Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 15

كۆبوونه‌وه‌ی ‏نێرراوان ‏له‌قودس

هه‌ندێ‌ جووله‌كه‌ له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ عیسا هێنابوو له‌‏ناوچه‌ی یه‌هودیه‌وه‌ هاتن بۆ ئه‌نتاكیا، ده‌ستیان‎كرد به‌ فێركردنی برایان‏و ووتیان: (ڕزگارتان نابێ‌ گه‌ر به‌پێی شه‌ریعه‌تی موسا خۆتان خه‌ته‌نه‌ نه‌كه‌ن.) ئه‌وسا پۆڵس‏و به‌رنابا له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵیه‌كی توندیان له‌گه‌ڵ كردن. دوای ئه‌و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ باوه‌ڕدارانی ئه‌نتاكیا بڕیاریان‎دا پۆڵس‏و به‌رنابا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ له‌‏باوه‌ڕداران ڕووبه‌رووی نێرراوان‏و پیران ببنه‌وه‌ له‌ قودس، له‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵیان بكۆڵنه‌وه‌. پاش ‎ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران ماڵئاواییان لـێ‌كردن، ڕۆیشتن بۆ قودس به‌ناو شاری فنیقیه‌و سامیره‌، له‌وێ‌ هه‌واڵیان‎دا به‌ برایان كه‌وا ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ش نین باوه‌ڕیان هێناوه‌ به‌ عیسا، به‌مه‌ خۆشییه‌كی زۆر له‌نێو هه‌موو برایان بڵاوبووه‌وه‌. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ قودس، هه‌موو نێرراوان‏و پیرانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران پێشوازیان لـێ‌كردن، هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان دانێ‌ كه‌ خودا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ كردبووی. به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌‏پێشا له‌سه‌ر ڕێگای فه‌ریسیه‌كان بوون هه‌ستان‏و ووتیان: (پێویسته‌ ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی جووله‌كه‌ نین خه‌ته‌نه‌ بكرێن‏و به‌ شه‌ریعه‌تی موسا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن.

په‌ترۆس‏و پیرانی قودس

جا نێرراوان‏و پیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد بۆ لـێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌. پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر، په‌ترۆس هه‌ستاو ووتی: (ئه‌ی برایان، ئێوه‌ ده‌زانن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خودا ده‌یه‌وێ‌ ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین له‌سه‌ر زمانی من كه‌ له‌نێوان ئێوه‌دا هه‌ڵیبژاردم گوێ‌ له‌ووشه‌ی مزگێنی بگرن‏و باوه‌ڕ بهێنن. ئه‌و خودایه‌ی ده‌زانێ‌ چی له‌‏دڵدایه‌، شایه‌تییان بۆ ده‌داو ڕۆحی پیرۆزی پێ‌به‌خشیون وه‌ك به‌ ئێمه‌ی به‌خشیوه‌. ئه‌و به‌ هیچ شتێك جیاوازی له‌‏نێوان ئێمه‌و ئه‌وان نه‌كردووه‌، به‌باوه‌ڕ دڵی پاك كردونه‌ته‌وه‌. ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی‏ده‌كه‌نه‌وه‌، نیرێك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی قوتابیان ئه‌وه‌ی خۆمان‏و باوباپیرانمان نه‌مان‎توانی هه‌ڵیگرین؟ به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌داین ئێمه‌و ئه‌وانیش به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی عیسای خوداوه‌ند ڕزگار ده‌بین.(

ئیتر ده‌مه‌قاڵه‌ له‌نێوان دانیشتوان نه‌ما، ده‌ستیان‎كرد به‌ گوێ‌گرتن له‌ به‌رناباو پۆڵس، كاتێ‌ هه‌واڵی ئه‌و نیشانه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان پێ‌ڕاگه‌یاند كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كردی له‌نێو ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین. دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان له‌‏قسه‌ بوونه‌وه‌، یاقوب ووتی: (ئه‌ی برایان گوێم لـێ‌بگرن: ‏شه‌معون پێی ڕاگه‌یاندن چۆن خودا له‌سه‌ره‌تاوه‌ بایه‌خیداوه‌ به‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین تا له‌ نێوانیان میلله‌تێك هه‌ڵبژێرێ‌ ناوی ئه‌و هه‌ڵگرێ‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ووته‌ی پێغه‌مبه‌ران ڕێك‏ده‌كه‌وێ‌، هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ خانووه‌ ڕووخاوه‌كه‌ی داود دروست ده‌كه‌مه‌وه‌، ئینجا پارچه‌ی خانووه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرم‏و سه‌ر له‌نوێ‌ دروستی ده‌كه‌مه‌وه‌، تا گه‌لانی تر‏و هه‌موو ئه‌و میلله‌تانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌ به‌دوای خوداوه‌ند بگه‌ڕێن، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوداوه‌ند ده‌یڵێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست‎كردووه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون.]] له‌به‌رئه‌وه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین‏و ڕێگای خودایان گرتووه‌، به‌ڵكو نامه‌یه‌كیان بۆ بنووسین‏و تیایدا ڕایان‎سپێرین خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌گڵاوی بت‏و داوێن‏پیسی، هه‌روه‌ها له‌خواردنی گۆشتی ئاژه‌ڵی خنكێنراو و خواردنه‌وه‌ی خوێن. چونكه‌ هه‌ر له‌‏كۆنه‌وه‌ موسا له‌هه‌موو شارێك پیاوی هه‌بووه‌ ناوی ئه‌و ڕابگه‌ێنن، هه‌موو ڕۆژێكی شه‌ممه‌ش شه‌ریعه‌ته‌كه‌یان خوێندۆته‌وه‌ له‌كه‌نیشته‌كان.(

بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی نێرراوان

ئینجا نێرراوان‏و پیران‏و هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران بـه‌باشیان زانی دوو پیاو هه‌ڵبژێرن له‌ناو برایان‏و بیاننێرن بۆ ئه‌نتاكیا له‌گه‌ڵ پۆڵس‏و به‌رنابا. ئیتر سیلاو یه‌هوزا كه‌ نازناوی به‌رسابا بوو هه‌ڵیان‎بژاردن، ئه‌م دووانـه‌ش شوێنێكی به‌رزیان هه‌بوو له‌نێو برایان. ئه‌م نامه‌یه‌یان دایه‌ده‌ستیان: (له‌ نێرراوان‏و پیرانی براوه‌، بۆ ئه‌و برا باوه‌ڕدارانه‌ی جــوولــه‌كه‌ نین له‌ناوچه‌كانی ئه‌نتاكیاو سوریاو كیلیكیه‌:

سڵاوتان لـێ‌بێ‌. بیستمان هه‌ندێ‌ كه‌س هاتوون بۆ لاتان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بێ‌ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ڕایان‏سپێرین، به‌هۆی قسه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ناخۆشی كه‌وته‌ ناوتانه‌وه‌، مێشكتان ناڕه‌حه‌ت‏بوو. بۆیه‌ به‌باشمان زانی به‌یه‌ك بیروڕاوه‌ دوو پیاو هه‌ڵبژێرین‏و بۆتان بنێرین له‌گه‌ڵ برایانی خۆشه‌ویستمان به‌رناباو پۆڵس، ئه‌و دوو پیاوه‌ی ژیانیان ته‌رخان‎كردووه‌ بۆ خزمه‌ت‎كردنی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند. جا ئێمه‌ یه‌هوزاو سیلامان بۆ ناردن تا هه‌مان شتتان به‌ده‌م پێ‌ڕاگه‌ێنن. چونكه‌ ڕۆحی پیرۆزو ئێمه‌ وامان به‌باش زانی قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌. كه‌ ئه‌مانه‌ن: خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌و شتانه‌ی ده‌كرێ‌ به‌قوربانی بۆ بت، هه‌روه‌ها له‌خوێن خواردنه‌وه‌و خواردنی ئاژه‌لێ‌ خنكێنراو و داوێن‎پیسی‏. گه‌ر خۆتان پاراست له‌مانه‌، شتی چاك ده‌كه‌ن‏و خودا له‌گه‌ڵتانه‌.)

ئه‌وسا هه‌ستان‏و نامه‌كه‌یان هه‌ڵگرت‏و ڕۆیشتن بۆ ئه‌نتاكیا، هه‌موو باوه‌ڕدارانیان بانگ‎كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌و نامه‌كه‌یان پێشكه‌ش‎كردن. كاتێ‌ خوێندیانه‌وه‌ زۆر دڵشاد بوون به‌و هاندانه‌ی تیایدا بوو. هه‌روه‌ها یه‌هوزاو سیلا به‌ ووشه‌ی خودا ده‌دوان، زۆر قسه‌یان بۆ برایان كردو ووره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌و هانیان‏دان. پاش ماوه‌یه‌ك برایان به‌ ئاشتی ڕه‌وانه‌یان كردنه‌وه‌ بۆ لای ئه‌وانه‌ی ناردوبوویانن. [‏به‌ڵام سیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ‌ بمێنێته‌وه‌.] پۆڵس‏و به‌رناباش هه‌ر له‌ئه‌نتاكیا مانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی زۆر ووشه‌ی خوداوه‌ندیان ڕاده‌گه‌یاندو فێر ده‌كرد.

لێك‏جیابونه‌وه‌ی پۆڵس‏و ‏به‌رنابا

پاش چه‌ند ڕۆژێك پۆڵس به‌ به‌رنابای ووت: (وه‌ره‌ بابگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌رێك له‌‏برایان بده‌ین‏و هه‌واڵیان بزانین له‌‏هه‌موو شارێك كه‌وا ووشه‌ی خوداوه‌ندمان تیا‏یدا ڕاگه‌یاندووه‌.) ئینجا به‌رنابا پێشنیاریكرد كه‌وا یۆحه‌ننا كه‌ نازناوی مه‌رقۆسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن، به‌ڵام پۆڵس نه‌یویست له‌گه‌ڵ خۆیان بیبات، چونكه‌ له‌په‌مفیلیه‌ به‌جێیهیشتبوون‏و له‌گه‌ڵیان نه‌ڕۆیشت بۆ خزمه‌ت‏كردن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان، تا وای لـێهات له‌یه‌كتری جیابوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنابا مه‌رقۆسی له‌گه‌ڵ خۆی بردو به‌ڕێگای ده‌ریا بۆ قوبرس ڕۆیشتن، به‌ڵام پۆڵس سیلای هه‌ڵبژارد له‌گه‌ڵی بڕوات، ئیتر ئه‌وێیان به‌جێ‏هێشت‏و برایان ئه‌وانیان به‌ به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ند سپارد. ئینجا ڕۆیشتن بۆ ناوچه‌كانی سوریاو كیلیكیه‌ تاباوه‌ڕی كۆمه‌ڵه‌كانی باوه‌ڕداران به‌هێز بكه‌ن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.