Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 9

پاشان فریشته‌ی پێنجه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌ماشام كرد ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر زه‌ویو ئه‌ستێره‌كه‌ كلیلی بیری بێ‌بنی پێ‌درابوو. بیری بێ‌بنی كرده‌وه‌و دووكه‌ڵێك وه‌ك دووكه‌لێ كووره‌یه‌كی گه‌وره‌ لێی به‌رزبووه‌وه‌و دووكه‌ڵه‌كه‌ ئاسمان‏و خۆری تاریك‏كرد. له‌دووكه‌ڵه‌كه‌وه‌ كولله‌یه‌كی زۆر هاتنه‌ سه‌ر زه‌ویو توانایه‌كی وه‌ك دووپشكی زه‌وییان پێدرابوو. كولله‌كان فرمانیان پێدرابوو زیان به‌گیای سه‌ر زه‌ویو هیچ شتێكیسه‌وزو هیچ ‎دره‌ختێك نه‌گه‌ێنن، ته‌نها زیان به‌و كه‌سانه‌ بگه‌ێنن كه‌ مۆری خودایان به‌نێوچه‌وانه‌وه‌ نییه‌، ڕێیان پێ‌ نه‌درابوو بیانكوژن، به‌ڵكو بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ ئازاریان بده‌ن، به‌ئازارێك وه‌ك ئازاری دووپشك كاتێ‌ به‌مرۆڤه‌وه‌ ده‌دات‎. له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵك داوای مردن ده‌كه‌ن به‌ڵام ده‌ستیان ناكه‌وێت، حه‌ز له‌مردن ده‌كه‌ن به‌ڵام مردن ڕاده‌كات له‌ده‌ستیان.

شێوه‌ی كولله‌كانیش وه‌ك ئه‌سپێك ‎وان خۆیان بۆ شه‌ڕ ئاماده‌كردبێت، له‌سه‌ر سه‌ریان شتێكی وه‌ك تاجی زێڕینیان له‌سه‌رناوه‌و ده‌م‏وچاویان وه‌ك ده‌م‏وچاوی مرۆڤ ‎وایه‌. قژیان وه‌ك قژی ئافره‌ت ‎وایه‌و ددانه‌كانیان وه‌ك ددانی شێرن. سپه‌ره‌كانیان وه‌ك سپه‌ری ئاسنین وایــه‌، ده‌نگی باڵه‌كانیان له‌هه‌راو ده‌نگــی ئــه‌و عـه‌ره‌بانه‌و ئه‌سپانه‌ ده‌چێ‌ كه‌ له‌مه‌یدانی جه‌نگدا هێرش ده‌به‌ن. هه‌روه‌ها چه‌ند كلكێكی چزووداری وه‌ك دووپشكیان هه‌بوو، له‌كلكه‌كانیشیان توانایان پێ‌درابوو بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ خه‌ڵك ئازار بده‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و فریشته‌ به‌دكاره‌ی بیری بێ‌بن كه‌ به‌عیبری پێی ده‌ووترێت (ئه‌به‌دون)و به‌یۆنانی پێی ده‌ووترێت (ئه‌پۆلیۆن) پادشا بوو له‌سه‌ریان.

ئه‌وه‌تا نه‌گبه‌تی یه‌كه‌م به‌سه‌رچوو ‎و دوو نه‌گبه‌تی تریش ماون، دوای ئه‌مه‌ دێن. پاشان فریشته‌ی شه‌شه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێداو ده‌نگێك له‌چوار شاخه‌كه‌ی قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م خوداوه‌ هاته‌ به‌رگوێم، به‌فریشته‌ی شه‌شه‌می ده‌ووت كه‌ كه‌ڕه‌ناكه‌ی پێ‌بوو: (چوار فریشته‌ باڵ به‌ستراوه‌كه‌ی ته‌نیشت ڕووباری مه‌زنی فورات ئازاد بكه‌.) چوار فریشته‌كه‌ی ئاماده‌كرابوون بۆ ئه‌و كاژێرو ڕۆژو مانگ‎و ساڵه‌، ئازادكران تاسێیه‌كی مرۆڤ بكوژن. ژماره‌ی سه‌ربازه‌ سوارچاكه‌كان دووسه‌د ملیۆن بوون‎و من گوێم له‌ژماره‌كه‌یان بوو. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌سپه‌كانم له‌بینینێكدا به‌دیكردو سواره‌كانیان سپه‌ری ئاگرین‎و مرواریدارو گۆگرد‎یان له‌به‌ربوو، سه‌ری ئه‌سپه‌كانیش وه‌ك سه‌ری شێر وابوون‎و له‌ده‌میانه‌وه‌ ئاگرو دووكه‌ڵ‎و گۆگرد ده‌رده‌چوو. به‌و سێ‌ ده‌رده‌ سێیه‌كی مرۆڤ كوژران واته‌ به‌ئاگرو دووكه‌ڵ‏و گۆگرد. چونكه‌ هێزی ئه‌سپه‌كان له‌ده‌م‏و كلكیان بوو، كلكیشیان وه‌ك مار سه‌ری هه‌بوو، به‌مه‌ش خه‌ڵكیان ئازار ده‌دا. به‌ڵام پاشماوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌و لێدانانه‌ نه‌كوژران، تۆبه‌یان نه‌كردو كرنۆشیان بۆ ڕۆحه‌ پیسه‌كان‎و بته‌كان كه‌ له‌زێڕ‎و زیوو مس‎و به‌ردو دار دروستكراون ده‌برد، ئه‌وانه‌ی ناتوانن نه‌ببیستن‎و نه‌ببینن‎و نه‌بڕۆن. هه‌روه‌ها له‌كوشتن‎و فاڵچێتیو داوێن‏پیسی‎و دزیكردن تۆبه‌یان نه‌كرد.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.