Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

دووەم کۆرنسۆس 5

ما‎‏ڵی هه‌تاهه‌تای

ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین، كه‌ی چادری زه‌وییمان ڕووخا ئه‌وه‌ی تیایدا ده‌ژین، له‌لایه‌ن خوداوه‌ ماڵی هه‌تاهه‌تایمان ده‌درێتێ‌ له‌ئاسمان، كه‌ به‌‏ده‌ست دروست نه‌كراوه‌. چه‌ند به‌‏تاسه‌وه‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ماڵی ئاسمانیمان بكرێته‌ به‌ر، چونكه‌ هه‌ر كاتێ‌ له‌به‌رمان‎كرد ڕووت نابین. ئه‌وه‌نده‌ی له‌م چادره‌داین، ده‌ناڵێنین له‌ژێر بارگرانی، نامانه‌وێ‌ ئه‌و خانووه‌ دابكه‌نین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تریش له‌سه‌ری له‌به‌ر بكه‌ین، تاكو ژیانی تازه‌ هه‌رچی فه‌وتاوه‌ تیامان هه‌ڵیلووشێ‌. به‌ڵام خودا خۆیه‌تی ئێمه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كردووه‌، جا بۆ ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی، ڕۆحی پیرۆزی وه‌ك پێشه‌كی پێمان داوه‌. ‏ئێمه‌ هه‌موو كاتێ‌ بڕوامان هه‌یه‌و ده‌زانین كه‌ ئێمه‌ كاتێ‌ له‌له‌شدا نیشته‌جێین له‌خوداوه‌ند دوورین. چونكه‌ ئێمه‌ به‌باوه‌ڕ ده‌ڕۆین نه‌ك به‌ بینراو. كه‌واته‌ ئێمه‌ دڵنیاین، به‌لامانه‌وه‌ باشتره‌ واز له‌م له‌شه‌ بهێنین‏و لای خوداوه‌ند نیشته‌جێ‌ بین. ‏ئیتر وه‌ك یه‌ك وایه‌ لای ئێمه‌، گه‌ر لای خوداوه‌ند بین یاخود له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ بژین، ئامانجمان ڕازیكردنیه‌تی. چونكه‌ ده‌بێ‌ هه‌موومان له‌به‌رده‌م دادگای مه‌سیح ڕاوه‌ستین، تاكو هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ پاداشتی خۆی وه‌رگرێ‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و كارانه‌ی كردوویه‌تی كاتێ‌ به‌له‌ش ژیاوه‌، ئیتر باش بووبێ‌ یاخود خراپ.

خزمه‌تی ئاشت‎بوونه‌وه‌

چونكه‌ ترسی خوداوه‌ند له‌ دڵمانه‌، ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین باوه‌ڕ به‌ خه‌ڵكی بهێنین. به‌ڵام خودا به‌ته‌واوی ده‌مان‎ناسێ‌، هیوادارین ئێوه‌ش به‌ ویژدانتان به‌ ته‌واوی ئێمه‌ بناسن. ‏ئێمه‌ نامانه‌وێ‌ ستایشی خۆمان بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ‌ پێتان بڵێین به‌چییه‌وه‌ شانازیمان پێ‌بكه‌ن، ئه‌وسا ده‌توانن وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌وا شانازی به‌ ڕواڵه‌تی مرۆڤ ده‌كه‌ن نه‌ك به‌وه‌ی له‌ دڵیایه‌تی. گه‌ر مێشكمان تێكچوو بێ‌ ئه‌وه‌ بۆ خودایه‌، گه‌ر هۆشمه‌ندیش بین ئه‌وه‌ له‌به‌ر ئێوه‌یه‌. چونكه‌ خۆشه‌ویستی مه‌سیح ده‌ستی به‌سه‌ر ئێمه‌ گرتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیمان یه‌كێك له‌جیاتی هه‌موو خه‌ڵك مرد، ئیتر هه‌موو خه‌ڵك مردن. ئه‌و له‌پێناوی هه‌مووان مرد هه‌تا زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نه‌ژین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناویان مردو هه‌ستایه‌وه‌. له‌مه‌ولا به‌پێی ڕواڵه‌ت ته‌ماشای كه‌س ناكه‌ین، گه‌ر بێتو جاران به‌پێی له‌ش ته‌ماشای مه‌سیحمان كردبێ‌، ئیتر له‌‏ئێستاوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نایناسین. گه‌ر یه‌كێك سه‌ر به‌ مه‌سیح بێ‌، ئه‌وا ده‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێكی تازه‌، شته‌ كۆنه‌كان نه‌مان‏و به‌سه‌رچوون، ئه‌وه‌تا هه‌موو شت نوێ‌ بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌خوداوه‌یه‌ كه‌ ئاشتیكردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌هوێ‌ مه‌سیح، ئینجا‏ خزمه‌ت كردنی ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ی به‌ ئێمه‌ سپارد. واته‌ خودا جیهانی ئاشت‎كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆی له‌‏مه‌سیحدا، ئیتر له‌سه‌ر گوناه‌ لێیان ناپرسێته‌وه‌و ووشه‌ی ئاشت‎بوونه‌وه‌ی به‌ ئێمه‌ سپاردووه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ باڵیۆزی مه‌سیحین، خودا به‌هۆی ئێمه‌ ووتار ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌جیاتی مه‌سیح داواتان لـێ‌ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ خودا ئاشت‎بنه‌وه‌‏. له‌پێناوی ئێمه‌ ئه‌وی كرد به‌گوناه‌ هه‌رچه‌نده‌ گوناهی نه‌ده‌ناسی، تـا له‌ئه‌ودا به‌شداری ڕاست‏ودروستی خودا بكه‌ین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.