Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

کردار 19

پۆڵس له‌ئه‌فه‌سۆس

كه‌ ئه‌پۆلۆس له‌كۆرنسوس بوو، پۆڵس گه‌یشته‌ ئه‌فه‌سۆس، كاتێ‌ به‌ناو ووڵاته‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت له‌وێ‌ هه‌ندێ‌ قوتابی بینی. لێیپرسین: (ڕۆحی پیرۆزتان وه‌رگرت كاتێ‌ باوه‌ڕتان هێنا؟) وه‌ڵامیان‎دایه‌وه‌: (نه‌خێر! ته‌نانه‌ت ئێمه‌ بوونی ڕۆحی پیرۆزمان نه‌بیستووه‌!) جا لێی پرسین: (كه‌واته‌ له‌سه‌ر چ بناغه‌یه‌ك له‌ئاوهه‌ڵكێشران؟) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان‎دایه‌وه‌: (‏له‌سه‌ر بناغه‌ی له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا.) ئینجا پۆڵس ووتی: (له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا بۆ تۆبه‌كردن بوو، خه‌ڵكی بانگ ده‌كرد تاكو باوه‌ڕبهێنن به‌وه‌ی له‌‏دوای دێت، واته‌ عیسا.) كاتێ‌ ئه‌مه‌یان بیست به‌ناوی عیسای خوداوه‌نده‌وه‌ ‏له‌ئاوهه‌ڵكێشران. هه‌روه‌ها كاتێ‌ پۆڵس ده‌ستی خسته‌ سه‌ریان، ڕۆحی پیرۆز دابه‌زییه‌ سه‌ریان‏و به‌زمانی ڕۆحی قسه‌یان‏كردو به‌ووشه‌ی خودا دوان، ژماره‌یان نزیكه‌ی دوانزه‌ پیاو ده‌بوو.

ماوه‌ی سێ‌ مانگ پۆڵس به‌رده‌وام بۆ كه‌نیشت ده‌چوو، به‌چاونه‌ترسی قسه‌ی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان ده‌دواو هه‌وڵیده‌دا ڕازیان بكات به‌و ڕاستیانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ پادشاهێتی ئاسمان. به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌لله‌‏ڕه‌قییان كردو نه‌یانویست باوه‌ڕبهێنن، ده‌ستیان‏كرد به‌جنێودان به‌و فێركردنه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی كۆبووبوونه‌وه‌. جا پۆڵس لێیان جیابووه‌وه‌ به‌ته‌نها قوتابیه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی برد، هه‌موو ڕۆژێك گفتوگۆی ده‌كرد له‌‏قوتابخانه‌ی پیاوێك ناوی تیرانۆس بوو، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بوو. به‌م شێوه‌یه‌ ووشه‌ی خودا‏وه‌ند به‌‏هه‌موو دانیشتوانی ئاسیا گه‌یشت له‌‏جووله‌كه‌و یۆنانی.

خوداش كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری مه‌زنی له‌سه‌ر ده‌ستی پۆڵس‏ ده‌كرد، تا وای لێهات خه‌ڵكی ده‌سته‌سڕه‌كه‌ی یاخود پارچه‌یه‌ك له‌جله‌كانی كه‌‏له‌به‌ری كردبێ‌ ده‌یانبردو ده‌یانخسته‌ سه‌ر نه‌خۆشه‌كانیان، به‌مه‌ نه‌خۆشیه‌كانیان نه‌ده‌ماو ڕوحه‌ پیسه‌كانیان لێ‌ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

كوڕه‌كانی سكاوا

هه‌ندێ‌ له‌و جووله‌كه‌ گه‌ڕۆكانه‌ی ئیشیان ده‌ركردنی ڕۆحی پیس بوو هه‌وڵیاندا ناوی عیسای خوداوه‌ند بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن‏و ده‌یانووت: (ده‌رتده‌كـه‌ین به‌ناوی عیسا، ئه‌وه‌ی پۆڵس ڕایده‌گه‌ێنێ‌.) له‌ناو ئه‌وانه‌ی ئه‌مـه‌یان ده‌كـرد حـه‌وت كوڕی یه‌كێك له‌‏سه‌رۆك كـاهینه‌كان كه‌ ناوی سكاوا بوو، جا ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ وه‌ڵامیدانه‌وه‌: (من عیسا ده‌ناسم‏و پۆلسیش ده‌ناسم، به‌ڵام ئێوه‌ كێن؟)

ئینجا ئه‌و پیاوه‌ی ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی تێدا‏بوو په‌لامــاری دان‏و زاڵبوو به‌سه‌ریان، به‌شێوه‌یه‌ك لـه‌و ماڵه‌ی تیایدا بوون به‌ڕووتیو برینداری ڕایان كرد. ئیتر ئه‌م هه‌واڵه‌ بڵاوبووه‌وه‌ له‌ناو ئه‌و جووله‌كه‌و یۆنانیانـه‌ی لـه‌‏ئه‌فه‌سـۆس ده‌ژیـان، ئه‌وسـا هه‌موو ترس دایگرتن. به‌مه‌ش ناوی عیسای خوداوه‌ند به‌رزبووه‌وه‌. هه‌روه‌ها زۆر لـه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێنابوو هــاتن‏، به‌ئاشـكرا دانیاننا بـه‌كـرده‌وه‌ خـراپه‌كـانیان. زۆر له‌وانه‌ی خه‌ریكی جادوگه‌رێتی بوون ده‌ستیان كرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی په‌رتووكه‌كانیان‏و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سووتاندیانن، سه‌رجه‌می نرخه‌كانیان په‌نجا هه‌زار پارچه‌ زیو بوو. به‌م شێوه‌یه‌ ووشه‌ی خوداوه‌ند گه‌شه‌ی ‎ده‌كردو به‌هێز ده‌بوو.

شڵه‌ژانێكی ترسناك له‌‏ئه‌فه‌سۆس

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م شتانه‌ ڕوویدا، پۆڵس بڕیاریدا بچێ‌ بۆ ناوچه‌ی مه‌كدۆنیاو ئه‌خائیه‌، كاتێ‌ به‌ڕێگاوه‌ بوو بۆ قودس، ووتی: (پاش ئه‌وه‌ی له‌وێ‌ مامه‌وه‌ پێویسته‌ بچم سه‌رێك له‌ ڕۆماش بده‌م.) جا پۆڵس دووان له‌ یاریده‌ده‌ره‌كـانی نارد بۆ مه‌كدۆنیا كه‌ تیمۆساوس‏و ئه‌رسـتوس بوون، خۆشی ماوه‌یه‌ك له‌‏ناوچه‌ی ئاسیا مایه‌وه‌. له‌و كاته‌دا شـڵه‌ژانێكی ترسناك له‌‏ئه‌فه‌سۆس په‌یدا بوو به‌هۆی ڕێگای خوداوه‌. له‌وێ‌ زێڕنگه‌رێك هه‌بوو ناوی دیمتریوس بوو، په‌یكه‌ری زیوی دروست ده‌كرد بۆ بتی ئه‌رتامیس، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ خۆی‏و كرێكاره‌كانی پاره‌یه‌كی چاكیان ده‌ست‏ده‌كه‌وت، ‏كابرا كرێكاره‌كانی‏و زێڕینگه‌ره‌كانی تری بانگ كردو پێی ووتن: (ده‌زانن داهاتمان به‌سـتراوه‌ به‌م پیشه‌یه‌مــانه‌وه‌، ئێوه‌ دیوتانه‌و بیستوتانه‌ ئه‌م پۆڵسه‌ ڕێگای له‌‏خه‌ڵكێكێ‌ زۆر تێك داوه‌، ته‌نها له‌‏ئه‌فه‌سۆس نا به‌ڵكو نزیكه‌ی له‌‏هه‌موو ناوچه‌ی ئاسیا، ڕازی كردوون به‌وه‌ی ئه‌و بتانه‌ی ده‌ست دروستی كردووه‌ خودا‏نین. ئه‌مه‌ش ته‌نها زیانی بۆ ئیشه‌كه‌مان نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌رستگای ئه‌رتامیسی بتی گه‌وره‌مان گه‌وره‌یه‌تی نه‌مێنێ‌. جا ده‌ترسین نرخ‏و مه‌زنی نه‌مێنێ‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو دانیشتوانی ئاسیا، به‌ڵكو هه‌موو جیهان ده‌یپه‌رستێ‌.) كاتێ‌ گوێیان له‌م قسانه‌ بوو تووڕه‌ بوون‏و ده‌ستیان‏كرد به‌هاوار كردن: (گه‌وره‌یی بۆ ئه‌رتامیس بتی دانیشتوانی ئه‌فه‌سۆس!) ئه‌م شڵه‌ژانه‌ هه‌موو شاره‌كه‌ی گرته‌وه‌ خه‌ڵكێكێ‌ زۆر په‌لاماری غایوس‏و ئه‌رسترخۆسی مه‌كدۆنییان‏دا كه‌ هه‌ردووكیان هاوڕێی پۆڵس بوون له‌‏گه‌شتدا، ڕایانكێشان بۆ ناو گۆڕه‌پانی شانۆی شاره‌كه‌.

پۆڵس ویستی خۆی قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ بكات، به‌ڵام قوتابیه‌كان ڕێگای ئه‌مه‌یان لێگرت، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ له‌گه‌وره‌ پیاوانی ئاسیا كه‌‏هاوڕێی بوون ناردیانه‌ لای تا داوای لێ‌بكه‌ن خۆی نزیك نه‌كاته‌وه‌ له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌. ئیتر شته‌كه‌ له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ تێكچوو بوو، هه‌ندێكیان هاواری شتێكیان ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌شیان هاواری شتێكی تر، ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان هۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌ده‌زانی. له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا جووله‌كه‌یه‌ك هه‌بوو ناوی ئه‌سكه‌نده‌ر بوو، جووله‌كه‌كان پاڵیان پێوه‌نا بۆ پێشه‌وه‌، هه‌ندێكیان بانگیان كرد بۆ قسه‌كردن. به‌ده‌ست ئیشاره‌تی بۆ كردن كه‌ ده‌یه‌وێ‌ قسه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ بكات. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌وێدا كۆبووبوونه‌وه‌ زانییان ئه‌و جووله‌كه‌یه‌، هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ هاواریان ده‌كردو ده‌یان‏ووته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو كاژێر: (گه‌وره‌و مه‌زنه‌ ئه‌رتامیس بتی ئه‌فه‌سۆسیه‌كان!)

له‌ دواییدا فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌ توانی خه‌ڵكه‌كه‌ هێمن بكاته‌وه‌، ووتی: (ئه‌ی دانیشتوانی ئه‌فه‌سۆس، كێ‌ هه‌یه‌ دان نه‌نێ‌ به‌وه‌ی ئه‌فه‌سۆس شاری پاسه‌وانی په‌رستگای ئه‌رتامیسی بتی گه‌وره‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بتانه‌ی له‌ ئاسمان هاتۆته‌ خواره‌وه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی بیروڕای جیاواز نییه‌ له‌م شته‌دا، پێویسته‌ هێمن بنه‌وه‌و به‌خێرایی هیچ شتێك نه‌كه‌ن. ئیتر ئێوه‌ بۆچی ئه‌م دوو پیاوه‌تان هێناوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌رستگایان ڕووت‏نه‌كردۆته‌وه‌و كفریان سه‌باره‌ت به‌ بته‌كانمان نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیمتریوس‏و هاوڕێیانی ناڕه‌زاییه‌كیان هه‌یه‌، ئه‌وا دادگاو دادپرسمان هه‌یه‌ با ناڕه‌زایینامه‌ پێشكه‌ش به‌دادپرس بكه‌ن. گه‌ر هاتوو ناڕه‌زاییه‌كی كه‌تان هه‌بوو، له‌دانیشتنێكی یاساییدا سه‌یر ده‌كرێ‌. چونكه‌ هه‌موومان له‌مه‌ترسی داین، له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م شڵه‌ژانه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوویدا، ئێمه‌ هیچ به‌هانه‌یه‌كمان نییه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌.) ئیتر به‌م قسانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌كرد.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.