Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ڕۆما 11

ئایا ‏خودا‏ گه‌له‌كه‌‏ی ڕه‌تكرده‌وه‌؟

ئینجا پرسیار ده‌كه‌م: ئایا خودا گه‌له‌كه‌ی خۆی ڕه‌تكـرده‌وه‌؟ نــه‌خـێر شتی‏وا نییه‌! منیش ئیسرائیلیم، له‌‏نه‌وه‌ی ئیبراهیم له‌‏تیره‌ی بنیامینم. خودا گه‌له‌كه‌ی ڕه‌ت‏نـاكاته‌وه‌ كه‌ له‌‏پێشا ناسیویه‌تی. ئایا نازانن كتێبی پیرۆز ده‌رباره‌ی ئه‌لیاس پێغه‌مبه‌ر ده‌ڵێ‌ چی؟ كاتێ‌ شكاتی له‌‏جووله‌كه‌كان كرد له‌لای خوداو ووتی: [[ئه‌ی خوداوه‌ند، جووله‌كه‌كان پێغه‌مبه‌ره‌كانی تۆیان كوشت، هه‌روه‌ها قوربانگاكانی تۆیان ڕووخاند، ‏من به‌ته‌نها ماومه‌ته‌وه‌، ده‌یانه‌وێ‌ بمكوژن.]] به‌ڵام ده‌نگی خودا چۆن وه‌ڵامی دایه‌وه‌؟ [[حه‌وت هه‌زار پیاوم بۆ خۆم هێشتۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چۆكیان نه‌داوه‌ بۆ بتی به‌عل.]] ‏ئێستاش هه‌روایه‌ به‌هۆی به‌ره‌كه‌ته‌وه‌ به‌شێك هه‌ڵبژێرراون تا بمێننه‌وه‌. به‌ڵام گه‌ر ئه‌مه‌ به‌‏به‌ره‌كه‌ت بووبێ‌، ئیتر به‌كرداری خۆمان نییه‌، ئه‌گینا به‌ره‌كه‌ت، به‌ره‌كه‌ت نییه‌. كه‌واته‌ دوای ئه‌مه‌ چی؟ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌وڵی بۆ ده‌دا ده‌ستی نه‌كه‌وت، به‌ڵكو هه‌ڵبژێرراوان ده‌ستیان‎كه‌وت‏، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ دڵیان ڕه‌ق ببوو، هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[خودا هه‌تا ئه‌مڕۆ ڕۆحی سستی داونه‌تێ‌، چاوی داونه‌تێ‌ پێی نه‌بینن‏و گوێی داونه‌تێ‌ پێی نه‌بیستن، هه‌تا ئه‌مڕۆش.]] هه‌روه‌ها داود ده‌ڵێ‌: [[با خوانه‌كه‌یان ته‌ڵه‌و داو بێت بۆیان، ‏ببێت به‌‏كۆسپ‏و سزا بۆیان. با به‌رچاویان تاریك بێ‌ تا نه‌بینن، هه‌میشه‌ پشتیان چه‌ماوه‌ بێت تاهه‌تایه‌.]]

ڕزگاربوونی ناجووله‌كه‌كان

بۆیه‌ ده‌پرسم: ئایا جووله‌كه‌كان قاچیان هه‌ڵخلیسكا بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌ون؟ نه‌خێر به‌‏هیچ جۆرێ‌! به‌ڵكو به‌‏یاخیبوونیان ڕزگاری هاته‌كایه‌وه‌ بۆ میلله‌تان [ناجووله‌كه‌كان]، تاكو حه‌سوودی ئیسرائیل دابگرێ‌. جا گه‌ر یاخیبوونیان ده‌وڵه‌مه‌ندی بێ‌ بۆ جیهان، كه‌وتنیان ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ میلله‌تان، ئه‌ی ژماره‌ی ته‌واویان چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندی زیاتر ده‌هێنێ‌؟ ئێستا من بـه‌میللـه‌تـان ده‌ڵێم: چـونكه‌ من بۆ میلله‌تان نێرراوم، شانازی به‌‏خزمه‌ته‌كه‌م ده‌كه‌م، تا ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م حه‌سوودی بیانگرێ‌و هه‌ندێكیان ڕزگار بكه‌م. چونكه‌ گه‌ر هاتوو ڕه‌تكردنه‌وه‌یان هه‌لێك بێ‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی جیهان، ئایا قه‌بوڵ‏كردنیان له‌لایه‌ن خوداوه‌ وه‌ك زیندووبوونه‌وه‌ نییه‌ له‌مردن؟ گه‌ر به‌شی یه‌كه‌می هه‌ویر پیرۆز بێ‌، ئه‌وسا هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ پیرۆز ده‌بێ‌. هه‌روه‌ها گه‌ر ڕه‌گی دره‌خت پیرۆز بێ‌، ئه‌وسا لقه‌كانیش پیرۆزن. گه‌ر هاتوو هه‌ندێ‌ ‏لقی دار زه‌یتونێك بڕایه‌وه‌، تۆش وه‌ك زه‌یتونێكی كێوی تیایدا موتوربه‌ كرای، ئه‌وسا به‌مه‌ به‌شداری ده‌كه‌ی له‌ڕه‌گ‏و پیت‎و به‌ره‌كه‌تی، شانازی مه‌كه‌ به‌سه‌ر لقه‌ بڕاوه‌كان. گه‌ر هاتوو شانازیت كرد به‌خۆته‌وه‌، ئه‌وسا ده‌بێ‌ بزانی كه‌ تۆ ڕه‌گی دره‌خته‌كه‌ت هه‌ڵ نه‌گرتووه‌‏، به‌ڵكو ئه‌وه‌ تۆی هه‌ڵگرتووه‌. گه‌ر بڵێی: (ئه‌و لقانه‌ بڕاونه‌ته‌وه‌ تاكو من موتوربه‌ بكرێم.) ئه‌مه‌ ڕاسته‌. ئه‌وان بڕانه‌وه‌ به‌هۆی بێ‌‏باوه‌ڕییان، به‌ڵام تۆ به‌هۆی باوه‌ڕ جێگیر بووی. له‌‏خۆبایی مه‌به‌، به‌ڵكو بترسه‌. گه‌ر خودا لقی بنه‌ڕه‌تی دره‌خته‌كه‌ نه‌هێلێته‌وه‌ ئه‌وسا تۆش ناهێڵێته‌وه‌. بۆیه‌ دڵنه‌رمی‏و توندی خودا له‌به‌رچاو بگره‌: توندییه‌كه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ كه‌وتن، به‌ڵام دڵنه‌رمییه‌كه‌ی بۆ تۆیه‌، ئه‌گه‌ر له‌دڵنه‌رمی جێگیر بیت، ئه‌گینا تۆش وه‌ك ئه‌و لقانه‌ ده‌بڕێیته‌وه‌. دیسان جووله‌كه‌كانیش، گه‌ر به‌رده‌وام نه‌بن له‌سه‌ر بێ‌باوه‌رییان، موتوربه‌ ده‌كرێن، چونكه‌ خودا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جارێكی كه‌ موتوربه‌یان بكات. چونكه‌ گه‌ر تۆ له‌‏دار زه‌یتونێكی كێوی بڕابیته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی سروشته‌وه‌ له‌دار زه‌یتونێكی چاك موتوربه‌ كرای، ئاخۆ ده‌بێ‌ چه‌ند ئاسانتر بێ‌ بۆ ‏ئه‌وانه‌ی خۆیان سه‌ر به‌‏دار زه‌یتونه‌ چا‏كه‌كه‌ن هه‌تا تیایدا موتوربه‌ بكرێن.

به‌زه‌یی ‏خودا ‏بۆ هه‌مووانه‌

ئه‌ی برایان، من نامه‌وێ‌ ئێوه‌ ئه‌و نهێنییه‌ نه‌زانن، هه‌تا خۆتان به‌دانا نه‌زانن له‌بۆچوونتان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ئیسرائیل دڵیان ڕه‌ق بوو، تا ته‌واوی ژماره‌ی میلله‌تان دێن، ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ئیسرائیل ڕزگاری ده‌بێ‌، به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[له‌‏شاری داوده‌وه‌ ڕزگاركه‌ر دێت، خوانه‌ناسی ناهێڵێ‌ له‌ ناو یاقوب. ئه‌مه‌ش په‌یمانمه‌ له‌گه‌ڵیان، كاتێ‌ گونا‏هه‌كانیان ده‌سڕمه‌وه‌.]] جووله‌كه‌كان به‌گوێره‌ی مزگێنی دوژمنن له‌پێناوی ئێوه‌دا، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌ڵبژاردن خۆشه‌ویستن له‌پێناوی باوباپیران، چونكه‌ خودا هه‌رگیز له‌به‌خشین‏و بانگ كردنی خۆی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌. جا چۆن ئێوه‌ له‌‏پێشا له‌‏خودا یاخی‏بوون‏و ئێستا خودا به‌زه‌یی پێتان‏هاته‌وه‌ به‌هۆی یاخی‏بوونی ئه‌وان، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانیش ئێستا له‌‏خودا یاخیبوون، تا به‌زه‌یی پێیان بێته‌وه‌ وه‌ك به‌زه‌یی به‌‏ئێوه‌ هاته‌وه‌. چونكه‌ خودا هه‌موو مرۆڤی له‌ یاخیبووندا به‌ندكرد هه‌تا به‌زه‌یی به‌ هه‌موویان بێته‌وه‌.

ئای چه‌ند قووڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیو دانایی‏و زانیاری خودا! هه‌روه‌ها چه‌ند دووره‌ پشكنینی حوكمه‌كانی‎و تێ‌گه‌یشتنی ڕێگاكانی!

[[چونكه‌ كێ‌ له‌بیروڕای خوداوه‌ندی زانی؟ یاخود كێ‌ ته‌گبیركه‌ری‏بوو؟]]

[[یاخود كێ‌ شتێكی پێ‌به‌خشیوه‌ هه‌تا بیداته‌وه‌؟]]

چونكه‌ هه‌موو شتێك له‌‏ئه‌وه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌و بۆ ئه‌و ده‌بێ‌. بۆ ئه‌وه‌ شكۆمه‌ندی تاهه‌تایه‌. ئامین.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.