Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم تیمۆساوس 4

ووشه‌ی خودا ڕابگه‌ێنه‌

‏له‌به‌رده‌م خوداو عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند، ئه‌وه‌ی حوكم به‌سه‌ر زیندووان‏و مردووان ده‌دات، له‌‏كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی پادشاهێتیه‌كه‌ی، داوات لـێ‌ده‌كه‌م: ‏ووشه‌ی خودا ڕابگه‌ێنه‌، خۆتی بۆ ته‌رخان بكه‌ له‌‏كاتی باش‏و خراپ، خه‌ڵكی ڕاسته‌ڕێ‌ بكه‌، سه‌رزه‌نشت بكه‌، ووره‌یان به‌‏رزبكه‌وه‌ به‌ئارام‏گرتن‏و فێركردن. چونكه‌ كاتێك دێت خه‌ڵكی نایانه‌وێ‌ هیچ ده‌رباره‌ی فێركردنی ڕاست بزانن، به‌ڵكو به‌پێی ئاره‌زووی تایبه‌تی خۆیان مامۆستایه‌ك هه‌ڵده‌بژێرن كه‌وا به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیان بدوێ‌ ئه‌وان حه‌ز بكه‌ن گوێی لـێ‌ بگرن. ئه‌وانه‌ نایانه‌وێ‌ ڕاستی ببیستن، چه‌واشه‌ ده‌بن به‌ئه‌فسانه‌و شتی هیچ‏و پووچ. به‌ڵام تۆ، له‌ هه‌موو شتێك ووریابه‌‏، له‌‏ئازاردا دان‏بگره‌‏، به‌كاری مزگێنی‏ده‌ر هه‌سته‌، ‏به‌كاری خۆت هه‌سته‌ به‌ته‌واوی. له‌باره‌ی من، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ژیانم بكه‌م به‌ قوربانی‏، كاتی كۆچ‎كردنم نزیك‏بووه‌ته‌وه‌. تێكۆشانیكی باش تێكۆشاوم، قوناغی خۆم بڕیوه‌، پارێزگاری باوه‌ڕم كردووه‌. ئێستا تاجی ڕاست‎ودروستی چاوه‌ڕێم ده‌كات، ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند كه‌ دادوه‌ری ڕاست‎ودروسته‌ له‌و ڕۆژه‌ ده‌مداتێ‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ من نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌دڵ ئاره‌زووی هاتنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن.

دوا ڕاسپارده‌

هه‌وڵ بده‌ به‌خێرایی بۆ لام بێیت، چونكه‌ دیماس له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌م جیهانه‌ منی به‌جێ‌هێشت‏و بۆ شاری ته‌سالۆنیكی ڕۆیشت، كریسكیسیش بۆ ناوچه‌ی غه‌ڵاتیه‌ ڕۆیشت‎و تیتۆسیش بۆ دلماتیه‌. ‏له‌ لۆقا زیاتر كه‌سی ترم لا نییه‌. بڕۆ بۆ لای مه‌رقۆس‏و له‌گه‌ڵ خۆت بیهێنه‌‏، چونكه‌ زۆر سوودی لـێ‌وه‌رده‌گرم له‌خزمه‌تكردن. تیخیكۆسم ناردووه‌ بۆ ئه‌فه‌سۆس. كاتێ‌ هاتی له‌گه‌ڵ خۆت عه‌باكه‌م بۆ بهێنه‌، ئه‌وه‌ی له‌‏شاری ترواس لای كارپۆس به‌جێم هێشتووه‌، هه‌روه‌ها په‌رتووكه‌كانم به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌ستخه‌تانه‌ی له‌سه‌ر چه‌رم نووسراون.

‏ ئه‌سكه‌نده‌ری مسگه‌ر زۆر خراپه‌ی به‌رامبه‌ر كردم، خوداوه‌ند تۆڵه‌ی لـێ‌ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی. تۆش خۆت لێی بپارێزه‌‏، چونكه‌ زۆر به‌توندی به‌رهه‌ڵستی قسه‌كانمانی كرد.

‏ كاتێ‌ یه‌كه‌مجار به‌رگریم له‌‏خۆم ‎كرد كه‌س له‌گه‌ڵم نه‌هات، به‌ڵكو هه‌موویان به‌جێیان‎هێشتم، خودا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بیان‎به‌خشێت. به‌ڵام خوداوه‌ند له‌گه‌ڵم بوو به‌هێزی كردم، به‌مه‌ش توانیم مزگێنی ڕابگه‌ێنم تا هه‌موو گه‌لان ببیستن، ئه‌وه‌ بوو ڕزگاری كردم له‌ ده‌می شێر، هه‌ر خوداوه‌ندیش ڕزگارم ده‌كات له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌ك‏و ده‌مپارێزێت بۆ پادشاهێتی ئاسمانی خۆی. بۆ ئه‌وه‌ شكۆمه‌ندی تاهه‌تایه‌! ئامین.

سڵاو له‌ پریسكلاو ئه‌كیلاو خێزانی ئۆنیسیفورس بكه‌. ئه‌راستۆس له‌‏كۆرنسۆس مایه‌وه‌، به‌ڵام تروفیمۆس به‌‏نه‌خۆشی له‌‏شاری میلیتس به‌جێم‎هێشت. خێرابه‌ له‌‏هاتن پێش ‎ئه‌وه‌ی زستان ‎بێت. ئوپولۆس‏و پودیس‏و لینۆس‏و كلودیاو هه‌موو خوشك‏و برایانی ئێره‌ سڵاوت لـێ‌ده‌كه‌ن.

‏خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕۆحت بێت‏و به‌ره‌كه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.