Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life
ئاشکراکردن 6
حه‌وت مۆره‌كه
ته‌ماشام كرد كاتێك به‌رخه‌كه مۆرێكی له‌حه‌وت مۆره‌كه كرده‌وه، گوێم لێ‌بوو یه‌كێك له‌چوار زینده‌وه‌ره‌كه به‌ده‌نگێكی وه‌ك هه‌وره تریشقه ووتی: (وه‌ره!) سه‌یرم كرد ئه‌سپێكی سپیم بینی سواره‌كه‌ی كه‌وانێكی به‌ده‌سته‌وه بوو و تاجێكی پێ‌درابوو، به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌رچوو بوو تاسه‌ر بكه‌وێت.
كاتێك مۆری دووه‌می كرده‌وه، گوێم له‌زینده‌وه‌ری دووه‌م بوو ووتی: (وه‌ره!) سه‌یرمكرد ئه‌سپێكی تر، سووری دره‌وشاوه بوو، هاته ده‌ره‌وه. سواره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێدرا بوو تا ئاشتی له‌سه‌ر زه‌وی ههڵگرێتو وا له‌خه‌ڵكی بكات له‌ناو خۆیان یه‌كتری بكوژن. هه‌روه‌ها سواره‌كه شمشێرێكی گه‌وره‌ی پێ درابوو.
كاتێك مۆری سێیه‌می كرده‌وه، زینده‌وه‌ری سێیه‌م ووتی: (وه‌ره!) سه‌یرمكرد ئه‌سپێكی ڕه‌شم بینی سواره‌كه‌ی ته‌رازوویه‌كی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو. ده‌نگێك له‌ناوه‌ڕاستی چوار زینده‌وه‌ره‌كه‌وه ده‌یووت: (یه‌ك ڕبه گه‌نم به‌ڕۆژانه‌ی كرێكارێك، سێ ڕبه جۆ به‌هه‌مان نرخ، به‌ڵام ڕۆن‌و مه‌یه‌كه زیانیان پێ‌مه‌گه‌یه‌نه.)
كاتێك مۆری چواره‌می كرده‌وه، گوێم له‌ده‌نگی زینده‌وه‌ری چواره‌م بوو ووتی: (وه‌ره!) سه‌یرم كرد ئه‌سپێكی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوم بینی سواره‌كه‌ی ناوی مردنبوو. دونیای مردووان دوای كه‌وتبوو، هه‌ردووكیان ده‌سه‌ڵاتیان پێ‌درابوو چاره‌كی دانیشتوانی زه‌وی بكوژن به‌شمشێرو برسێتی‌و نه‌خۆشی كوشنده، هه‌روه‌ها به‌دڕنده كێویه‌كانی سه‌ر ڕووی زه‌وی.
كاتێك مۆری پێنجه‌می كرده‌وه، له‌ژێر قوربانگه‌دا ڕۆحی ئه‌و كه‌سانه‌م بینی كه له‌پێناو ووشه‌ی خودا‌و له‌پێناو ئه‌و شایه‌تییه‌ی دابوویان كوژرا بوون. به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواریان كرد‌و ووتیان: (هه‌تا كه‌ی ئه‌ی خوداوه‌ندی پاكوپیرۆزو ڕاست، تۆڵه‌ی خوێنی ئێمه له‌دانیشتووانی زه‌وی ناسێنیتو حوكمیان به‌سه‌ردا ناده‌یت؟) ئینجا هه‌ریه‌كه‌یان جلێكی سپییان پێدراو پێیان ووترا تا ماوه‌یه‌ك بحه‌وێنه‌وه تا ژماره‌ی به‌نده هاوهڵهكانو براو خوشكه‌كانیان كه وه‌ك ئه‌وان ده‌كوژرێن، ته‌واو ده‌بێت.
كاتێك به‌رخه‌كه، مۆری شه‌شه‌می كرده‌وه. سه‌یرمكرد بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره ڕوویداو خۆر وه‌ك جلی ماته‌مدار ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا، مانگیش وه‌ك خوێن سوور هه‌ڵگه‌ڕا، ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان ده‌كه‌وتنه سه‌ر زه‌وی وه‌ك به‌ری دار هه‌نجیر كاتێك بایه‌كی توند ده‌یهاژێنێ‌و به‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته خواره‌وه. ئاسمان وه‌ك په‌ڕه‌یه‌ك لوولكرا، هیچ چیا‌و دوورگه‌یه‌ك له‌شوێنی خۆی نه‌ما. پادشاكانی زه‌ویو گه‌وره پیاوان‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان‌و دهسهڵاتدارهكانو هه‌موو كوێله‌و ئازادێك، خۆیان له‌ناو ئهشكهوتو به‌رده گه‌وره‌كانی چیا حه‌شاردا، به‌چیاو به‌رده‌كانیان ده‌ووت: (بكه‌ون به‌سه‌رماندا تا له‌ڕووی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌و له‌تووڕه‌یی به‌رخه‌كه بمانشارنه‌وه، چونكه ڕۆژی تووڕه بوونه گه‌وره‌كه هاتووه‌و كێ ده‌توانێ خۆی له‌به‌رامبه‌ری ڕابگرێت؟)
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.