه‌وه‌ی به‌هێز له‌مندا كار ده‌كات.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.