Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ڕۆما 15

مه‌سیح نموونه‌یه‌ بۆ ئێمه‌

به‌ڵام ئێمه‌ كه‌ به‌هێزین له‌باوه‌ڕ له‌‏سه‌رمانه‌ دان‏بگرین به‌خۆماندا به‌رامبه‌ر به‌ بێ‌هێزی باوه‌ڕی لاوازان، هه‌روه‌ها خه‌ریكی ڕازی‏كردنی ‏خۆمان نه‌بین. جا هه‌ر‏یه‌ك له‌‏ئێمه‌ پێویسته‌ نزیكه‌كه‌ی ڕازی بكات بۆ چاكه‌ی ئه‌و، له‌پێناوی بنیادنانی. ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش هه‌وڵی ڕازیكردنی خۆی نه‌داوه‌، به‌ڵكو به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[جنێوی ئه‌وانه‌ی جنێوت پێ‌ده‌ده‌ن منیشی گرته‌وه‌.]] جا ئه‌وه‌ی له‌‏پێشا نووسراوه‌، بۆ فێركردنی ئێمه‌ نووسراوه‌، تا ئێمه‌ به‌هۆی دانبه‌خۆگرتن‏و هاندانی كتێبی پیرۆز هیوامان هه‌بێ‌. داواكارم خودای دانبه‌خۆگرو هانده‌ر ڕێككه‌وتنی بیروڕاتان پێ‌ببه‌خشێ‌ له‌نێو خۆتان به‌گوێره‌ی عیسای مه‌سیح‏، تا به‌یه‌ك دڵ‏و به‌یه‌ك ده‌نگ ستایشی خودا بكه‌ین، باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان. له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێشوازی له‌یه‌كتری بكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن مه‌سیح پێشوازی لێ‌كردین، له‌پێناوی شكۆمه‌ندی خودا‏. من پێتان ده‌ڵێم، مه‌سیح بوو به‌‏خزمه‌تكاری خه‌ته‌نه‌كراوه‌كان، تا ڕاستی خودا ده‌ربخات‎و ئه‌و به‌ڵێنه‌ی داویه‌تی به‌ باپیران بیباته‌سه‌ر. هه‌روه‌ها تا میلله‌تان ستایشی خودا بكه‌ن به‌هۆی ئه‌و به‌زه‌ییه‌ی هه‌یه‌تی، هه‌روه‌ك له‌‏كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[بۆیه‌ سوپاست ده‌كه‌م له‌نێو میلله‌تانداو گۆرانی بۆ ناوت ده‌ڵێم]]‏، دیسان باسكراوه‌: [[دڵشادبن ئه‌ی میلله‌تان له‌گه‌ڵ گه‌لی خودا]]، هه‌روه‌ها ووتراوه‌: [[ستایشی خوداوه‌ند بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو میلله‌تان، با‏هه‌موو گه‌لان ستایشی بكه‌ن]]، ‏ئه‌شعیاش ده‌ڵێ‌: [[‏یه‌كێك له‌پشتی یه‌سا ده‌رده‌كه‌وێ‌، فه‌رمانڕه‌وایی میلله‌تان ده‌كات، ئه‌وه‌ی میلله‌تان ئومێدیان پێیه‌تی.]] با ‏خودای هیوا پڕتان بكات له‌هه‌موو خۆشی‏و ئاشتییه‌ك له‌‏باوه‌ڕدا، تاكو هیواتان زۆربێ‌ به‌هۆی توانای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌.

خزمه‌تكردنی پۆڵس

ئه‌ی برایان من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئێوه‌ پڕن له‌چاكه‌، ته‌واون له‌زانیاریو توانای ئامۆژگاری یه‌كترتان هه‌یه‌. به‌ڵام زۆر به‌چاو‏نه‌ترسیه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی خودا پێی به‌خشیوم، هه‌ندێ‌ شتم بۆ نووسیون تا به‌بیرتان بهێنمه‌وه‌، هه‌تا ببم به‌‏خزمه‌تكاری عیسای مه‌سیح، ده‌بێ‌ وه‌ك كاهینێك به‌میلله‌تان مزگێنی خودا بده‌م‏، هه‌تا قوربانی میلله‌تان په‌سه‌ند كراو و پیرۆزكراو بێ‌ به‌‏ڕۆحی پیرۆز بۆ خودا.

كه‌واته‌ شانازی به‌‏عیسای مه‌سیح ده‌كه‌م له‌خزمه‌تم بۆ خودا. من به‌‏خۆم ڕانابینم باسی شتێك بكه‌م، گه‌ر مه‌سیح به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌یكردبێ‌، هه‌تا ملكه‌چی میلله‌تان بۆ خودا به‌‏ووته‌و كردار به‌ده‌ست بهێنم، به‌توانای نیشانه‌و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر، به‌توانای ڕۆحی پیرۆز، ئاوا توانیم له‌قودس‏و ده‌وروپشتی هه‌تا ناوچه‌ی ئیلریكوم، مزگێنیدانی مه‌سیح ته‌واو بكه‌م. من پێم داگرت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مزگێنی ووشه‌ی خودا بده‌م، له‌و شوێنه‌ی ناوی مه‌سیحی تێدا نه‌بیسترا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بناغه‌یه‌ك كه‌ یه‌كێكیتر دایناوه‌ دروستی نه‌كه‌م، وه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[ئه‌وانه‌ی كه‌س هه‌واڵی ئه‌وی پێ‌ نه‌داون له‌مه‌ولا ده‌بینن، ‏ئه‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و هیچیان نه‌بیستووه‌ له‌مه‌ولا تێ‌ده‌گه‌ن.]]

‏ئاره‌زووی دیده‌نی ‏ڕۆما‏

له‌به‌ر‏هه‌مان شتیش بوو چه‌ند جار نه‌م ده‌توانی بێم بۆ لاتان. به‌ڵام ئێستا، له‌م ناوچانه‌ شوێن نه‌ماوه‌ ئیشی لێ‌بكه‌م، هه‌روه‌ها ساڵانێكی زۆره‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بێم بۆ لاتان، كاتێ‌ ده‌چم بۆ ئیسپانیا هیوادارم به‌لاتان تێپه‌ڕم‏و بتانبینم، دوای ئه‌وه‌ی چێژم له‌‏بینینتان وه‌رگرت گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێ‌، ئومێده‌وارم‎ كاروباری چوونی ئه‌وێم بۆ ئاسان بكه‌ن. به‌ڵام ئێستا ده‌چم بۆ قودس تا‏خزمه‌تی برا پیرۆزه‌كانم بكه‌م. چونكه‌ باوه‌ڕدارانی مه‌كدۆنیه‌و ئه‌خائیه‌ وایان به‌‏باش زانی هه‌ندێ‌ یارمه‌تی كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و برا پیرۆزانه‌ی هه‌ژارو ده‌ست‎كورتن له‌‏قودس. ئه‌وان ئه‌مه‌یان به‌ باش زانی‏و قه‌رزاری ئه‌و‏ان بوون، چونكه‌ جووله‌كه‌كان له‌شته‌ ڕۆحیه‌كان به‌شداری میلله‌تانیان كرد، جا پێویست بوو له‌سه‌ر ئه‌وان خزمه‌تی جووله‌كه‌كان بكه‌ن له‌باره‌ی شته‌ مادییه‌كانه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی به‌م كاره‌ هه‌ڵده‌ستم‏و ئه‌و یارمه‌تییه‌یان پێشكه‌ش ده‌كه‌م، سه‌رتان لێ‌ده‌ده‌م كاتێ‌ به‌ره‌و ئیسپانیا ده‌ڕۆم. من ده‌زانم گه‌ر بێم بۆ لاتان، به‌ته‌واوی پیرۆزی ‏مه‌سیح بۆ لاتان دێم. ئه‌ی برایان داواتان لێ‌ده‌كه‌م، به‌ناوی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندو به‌‏خۆشه‌ویستی ڕۆحی پیرۆز، هه‌مووتان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵم تێبكۆشن‏و كۆشش بكه‌ن له‌نوێژدا ‏له‌پێناوی من بۆ خودا، تا ڕزگاربم له‌ده‌ست بێ‌باوه‌ڕانی ناوچه‌ی یه‌هودیه‌، هه‌روه‌ها تاكو خزمه‌ته‌كه‌م له‌قودس په‌سه‌ند كراو بێ‌ لای برا پیرۆزه‌كان، گه‌ر خودا خواستی له‌سه‌ر بێ‌ به‌دڵشادیه‌وه‌ دێم بۆ لاتان، به‌مه‌‏ له‌گه‌ڵتان پشوو ده‌ده‌م. ئیتر با خودای ئاشتی له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێ‌. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.