Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 16

تیمۆساوس‏ له‌گه‌ڵ ‏پۆڵس‏و سیلا

ئینجا پۆڵس گه‌یشته‌ شاری ده‌ربه‌، پاشان ڕۆیشت بۆ شاری له‌ستره‌، له‌وێ‌ قوتابیه‌كی لـێ‌بوو ناوی تیمۆساوس بوو، دایكی جووله‌كه‌ بوو باوه‌ڕی به‌ مه‌سیح هێنابوو، باوكیشی یۆنانی بوو. تیمۆساوس له‌ له‌ستره‌و ئیقونیه‌ ناوبانگی به‌‏چاكه‌ ده‌ركردبوو له‌‏نێو برایان. پۆڵس حه‌زی ده‌كرد تیمۆساوس له‌گه‌ڵی بێت له‌‏مزگێنیدانی ووشه‌ی خودا، به‌ڵام جووله‌كه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌یانزانی باوكی یۆنانیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پۆڵس بردیو خه‌ته‌نه‌یكرد. پۆڵس‏و هاوڕێكانی له‌‏شارێكه‌وه‌ ده‌چوون بۆ شارێكیكه‌، بڕیاره‌كانی نێرراوان‏و پیرانی قودسیان سه‌باره‌ت به‌چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك به‌باوه‌ڕداران ڕاده‌گه‌یاند. جا كۆمه‌ڵه‌كانی باوه‌ڕداران له‌باوه‌ڕدا به‌هێز ده‌بوون، ڕۆژ له‌‏دوای ڕۆژ ژماره‌یان زیادی ده‌كرد.

بینینی پۆڵس له‌ترواس‏

له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆز ڕێی لـێ‌گرتن ووشه‌ی خودا له‌‏ناوچه‌ی ئاسیا بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وسا ڕۆیشتن بۆ ناوچه‌ی فریجیه‌و غه‌ڵاتیه‌. به‌ڵام كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ سنووری ناوچه‌ی میسیا به‌ره‌و ناوچه‌ی بیسینیه‌ ڕۆیشتن، لێره‌ ڕۆحی عیسا ڕێگای نه‌دان، ئه‌وسا به‌ره‌و شاری ترواس به‌ ناوچه‌ی میسیادا ڕۆیشتن. ‏پۆڵس شه‌و له‌خه‌ودا پیاوێكی بینی له‌‏دانیشتوانی مه‌كدۆنیا لێی ده‌پاڕایه‌وه‌و ده‌یووت: (وه‌ره‌ بۆ مه‌كدۆنیاو یارمه‌تیمان‏بده‌.)

پۆڵس‏و سیلا له‌فیلیپی

ئه‌و كاته‌ی خه‌وه‌كه‌ی بینی، دڵنیابووین كه‌وا خودا بانگیكردووین بۆ مزگێنی‏دان له‌‏مه‌كدۆنیا، ئه‌وسا یه‌كسه‌ر ڕۆیشتین بۆی. جا به‌ڕێگای ئاو له‌‏مینای ترواس بۆ دورگه‌ی ساموسراكی ڕۆیشتین. بۆ ڕۆژی داهاتوو به‌رده‌وام بووین له‌گه‌شته‌كه‌مان به‌ره‌و مینای نیاپۆلیس، له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاری فیلیپی كه‌ ناودارترین شاری ناوچه‌ی مه‌كدۆنیا بوو، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕۆمانیه‌كان بوو. له‌وێ‌ چه‌ند ڕۆژێك ماینه‌وه‌. له‌ڕۆژی شه‌ممه‌دا چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ سه‌ر ڕووبارێك، له‌وێ‌ شوێنێك هه‌بوو نوێژی لێ‏ده‌كرا. دانیشتین قسه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ كرد كه‌ له‌وێ‌ كۆبووبوونه‌وه‌، له‌نێو‏یان ژنێكی خوا‎ناسی لـێ‌بوو ناوی لیدیا بوو بازرگانی قوماشی گرانبه‌ها بوو له‌‏شاری سیاتیرا، خوداوه‌ند دڵی كرده‌وه‌ تاگوێ‌ له‌ قسه‌كانی پۆڵس بگرێ. كاتێ‌ خۆی‏و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌ئاوهه‌ڵكێشران، به‌گه‌رمی داوای لـێ‌كردن به‌ میوانی بچنه‌ لای و پێیووتین: (گه‌ر ئێوه‌ بڕیارتان داوه‌ من باوه‌ڕم به‌خوداوه‌ند هه‌یه‌، وه‌رنه‌ ماڵه‌كه‌م‏و له‌وێ‌ بمێننه‌وه‌.) ئیتر ئێمه‌ ناچار بووین ڕازی بین به‌ بانگ‎كردنه‌كه‌ی.

ده‌ركردنی ڕۆحی جادوگه‌رێتی

ڕۆژێكیان كاتێ‌ ده‌ڕۆیشتین بۆ نوێژكردن، كچه‌كاره‌كه‌رێكمان تووش هات ڕۆحی جادوگه‌رێتی تیادابوو، به‌هۆی جادوگه‌رێتییه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆری به‌ده‌ست ده‌هێنا بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، به‌دوای پۆڵس‏و ئێمه‌ كه‌وت‏و هاواری ده‌كرد: (ئه‌م مرۆڤانه‌ نۆكه‌ری خودای مه‌زنن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ئاشكرا ده‌كه‌ن.) چه‌ند ڕۆژێك ئه‌مه‌ی كرد، تاكو پۆڵس زۆر بێزار بوو، لێره‌ ئاوڕی دایه‌وه‌و به‌ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی ووت كه‌ تیایدا بوو: (به‌ناوی عیسای مه‌سیح فرمانت پێ‌ده‌ده‌م لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) ئه‌وسا یه‌كسه‌ر ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

پۆڵس‏و سیلا له‌‏به‌ندیخانه‌

كاتێ‌ خاوه‌نه‌كانی كچه‌كاره‌كه‌ره‌كه‌ بینییان سه‌رچاوه‌ی داهاتیان بڕاوه‌، ئه‌وسا پۆڵس‏و سیلایان گرت، ڕایان‎كێشان بۆ گۆڕه‌پانی شاره‌كه‌ بۆ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایان، دایاننه‌ده‌ست فه‌رمانڕه‌وایان‏و ووتیان: (ئه‌م دوو پیاوه‌ جووله‌كه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌دا ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه‌، شتێ‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی ڕۆمانی نه‌ده‌توانین وه‌ریگرین‏و نه‌ده‌توانین كاری پێ‌بكه‌ین.) ئیتر خه‌ڵكه‌كه‌ زۆر لێیان پڕبوون، فه‌رمانڕه‌واكان جله‌كانیان دڕاندن‏و فرمانیان‎دا داركاریبكرێن، جـا زۆر داركاریان‎كــردن‏و خستیاننه‌ به‌ندیخانه‌وه‌، فه‌رمانیان‎دا به‌ســه‌رپه‌رشتیكه‌ری به‌ندیخانه‌كه‌ كه‌وا بیان‎خاته‌ ژێر چاودێریه‌كی زۆره‌وه‌. ئه‌وسا سه‌رپه‌رشــتی‏كه‌ری به‌ندیخانه‌كه‌ ئه‌م فه‌رمانه‌ تونده‌ی جێ‌به‌جێ‌كردو هه‌ر دووكیانی خــسته‌ ناو قووڵایی زیندان، هه‌ردوو قاچی خستنه‌ ناو قاڵبێكی ته‌خته‌.

باوه‌ڕهێنانی ‏سه‌رپه‌رشتیكه‌ری به‌ندیخانه‌

له‌نیوه‌ی شه‌و پۆڵس‏و سیلا نوێژیان ده‌كــردو گــۆرانی ڕۆحیان بۆ خودا ده‌ووت، به‌ندكراوه‌كانیش گوێیان لــێ‌بـوو، له‌پڕ بومه‌له‌رزه‌یه‌كی توند ڕوویدا گۆشه‌كانی به‌ندیخانه‌كه‌ی هه‌ژاند، ئه‌وسا ده‌ست‎به‌جێ‌ هه‌موو ده‌رگاكانی كرایه‌وه‌، كۆت‏و زنجیری هه‌موو به‌ندكراوه‌كان كرایه‌وه‌. بومه‌له‌رزه‌كه‌ سه‌رپه‌رشتیكه‌ری به‌ندیخانه‌كه‌ی خه‌به‌ركرده‌وه‌، كاتێ‌ بینی ده‌رگاكان كراوه‌ته‌وه‌ وایزانی به‌ندكراوه‌كان ڕایان‎كردووه‌، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا تا‏خۆی بكوژێ‌، به‌ڵام پۆڵس به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواریكرد: (هیچ له‌خۆت مه‌كه‌، ئێمه‌ هه‌موومان لێره‌ین!) ئینجا كابرا داوای ڕووناكی كردو چووه‌ ژووره‌وه‌ له‌‏ترسا هه‌موو له‌شی ده‌له‌رزی، چۆكی دادا له‌به‌رده‌م پۆڵس‏و سیلا، ئه‌وسا بردنیه‌ ده‌ره‌وه‌و لێیپرسین: (گه‌وره‌م، پێویسته‌ چی بكه‌م تا ڕزگارم بێ‌؟) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان‎دایه‌وه‌: (باوه‌ڕبهێنه‌ به‌‏عیسای خوداوه‌ند، خۆت‏و خێزانه‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێ‌.) جا سه‌باره‌ت به‌ ووشه‌ی خودا بۆ خۆی‏و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی دوان. ئیتر كابرا به‌و شه‌وه‌ هه‌ردووكیانی بردو برینه‌كانی تیماركردن‏و ده‌ست‎به‌جێ‌ خۆی‏و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی له‌ئاوهه‌ڵكێشران. كابرا بردنیه‌ ماڵی خۆی‏و خواردنی بۆ دانان، خۆیو هه‌موو خێزانه‌كه‌ی زۆر دڵشادبوون چونكه‌ باوه‌ڕیان به‌‏خودا هێنا. سه‌ر له‌به‌یانی فه‌رمانڕه‌واكان چه‌ند سه‌ربازێكیان نارد، تاكو فه‌رمانی ئازادبوونی پۆڵس‏و سیلا به‌ سه‌رپه‌رشتیكه‌ری به‌ندیخانه‌كه‌ ڕابگه‌ێنن. ده‌رگاوانی به‌ندیخانه‌كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی به‌‏پۆڵس داو ووتی: (فه‌رمانڕه‌وایان فه‌رمانی ئازادبوونتانیان ده‌ركردووه‌، ئێستا وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ ئاشتی بڕۆن.) به‌ڵام پۆڵس به‌ ناڕه‌زاییه‌وه‌ ووتی: (به‌ئاشكرا له‌به‌رده‌می خه‌ڵك داركارییان كردین به‌بێ‌ فه‌رمانی دادگا، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی ڕۆمانیشمان هه‌یه‌ ئێمه‌یان خسته‌ به‌ندیخانه‌. ئیتر ئێستا چۆن به‌ نهێنی ده‌رمان ده‌هێنن؟ نه‌خێر! با خۆیان بێن ده‌رمان بهێنن.) پۆلیسه‌كان ئه‌م قسانه‌یان به‌ فه‌رمانڕه‌واكان ڕاگه‌یاند، ئه‌وانیش ترسان كاتێ‌ زانییان ئه‌و دووانه‌ ڕۆمانین، به‌م شێوه‌یه‌ هاتن داوای لـێ‌بوردنیان لـێكردن، ئازادیان‏كردن‏و داوایان لـێ‌كردن شاره‌كه‌ به‌جێ‌بهێڵن.

ئه‌وسا پۆڵس‏و سیلا له‌‏به‌ندیخانه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ماڵی لیدیا چوون، له‌وێ‌ برایانیان بینی‏و ووره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌ ئینجا ڕۆیشتن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.