Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 18

پۆڵس له‌كۆرنسوس

دوای ئه‌وه‌ی پۆڵس ئه‌سینای به‌جێ‌هێشت، بۆ شاری كۆرنسوس ڕۆیشت‏. له‌وێ‌ تووشی جووله‌كه‌یه‌كی خه‌ڵكی پونتس بوو، ناوی ئه‌كیلا بوو، تازه‌ له‌گه‌ڵ پریسكلای ژنی له‌ ئیتالیاوه‌ هاتبوون، چونكه‌ كلودیوس فه‌رمانی ده‌ركردنی جووله‌كه‌ی دابوو له‌‏ڕۆما، ئیتر پۆڵس چوو بۆ لایان. له‌لایان مایه‌وه‌ ئیشی له‌گه‌ڵیان كرد، چونكه‌ شاره‌زایی له‌‏ئیشه‌كه‌یان هه‌بوو، ئه‌ویش دروست‎كردنی چادر بوو.

پۆڵس هه‌موو ڕۆژێكی شه‌ممه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ده‌كرد كه‌ له‌كه‌نیشت‏دا ئاماده‌ده‌بوون، هه‌وڵی ده‌دا باوه‌ڕ بهێنێ‌ به‌جووله‌كه‌و یۆنانیه‌كان. كاتێ‌ سیلاو تیمۆساوس له‌ ناوچه‌ی مه‌كدۆنیاوه‌ گه‌یشتنه‌جێ‌، پۆڵس به‌ته‌واوی خۆی ســه‌رقاڵ كـردبوو به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ووشه‌ی خودا، هه‌تا بۆ جووله‌كه‌كانی ده‌رخات كه‌ عیسا مه‌سیحه‌، به‌ڵام ئه‌وان دژی وه‌ستان‎و ده‌ستیان‎كرد به‌‏گاڵته‌ پێ‌كردنی، ئه‌ویش كراسه‌كه‌ی ته‌كاندو پێیووتن: (خوێنی خۆتان له‌سه‌ر خۆتان. من بێ‌تاوانم! له‌ ئێستا به‌دواوه‌ ده‌ڕۆم بۆ لای ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین.) ئیتر پۆڵس ئه‌و شوێنه‌ی لێیبوو به‌جێیهێشت‏و به‌میوانی چووه‌ ماڵی پیاوێك ناوی تیتۆس بوستس بوو، ئه‌م پیاوه‌ خودا په‌رست بوو ماڵه‌كه‌ی به‌ته‌نیشت كه‌نیشته‌وه‌ بوو. لێره‌ كریسپۆسی سه‌رۆك كه‌نیشت خۆی‏و خاوخێزانی باوه‌ڕیان به‌‏خوداوه‌ند هێنا. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتوانی كۆرنسوس گوێیان له‌پۆڵس بوو، به‌مه‌ باوه‌ڕیان هێناو له‌ئاوهه‌ڵكێشران.

قسه‌بكه‌و بێ‌ده‌نگ ‎مه‌به‌

شه‌وێكیان خوداوه‌ند له‌‏خه‌ودا به‌پۆڵسی ووت: (مه‌ترسه‌، به‌ڵكو قسه‌ بكه‌و بێ‌ده‌نگ مه‌به‌، من له‌گه‌ڵتم، كه‌س ناتوانێ‌ ئازارت‎بدات، چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆرم هه‌یه‌ له‌م شاره‌.) ئیتر پۆڵس ساڵێك‏و شه‌ش مانگ له‌ كۆرنسوس مایه‌وه‌ خه‌ڵكی فێری ووشه‌ی خودا ده‌كرد. كاتێ‌ غالیونی فه‌رمانڕه‌وای ڕۆمانی فه‌رمانڕه‌وایی ووڵاتی ئه‌خائیه‌ی كه‌وته‌ده‌ست، جووله‌كه‌كان به‌یه‌ك بیروڕا دژی پۆڵس كۆبوونه‌وه‌، بردیان بۆ دادگا، شكاتیان لـێ‌كردو ووتیان: (ئه‌م پیاوه‌ هه‌وڵ‎ده‌دات خه‌ڵكه‌كه‌ ڕازی بكات خودا به‌ شێوه‌یه‌ك بپه‌رستن كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تمان ناگونجێ‌.) پۆڵس خــه‌ریك بوو به‌رگری له‌ خۆی بكات گه‌ر غالیون به‌ جووله‌كه‌كانی نه‌ووتایه‌: (ئه‌ی جووله‌كه‌كان، گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ تاوانێك یاخود گوناهێك بووایه‌، گوێم له‌ شكاته‌كه‌تان ده‌گرت به‌پێی حه‌ق‏و دادپه‌روه‌ری. به‌ڵام گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ شه‌ڕه‌قسه‌یه‌ له‌سه‌ر ووشه‌یه‌ك یا یه‌كێك یاخود شه‌ریعه‌ت، ئه‌وا پێویسته‌ خۆتان چاره‌سه‌ری بكه‌ن. من نامه‌وێ‌ له‌م مه‌سه‌لانه‌دا حوكم‏بده‌م.) ئیتر ده‌ریكردن له‌ دادگــا، ئه‌وســا خه‌ڵكه‌كه‌ سۆستانیسی سه‌رۆكی كه‌نیشته‌كه‌یان گرت‏و له‌به‌رده‌می دادگا لێیاندا، به‌ڵام غالیون گوێی به‌مه‌ نه‌دا‏.

گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆڵس بۆ ئه‌نتاكیا

پۆڵس ماوه‌یه‌كی درێژ له‌كۆرنسوس مایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ری تاشی له‌‏شاری كه‌نخه‌ریا چونكه‌ نه‌زری له‌سه‌ربوو، ماڵئاوایی له‌برایان كردو له‌گه‌ڵ پریسكلاو ئه‌كیلا به‌ڕێگای ده‌ریا به‌ره‌و سوریا ڕۆیشت. كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌فه‌سۆس پۆڵس له‌وێ‌ به‌جێیهێشتن، چووه‌ ناو كه‌نیشتی جووله‌كه‌كان‏و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كردن. ئه‌وانیش داوایان لـێ‌كرد ماوه‌یه‌كی زیاتر لایان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و داوای لـێ‌بووردنی لـێ‌كردن، ماڵئاوایی لـێ‌كردن و ووتی: (گه‌ر خودا حه‌زبكات ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان.) ئینجا به‌ڕێگای ده‌ریا ئه‌فه‌سۆسی به‌جێ‌هێشت، له‌مینای قه‌یسه‌ریه‌ دابه‌زی، له‌وێوه‌ سه‌ركه‌وت‎و سڵاوی له‌‏كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران كرد، ئینجا به‌ره‌و شاری ئه‌نتاكیا دابه‌زی، له‌وێ‌ ماوه‌یه‌ك مایه‌وه‌. پاشان ڕۆیشت بۆ ناوچه‌كانی غه‌ڵاتیه‌و فریجیه‌، له‌‏شارێكه‌وه‌ ده‌چوو بۆ شارێكیكه‌ هه‌تا ووره‌ی هه‌موو قوتابیه‌كان به‌رزكاته‌وه‌.

ئه‌پۆلۆس له‌ئه‌فسۆس‏و ئه‌خائیه‌

جووله‌كه‌یه‌كی خه‌ڵكی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ ناوی ئه‌پۆلۆس‏بوو، هات بۆ شاری ئه‌فه‌سۆس، زمان پاراو و شاره‌زابوو له‌كتێبی پیرۆز، شاره‌زاییه‌كی باشی له‌ڕێگای خوداوه‌ند هه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌ڕۆح چالاك‏بوو، زۆر به‌ووردی سه‌باره‌ت به‌خوداوه‌ند عیسا خه‌ڵكی فێرده‌كردو ده‌دوا، هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها به‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیای ده‌زانی. كاتێ‌ به‌چاونه‌ترسی له‌ناو كه‌نیشت‏دا ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن، ئه‌كـیلاو پریسكلا گـوێیان لـێ‌گرت، دوایی بردیانه‌ لای خۆیان‏و به‌ووردتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوون‎كرده‌وه‌. جا ئه‌پۆلۆس بڕیاریدا بچێ‌ بۆ ناوچه‌ی ئه‌خائیه‌، برایان هانیان‎داو بۆ قوتابیه‌كانی ئه‌وێیان نووسی كه‌وا پێشوازی لـێ‌بكه‌ن. كاتێ‌ گه‌یشته‌ ئه‌وێ‌ یارمه‌تیه‌كی زۆری ئه‌وانه‌یدا كه‌به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ باوه‌ڕیان هێنا بوو. چونكه‌ به‌هێزی قسه‌كانی به‌ئاشكرا جووله‌كه‌كانی بێ‏ده‌نگ ده‌كرد، به‌كتێبی پیرۆز بۆی ده‌رده‌خستن ‏عیسا مه‌سیحه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.