Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 17

پۆڵس‏و سیلا له‌ته‌سالۆنیكی

پۆڵس‏و سیلا گه‌یشتنه‌ ته‌سالۆنیكی دوای ئه‌وه‌ی به‌‏شاری ئه‌مفیپولیس‏و ئه‌پولونیادا ڕۆیشتن. له‌‏ته‌سالۆنیكی كه‌نیشتی جووله‌كه‌ی لـێ‌بوو. پۆڵس وه‌ك جاری جاران ڕۆیشت بۆ ئه‌وێ‌، سێ‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌ك سه‌باره‌ت به‌كتێبی پیرۆز گفتوگــۆی له‌گه‌ڵ كردن، جا بۆی ڕوون‎كــردنه‌وه‌‏و ئاشكرایكرد كه‌وا مه‌سیح ده‌بێ‌ ئازار بكێشێ‌و له‌‏نێو مــردوواندا زیندووبێته‌وه‌. پێیووتن: (ئه‌و مــه‌سیحه‌ی چـاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن ئه‌و عیسایه‌یه‌ كــه‌وا ئێستا بۆتانی ڕاده‌گه‌ینم.) هه‌ندێ‌ له‌ ئامــاده‌بووان باوه‌ڕیان هێناو لایه‌نگیری پۆڵس‏و سیلایان كرد. له‌وانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر یۆنانی خودا‎په‌رست‏و ‏ژماره‌یه‌كی زۆر ژنی خانه‌دان. جا ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی به‌غیلی ئه‌و جوولــه‌كانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌بوو، ئه‌وسا هه‌ندێ‌ كوڕی خراپی سه‌رجاده‌یان هێنا، خه‌ڵكیان كۆكــرده‌وه‌و ده‌ستیان‎كرد به‌ هاندانی خه‌ڵكی هه‌تا ئاژاوه‌ كه‌وته‌ ناو شار، ئینجا هێرشیان برده‌ سه‌ر ماڵی یاسون‏و داوایان لـێ‌كرد پۆڵس‏و سیلا بداته‌ ده‌ست خه‌ڵكه‌كه‌. ئیتر كاتێ‌ ئه‌وانیان له‌وێ‌ نه‌دۆزیه‌وه‌، یاسون‏و هه‌ندێ‌ برایانیان ڕاكێشاو بردیانن بۆ لای فـه‌رمانڕه‌وایانی شار، شكاتیان لـێكردن‏و هاواریان‎كرد: (ئه‌م دوو پیاوه‌ی دنیایان هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌، بۆ شاره‌كه‌ی ئێمه‌ش هــاتوون، یاسـون میوانداری كـردوون. ئه‌وان سه‌رپێچی فه‌رمانه‌كانی قه‌یسه‌ر ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن پادشایه‌كی تر هه‌یه‌ ناوی عیسایه‌.) جا به‌م قسانه‌ فه‌رمانڕه‌واكان‏و خه‌ڵكه‌كه‌یان ووروژاند. ئیتر فه‌رمانڕه‌واكان له‌ یاسون و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون بارمته‌یان وه‌رگرت‏و ئازادیان كردن.

له‌‏شاری بیریه‌

برایان یه‌كسه‌ر پۆڵس‏و سیلایان له‌شه‌ودا نارد بۆ شاری بیریه‌، ئه‌وانیش له‌وێ‌ بۆ كه‌نیشتی جووله‌كه‌كان چوون. به‌ڵام جووله‌كه‌ی بیریه‌ باشتر بوون له‌‏جووله‌كه‌ی ته‌سالۆنیكی، ووشه‌ی خودایان زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ وه‌رگرت، هه‌موو ڕۆژێك ده‌ستیان ده‌كرد به‌ لـێكۆڵینه‌وه‌ی كتێبی پیرۆز تاكو دڵنیابن له‌راستی مه‌سه‌له‌كان. له‌وانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان باوه‌ڕیان هێنا، هه‌روه‌ها له‌ یۆنانیه‌كانیش زۆر ژنی خانه‌دان‏و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌‏پیاوان باوه‌ڕیان هێنا.

به‌ڵام كاتێ‌ جووله‌كه‌ی ته‌سالۆنیكی زانیان پۆڵس له‌‏بیریه‌ ووشه‌ی خودا ڕاده‌گه‌ێنێ‌، دوایكه‌وتن‏و ده‌ستیان‎كرد به‌ هاندانی خه‌ڵكه‌كه‌ دژی پۆڵس‏و سیلا. ده‌ست‎به‌جێ‌ هه‌ندێ‌ برایان پۆڵسیان به‌ره‌و ده‌ریا برد تا گه‌شت بكات، به‌ڵام سیلاو تیمۆساوس له‌وێ‌ مانه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ پۆڵس بوون له‌گه‌ڵـی ڕۆیشتن تا گه‌یاندیانه‌ شاری ئه‌سینا، ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی پۆڵس ڕایسپاردن به‌ زووترین كات سیلاو تیمۆساوس بێن بۆ لای.

پۆڵس له‌‏ئه‌سینا

كاتێ‌ پۆڵس له‌ ئه‌سینا چاوه‌ڕێی ده‌كردن، شاره‌كه‌ی بینی پڕه‌ له‌ بت، به‌مه‌ دڵی ته‌نگ‎بوو. له‌‏كه‌نیشته‌كان گفتوگۆی ده‌كرد له‌گه‌ڵ جووله‌كه‌كان‏و خه‌ڵكه‌ خواناسه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی هه‌موو ڕۆژێ‌ له‌ گۆڕه‌پانی شاره‌كه‌دا تووشی ده‌هاتن. ئه‌وسا ده‌مه‌قاڵه‌ له‌ نێوان ئه‌م‏و هه‌ندێ‌ له‌ فه‌یله‌سوفه‌ ئه‌پیقوریه‌كان‏و ڕه‌واقیه‌كان په‌یدابوو. كاتێ‌ بینییان ئه‌و عیساو زیندووبوونه‌وه‌كه‌ی له‌نێو مردوواندا ڕاده‌گه‌ێنێ‌، هه‌ندێكیان ووتیان: (‏ئه‌م چه‌نه‌بازه‌ مه‌به‌ستی چییه‌ له‌ قسه‌كانی؟)‏ هه‌ندێكیتریشیان ووتیان: (ئه‌مه‌ له‌وه‌ ده‌كات ئاینێكی نامۆ بڵاوبكاته‌وه‌.) ئینجا بردیان بۆ گردی ئه‌ریوباغوس‏و لێیان پرسی: (ئایا بۆمان هه‌یه‌ بزانین ئه‌م فێركردنه‌ تازه‌یه‌ی بانگه‌وازی پێ‌ده‌كه‌یت چییه‌؟ چونكه‌ ئێمه‌ قسه‌ی سه‌یرت لـێ‌ده‌بیستین ده‌مانه‌وێ‌ واتاكه‌ی بزانین.) له‌و سه‌رده‌مه‌ دانیشتوانی ئه‌سیناو ئه‌و بێگانانه‌ی تیایدا دانیشتبوون، كاتی بێكاریان به‌‏هیچ شتێك به‌سه‌ر نه‌ده‌برد جگه‌ له‌‏لێكۆڵینه‌وه‌ی بیروڕای تازه‌ نه‌بێ‌.

ووتارێك له‌ ئه‌ریوباغوس

پۆڵس له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌ریوباغوس‎دا وه‌ستاو ووتی: (ئه‌ی دانیشتوانانی ئه‌سینا، ده‌تان‎بینم له‌‏هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زۆر دیندارن. له‌كاتێكدا له‌ناو شاره‌كه‌تان ده‌گه‌ڕام سه‌یری په‌رستگاكانتانم ده‌كرد، قوربانگه‌یه‌كم بینی له‌سه‌ری نووسرا بوو: (بۆ خودای نه‌ناسراو.) جا من ئه‌و خودایه‌تان بۆ ڕاده‌گه‌ێنم كه‌ ده‌یپه‌رستن‏و نایناسن. ئه‌و خودایه‌ی دروستكه‌ری جیهان‏و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایه‌تی، ئه‌و له‌‏خانوویه‌ك دانانیشێ‌ ده‌ستی مرۆڤ دروستی كردبێ‌، چونكه‌ خوداوه‌ندی ئاسمان‏و زه‌وییه‌، پێویستی به‌وه‌ نییه‌ به‌ده‌ستی مرۆڤ خزمه‌ت‏بكرێ، وه‌ك بڵێی پێویستی به‌شتێك بێ. ئه‌و به‌‏هه‌موو مرۆڤێ‌ ژیان‏و هه‌ناسه‌و هه‌موو شتێك ده‌به‌خشێ‌. هه‌موو میلله‌تانی له‌‏یه‌كێك دروست‎كردووه‌، تا له‌سه‌ر هه‌موو زه‌وی نیشته‌جێ‏بن، پێشتر كاتی دروستبوون‏و سنووری ووڵاته‌كه‌یانی ده‌ست‎نیشان كردووه‌، تا بگه‌ڕێن به‌دوای خودا به‌هیوای ئه‌وه‌ی بیدۆزنه‌وه‌و ڕێگای ئه‌و بگرنه‌ به‌ر، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دوور نییه‌ له‌ هه‌ر یه‌كێكمان، چونكه‌ ئێمه‌ له‌و ده‌ژین‏و ده‌جولێینه‌وه‌و هه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێ‌ له‌ شاعیره‌كانتان ده‌ڵێن: (‏ئێمه‌ش نه‌وه‌ی ئه‌وین.) جا چونكه‌ ئێمه‌ نه‌وه‌ی خوداین، پێویسته‌ سه‌یری خودایه‌تی نه‌كه‌ین وه‌ك بتێك له‌ زێڕ یا زیو یاخود به‌رد كه‌وا مرۆڤ بتوانێ‌ بیتاشێ‌ یاخود دایڕێژێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ی بیری بۆ ده‌ڕوات. ئێستا خودا له‌به‌رئه‌وه‌ی چاوی پۆشیوه‌ له‌‏سه‌رده‌می نه‌زانی، هه‌موو كه‌سێك له‌هه‌موو شوێنێك بانگ ‎ده‌كات بۆ تۆبه‌كردن، چونكه‌ ڕۆژێكی دیاریكردووه‌ تیایدا حوكم‎بدرێ‌ به‌سه‌ر جیهان به‌ دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوێك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی هه‌ڵبژاردوه‌. خودا بۆ هه‌موو كه‌سێكی سه‌لماند ئه‌م پیاوه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌، به‌وه‌ی له‌نێو مردووانی هه‌ستانده‌وه‌. (

كاتێ‌ ئاماده‌بووان گوێیان له‌هه‌ستانه‌وه‌ی نێو مردووان بوو هه‌ندێكیان ده‌ستیان‎كرد به‌ گاڵته‌پێ‌كردنی، به‌ڵام هه‌ندێكیكه‌یان به‌ پۆڵسیان ووت: (ده‌مانه‌وێ‌ جارێكیكه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌مان بۆ بكه‌یت.) ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ پۆڵس له‌ناویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ڵام هه‌ندێكیان لایه‌نگیری پۆڵسیان كردو باوه‌ڕیان پێ‌هێنا. له‌وانه‌ دیونیسیوس كه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ریوباغوس بوو، هه‌روه‌ها ژنێك ناوی داماریس بوو له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكیكه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.