Skip to content
BibleKenya

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

ئاشکراکردن 4

بینینی ته‌ختی پادشایانه‌ی خودا

پاشان ته‌ماشام كرد ده‌رگایه‌كی كراوه‌م بینی له‌ئاسماندا، ئه‌و ده‌نگه‌ش كه‌ یه‌كه‌مجار وه‌ك كه‌ڕه‌نا هاته‌ به‌رگوێم، پێی ووتم: (سه‌ركه‌وه‌ بۆ ئێره‌ تا ئه‌وه‌ت پیشانبده‌م كه‌ دوای ئه‌مه‌ ڕوو ده‌دات.) یه‌كسه‌ر كه‌وتمه‌ ڕۆحه‌وه‌و ته‌ختێكم بینی له‌ئاسمان دانرابوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ یه‌كێك دانیشتبوو. دانیشتووه‌كه‌ له‌ڕوخساردا له‌به‌ردی یه‌شب‏و یاقوت ده‌چوو، په‌لكه‌ زێڕینه‌یه‌كیش له‌شێوه‌ی زمرود به‌ده‌وری ته‌خته‌كه‌دا بوو. له‌ده‌وری ته‌خته‌كه‌ش بیست‎و چوار ته‌ختی لێ‏بوو. بیست‎و چوار پیریش كه‌ تا هه‌ردوو پییان جلی سپییان له‌به‌ردابوو له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون‎و تاجی زێڕینیان له‌سه‌ر نابوو. له‌ته‌خته‌كه‌وه‌ بروسك‏و هه‌وره‌ تریشقه‌و ده‌نگه‌ده‌نگ ده‌هاتن، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش حه‌وت چرای ئاگرینی به‌تین دانرابوو، كه‌ حه‌وت ڕۆحه‌كه‌ی خودان. هه‌روه‌ها له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ ده‌ریایه‌كی شووشه‌یی هه‌بوو، وه‌ك كریستال بوو. له‌ده‌وروبه‌ری ته‌خته‌كه‌ش چوار زینده‌وه‌ر هه‌بوو، له‌پێش‏و له‌پاش به‌چاو داپۆشرابوون. زینده‌وه‌ری یه‌كه‌م وه‌كو شێر وابوو، دووه‌م وه‌كو گا، سێیه‌م ده‌موچاوێكی وه‌ك مرۆڤی هه‌بوو، چواره‌م وه‌ك داڵێكی فڕیو وابوو. چوار زینده‌وه‌ره‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش باڵی هه‌بوو ده‌وروبه‌رو ناوه‌وه‌یان داپۆشرابوو به‌چاو، شه‌و و ڕۆژ بێ‌وه‌ستان ده‌ڵێن: (پیرۆزه‌، پیرۆزه‌، پاك‏وپیرۆزه‌ خوداوه‌ند خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و هه‌بووه‌و دێت!) له‌كاتێكدا زینده‌وه‌ره‌كان سوپاسی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ ده‌كه‌ن‎و شكۆمه‌ندیو ڕێزی بۆ ڕاده‌گه‌ێنن، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ زیندووه‌، ئینجا ئه‌و بیست‎و چوار پیره‌ی له‌به‌رده‌م دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دان ده‌كه‌ونه‌ سه‌رچۆك‎و كڕنۆش بۆ زیندووی هه‌تاهه‌تایی ده‌به‌ن‏و تـاجـه‌كـانیــان له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ فڕێ‌ ده‌ده‌ن‏و ده‌ڵێن: (ئه‌ی خوداوه‌ندمان‏و خودامان، تۆ شایانی ئه‌وه‌ی شكۆمه‌ندیو ڕێزو توانا وه‌رگری، چونكه‌ تۆ دروستكه‌ری هه‌موو شتێكیت‏، ئه‌و شتانه‌ش به‌خواستی تۆ بوونی هه‌یه‌و دروست بووه‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life. Copyright © Biblica, Inc. Licensed under CC BY-SA 4.0. Source: Open.Bible. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-11-09.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.