Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ڕۆما 2

حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌ی خودا

كه‌واته‌ هیچ بیانویه‌كت نییه‌ ئه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ی حوكم به‌سه‌ر خه‌ڵكی ده‌ده‌یت، چونكه‌ كاتێ‌ حوكم به‌سه‌ر خه‌ڵكی ده‌ده‌یت، خۆت تاوانبار ده‌كه‌یت، له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ حوكم به‌سه‌ر خه‌ڵكی ده‌ده‌یت‏، خۆشت هه‌مان شت ده‌كه‌یت. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین حوكمی خودا ڕاسته‌ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ ده‌كه‌ن. ‏ئه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ی حوكم به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌ده‌یت كه‌ ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ ده‌كه‌ن‏و خۆشت هه‌مان شت ده‌كه‌یت، ئایا وا ده‌زانی تۆ ڕزگارت ده‌بێ‌ له‌‏حوكمی خودا؟ یاخود به‌چاوی سووك سه‌یری ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌رم‏ونیانیو دانبه‌خۆگرتن‏و ئارامی خودا ده‌كه‌یت‏؟ ئایا تۆ نازانی نه‌رم‏ونیانی خودا هانت ده‌دا بۆ تۆبه‌كردن؟

به‌ڵام تۆ له‌به‌ر دڵڕه‌قی‏و تۆبه‌ نه‌كردنت، تووڕه‌یی بۆ خۆت كۆده‌كه‌یته‌وه‌ بۆ ڕۆژی تووڕه‌بوون، ئه‌و ڕۆژه‌ی سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی خودای تیا ده‌رده‌كه‌وێ‌. ئه‌وسا هه‌ر مرۆڤێك پاداشتی خۆی وه‌رده‌گرێ‌ به‌پێی كرداری. ژیانی هه‌تاهه‌تایش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێ‌ كه‌ هه‌وڵ‏ده‌ده‌ن بۆ شكۆمه‌ندی‏و ڕێزگرتن‏و نه‌مری به‌ به‌رده‌وام‏بوونیان له‌سه‌ر كرداری چاك، به‌ڵام تووڕه‌یی‏و ڕق بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی خۆویستی ده‌ده‌ن‎و ملكه‌چی ڕاستی نابن به‌ڵام بۆ گوناه‌ مل شۆڕ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ناخۆشی‏و ته‌نگانه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤێكه‌ كه‌ ڕه‌فتاری خراپ ده‌كات، یه‌كه‌مجار بۆ جووله‌كه‌ ئینجا بۆ یۆنانی. شكۆمه‌ندی‏و ڕێزو ئاشتی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاكه‌ ده‌كه‌ن یه‌كه‌مجار بۆ جووله‌كه‌ ئینجا یۆنانی، چونكه‌ خودا لایه‌نگیری كه‌س ناكات.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تیان نییه‌و هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، به‌بێ‌ شه‌ریعه‌ت له‌ناوده‌چن. ئه‌وانه‌ش كه‌ شه‌ریعه‌تیان هه‌یه‌و هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر به‌و شه‌ریعه‌ته‌ تاوانبار ده‌كرێن. ئه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تیان بیستووه‌ بێ‌تاوان نین له‌به‌رامبه‌ر خودا، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ كاری پێ‌ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ بێ‌تاوان ده‌بن. جا كاتێ‌ ‏ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین، واته‌ ئه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تیان نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ریعه‌ت داوای ده‌كات، هه‌روه‌ك شتێكی سروشتی له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، ئه‌وانه‌ شه‌ریعه‌تن بۆ خۆیان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان ئه‌و شه‌ریعه‌ته‌یان نییه‌. ‏ده‌ریده‌خه‌ن ناوه‌ڕۆكی شه‌ریعه‌ت له‌‏دڵیان نووسراوه‌، ویژدان‏و بیریشیان له‌‏ناوه‌وه‌ شایه‌تی بۆ ئه‌مه‌ ده‌دات، ئه‌مه‌ش جارێك تاوانباریان ده‌كات، جارێكی دیكه‌ به‌رگرییان لێ‌ده‌كات. هه‌موو ئه‌م شتانه‌ش له‌و ڕۆژه‌دا ده‌بێ‌، كاتێ‌ خودا حوكم به‌سه‌ر نهێنی خه‌ڵكی ده‌دات به‌هۆی عیسای مه‌سیح، به‌پێی مزگێنیم.

جووله‌كه‌و شه‌ریعه‌ت

به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه‌ی ناوی خۆت به‌‏جووله‌كه‌ ده‌به‌یت، پشت به‌‏شه‌ریعه‌ت ده‌به‌ستی، شانازی به‌خودا ده‌كه‌یت، خواستی ئه‌و ده‌زانیت‏و چی باشه‌ جیای ده‌كه‌یته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌‏شه‌ریعه‌ت فێری بووی، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت به‌خۆت هه‌یه‌ تۆ ڕێنیشانده‌ری كوێرانی‏و ڕووناكی بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ تاریكیدان، هه‌روه‌ها فێركه‌ری نه‌زانه‌كان‏و مامۆستای منداڵانی، چونكه‌ تۆ شێوه‌ی زانیاریو ڕاستیت هه‌یه‌ له‌شه‌ریعه‌ت، ‏كه‌واته‌ تۆ، ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌ڵكی فێر ده‌كه‌یت، بۆچی خۆت فێرناكه‌ی؟ له‌كاتێكدا ئامۆژگاری ده‌كه‌یت :دزی مه‌كه‌ن، كه‌چی خۆت دزی ده‌كه‌یت؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ڵێیت داوێن‏پیسی مه‌كه‌ن، كه‌چی خۆت داوێن‏پیسی ده‌كه‌ی؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ی ڕقت له‌بت ده‌بێته‌وه‌، كه‌چی په‌رستگاكان تاڵان ده‌كه‌ی؟ ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی شانازی به‌‏شه‌ریعه‌ت ده‌كه‌یت، كه‌چی ده‌ته‌وێ‌ سووكایه‌تی به‌خودا بكه‌یت به‌وه‌ی سه‌رپێچی شه‌ریعه‌ت ده‌كه‌یت؟ له‌به‌ر ئه‌مه‌ له‌كتێبدا نووسراوه‌: [[به‌هۆی ئێوه‌وه‌ له‌ناو ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین كفر به‌ناوی خودا ده‌كرێ‌.]] جا خه‌ته‌نه‌كردن كاتێ‌ سوودی هه‌یه‌ به‌پێی شه‌ریعه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌یت، به‌ڵام گه‌ر تۆ به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌ت ڕه‌فتار بكه‌یت، ئه‌و كاته‌ خه‌ته‌نه‌كردنه‌كه‌ت وه‌ك بێ‌ خه‌ته‌نه‌ی لێدێت. جا گه‌ر هاتوو خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوان به‌پێی شه‌ریعه‌ت ڕه‌فتاریان كرد، ئایا وه‌ك خه‌ته‌نه‌كراوان دایان نانێن؟ ئیتر ئه‌وه‌ی له‌‏بنه‌ڕه‌ت خه‌ته‌نه‌‏نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر شه‌ریعه‌ت ده‌ڕوا، ئایا حوكم نادا به‌سه‌ر تۆی جووله‌كه‌ ئه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی شه‌ریعه‌ت ده‌كه‌یت هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌نی كتێبیت‏و خه‌ته‌نه‌كراوی؟

‏ جووله‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ڕواڵه‌ت جووله‌كه‌یه‌، خه‌ته‌نه‌كراویش ئه‌وه‌ نییه‌ له‌شی خه‌ته‌نه‌كراوه‌، به‌ڵام جووله‌كه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌دڵ جووله‌كه‌یه‌، خه‌ته‌نه‌كردنیش خه‌ته‌نه‌كردنی دڵه‌ كه‌ به‌‏ڕۆح ده‌بێ‌ نه‌ك به‌نووسراوی شه‌ریعه‌ت. جا ئه‌مه‌ ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ ستایشی خودا به‌ده‌ست ده‌هێنێ‌ نه‌ك هی ئاده‌میزاد.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.